په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠١٠

کەرکوک و هەولێر؟!


ستار محەمەد قادر


با لەوە گەڕێین هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و سلێمانیش مەڵبەندی رۆشنبیریی و کەرکوکیش دڵ و قودسی ئەو دوو دەستە خوشکەیەتی. با لەوەش گەڕێین پارێزگاری هەولێر کەسێکی ئەندازیارە و رەنگبێت سەرۆکی ئەنجومەنەکەی کەسێکی یاسایی و مافناس بێت. با باز بەسەر ئەوەیشدا بدەین، رەنگبێت بۆ تەندرووستی چۆنێتی دابەشکردنی وەزیفەکان، شتێکی زۆر ئاسایی و نۆرماڵ بێت، پارێزگار بریتی بێت لە کاراکتەری کەسێک کە لە بوواری کارەکەیدا ئەندازیار بێت، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگار کە کاراکتەری کەسێکی جێبەجێکار لە خۆی دەگرێت، مافناس یان یاسا ناس بێت؟!


با واز لەو درووشمانەیش بهێنین وا لە رابردوودا بە بەژن و باڵای کەرکوکدا هەڵدەدران، با بێین باس لە واقیعی کەرکوک بکەین، وا بۆ حەت ساڵ زیاتر دەڕوات ئازادەو زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کاراکتەرانەی وا لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە پێشکەش بە سەکۆی خزمەتگوزاری ئەم شارە لە لایەن حزبە کوردیەکانەوە کراون، بیانهێنینە زوبان. با بێین قسە لەسەر ئەوە بکەین، ئەبێ چ سیحرێک لە پشتی ئەوەوە بێت، وا خەریکە سیمای شاری کەرکوک لە شارێکی دەوڵەمەندەوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە شارەکانی مۆزەمبیق!


با لە ئێستاماندا واز لەو پرسیارە بهێنین کەی و چۆن و بە چ شێوەیەک ماددەی سەدو چل جێبەجێدەکرێ و لەڕێیەوە چارەنووسی ئەم شارە دەست نیشان دەکرێت؟! با تۆزێک لە کەش و هەوای سیاسەت و حزبایەتی دوور بکەوینەوەو باس لە لایەنی ژیاریی بکەین. با دەسبەرداری ئەوەش ببین، بۆ ئەوەی بە واقیعی لە رەوشی لایەنی خزمەتگووزاری ئەم شارە بگەین. با لەمەو دووا دەسبەرداری ئەو نۆرمەیش ببین، وا بۆ سالانێک دەڕوات لەسەر زاری بەرپرسانەوە گوێ بیستییان دەبین. با پشت لەو واقیعە تاڵەی بواری رۆژنامەوانیش بکەین، کە لەڕێی دیمانەوە بمانەوێت بە فاکتی شتەکان بگەین؟! با لێرە بەدواوە زومی کامێراو ویژدانی خامەکانمان بکەین بە ناو بژیوان و بە ئینسافەوە ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا بکەین، لەم شارەدا چی کراوەو چیش بە بەردەوامی پەراوێز دەخرێت؟!


با لەم چرکە ساتە هەستییارەی مێژوودا، واز لەو بیرکردنەوە تەسکە بهێنین، کام حزب لەم شارەدا باڵا دەستەو کامەیش هیچ مەوقیعێکی لە نێو زیهنی هاوشارییەکاندا نییە؟! با بێین بە راشکاوانە قسە لەسەر ئەوە بکەین، کەرکوک وەکو ستراتێژو شار، ژیان، لە زیهینماندا چۆن دەبینرێ و لە ئایندەدا بەم شێوە بیرکردنەوەیە بە چ شێوەیەک دەیبینین؟!


ئایا ئێمە لە تواناماندایە بەو رستەیە خۆمان لە ئاست ئەو پاشا گەردانییەی وا لەم شارەدا بەرجەستەیە بدزینەوە وا لە هەموو دیمانەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، کاتێ ئێمە کەرکوکمان وەرگرت، بەعس وێرانی کردبوو، ئەی دەبێت ئەو پرسیارە تووشی شۆکمان نەکات، دوای حەوت ساڵ لە رووخانی بەعس، رەوشی ئەو کەلاوەیە لەسەر دەستی ئێمە بە چ وێستگەیەک گەیشتبێت؟! ئێوە بڵێن ئا ئێستا سیمای شار لەسەر روخساری شاری کەرکوک نەخشابێت؟!


من لێرەدا لە بەرنامەمدایە، ئەوە وە بیری سەرکردایەتی سیاسی کوردستاندا بهێنمەوە، ماوەیەک بازاڕی ئەو قسەیە زۆر گەرم بوو؛ گوایە حکومەتی کوردستان لە بەرنامەیدایە، کوردستان بکات بە دوبەی، هەر چەندە پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە داهێنەرانی ئەو بیرۆکەیە دەکەم، چونکە ئەوەی لە توانایدا بێت سیمای شار بگۆڕێت، بە سانایی دەتوانێت کار لەسەر شێوەی بیرکردنەوەو بینینی تاکەکانیش بکات، بەڵام ئەو کەسەی سیمای شار بەلایەوە کێشەیەک نەبێت، هەرگیز ناتوانێت کاریگەری شێوەی بینین و بیرکردنەوە بەڕووە ئیجابییەکەی لەسەر تاکە کەسێکیش دابنێت!


هەر چەندە من لەوە دڵنیام لەکاتی بەدوبەی کردنی کوردستاندا، کەرکوکیش بەر رەحمەتی ئەو فەنتازیایە دەکەوێت، بەڵام کەی و چۆن؟! بۆیە لێرەدا پێشنیارێک دەخەمە بەردەستی ئەو کاراکتەرانەوە وا لە هەوڵی بەدوبەی کردنی کوردستاندان، تکایە ئێوە کەرکوکمان بۆ بکەن بە هەولێر، بەدوبەی کردنی کوردستان هەر پیرۆزی خۆتان بێت؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر