په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٥\٢٠١٢

کەرکوک و بۆنەکان و جەنگی ساردی حیزب.


رابەر رەشید      


ئێستا رێک نیوەی کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٢یەو شوێنیش کەرکوک و قەزاو ناحییەکانی دەوروبەرییەتی، ھێشتا چەند رۆژێک ماوە بۆ یادی دامەزراندنی (ی.ن.ک)و یادی شۆڕشی گوڵانی (پ.د.ک)، کەچی بە سەرنجدانێکی خێرا، یەکسەر سەرەتای نەوەدەکان و یەکەمین رۆژەکانی رووخانی رژێمە ئەنفالچییەکەی بەعسمان دێتەوە یاد. ئەو رۆژانەی کە شەڕەپەڕۆی حیزب، ھێندەی نەمابوو ماڵمان وێران بکات و ئەم ئەزموونەشمان بکاتەوە قوربانی گیانی پاوانخوازییانەی حیزب و دەستدرێژیکردنە سەر ھەموو مافە سەرەتایی و پیرۆزییەکانی تاکی کورد لە باشووری کوردستان. بەبیرھاتنەوەی ئەو رۆژە رەش و پڕ لە نەھامەتییانە بۆ کەسانێکی وەکو ئێمەومانان، ئەوانەی نە دەستمان و نە پێنووسەکانیشمان بە خوێنی براکانمان سوورە، ئەوانەی ھەمیشە دوور لە بەرژەوەندیی تایبەتی و ناوچەگەرێتی و لەژێر بارو فشاری دەسەڵاتی پاوانخوازییانەی حیزب فەرھادئاسا قوڵنگی داکۆکیکردنمان لە بێستوون و شیرینەکەمان بەرزکردۆتەوەو زۆرێکیشمان لەو پێناوەدا قوربانی زۆرمانداوە کە ھیچ منەتیش نییە بەسەر نەتەوەکەمانەوە.


ئەوەی لەم چەند رۆژەدا بەدیدەکەین، زەنگێکی ترسناکی جەنگێکی ساردەو پێویستی بە ھەڵوەستە لەسەرکردن و گرتنی رەخنەی توند ھەیە، بەتایبەتی لەلایەن کەرکوکییەکانەوە، کە ھەمیشە سووتەمەنی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد بوون، کەچی تەنھا لە بۆنەو یادەکاندا بەبیر بڕیاربەدەستاندا ھاتوونەتەوەو بۆ چەند رۆژێک تەپڵیان بۆ لێداوەو زوڕنایان بۆ ژەنیوە. ئەوەی ئەمڕۆکە کەرکوکییەکان نیگەران دەکات ئەو شەڕە پەڕۆیەیە کە ساڵانێک بوو، تا رادەیەک خامۆشی بەخۆیەوە بینیبوو، لێ ئەمساڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرکوک و شەقامە گشتی و ھەتا لاڕێیەکانیش (زەردو سەوز) دەچنەوە، بەڵام وەک ئەوەی ھەڕەشەبن بۆسەر یەکتری، نەک پشتوپەناو دەست لەملانێی یەکتربن، تاکوتەراش ئاڵایەکی خەمباری کوردستان -بەترسەوە سەرەتاتکێیەتی-، کەچی راستییەکەی دەبوایە ئەو یادەوەرییانە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بەڕێوەببردرابوایە، نەک بە ئاڵای حیزب!!


جێگای داخە ئەم جەنگی ساردی پەڕۆیە، لەکاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان لە شەڕێکی دەستەویەخەی زۆر ترسناکدایە لەگەڵ شۆفێنیستی عەرەبی و مەترسی لەدەستچوونی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوانەی شارەزای سیاسەت و سازشە سیاسییەکانن، شایانی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە ناکرێ پەرلەمان و حکومەت و نیمچە دەوڵەتێک لە شەڕێکی دەستەویەخەدا بێت و لەملایشەوە نێو ماڵی خودی ئەزموونەکە پەرشوبڵاو و ھەریەکەو لە ئاشێک لێ بکات و بە ئاراستەیەکدا لێدوان بدات و پرسی شارێک لە قۆزاخەی بەرژەوەندیی حیزبایەتیدا بەرتەسک بکاتەوە. شەڕی پەڕۆ زۆر ھەلی لەدەستداین و گەلێجار لە مەرگی مسۆگەر نزیکی خستینەوە، بەڵام گیانی شۆڕشگێڕێتی و خوێنی ئاڵی رۆڵە گیان لەسەردەستەکانی گەل، چەندینجار خستیانینەوە سەرپێی خەبات و بەرخودان.


چەندجاری دیکەش وتوومانەو ئێستاش ھەزاربارەی دەکەینەوە، تکایە لە سنووری پاوانکراوی ژێر دەسەڵاتی خۆتانداو لەو ناوچانەی ساڵانێکە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی خۆتان دابەش دابەشتان کردوون و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوییەکەی کەس نازانێ چی لێ دەکەن، لەسەر قۆپکە شاخێک و تەلانە بەردێک سەری یەکتری بشکێنن، بەڵام کە لە کەرکوک نزیک کەوتنەوە ئەو بەرگی حیزبایەتییە فڕیبدەن و دەستنوێژێکی پاکی نەتەوەییانە بشۆن و کوردانە ھەڵوێست بنوێنن. تاوانێکی گەورەیە درێژەدان بە سیاسەتێک کەس نەزانێ ئاییندەی ئەم گەل و نەتەوەیە بەرەو کوێ دەبات و چی لێ بەسەردێت!!. چیتر ئەم میللەتە مەکەنە ماشەو قوربانی دەستی خۆتان و بەرژەوەندییە حیزبییەکانتان، کەرکوک شووشەیەکی لەھەزارلاوە درزتێکەوتووە، با بەھەموومان ئەگەر بە پینەوپەڕۆش بێت- بەڵام نەک پینەوپەڕۆی حیزبایەتی- با لەو شکانە ئەبەدییەی بپارێزین، ئەو لەیەکتر نزیکبوونەوەیەی ھێزە سیاسییەکانی کەرکوک بە شەڕە پەڕۆ لەیەکتر دوور مەخەنەوە، چونکە گەورەترین شەڕ لە بچووکترین بیانووەوە سەرچاوە دەگرێ!!


٢٤\٥\٢٠١٢ - پردێ
ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک