١٣\١١\٢٠١٢
کەکوک و خانەقین..
ئەوان خۆش، فریای کەلار و کفری کەون.

گەرمیانی حەمەی پوور
ئەگەر چی ئەو کات تەمەنم زۆر نەبوو بەتایبەت بۆ لێکدانەوەی ھەندێ پرسی
سیاسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەروەختی دەنگدانی گەل لە سەر دەستوری
عێراق، من نەک ھەر دەنگم بەو دەستوورە نەدا، بەڵکو زۆریش پێی نەگەران
بووم، ھۆکاری سەرەکیی ئەو نیگەرانییەشم مادەی ١٤٠ بوو کە سەرکردەکانی
کورد ئەو کات وەک گەورەترین دەستکەوت پڕوپاگەندەیان پێوە دەکرد بۆ
ئەوەی گەل دەنگی لەسەر بدات، بەو خەیاڵەی زامنی گەڕانەوەی ناوچە (لەدەستچوو)ەکانە.
بەڵام من ھەرگیز ئەوەم پێ قەبووڵ نەبوو ناوچەو شارانێک کە بە درێژایی
مێژووی عێراق خوێنمان لە پێناودا ڕێژراوە، ئێستا بخرێتە گەرێوەکەوە کە
ئایا ئەو ناوچانە کوردین، یان عەرەبین؟!،ئایا ئێمە گرەوەکە ئەبەینەوە
یان برای عەرەبی چاوڕەشمان؟! ھەر ئەو کات لەگەڵ چەند کەسێکی نزیکم کە
بلەیەکیان لە ناو حکومەتی ھەرێم یان ڕوونتر بێژین یەکێتیدا ھەبوو بوو
بە ناخۆشیمان، چونکە ھەمیشە بە پێکەنینەوە ئەیان وت "تۆ باشی لێ ئەزانی
یان مام جەلال و کاک مەسعود"؟
ئەوەی کە ئێستا من باسی ئەکەم تەنھا دەربڕینی خەمێکە، چونکە ٦ ساڵ
لەمەوبەریش ھەمان نیگەرانیم وەکوو مەترسییەک بۆ بە واقع بوونی
لەدەستچوونی ناوچە (لەدەتچوو)ەکان باس کردبوو.
من ئەوکات پۆلی سێەمی ناوەندی بووم کاتێک ئالان ڕەوفی پەیامنێری
ئەوکاتی کوردسات لە کەرکوکی تازە ئازاد کراوەوە قسەی ئەکرد و گریان
ڕێگەی بە بەردەوامی قسەکانی نەدا، منیش زۆر گریام، گریانی خۆشی، خۆشی
ئازاد کردنی ئەو شارانەی کە سیاسیەکان وایان لە ئێمەی منداڵانێش کردبوو
وەکو بەشێکی لێکراوەی جەستەی خۆمان ئازاری پێوە بچێژین، ئێستاش چی
لەگەڕانەوەی ئەوان خۆشتر ئەبێت، بەڵام سیاسییەکان، بەجێی گەڕاندنەوەی
کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و بەدرەو جەسان و شەنگار، دەستیان دایە
ژێر باڵی عێراقێکی برینادرو بوەپەڕی دڵسۆزییەوە تیماریان کرد و بۆ
پارەو چەند پۆستێک، با پۆستەکانیش کارتۆنی بن، ھەموو ئەو ناوچانەیان پێ
بەخشینەوە.
مادەی ١٤٠ لە کۆتایی ٢٠٠٧ فاتیحای خوێنرا، کوردیش بەجێی گەڕاندنەوەیان
کەچی تا ئێستا یەک ھەڵوێستی لە بەرامبەر لەدەستچوونی ئەو ناوچانە
نەبووە.
تەنانەت پارتی لە سنووری کەرکوک و خانەقین کە تەواوی کورسییەکانی
پارلەمانی بۆ یەکێتی بووە، نەک ھەر ھەوڵی گەڕانەوەیان بۆ سەر کوردستان
نادات، بەڵکو ڕێگریش دەکات لە ترسی بەھێزبوونی پێگەی یەکێتی و لاواز
بوونی پێگەی پارتی لە کوردستان، چونکە گومانی تیا نییە بە گەڕانەوەی
ناەچە لەدەستچووەکان پارتی تەواو ئەبێتە کەمینە، بانگھێشت کردنی (میقداد
ئیبراھیم) سەرۆکی عەشیرەتی گێژ و کادری ناوچەی قەرەتەپەی پارتی بۆ ئەو
ناحیەیە دیارترین ھەڵوێستی پارتییە لە سەر پرسی گەڕانەوەی ناوچە لە
دەست چووەکان.
یەکێتیش ھەتا کورسییەکەی تاڵەبانی مابێت، ھیچ کێشەیان گەڕانەوەی ئەو
ناوچانە نییە و ناش بێت.
کورد لەو پەڕی لاوازی عیڕاقدا کەری بۆ گەڕانەوە ناوچە لەدەسچووەکان
نەکرد، ئێستاش لە دروستکردنی ھێزەکانی دیجلەو داگیرکردنی تەواوەتی
ناوچە لەدەستچووەکان تووڕەیە.
بەرپرێسێکی باڵای یەکێتی وتی قەیناکات (عەبدولئەمیر زەیدی) بچێتە
قەرەتەپە، چونکە ئەوە سنووری خۆیەتی، بەڵام ئەگەر یەک ھەنگاو بێتە
پێشەوە من لێی قەبووڵ ناکەم، دیارە ھەنگاوێک بێتە پێشەوە مەبەستی لە
کەلار و کفری بووە، منیش پێم وایە ئەگەر مالیکی سوکە فشارێکی ترتان
بخاتە سەر، ھەر وەک چۆن بە فیکەیەک لە حەمرینەوە تا خانەقی نەوەستانەوە،
ئاوا کەلار و کفریش وەک ناوچە لەدەستچووەکانی تر سەرۆکی خێڵی بارزان و
کورسییەکەی مامتان خۆش.
ماڵپهڕی گهرمیانی حهمهی
پوور
|