٦\٥\٢٠١٠
کەرکوک، ناوێکی
زۆر و شارێکی وێران؟!

ستار محەمەد قادر
رەنگە کەرکوک ئەو شارە بێت لە سەر ئاستی جیهان بە گشتی و وڵاتی عێراق
بە تایبەتی، لە مێژوویەکی کەمی تەمەنیدا زۆرترین ناوی جۆراو جۆری
لێنرابێت. ئەگەر کورد بە دڵ وەسفی کردبێت، ئەوە بەعس بە عەمەلی لە دوای
بە خۆماڵیکردنی نەوتەوە بە پێویستی زانیوە کەرکوک بە تەئمیم بکاو بە
پێی پیلانێکی درێژ خایەن ئەگەر زەمەن بوواری بدابایە، لە دوای گۆڕینی
دیمۆگرافیاکەی، لە بەرنامەیدا بوو بە یارمەتی پشتێنەیەکی ئەمنییەوە، بۆ
هەتا هەتایی سنوورەکەی لە رووی مەترسی دەرەکییەوە تەئمین بکات!
ئاشکرایە درووشم گوتنەوە یان نووسینەوەو هەڵواسینی لە سەر دیوارەکان
شتێکەو واقیعیش شتێکی ترە، چونکە ئەگەر بە گوێرەی ئەو ناوە مەجازییانە
ببوایە، دەبێت حاڵی حازر واقیعی ئەم شارە هەرگیز لەم فۆرمەی ئێستا
نەبینرایە؟!
من پێم وایە کەرکوک ئەو شارەیە لە لایەن هەمووانەوە هێندەی مشت و مڕی
نا مەنتیقی لە سەر دەکرێت، هەرگیز گرنگی بە لایەنی ژیاریی و
کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی نادرێت. ئەوەندەی لە هەموو لایەنەکانەوە
شوێنەواری هەنگاوی بەرژەوەندیپارێزی حزبیی و پیلانی لا بەلا دەبینرێت،
تایبەتمەندێکانی ئەم شارە لە لای هیچ لایەنێک بە هەند وەرناگیرێت!
چونکە ناوەکان ئەوەمان پێدەڵێن: "لە پشتی هەر یەکێکیانەوە ئەجێندایەکی
تایبەت خۆی مەڵاس داوە، هەر ناوێک دەیەوێ و لە بەرنامەیدایە چارەنووسی
کەرکوک بە ئاراستەو ئاقارێکدا بەرێت". لێرەوە دەگەین بەو قەناعەتەی
ئەگەر هەر شوێنێک زیاتر لە ناوێکی مەجازی لێبنرێت، دەبێت چاوەنواڕی
ئەوە ببین بە سەرگەردانی هەر جارەی لە لایەن لایەنێکەوە بۆ مەبەستێکی
تایبەت و دیاریکراو هەم چارەنووس و هەمیش ناوی تەنها لە ئاستی سەر
زارەکیی بەکاربهێنرێت!
بێ گومان هەڵبژاردنی ئەو تایتڵە بۆ ئەوەیە لە رێیەوە بگەین بە کۆدی
کردنەوەی گرێ کوێرەکان، ئەو گرێیانەی وا بۆ سالانێکی زۆر دەڕوات، هەر
کەسەو بە ئارەزووی خۆی ناو بارانی کەرکوک دەکات. ئەگەر سەرکردەیەک بە
دڵ وەسفی کردبێت، ئەوەکەی دیکە ئاساییە کردبێتی بە قودس. دەبێت بە هیچ
شێوەیەک لەوەش دڵگران نەبین، بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێکی مام ناوەندی
لە نێوان ئەو دوو ناوە مەجازییەدا، بۆ ئەوەی میزاجی سەرۆکی حزبەکان لە
بەر دید بگرین، ئەمجارەیان بیکەین بە شارێکی عێراقی بەڵام بە هەویەی
کوردستانی، یان لە رووی پێکهاتەی لایەنی کۆمەڵایەتییەوە بیکەین بە "مدینە
التاخی"؟!
من لێرەدا دەمەوێت بە راشکاوی ئەوە بۆ هەموو لایەک بسەلمێنم، ئەو
ناوانە هیچ نین جگە لە ناو و ئیسپات کردنی وجوودییەکی عەبەسیی؛ چونکە
هیچ یەکێکیان حاڵی حازر گوزارشت لە واقیعی ئێستای کەرکوک ناکەن، بۆیە
ئەگەر یەکێک بە جورئەتەوە بڵێت نەخێر وا نییە، دەبێت منیش لە وەڵامدا
پێی بڵێم: "دەبێت چی جۆرە تەفسیرێکی بۆ ناوی بەرمیلە باروتی عاشقانی
نەوتی کەرکوک هەبێت، با بە بێ پەرچەم روونکردنەوەیەک لە سەر چارەنووسی
مادەی سەدو چل بدات"؟!
ئەمڕۆ ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دڵی ئێمەێل خەمناک دەکات، ئەوە نییە
کە لیستی ئەلعێراقییە لە سەر ئەرزی واقیع تووانی شەش کورسی لە سەر
حیسابی هەڵەو بەرژەوەندیی ئەقڵی حزبی، حزبە کوردییەکان، لە کەرکوکدا بۆ
خۆی مسۆگەر بکات، بەڵکو ئەو ئیجرائات و لێکدانەوانەیە کە بۆچی فڵان حزب
بە هێندە مووچە خۆری مشە خۆرەوە نەیتوانی لە فڵان شارو لە فیسار شوێندا
سێ کورسی ئیستیحقاقی بۆ حزبەکەی، نەک بۆ گەلی کورد، مسۆگەر بکات؟!
من پێم باشە بەر لەوەی ئەو جۆرە حیساباتە ببێت بە هۆکاری ئەوەی، ئەوەی
هەشمانە لە دەستی بدەین، با رۆژێک زووتر لە خەونی ناو لێنان لە شارێک
کە جارێ هیچ لە ئێش و ئازاری نازانین، وە ئاگا بێین و شایەدمانێکی بە
هەق بە راست و چەپدا بە باڵای پایتەختی رۆشنبیریی و ئەو کۆنگرە نەزۆکەی
ئەم دوواییەی برۆکسێلدا بخوێنین، پاشان ئێمەی کەرکوکی دەمانەوێت بە
راشکاوی ئەوە بە گوێی هەموواندا بدەین، ئەگەر لە دیدگای نەوتەوە لە
ئێمە دەنواڕن، سەری خۆیان با نەێشێنن، ژێر خانی ئەم شارە بۆ ئەوان،
تکایە با واز لە خەڵکانێک بهێنن کە لە سەر زەمینی نەوتدا لە سەرمایا
هەڵ دەلەرزن؟! بۆیە ئەگەر بێین بە بێ موجامەلە هەرچی ناو هەیە کەڕەتی
پەنجاو هەشت و لەوێشەوە سەدو چلی بکەین، بۆمان ئاشکرا دەبێت، جگە لە
ناوێکی مورەکەب، کە خودا بۆ خۆی دەزانێت لە دووای وادەی دیاریکراوی
جێبەجێکردنیان چییان بە سەر دێت، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خۆڵ لە چاوی
خۆمان نەکەین، با بە راستی پرسیاری ئەوە بکەین: ناوێکی زۆر، لێ شارێکی
وێران، دەبێت چی لە واقیعی تاڵ و نا دیاری کەرکوک بگۆڕێت؟!
ماڵپهڕی ستار محەمەد قادر
|