١٩\٢\٢٠٢٣
کەسایەتی!؟

برایم فەڕشی
ساڵی
ساڵان لە سەر خۆتان و هەڵسوکەوت و سیاسەت و دەرکەوتنتان، لە دژی بە
ئێرانیکردنی کورد و سیاسەتی کورد دەمنووسی و ئێوەش بەردەوام لینگێکتان
لەم و ڵات و ئەویتر لەم وڵات بوو، بۆ بە ئێرانیکردنی کورد و بە
ئێرانیکردنی خۆتان و سیاسەتتان. ڕۆژێک لە پاریس، ستۆکهۆڵم و کۆڵن و
ڕۆژێک لە واشینگتۆن بوون.
هێندەتان باسی کورد دابەزاند، هەتا دەور و بەری خۆتان کە بیریان
دەکردەوە، تاراندران و خۆتان و موریدەکانتان مانەوە و هەنگاو بە هەنگاو
لە کۆمەڵگا و خەڵک دابڕان و زۆرتر لەوەی سەر زەوی بژین، بوون بە
"سیاسی" ناو مێدیا و سۆسیال مێدیا ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بێهزاد و
شیرینەکان هەڵدەواسران و هەزارانی وەک ئەوان لە بەندیخانەوە و هەر
شوێنێک ببوونە پێشڕەوانی خەڵک و ڕۆژانە هەناسەیان گرێدراوی هەناسەی
خەڵک بوو.
ڕاپەڕینی ژینا، جوڵانەوەی زارا و محەممەد و مەسعوودەکان و بێژمارانی
تر، ئەوەیان سەلماند گۆڕەپان نە لە تی وی و جیهانی مەجازی، لە شار و
دێهات و سەر شەقام و بەندیخانە و فێرگە و زانستگا و شوێنی کار و هەر
شوێنێکە کە خەڵک لەوێیە. ڕابەرانی کورد لە ناوخۆی وڵاتن، هەناسەی ئێمەش
گرێدراوی هەناسەی ئەوانە.
ئێستا کە تەمەنتان لە تەمەنی خانەنشینی لای داوە و دەیان ساڵە هەناسەی
خەڵکتان لێبڕاوە و لە کۆچە و کۆڵان و شار و گوند لە گەڵیان نین و
نازانن ژیان و حاڵیان چۆنە، ئیزنتان نییە بە ناوی ئەوانەوە وەک حزب و
گرووپ و دەستە و تاقمەکەتان قسە بکەن، مەبەست هەمووتانە.
هەتا جەماوەری خەڵک بە تایبەت ژنان و لاوانی سەردەم کە قورسایی خەبات و
ڕاپەڕین لە سەر شانی ئەوانە، ئێوەیان نەکردۆتە دەمڕاستی خۆیان، دەتوانن
تەنیا و تەنیا بە ناوی خۆتان و گرووپی خۆتانەوە دەرکەون و قسە بکەن.
ئەوە دەبێ پڕێنسیبی هەمووتان بێ.
ئێوە وەک یاسر عەڕەفات نەبوون، کە سەرەڕای دەیان کاری تیرۆریستی،
کەسایەتی خۆی و میللەتەکەی دەپاراست، ئەو وەک ئەوانەی ئێمە پاش
کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە دەمی نەخستە ناو دەمی دیکتاتۆر، ئێوە
ماندێلا و واسلاف هاول و کەسانی تریش نەبوون، نەتەوە و ئازادی مەبەستی
سەرەکیتان بێ! ئێوە لە هەر چوار سووچی وڵات بە کورسییەکانتانەوە
گرێدراون و ژیان لە یەکتان جیا ناکاتەوە!
هەمووتان باس لە ئازادی و دێمۆکراسی و مافی تاک دەکەن و هەر خۆشتان
مافی تاک و کۆ پێشێل دەکەن. هەر کامتان دەیان ساڵە ڕێگرن لە بەر دەم
گەشە ساندنی "حیزب"کانتان و ڕێگرن لە تەشەنەی بیر و هزر و ڕێگرن لە بەر
دەم هێزی تازە و لاو بە تایبەت ڕێگرن لە بەر کیژ و لاوی بیرمەند.
بێگوومان زاراکان و ژیناکان لە حیزبەکانی ئێوەدا کە ئێوە "ڕابەری"
دەکەن، جێگایان نابێتەوە، هەروەک چۆن دەیان و سەدان پسپۆڕ و شارەزا کە
دەکرا ببنە ڕابەری ئێوە، جێگەیان نەبووە. حزبەکانتان دەکرا زیندوو بێ،
دەکرا خوێنی تازەی تێدا بگەڕێ، دەکرا پڕ لە بیرمەندی ژن و پیاو و نەوەی
نوێ بێ. حیزبەکانتان دەکرا حیزب بێ، دەکرا پێشڕەوی خەڵک و هێز بێ لە
نێوان خەڵک و حکوومەت، دەکرا هێز بێ بۆ سەربەستی و ئازادی میللەکەتان،
نەک کلوبێک بۆ دەرکەوتن لێرە و لەوێ!
چ ئێوەی پیری ناسیاسی ناشارەزا و ناپسپۆڕ، چ ئەوانەی بە چەند کەسەوە
لە دەرەوەی وڵات حیزببازی دەکەن، فڕتان بە سەر تئۆری "حیزب، خەڵک،
حکوومەت، دەستەڵات"ەوە نییە. کلوبەکانی خۆتان و حیزبەکان لەم وڵات و
لەو وڵات و تئۆری و فەلسەفەی حیزببوون، سەیر بکەن و بەخەڵکیش بێژن حیزب
واتای چییە!
حیزبی خەڵک و ڕابەڕانی خەڵک، لە ناوخۆی وڵاتن. ئێوە دەبوو وەشوێن ئەو
کەنیشک و کوڕانە بکەوەن کە شارەزای سیاسی و پسپۆڕی بوارەکانن و ئەمڕۆیی
و سەردەمیانە دەپەیڤن و دەجولێنەوە و جێگای متمانە و باوەڕی خەڵکن.
ڕابەران هەردەم و هەمیشە لە ناو خەڵک بوون، نەک دوور لەوان.
گەمەکانی دەرەوەی وڵات لە ژێر شەوقی کامێڕا و پرۆژێکتۆڕەکان جێگای ئەو
کەسانە ناگرێتەوە کە لە ناو خەڵکی خۆیان دان و لە بەندیخانە سەربڵیند
ماونەتەوە.
واز بێنن و ڕێگا بۆ لاوانی کیژ و کوڕ چۆڵ کەن! جیهان جگە لە ئێوە
گۆڕاوە. گوێ لە زارا و ژیناکان و بە ملیۆن خەڵک بگرن.
ئێوە کە توانای دیالۆگ لە تەک کورد لە خۆتان نیشان نادەن و بەردەوام
دەچنە ژێر باندۆڵی مۆنۆلۆگی بەرانبەرەکەتان کە ماف و بوونتان بە ڕەسمی
ناناسن، ناتوانن پێشڕەوی میللەتێک بن کە کەسانی سەربەرزیان هەیە و هەر
ئێستا لە تەک دیکتاتۆر دەستبەیەخەن!
نوێنەرانی کورد لە ناوخۆی وڵاتن، دەر و ژوور دەبێ دەست بۆ لای ئەوان
درێژ بکەن، دەبێ ئەوان بانگ بکەن، دەبێ میکڕۆفۆنەکان بۆ ئەوان ڕاگرن!
١١\٢\٢٠٢٣
ماڵپەڕی
برایم فەرشی
|