په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١١\٢٠٢١

کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی تالب، کۆپییەکی دروستکراوی یەشوع کوڕی نونە.


سه‌‌لاح رێبوار      


ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێی لە ناوی عەلی کوڕی ئەبی تالب بووبێ، بێگومان گوێبیستی دەیان نازناو بووە. بە تایبەتی شمشێری زولفەقار یان شێری خودا. و وێنە شێرێکی لەبەردەمە. بەتایبەتی شمشێری زولفەقار بەدەیان چیرۆک و بەسەرهاتی لەسەر گێڕدراوەتەوە. کە تا ئێستاش لە ناو دیندارانی موسوڵمان، وەک پەڕجووێک دووبارە دەکرێتەوە. جا ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەو نازناو و چیرۆکانە لە کوێ هاتوون و ئەو شمشێری زولفەقارە، چۆن کەوتۆتە دەستی عەلی. یان بە گشتی ئەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی لەسەر عەلی کوڕی ئەبی تالب چۆن سەریان هەڵداوە؟.

ئەم باسەی بەردەست، هەوڵدەدا بەدواداچوونێکی هەندێک قووڵتر هەم لە کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی تالب و هەم سەرچاوەی ئەو چیڕۆکانە بکا. بە دڵنیاییەوە بۆ ئەو بەدواداچوونەش پێویستمان بە بەراوردکاری هەیە، لە نێوان عەلی و کەسایەتییەکی مێژوویی تر. ئەو کەسایەتییەش یەشوع کوڕی نونە* کەسایەتی دووەمی دوای موسا، لە دین و کەلەپووری یەهوودی.

ئەم بەدواداچوونە، جەخت لەسەر سەرچاوەکانی ڕەوتی شیعەی ئیمامی و کەلەپووری یەهودی داکا. لەبەر ئەوەی دروستبوونی ئەو کەسایەتییەی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب، بنەڕەت و پەرە پێدانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوتی شیعەی ئیمامی. کە بە پێی سەرچاوەکانی شیعە، کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی تالب لە چەندین خاڵدا، کۆپییەکی دروستکراوی یەشوع کوڕی نونە. بۆیە دەبێ بۆ قووڵبوونەوە و بەدواداچوون، سەبارەت بەم دوو کەسایەتییەو بەراوردکردنیان، هەوڵدەین سەرچاوەکان شەن و کەو بکەین، تا بتوانین خاڵە هاوبەشەکان دیاربکەین. کە بنەمایەکی لۆژیکی بۆ ئەو دوو کەسایەتییە مێژووییە دەخەنە ڕوو. هەڵبەتە ناوی یەشوع کوڕی نون و چیڕۆک و مێژووی ژیانی بەپێی تەورات و پەرتووکی نەبییەکان شتێکی بەڵگە نەویستە. هەر ئەو کەسایتییە، دواتر لە ناو چیڕۆک و کەلەپووری ئیسلام، لەلایەن ڕەوتی شیعە پەرەی پێدراوە .

بەپێی پەرتووکەکانی ئیسلام ڕەوتی شیعە (شیعەی ئیمامی) کەسایەتی عەلی دووبارە بوونەوەی کەسایەتی نەبی یەشوع کوڕی نونە. هەرچەندە کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب و بەراوردکردنی لەگەڵ یەشوع کوڕی نون، لە سەرچاوەکانی ڕەوتی سونی پشتڕاست ناکرێنەوە، کەچی ڕەنگدانەوەی ئەو کەسایەتییە، لەناو کەلەپووری گەلێری سونیش بە بەربڵاوی شوێن خۆی کردۆتەوە. ئەوەش هەر لە شمشێرەکەی تا دەگاتە هێز و توانای کە، لە وێنەی شێرێک، بۆ گوزارەکردن. لەو هیز و توانایە. کە چۆن لای ڕەوتی شیعەی ئیمامی هۆنراوەتەوە، لای خەڵکی سوننەش بەبێ سەرچاوە دووبارە دەکرێتەوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. کە عەلی هەم ئامۆزا و هەمیش زاوای نەبی محمد بووە، و کەسایەتییەکی پیرۆزە لای دیندارانی موسوڵمان. و باوەڕی تەواویان پێی هەیە.

ڕەوتی شیعەی ئیمامی لێکدانەوەی زۆری دەربارەی ئەو پرسە لە سێبەری قوڕئان و فەرموودە و ڕاڤەکانیان دروستکردووە. بێ ئاگا لەوەی لێتۆژینەوە دەتوانێ، لە ڕێگای بەدواداچوون داتاشینی ئاکار. و ڕووداوەکان ئاشکرابکا. دروستکردنی کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی طالب بەو پیرۆزییەوە، لەژێر کاریگەری مێژووی ژیانی یەشوعی کوڕی نون، ناتوانێ بێجگە لە ساختەکردنێکی مێژوویی بەدەربێ.

ڕەوتی شیعەی ئیمامی، لە دروستکردنی چیڕۆکی کەسایەتی عەلی، هەرچەندە زۆر بە ئاگاداری و پڕ ووردەکاری، چیرۆک و نیشانەی دیاریکراویان، لە ژیان وکردەوەکانی یەشوع کوڕی نون هەڵبژاردووە. و داویانەتە پاڵ عەلی و بە ڕەنگی شیعە سواخیانداوە. ئەوەش بە مەبەستی، پێبەخشینی کەسایەتییەکی پیرۆز. کە عەلی و یەشوع، لەو کەسە هەڵبژاردراوانەی سەرووی مرۆڤایەتین. بەڵام زۆر لەو خاڵانەی کە دانراون بۆ بەراوردکردن، بەپێی تەورات و نەبییەکان لە یەشوع دا بوونیان نییە. بەڵکوو ئەوە ڕەوتی شیعەی ئیمامییە، ئەو خاڵە هاوبەشانەیان دروستکردووە. ئەوەش بەبێ پشتڕاستکردنەوەیان، لە دەقی پەرتووکەکانی یەهودی.
ئەو دیمەنانەی بۆ بەراوردکاری، خراونەتە ڕوو. و وەکوو پیرۆزییەک دراونەتە پاڵ عەلی، هەروا لە خۆیانەوە نەهاتوون. بەڵکوو ڕیشەی مێژوویی خۆیان هەیە. بە پێی لێکدانەوەی کووک. م دینی یەهودی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئیسلامی سەرەتایی هەبووە. تا ئەو ئاستەی بۆ تە سەرچاوەیەک بۆ داڕشتنی بنەما دینییەکانی ئیسلام. و دروستکردنی کەسایەتییەک بۆ عەلی و لەیەکچوواندنی لەگەڵ یەشوع کوڕی نون. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی یەشوع لە موسا. کە هەندێک سەرچاوە دەڵێن، کە هەم کوڕی مریەمی خوشکی موسا بووە. و هەم قوتابی و بەردەستیشی بووە. ئەوەش لە عەلی دووبارە بۆتەوە. کە لەلایەک ئامۆزای نەبی محمد بووە. لە هەمان کاتدا زاواشی بووە. هەروەها ڕاسپێری خودا بۆ موسا کە یەشوع ببێتە جێنیشینی. و عەلیش لەبەر ئەوەی محمد کوڕی نەبووە، نزیکترین کەسی گەنجاو بووە. و دەرفەتێک بووە ب بۆ دروستکردنی چیرۆکی ڕاسپێری کە عەلی ببێتە جێنیشینی نەبی محمد.

وەک چۆن زۆر شتی تریان لە نەرێت و کەلەپووری یەهودی وەرگرت، و خستیانە ناو دەقەکانی قوڕئان. بە هەمان شێوە بە بوونی شارەزایی، بۆ داتاشینی کەسایەتییەکی پیرۆز بۆ عەلی، کارێکی سەخت نەبووە. لەوەش گرنگتر لە سەرەتای بانگهێژی دینی ئیسلام، چەند یەهوودیەک کە هاوتەمەنی محمد و دواتریش لە تەمەنی عەلی، بوونەتە موسوڵمان. لەلایەکیتر بوونی دینی نەساری لە مەککە و گەڕانەوەی محمد و عەلی بۆ ئەو دینە (ئەوە باسێکی تایبەتییە، لە دەرفەتێکی نزیک بڵاوی دەکەمەوە). ئەوانە بە گشتی شارەزایی باشیان پەرتووکەکانی تەناخ و میدراش و تالموود هەبوو. و بوونەتە یاریدەدەرێکی گرنگ بۆ ئەفراندنی، ئەو کەسایەتیە پیرۆزەی عەلی و بەراوردکردنی لەگەڵ یەشوع.

لە هەمان کاتدا کەسایەتی نەبی یەشوع کوڕی نون، وەک کەسایەتییەکی پیرۆز و نەبییەکی ڕزگارکەری نەتەوەی بەنی ئیسڕائیل، هەر بەو هۆیەش وەک کەراکتەرێکی پیرۆز لە ناو ڕەوتی شیعە دەبینرێ. پیرۆزترین و کاریگەرترین کەسایەتی لە مێژووی ئیسڕائیل هەبووە. بۆیە هەڵبژاردنی بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ عەلی کوڕی ئەبی طاڵب، کارێکی بەڵگە نەوێستە. کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە. و مەزاری یەشوع لە زۆر جێگای جیهانی شیعە هەیە. تەنانەت ڕەوتی شیعە پێی وایە مەزارگەی نەبی یەشوع لە ئێران - ئەسفەهانە. و بە پیرۆزترین کەسایەتی دادەنرێ. کەچی لە ناو ڕەوتی سوننە، نەبیەکی ئاسایی بەنی ئیسڕائیلە. و ئەو ڕۆڵ و دەنگە گەورەیەی نییە. و تا ئاستێک نەناسراوە.

* یەشوع کوڕی نون. لە تەناخ و لە پەرتووکەکانی یەهودی بە یوشەع ناو دەبرێ، کەچی لە دینی کریستیانی بە ناوی یەشوع دێ. لە دینی کریستیانیش تێکەڵاوییەک لە نێوان یەسوی ناسەرێت کە لە خاچدرا، لەگەڵ یەسوی کوڕی مریەم کە کوڕی خوشکی موسایە، تێکەڵاوییەک کراوە (ئەوە لە باسێکیتر بە ووردی بۆی دەگەڕێینەوە).

یەشوع کێ بوو؟
با بە چەند دێرێکی کورتیش بێ، یەشوع کوڕی نون بناسین. یەشوع کوڕی نون کوڕی ئەفراهەم کوڕی یوسفی کوری یاقوبە. و لە هۆزی ئیفرایم. لە میسر لە دایک بووە . و لە نەتەوەی بەنی ئیسرائیل و بەردەست و یاوەری نەبی موسا بووە. هەندێک سەرچاوە پێیان وایە یەشوع کوڕی مەریەمی کچی عمران بووە (واتە خوارزای موسا). یەشوع لە کۆڕەوە گەورەکە لەگەڵ موسا و گەلی ئیسڕائیل لە میسرەوە لە دەریا پەڕیوەتەوە و بەرەو ئۆڕشەلیم هاتووە. لە دوای مردنی نەبی موسا لە ڕێگا، بە ڕاسپێری خودا بووەتە جێنیشینی موسا و سەرکردەی بەنی ئیسرائیل . یەشوع و چیڕۆکی ژیان و نەبییەتی، لە پەرتووکی دەرچوون و ژمێرە لە تەورات و لە پەرتووکی یەشوع کە پەرتووکی شەشەمی تەناخ (پەیمانی کۆن). کە بەردەستی موسا بووە. بە شێوەیەکی سادە و پڕ ووردەکاری دەگێڕدرێتەوە. ئەو گێڕانەوەیەش لەگەڵ ئاکارەکانی کەسایەتی بە درێژی باسکراوە. باوەڕ وایە لە نێوان سەدەی ١٣ پ.ز و ١٢ پ.ز ژیابێ.
ئەوەی جێگای هەڵوێستە کردنە لەسەر ژیان و کەسایەتی یەشوع، جیاوازیەکی زۆر لە نێوان سەرچاوەکانی دین. و سەرچاوەکانی مێژووییە دا هەیە.

یەشوع لە سەرچاوە دینییەکان.
بەپێی لێکدانەوەی سەرچاوەکانی دین، یەشوع وەک نەبییەک، بە ڕزگارکەری نەتەوەی بەنی ئیسڕائیل دادەنرێ. کە نەبییەکی مەزن و دڵفراوان و باوەڕدارێکی ڕاستەقینەبووە. لەوەش گرنگتر هەر لە سەردەمی کۆتایی ژیانی موسادا، خودا یەشوعی دەستنیشانکردووە، کە ببێتە جێنیشینی. ئەوەش هەم لەلایەک گەورەیی لە مێژووی بەنی ئیسڕائیل نیشاندەدا. کە هەر دوانزە هۆزی بەنی ئیسڕائیلی لەیەک کۆکردنەوە. هەم لەلایەکیتر خودا دوای مردنی موسا خۆی لەگەڵ یەشوع کەوتۆتە دیالۆگ بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە.
بەپێی تەورات دەبێ موسا لە دیالۆگێکدا داوای لە خوداکردبێ، کە جێنیشینێکی بۆ دیاربکا، خوداش فەرمانی پێکردووە یەشوع کوڕی نون شایستەی ئەوکارەیە.

تەورات - پەرتووکی ژمێرە ٢٧: ١٥ - ٢٣
(١٥) موسا بە خودای گوت: (١٦) ئەی خودای من، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە مرۆڤ دەبەخشی. پیاوێک لەسەر ئەم کۆمەڵە دابنێ (١٧) بەڕێوەیان ببا، و لە شەڕدا ڕابەرایەتیان بکا. هەتا کۆمەڵی خودا، بێ شوان نەبێ.
(١٨) خودا بە موسای فەرموو: یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە گیانی تێدایە و دەستی لەسەر دانێ. (١٩) لەبەردەم ئەلعزاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕایبگرە. و لەبەرچاویان ئەرکی پێبسپێرە (٢٠) هەندێک دەستەڵاتی خۆتی بدەرێ، هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن (٢١) ئەو لەبەردەم ئەلعیزار ڕادەوەستێ. لەبەردەم خودا بەپێی فەرمانی ئوریم** بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بەقسەی ئەو دێنە ژوور. ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسڕائیل لەگەڵی. موسا چۆن خودا فەرمانی پێکردبوو وایکرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعیزاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت. (٢٣) دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد. هەروەک چۆن خودا فەرمانی دابوو.
** ئۆریم و تومیم دوو بەردی گران بەهابوون. لەکاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکار دەهێنران.
تەورات - دەرچوون ٢٨: ٣٠ و تەورات - ژمێرە ٢٧: ٢١.

یەشوع لە سەرچاوە مێژووییەکان.
یەشوع لەڕووی مێژووییەوە، تەواو پێچەوانەی سەرچاوە دینییەکانە. یەکێک لە خوێنڕێژترین و دڕوندەترین سەرکردە بووە. هەر لە کوشتن و قڕکردن، تا دەگاتە تاڵان و سوتاندن. کەچی مێژوو لە بەرامبەر تاوانە گەورەکانی بە ناوی پەروەردگار هەڵوێستە دەکا. و وەک خوێنڕێژێک پێناسەی دەکا. کە لە ڕاستیدا ژیانی تەنیا خوێنڕێژی و داگیرکاری و تاڵان بووە و هیچیتر.
ئەو تاوانانەشی لە پەرتووکی نەبییەکان سەرجەمی پشتڕاست دەکرێنەوە. و شەڕ و خوێنڕێژییەکەی بە فەرمانی خودا دەژمێردرێ. کە گشتی بۆ گەیاندنی پەیامی خودایە و سەرکەوتنی بەنی ئیسرائیلە بە سەر کافراندا.
لە ئینسیکلۆپێدیای یەهودی وەک باسێکی بنەڕەتی و بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی تەورات و کولتووری ئیسڕائیل، باسی یەشوع وەک سەرکردەیەکی سەربازی توند و تیژ دەکا. گشت ڕێگایەکی بەکارهێناوە، بۆ ڕاگرتنی تەختی دەوڵەتی عیبرانی، هەر لە سووتاندن، کاولکردن و تالان و قڕکردنی خەڵکی بێتاوان.

لە باوەڕی دینی ئیسلامدا یەشوع هەرزەکارێک بووە، ناوی لەگەڵ موسا دا هاتووە. لە سورەتی الکهف، بەبێ ئەوەی ناوی بێنێ ئاماژە بە گەورەیی دەکا.
القرآن الکریم سورة الکهف ١٨: ٦٠ - ٦٢
کاتی موسا بە لاوە بەردەستەکەی خۆی گوت. من دەڕۆم تا دەگەمە شوێنی دوو دەریاکە، یان ماوەیەکی دوور و درێژ دەڕۆم (٦٠) جا کاتی گەیشتنە ئەو شوێنەی دوو دەریاکە بەیەک دەگەن، ماسیەکەیان لەبیرچوو. جا (ماسیەکە) ڕێگەی خۆی گرتەبەر، لەناو دەریاکەدا (ئاوەکە) شەقدەبوو. و وەک خۆی لێ نەدەهاتەوە (٦١) جا کاتی (لە شوێنەکە ) تێپەڕین، موسا بە لاوە بەردەستەکەی گوت. خواردنەکەمان بۆ بێنە. سوێند بەخودا بە ڕاستی لەم سەفەرەماندا، دوو چاری شەکەتییەکی زۆر بووین (٦٢)

لەلایەکیتر بەپێی فەرموودەی نەبی محمد، ئاستی گەورەیی یەشوع لە سەرەوەی مرۆڤە، کە بتوانێ خۆر ڕابگرێ. فەرموودەکە دەڵێ:
ڕۆژ بۆ هیچ کەس لە مرۆڤ ڕاگیر نەبووە. تەنیا یەشوع نەبێ. کە بەرەو بیت المقدس دەچوو. (ألبانی السلسلة الصحیحة الرقم ٢٢٢٦)

سەبارەت بە هەڵبژاردنی یەشوع بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ عەلی، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆ:
یەکەم: نزیکترین ماوەی میژوویی یەشوع لەگەڵ عەلی و بوونی ئاشنایەتی بەو مێژووە.
دووەم: هەروەها ئاکارەکانی کەسایەتی یەشوع و نزیکی لە عەلی لە شەڕ و تاڵان و کوشتن.... هتد. تەنیا بە ووردبوونەوەیەک لە پرۆسەی نەبییەتی یەشوع و شەڕو کوشتن و تاڵان، بە ئاسانی کەسایەتی عەلی و داگیرکارییەکانی ئیسلام تێدا دەناسینەوە. با بۆ سەلماندنی ئەوە، سەیری پەرەگرافێکی پەرتووکی یەشوع بکەین.

تەناخ - نەبیەکان یەشوع ٨: ٢٤ - ٢٧
(٢٤) پاش ئەوەی ئیسرائیلی لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە، کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان کەن. هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانەی کە لە ناوشار مابوونەوە، بە شمشێر کوشتنیان (٢٥) سەرجەم دانیشتوانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن بە پیاو و ژن، دوانزە هەزار کەس بوون (٢٦) یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو، نەیدەگەڕاندەوە دواوە. هەتا سەرجەم دانیشتوانی عای قڕبوون (٢٧) ئەوسا بەنی ئیسڕائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵانکرد. ئەوەش بە پێی، ئەو فەرمانەی خودا بە یەشوعی دابوو.

هەروەها لە هەمان پەرتووکی یەشوع دەقی ١٠: ١٦- ٢٧ باسی ئەوە دەکا چۆن یەشوع و ئیسرائیلیەکان خەڵکی شاری مەقێدایان قڕکردووە. و دوای ئەوە پێنج پاشاکانیشیان بە چ ئازارێکەوە کوشتوون. ئەوەش باش لەگەڵ عەلی و داگیرکاری و تاڵان کوشتن و سەبایاکانی دەگونجێ.

لەم چەند بڕگەیەی دەقی هەشتەم و دەیەمی پەرتووکی یەشوع، بە جوانی هێرشەکانی ئیسلام و عەلی دەناسینەوە. و نیشانی دەدا دوو کەسایەتی خوێنڕێژ و تاڵانکەر. لە دوو سەردەمی جیاوازی مێژوویی دین دا، دەکرێ بە ئاسانی لەگەڵ یەکتری بەراوردبکرێن.
بەڵام ئەوەی ڕەوتی شیعە لە داتاشینی کەسایەتی و بەراوردکردنی هەردوو عەلی و یەشوع، خۆی لێ بواردووە، شەڕەنگێزی و دڕوندەییە. کە لە ڕاستیدا دوو وێنەی بەرامبەری یەکترین.

لەم بەراوردکردنەکەدا تەنیا چەند خاڵ دیارکراون یان داتاشراون. لەبەر ئەوەی گێڕانەوەکان چ لە تەورات پەرتووکی دەرچوون، یان لە پەرتووکی نەبییەکان یەشوع پشتڕاست ناکرێنەوە. بەوەش دەردەکەوێ، ئەو بەراوردکارییە لەلایەن شیعەی ئیمامی یەک لایەنانە ئەنجامدراوە. بە شێوەیەک ژیانی یەشوع هۆنراوەتەوە، کە ئاسان لەگەڵ ژیان و کەسایەتی ئیمامی عەلی موسوڵمان، وەک کەسێکی پیرۆز بگونجێ. و بەرگێکی شیعەییان لەبەرکردووە، کە پشتگیری پیرۆزی بکا.

لێکچوونەکانی نێوان کەسایەتی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب و یەشوع کوڕی نون.
خاڵی لێکچواندنی عەلی و ئەشوع زۆرن. بەڵام بۆ ئەو باسە تەنیا پانزە خاڵ هەڵبژێردراوە. ئەوەش بەسە بۆ پیشاندانی ڕووی ڕاستی پرسەکە و وڕووژاندنی پرسی تر لای خوێنەر. دواتر خوێنەر خۆی سەرپشکە تا چەند بەدواداچوون دەکا.

یەکەم: ناوەکان
ئیمامی پێنجەم لە دوانزە ئیمامەکان، محمد الباقر (ساڵی ٧٣٢ ز مردووە) ئاماژە بەوە دەکا کە ئیمامی عەلی چەندین ناوی هەبووە. یەک لەو ناوانە یەشوع بووە. بەپێی دەربڕینی محمد الباقر، ئەم ناوە، لەسەردەمی خۆی وەک نازناوێکی ئاشنا بووە، لە ناوەندییە سۆفیەکان.

دووەم: هەردووکیان وەک میراتگر ڕاسپێردراون، کە ببنە نەبی.
محمد باقر دەگێڕێتەوە کە موسا داوای لە یەشوع کوڕی نون کرد ببێتە جێنیشینی. بەڵام بە شێوەیەکی نهێنی. هەرچەندە ئەو هەواڵە لە پەرتووکەکانی یەهودی دا نەهاتووە. و تەنیا لە سەرچاوەکانی ئیسلامی شیعە ئەم هەواڵە تۆمارکراوە. لە سەرچاوەکانی یەهودی گشت پرۆسەی جێنیشینی بە ئاشکرابووە. دیالۆگەکان لە نێوان موسا و خودا بووین. و هەر دوای مردنی موسا، خودا داوای لە یەشوع کرد خەڵکی ئیسرائیل کۆکاتەوە و بیانگەیێنێتە خاکی پەیمان، هیچ تیرەیەک لە تیرەکانی ئیسرائیل بەرهەڵست نەبووە. لەبەر ئەوەی گشتیان دەیانزانی وەک خودا پەیمانی بە ئیبراهیم و موسا دابوو هەروا پەیمانیشی بە یەشوع داوە:

نەبییەکان پەرتووکی یەشوع ١: ١ - ٢
(١) پاش مردنی موسای بەندەی خودا، خودا بە یەشوعی کوڕی نونی بەردەستی موسای فەرموو: (٢) موسای بەندەم مرد. ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە، بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم. واتە بە نەوەی ئیسرائیل.

ئەم دوو پەرەگرافەی پەرتووکی یەشوع بوونەتە هزری بنیات نانی ئەوەی کە نەبی محمد، عەلی بە جێنیشینی خۆی داناوە. ئەوەش وەک هەوڵدانێک بۆ بەرزترکردنەوەی عەلی لە تاکەکانیتری کۆمەڵگە بۆ ئاستی جێنیشینی نەبی.
سەبارەت بە ڕاسپێری نەبی محمد بۆ جێنیشینی عەلی، لە ڕەوتی شیعە چەند ریوایەتێک دروستکراون. لێرەدا دوانیان دێنینەوە. هەرچەندە هیچ یەک لەم ڕیوایەتانە لە لایەن ڕاڤەکاران و صحیحەکانی سوننەدا نیین:

یەکەم:


دوای ئەوەی محمد وەحی بۆ هات:
سەرجەم پیاوانی تیرەی هاشمی بانگهێژکرد، دوای نا خواردن پێی ووتن:
ئەی کوڕانی عبدالمطلب، سوێند بە اللە، لە ناو عەرەب گەنجێک نابینم، شتێکی باشتر لەوەی من بۆ ئێوەم هێناوە، بۆ گەلەکەی خۆی هێنابێ. من بڕشتی دونیا و ڕۆژی دواییم بۆ هێناون. اللە فەرمانی پێداوم کە ئێوە بۆ لای ئەو بانگهێژکەم. ئێستا کام لە ئێوە باوەڕم پێدێنێ. تا ببێتە برا و جێنیشینم لە ناو ئێوە؟
هیچ کەس وەڵامی نەدایەوە.
ئیمامی عەلی لە گشتیان بچووکتر بوو. گوتی: من باوەڕت پێدێنم.
پەیامبەر فەرمووی: ئەوە برا و جێنیشینی منە، لە ناو ئێوە.

دووەم:


هەروەها لە ڕیوایەتێکیتر دا هاتووە، پەیامبەر فەرموویەتی: بۆ هەر نەبییەک جێنیشین و میراتگرێک هەیە. عەلی جێنیشین و میراتگری منە. (بۆ زیاتر سەیری خاڵی چوارەم بکە).
طبرانی، أبو قاسم سلیمان بن احمد. المعجم الکبیر ١٤٠٥ ج ٦ ص ٢٢١،
مجلسی، محمد باقر. بحار الأنوار ١٤٠٣ ج ٣٨ ص ١٢

سێیەم: مێژووی دانانیان بە جێنیشین یان ڕاسپێری نەبی.


محمد باقر ئاماژە بەوە دەکا کە عەلی و یەشوع ڕاسپێری جێنیشینەکەیان ڕێکەوتی هەژدەی مانگی ذو الحجة بووە. بەو پێیەش دیاریکردنی عەلی بە جێنیشینی نەبی محمد، هەمان ڕۆژ بووە کە یەشوع کوڕی نون بە جێنیشین دیاریکراوە. ئەو دیاریکردنە شتێکی دروستکراوە. و تەنیا لە سەرچاوەکانی شیعە دا هەیە. لە هیچ کام لە سەرچاوەکانی یەهودی ئاماژەیەکی لەم جۆرە نییە. نە لە پەرتووکی دەرچوون لە تەورات و نە لە پەرتووکی یەشوع، هیچ شتێک سەبارەت بە مێژووی دانانی یەشوع بە جێنیشین نەهاتووە.

چوارەم: عەلی و یەشوع لە تەمەنی منداڵییەوە، وەک جێنیشینی نەبی دیاردەکرێن.


دەگێڕنەوە عەلی کوڕی ئەبی تاڵب (ساڵی ٦٦١ ز مردووە) گوتوویەتی موسا فەرمانی بە دیاریکردنی یەشوع دا ،کاتی تەمەنی ٧ ساڵ بوو. هەروەها نەبی محمد، عەلی لە تەمەنی ١٠ ساڵ بوو، کە بە جێنیشینی خۆی دیاریکرد. ئەوەش بەو مانایەدێ، کە خودا پێشوەخت بڕیاری ئەوەی داوە، کە بۆ هەر نەبییەک کێ دەبێتە جێنیشینی. و هەوالیشی پێداون. بەو پێیەش نەبی محمد هەر لە منداڵییەوە موژدەی جێنیشینی خۆی بە عەلی داوە. (بڕوانە خاڵی دووەم و ڕیوایەتەکان) یەکەم لە هیچ سەرچاوەیەکی یەهودی ناهاتووە، کە یەشوع لە چ تەمەنێک کراوەتە جێنیشین.

ئەو خاڵە بۆ عەلیش ناتوانێ ڕاست بێ. لەبەر ئەوەی نەبی محمد ساڵی ٥٧١ ز لەدایک بووە، و علی ٥٩٩ز لەدایک بووە. کەواتە ٢٨ ساڵ نێوانی تەمەنیان بووە. ئەگەر عەلی لەتەمەنی ١٠ ساڵی ڕاسپێردراوە. کەواتە ٢ ساڵ بەر لە هاتنی وەحی بووە. لەبەر ئەوەی بە پێی سەرچاوەکانی ئیسلام و نا ئیسلامی، محمد لە تەمەنی ٤٠ ساڵی دا وەحی بۆ هاتووە. پرسیارەکە ئەوەیە، کاتێ کە محمد هێشتا خۆی نەبووبێتە نەبی، چۆن دەزانێ جێنیشینی کێیە. چۆن کە هێشتا خۆی نەبووبێتە نەبێ، خودا جێنیشینی بۆ دادەنێ؟ ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم پرۆسەی بوونە پەیامبەری محمدە. کە بەهاتنی جوبڕائیل حەپەساوە.

پێنجەم: ئەو ماوەی هەردوو جێنیشینەکان دوای نەبییەکان .


عبداللە کوڕی مەسعود (ساڵی ٦٥٣ ز مردووە) کە یەک لە لایەنگیرانی عەلی و ڕەوتی شیعە بووە دەڵێ: عەلی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ دوای مەرگی نەبی محمد جێنیشین بوو. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نازانین یەشوع کەی بووە و ماوەکەی چەند بووە. لە هیچ شوێنێک باس نەکراوە.
بەپێی سەرچاوەکانی شیعە دەبێ عەلی لە تەمەنی ٣٢ساڵی بووبێتە جێنیشین (خلیفة). و ماوەی ٣٠ ساڵ جێنیشین بووە. کەچی بەپێی مێژوو محمد ساڵی ٦٣٢ مردووە. واتە عەلی تەمەنی ٣٢ ساڵ بووە. کەچی ئەبوبەکر یەکەم جێنیشینی بووە بۆ ماوەی ٢ ساڵ. دوای ئەویش عومەر ١٠ ساڵ جێنیشین بوو، دواتریش عوسمان ١٢ ساڵ جێنیشین بووە. کەواتە ئەو لێکدانەوەیە بۆ عەلیش هەڵەیە لەبەر ئەوەی عەلی ٥ ساڵ جێنیشین بووە و لە تەمەنی ٥٦ ساڵی بۆتە جێنیشین نەک ٣٢ ساڵی. بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ڕەوتی شیعە دان بە سێ خەلیفەکانی پێش عەلی (ئەبوبەکر، عومەر و عوسمان) دانانێن. و پێیان وایە کە جێنیشینەکەیان لە عەلی دزیوە یان زەوتکردووە.

شەشەم: مێژووی مردنیان.


ئیمامی جەعفەر سادق ئیمامی شەشەم (ساڵی ٧٦٥ ز مردووە) دەفەرمووێ. عەلی بە شمشێری عەبدولڕەحمان کوڕی مەلجەم لە بیست و یەکی رەمەزان لە سالی چلی کۆچی کوژرا. سەرچاوەکانی شیعە دەڵێن لە هەمان ڕۆژ یەشوع کوڕی نون مردووە. مەبەست لەوە، ئەوەیە کە جێنیشینی نەبیەکان لە هەمان مێژوو مردوون. ئەوەش وەک خاڵی پێشتر تەنیا لە سەرچاوەکانی شیعە هاتووە. یەشوع بە مردنێکی ئاسایی خۆی مردووە، بەهیچ شێوەیەک باسی ڕۆژ و ساڵی مردنی نەکراوە. تەنیا دەڵێ تەمەنی ١١٠ ساڵ بوو کە مرد.

حەوتەم: دابەزینی شمشێر بە شانی فریشتەوە.


دابەزینی شمشێری زولفەقار بۆ عەلی کوڕی ئەبی تاڵب لە ئاسمانەوە بە هۆی جوبرائیل. هەرچەندە گێڕانەوەکان جیاوازن لە سەرچاوە و هۆی دابەزینی لە ئاسمان. و مێژووی دابەزینی. لە هەندێک ڕیوایەتدا، لە شەڕی بەدر یان ڕۆژی شەڕی ئوحود جوبڕائیل دایبەزاندووە. لە هەندێک ڕیوایەتی تر خودا لەگەڵ ئادەم لە بەهەشتەوە ناردوویەتی. تا بتوانێ بەم شمشێرە بەرەنگاری دوژمنانی لە جنۆکە و ئەهریمەنەکان ببێتەوە. بەپێی ئەو ڕیوایەتە وا نووسراوە کە تا ئێستاش نەبییەکان شەڕ بەم شمشێرە دەکەن. ئەمیری مؤمنین عەلی کوڕی ئەبی تاڵب لە نەبی محمد بە میرات بۆی ماوەتەوە. کەچی لە هیچ سەرچاوەیەک دانەهاتووە، کەی و چۆن محمد ئەو شمشێرەی بۆ هاتبێ یان بەکاری هێنابێ و دواتر بەبەر عەلی بڕابێ.
ئەوەش تەنیا قسەیەکی شیعەیە بۆ ڕەوایی دان بە عەلی و گونجاندنی لەگەڵ کەلەپووری یەهودی و شمشێرەکەی یەشوع. هەڵبەتە ئێمە دڵنیا نین کە ئەو شمشێرەی بەدەستی پیاوێکەوەیە، بۆ یەشوع دابەزیووە یان نا. .

تەناخ - یەشوع ٥: ١٣
ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟
وەک لەم بڕگەیەی پەرتووکی یەشوع دیارە، باسی فریشتە ناکا. بەڵکوو ڕاڤەکارانی یەهودی، ئەو پیاوە بە فریشتەی جوبرائیل دادەنێن. کە شمشێری لەلایەن خوداوە بۆ یەشوع هێناوە. ئەگینا بنەمایەکی تری نییە.

هەشتەم : هاوسەرانی هەردوو نەبی دژی جێنیشینە ڕاسپێردراوەکان ڕادەپەڕن.


بەپێی سەرچاوەکانی شیعە، سیپۆرە هاوسەری موسا (کچی یەترۆ/ شعێب) لە یەشوع یاخیبوو. و داوای ئەوەی دەکرد، کە دوای مردنی نەبی موسا ئەو (سیپۆرە) وەک هاوسەری مافی جێنیشینی هەیە. یەشوع شەڕی لەگەڵ کرد، بەسەری دا زاڵبوو و بە دیل گرتی. لەکاتی دیلی بە ڕێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد و ئازادی کرد. هەمان ڕووداو لەگەڵ عەلی ڕوویدا لەکاتی دیارکردنی بە خەلیفەی موسوڵمانان لە ساڵی ٦٥٦ ز. هاوسەری نەبی محمد عائیشەی کچی خەلیفە ئەبو بەکر، لەگەڵ هەزار لە لایەنگیرانی دژی عەلی ڕاپەڕی لە شەڕی جەمەل ساڵی ٥٥٧ ز. عەلی لەشەڕ بەسەری دا سەرکەوت، عائیشە بە دیل گیرا. عەلی هەڵسوکەوتی بەڕێزەوە لەگەڵکرد. و دواتر ئازادیکرد.
سەبارەت بەم چیرۆکە لە پەرتووکی یەشوع هیچ شتێک باس ناکا، بەڵکوو دوای فەرمانی خودا هەر دوانزە هۆزی ئیسڕائیل ملکەچی فەرمانەکانی یەشوع دەبن. لە تەورات - پەرتووکی دەرچوون، تەنیا باسی چۆنییەتی هاوسەرگیری موسا لەگەڵ سیپۆرای کچی ڕەئێل/ یەترۆی کاهن کردووە. ئەم چیرۆکە سەبارەت بە یەشوع لە بنەڕەتدا بوونی نییە و هەڵبەستراوە. مەبەستیش لە دروستکردنی، تەنیا بۆ ڕەوایی دان بە ناکۆکی نێوان عەلی و عائیشە هاتووە. کە ئەوەتە، لە نەبییەکانی پێشتریش ڕوویداوە. بە مانایەکیتر، ڕەوتی شیعە دەیەوێ بڵێ، ئەو ڕووداوەی نێوان عەلی و عائیشە شتێکی دەگمەن نییە. و ئاساییە ئارەزووی خودایە. دەبوایە ببێ.

نۆیەم: سرووشت دوای مەرگی عەلی و یەشوع دەگریێ.


ئیمامی جەعفەری سادق دەگێڕێتەوە، ڕۆژی مردنی یەشوع و کوژرانی عەلی لە ژێر هەر بەردێکی ڕووی زەوی خوێنێکی پاک دەردەچوو. بە درێژایی شەو تا بەرەبەیان خوێن لە سرووشت دەچۆڕا. بە هیچ شێوەیەک لە هیچ لە پەرتووکەکانی تەناخ و کەلەپووری یەهوودی، باسی پەڕجووی لەو شێوەیە ناکات. ئەو دروستکردنەی ڕەوتی شیعە، تەنیا هێنانەوەی نموونەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی، کە پێگای هەردوو عەلی و یەشوع چەند مەزنە. لەبەر گەورەیی ئەو دوو کەراکتەرە، خودا لە گەڵ مەرگیان سیستەمی سرووشتی گۆڕی. بەوەش بەرزکردنەوەی پێگەی عەلی بۆ ئاستی یەشوع کوڕی نون. وەک بەرزتر لە مرۆڤێکی ئاسایی بن. سەبارەت بە مردنی یەشوع باسێکی وا بوونی نییە. تەنیا لە پەرتووکی یەشوع، بە شێوەیەکی زۆر سادە باسی مردن و ناشتنی داکا:

تەناخ - نەبیەکان - پەرتووکی یەشوع ٢٤: ٢٩ - ٣٠
(٢٩) یەشوع لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد (٣٠) لە سنووری میراتەکەی خۆی لە یمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاویەکانی ئەفرایمە لە باکووری کاعەش ناشتیان.
نە سرووشت گریاوە و نە خوێنیش لە سرووشت دەچۆڕا.

دەیەم: دوانزە ئیمامی شیعە و دوانزە هۆزی ئیسرائیل.


یەک لە خاڵەکانی لەیەکچوونی یەشوع و عەلی ژمارەی هۆزەکانی ئیسرائیل و ژمارەی ئیمامەکانی شیعەیە. لەسەردەمی یەشوع ١٢ هۆزی نەوەی ئیسرائیل هەبوون، و یەکەم لەوانە هۆزی یەشوعە. ئەوەش خودا بە یەشوع دەفەرموێ:
تەناخ. نەبیەکان - پەرتووکی یەشوع ٤: ١ - ٢
(١) کاتی هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردن بە تەواوی پەڕینەوە، خودا بە یەشوعی فەرموو: (٢) دوانزە پیاو لەگەڵ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزەی پیاوێک.

هەروەها ژمارەی ئیمامەکانی شیعەش دوانزە ئیمامە. لەوانەش عەلی لە لیستەکەدا ناوی یەکەمە.
لیستی ناوی ئیمامەکان و ماوەی ئیمامەتیان لە ناو کەوانەدا، بە پێی ساڵی زاینی:
١- عەلی کوری ئەبی طالب (٦٣٢ - ٦٦١) ٢ - حسن کوڕی علی (٦٦١ - ٦٦٩) ٣ - حسین کوڕی علی (٦٦٩ - ٦٨٠) ٤ - علي زین العابدین (٦٨٠ - ٧١٣) ٥ - محمد الباقر (٧١٣ -٧٤٣) ٦ - جعفر الصادق (٧٤٣ - ٧٦٥) ٧ - موسی الکاظم (٧٦٥ - ٧٩٩) ٨ - علی رضا (٧٩٩ - ٨١٨) ٩ - محمد جواد (٨١٨ - ٨٣٥) ١٠ - علی الهادی (٨٣٥ - ٨٦٨) ١١ - الحسن العسکری (٨٦٨ - ٨٧٤) ١٢ - محمد المهدی ( ٨٧٤ ..... هتد)
لە ناو ڕەوتی شیعە وا باوە کە محمد پەیامبەری خودا بە عەلی گوتووە، لە دوای من ١٢ ئیمام دێن. یەکەمیان تۆی. و دوایینیان ئەو کەسەیە کە خودای پەروەردگار، لەسەر دەستی ئەو خۆر هەڵات و خۆرئاوای جیهان فەتح دەکا.
الهمدانی، أحمد الرحمان. الإمام علی ص ١٢٨ فەرموودەی ١٣

یەکەم ئەو فەرموودەیە لە هیچ کام لە سەرچاوە سوونیەکان وەک بوخاری و مسلم و هتد بوونی نییە. دووەم ژمارەی دوانزە لە مێژوودا، شتێکی ئاساییە و لە ناو دینە ئیبراهیمیەکان چەندین جار دووبارە بۆتەوە. بۆ نموونە: حوسێن بە لێدانی دوانزە شمشێر کوژرا، و یوسف لەگەڵ براکانی دوانزە کەس بوون، عیسا دوانزە قوتابی هەبوون، هەروەها بەنی ئیسرائیل دوانزە هۆز بوون و هتد. ئەوانەش لە بنەڕەتدا نیشانەی ئەسترۆلۆژییە. و ژمارەی کەڵوکانن کە دوانزەن. ئەوەی جێگای سەرنجە گشت دوانزەکان هاوکاتن، تەنیا دوانزە ئیمامەکەی عەلی نەبێ، هاوکات نین. دوانزە هۆزەکەی ئیسرائیل چەندین جار لە تەورات و پەرتووکەکانی تر دووبارە بۆتەوە. کە گشت هۆزەکان هاوکات دوژمنی یەکتری و پشت و پەنای یەک بووین. دوانزە شمشێرەکە هاوکات لە ماوەیەکی کورت لە حوسێن دراون، یوسف و براکانی هاوکات ژیاون، قوتابیەکانی عیساش هاوکات بووین. بەڵام دوانزە ئیمامەکەی شیعە هاوکات نەبووین. بەڵکوو لە دوای یەک هاتوون، لە ماوەی نێوان ٦٦١ ز تا دوای ساڵی ٨٧٤ ز. کە تێکڕا دەکاتە زیاتر لە ٢١٣ ساڵ. هیچ مەرجیش نییە تەنیا دوانزە ئیمام بووبن. ئەی ئەو میراتە دوای محمد المهدی چێ بەسەرهات؟ یان بۆ کۆتایی هات؟ کە وەڵامێکمان ناداتێ. بۆیە ناتوانرێ لەگەڵ نیشانەکانیتر بەراورد بکرێ. بە تایبەتی لەگەڵ دوانزە هۆزەکەی بەنی ئسرائیل و یەشوع.

یانزەم: لایەنگرانی یەشوع و عەلی ڕاستن و دەرباز دەبن.


بەپێی سەرچاوەکانی شیعە دەبێ یەهودییەکان ٧١ گرووپ بووبن. و لەوانە ٧٠ گرووپ دەکەونە ناو ئاگر، تەنیا یەکیان دەردەچێ ئەویش، ئەو گرووپەن کە ڕێبازی یەشوع کوڕی نونیان هەڵگرتووە. هەروەها لە ئیسلام دابەشی سەر ٧٣ گرووپ دەبن. و لەوانە ٧٢ گرووپ دەچەنە ناو ئاگری دۆزەخ. تەنیا یەک گرووپ نەبێ دەچنە بەهەشت، ئەوەش ئەو گرووپەن کە پەیڕەوی ڕێبازی جێنیشینی نەبی محمد دەکەن، کە عەلی کوڕی ئەبی تاڵبە.

ئامانج لەو گێڕانەوەیە ئەوەیە کە لە ناو دینی یەهودی و ئیسلام تەنیا دوو ڕێباز ڕاستن. ئەوانیش رێبازی یەشوع کوڕی نون و ڕێبازی عەلی کوڕی ئەبی تالب. بێجگە لەو دوو ڕێبازە ئەوانیتر بۆ دۆزەخ.
بەو پێیەش یەشوع و عەلی تاکە ڕێگای ڕاستن. بەڵام بەنی ئیسرائیل ١٢ هۆز بووە. لە ژێر سایەی هەر سەرکردەیەکیش گشتیان کۆبوونەتەوە. و باوەڕیان بە یەک ڕێباز هەبووە و لە دوای یەک پەیامبەر بووین. ئەوەش هەم لەسەردەمی ئیبراهیم تا دەگاتە موسا دواتر یەشوع. هەروەها لە ئینجیلی لەدایکبوونی مریەم یۆاکیم لەگەڵ ١٢ هۆزی یەهودی خێرو بەڵاگێڕی کردووە. بۆیە بوونی ٧١ گرووپ، شتێکی زێدەڕۆیی ڕەوتی شیعەیە، تاکە مەبەست گونجاندنی چیرۆکە دروستکراوەکەیە.

نەتەوەی بەنی ئیسڕائیل لە ڕووی دینییەوە دەکرێنە سێ ئاڕاستە:
یەکەم ئاڕاستە: لیبەراڵ یان یەهودی ڕیفۆرم خواز. ئەو گرووپە باوەڕیان وایە ڕیفۆرم لە ناو دین و ئازادی تاکەکان دەبێ هەبێ. و هەمیشە بەپیی پەرەسەندنی کۆمەڵگە دینیش دەبێ لەگەڵ مەرجە نوێکانی کۆمەڵگە بگونجێندرێ.
دووەم ئاڕاستەی پارێزگاران (کۆنسێرڤەتیڤ) ئەم ڕیبازە باوەڕیان وایە تەورات گرنگە، بەڵام دەبێ بەپێی ئەم سەردەمە ڕاڤەبکرێ، کە لەگەڵ ژیان و سەردەم بەگشتی بگونجێ. ئەوانە پییان دەڵێن میانڕەو.
سێیەم ئاڕاستە: ئۆرتۆدۆکس: ئەم گرووپە باوەڕیان وایە تەورات ووشە بە ووشەی بەبێ گۆڕان، دەبێ وەک نەرێتێکی هەزاران ساڵە پەیڕەوبکرێ. کۆمەڵگە وتاکەکانی هەمیشە بگەڕێنەوە بۆ تەورات و تالمود و هتد و لێی دەرنەچن.
ئەم سێ ئاڕاستەیە هەرچەندە، تا ئاستێکی زۆر دژ بەیەکن، بەڵام کاتی باسی ئیسرائیل و تاکی یەهودی دەکرێ. گشتیان یەک ڕیزن. ئەو تێزەی شیعەکان باسی دەکەن بۆ یەهودی ڕاست نییە. بەڵام بۆ ئیسلام ڕاستە و زیاتریش. جا کامیان ڕاستە؟ ئەوە دەکرێ جێگای مشتومڕێکی تربێ.

دوانزەم: یەکتر بینینی عەلی و یەشوع.


سەرەڕای ئەو ماوە دوورەی مێژوویی و دووری جوگرافییایی لە نێوان شوێنی یەشوع و عەلی. سەرچاوە شیعیەکان چێرۆکێکی عەبایە کوڕی ڕبیعی الأسدی دەگێڕنەوە، کە عەلی چاوی بە یەشوع کەوتووە. کە گوایە لە ڕێگای بەرەو باکوور لە (صفین) کاتی لە ڕووباری فورات دەپەڕنەوە، چیا شەقدەبێ پیاوێک بە ڕێشێکی سپیییەوە دەردەکەوێ، دەڵێ من یەشوعم. ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەو چیڕۆکە، تەنیا ئاماژەدانە بۆ ئەوەی، خودا جێنیشینی نەبیەکان بەیەک دەگەیێنێ. سەرەڕای ماوەی مێژوویی نێوانیان هەرچەندە زۆریش بێ.
بەڵام بە پێی سەرچاوەکانی یەهودی یەشوع لە ڕووباری ئوردن پەڕیوەتەوە. کەچی لە پلانی شیعە کراوەتە ڕووباری فورات. هەرچەندە دووری نێوان ڕووباری ئوردن و قەراخی فورات لە شوێنی الصفین. کە دەکوێتە نێوان لە باکوورەوە شاری ڕەققە و لە باشوورەوە دیرە زور، نزیکەی ٦٠٠ کیلۆمەتر دوورە. دووبارە لە قەراخی ڕووباری فورات لە شوێنی شەڕی الصفین دەشتێکی زۆر فراوانە کە بە بیابانی شام ناسراوە. خاکەکەی لە شێوەی زوورگ و تەپۆلکەی بچووک و نیمچە بیابانە. نەک چیا و شاخی وا بەرز. بۆیە هیچ لۆژیکێک ڕێگەی ئەوە نادا، کە ئەوە ڕاستبێ. بەڵکوو تەنیا هەوڵدانێکی بێهودەیە بۆ دروستکردنی ئەفسانەیەک.

سیانزەم : جوولاندنی بەردێکی گەورە لەسەر سەرچاوەی ئاوێ کە سەرچاوەکەی لە بەهەشتەوەیە.


سهل بن حنیف الأنصاری (ساڵی ٦٥٨ ز مردووە) دەگێڕێتەوە: یەشوع و عەلی لە کاتی جیاوازدا، هەریەکەیان بەردێکی گەورەیان جوولاندووە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاوی بەهەشت ئاشکرابکەن. تا سەربازەکانیان ئاوی لێ بخۆنەوە. لە لای شیعە چیڕۆکەکە وا دەگێڕدرێتەوە، گوایە لە شەڕی (صفین)، لە دەشتێکی گەرم دا، لە نزیک ڕووباری فورات ساڵی ٦٥٧ ز سەربازەکانی عەلی تێنوو بوون و گلەییان لەلای عەلی کرد، کە چیتر بەرگەی تێنوێتی ناگرن. عەلی چووە شوێنێکی دیاریکراو، وەک ئەوەی پێشوەخت بزانێ. داوای لە پیاوەکانی کرد لەوێ چاڵێک هەڵکەنن. چاڵەکەیان هەڵکەند، تا گەیشتە گابەردێکی زۆرگەورە، کە نەیانتوانی بیجوولێنن. دوایی عەلی زەردەخەنەیکی هاتێ و خۆی بۆ گابەردە گەورەکە چەماندەوە. و بە یەک دەست وەریگێڕا و گواستیەوە. وەک ئەوەی ئەو بەردە گەورەیە تۆپێک بێ لە دەستی. لە ناکاو لە ژێر بەردەکە سەرچاوەیەکی ئاوی سازگار و پاک تەقییەوە. هەموو سەربازەکان ئاویان لێخواردەوە. و گۆزەکانیشیان لێ پڕکرد. دوای ئەوە عەلی بەردەکەی سەرلە نوێ لە شوێنی خۆی دانایەوە. و بە خۆڵ دایپۆشی چاڵەکە وەک خۆی لێهاتەوە. ئەو پەرجووە لە بەرچاوی ڕەبەنێکی کریستیان ڕوویدا. ڕاستەوخۆ ڕەبەنەکە گوتی بەڕاستی ئەوە جێنیشینی ڕاستەقینەی نەبی محمدە. عەلی لێی پرسی چۆنت زانی کە جێنیشینی نەبیم؟ ڕەبەنەکە وەڵامی دایەوە. ئەو لە باوکییەوە، ئەو شتە دەزانێ، ئەویش لە باپیرانی پشت دوای پشت بۆ گەڕاوەتەوە. لە سەردەمی نەبی یەشوع کوڕی نون کە جێنیشینی موسا بوو!!
ڕەبەنەکە درێژەی بە قسەکانی دا، کە باوانی بەبیریان دێ ئەو کاتەی یەشوع کوڕی نون، چل ساڵ دوای مردنی موسا، هەر بەو شووینەدا (صفین) تێدەپەڕێ. سەربازەکانی گلەیی لەدەست تێنوێتی دەکەن. یەشوع بە سەربازەکانی دەڵێ: سوێندتان بۆ دەخۆم لێرە سەرچاوەیەکی ئاو هەیە سەرچاوەکەی لە بەهەشتەوە دێ. ئادەم یەکەم کەس بوو ئاشکرایکرد. دوای ئەوە یەشوع بەردە گەورەکەی وەرگێڕا، بە لایەکدا جوولاندی. یەکسەر سەرچاوەیەکی ئاو دەرچوو. گشت سەربازەکانی ئاویان لە ئاوەکە خواردەوە. و گۆزەکانیشیان لێ پڕکرد. دوای ئەوە یەشوع فەرمانی دا بەردەکە بگوازنەوە شوێنی خۆی کە سەرچاوەکە داپۆشێ. بە سەربازەکانی گوت: دەزانم ئەم بەردە ناجوولێ، تەنیا بە نەبی یان جێنیشینی نەبی نەبێ. دوای کۆتایی قسەکانی یەشوع، چەند سەربازێک هەوڵیاندا بەردەکە جارێکیتر وەرگێڕن، بەڵام بێ هودەبوو. هەروەها ڕەبەنە کریستیانەکە گوتی: دوای ئەوە ئەو دێرەی من لێی دەژیم، لە نزیک ئەو بەردەیە. دوایی بە عەلی گوت: دەزانم کاتی کە تۆ بەردەکەت وەرگێڕا، دڵنیابووم کە تۆ جێنیشینی نەبی محمدی. دوای ئەوە ڕەبەنەکە موسوڵمانتی خۆی ڕاگەیاند. و بووە سەربازی عەلی. لە شەڕی نەهرەوان لە ساڵی ٦٥٨ز لەگەڵیاندابوو لەسەرقەراخی ڕووباری دیجلە. هەر لەم شەڕەش مرد. ئەو شەڕە لە نێوان عەلی و خەوارجەکاندابوو.
کێشەی ئەو چیرۆکە لەوە دایە یەشوع کوڕی نون لە ڕووباری ئوردن پەڕیوەتەوە، و نەک لە ڕووباری فورات. سەرەڕای ئەوە لەهیچ سەرچاوەیەکی یەهودی چیڕۆکی وا بوونی نییە. لە گشتی نالۆژیکتر، ئەوەیە قەشەکە کریستیان بووە. یەشوع لە نێوان سەدەی دوانزەو سیانزە پێش زایین ژیاوە. کەواتە بەلای کەمی ١٢٠٠ ساڵ بەر لە پەیدابوونی دینی کریستیانی. ئەگەر بنووسرایە پەرستگای یەهودی و کاهنێک زیاتر گونجاو بوو. نەک ڕەبەنێکی کریستیانی لە دێرێک. کە بە هیچ لۆژیکێک ناگونجێ.
سەرەڕای ئەوە لە هیچ سەرچاوەیەکی یەهودی ئاماژە بە چیڕۆکی وا سەیر نەکراوە.

چواردەم: لێکچواندنی نەبی محمد لە نێوان عەلی و یەشوع.


بۆ لێکچواندنی عەلی بە یەشوع، شیعەکان چەندین فەرموودەیان بەناوی محمد پەیامبەری ئیسلام هۆنیوەتەوە.
لە فەرموودەیەکی دەڵێ: عەلی یەشوعی ئەو گەلەیە.
لە فەرموودەیەکیتر سەبارەت بە عەلی دەڵێ: تۆ بۆ من لە شوێنی هاڕونی بۆ موسا.
ئەوەش بەهایەکی تری لای ڕەوتی شیعە داوەتە عەلی کە نەبی محمد بەم جۆرە بەراوردی لەگەڵ دوو نەبی ناسراو و پیرۆزی بەنی ئیسڕائیل کردووە.

پانزەم: وەستاندنی خۆر و گەڕاندنەوەی لەلایەن یەشوع و عەلی.


لەو پەڕجووانەی دراوەتە پاڵ عەلی و یەشوع، پەڕجوی گەڕاندنەوەی خۆر، دوای ئاوابوونی وەستاندنی. مەبەستی شیعە لەم چیڕۆکە، ئەوەیە کە کەسایەتی عەلی و یەشوع ناوێزە و دەگمەنن، خودا وەڵامی داواکاریەکانیانی داوتەوە، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی یاساکانی سرووشتیش بووبن.
لە بنت عمیس و جویریة بنت مشیر العبدي دەگێڕنەوە، لە شەڕی جەعبون، ئەو کاتەی دوژمن لە بەردەم ئیسڕائیلیەکان لە لێژاییەکانی بێت حورون هەڵدەهاتن. ڕۆژ لە ئاوابوون دابوو، هێشتا سەرکەوتن بەدەست نەهاتبوو. یەشوع فەرمانی بە خۆر دا، بوەستێ و خۆر وەستا. تا بە تەواوی بەسەر دوژماندا سەرکەوتن، ئەوسا ئاوابوو.
هەروەها لە شەڕی نەهرەوان ساڵی ٦٥٨ ز کاتی نوێژ هات و علی بە کوشتارەوە سەرقاڵ بوو، خۆر ئاوابوو، عەلی لەشی خۆی پاککردەوە، و دەستی بە خوێندنی چەند ووشەیەکی نادیارکرد. و داوای لە پیاوانی کرد نوێژ بکەن. لە ناکاو لە نێوان دوو چیا خۆر بەدەرکەوتەوە. بەو شێوەیە عەلی و پیاوەکانی نوێژیان کرد. و دوای تەواوبوونیان خۆر ئاوابوو. جارێکیتریش لە لە شەڕی خەیبەر ساڵی ٦٢٨ ز لە شوێنيک بەناوی (الشهباء) خۆری گەڕاندۆتەوە.
ئەم چیڕۆکەی بێجگە لە خەیاڵی بابردوو شتێکیتر نییە. لەسەر یەشوع لە شەڕی جەعبون هیچ شتێک سەبارەت بەم خەیاڵە ئەفسانەییە بوونی نییە. بێجگە لە شەڕێکی دڕوندانە و خوێنڕێژی دینی. شتێکی تر بە نووسین یان گێڕانەوە، بوونی نییە.

دوا ووتە.


بە تێڕامانێک لە مێژووی گەلان و سەردارەکانیان، بۆمان دەردەکەوێ بەردەوام خەریکی دۆزینەوەی لینکی جۆراوجۆرن بۆ بەستنەوەی خۆیان بە کەسایەتیێک یان ڕەوتێکی تر، کە پێشتر پیرۆز یان ناسراو بووین. تا بتوانن لە ڕێیەوە ڕەوایی یان پیرۆزی بە کەسایەتیی خۆیان بدەن.


ئەو هەوڵدانەش بە ڕوونی لە ئیسلام و قوڕئان دیارە. بە گشت توانایەک هەوڵدەدا پەیامبەر و دینەکەی بە نەبی ئیبراهیم و بەنی ئیسڕائیل ببەستنەوە. لەلایەک وا پیشانبدەن، ئیسلام بەردەوامی دینەکانی تری ئیبراهیمییە. و لەلایەکیتر هەوڵدانی ڕاڤەکارانی ئیسلام، بۆ ئەوەیە بە هاتنی دینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی. کۆتایی پەیوەندی خودا لەسەر زەوی هات. ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە کە کەسایەتی پەیامبەر، نەک تەنیا پیرۆز بکا، بەڵکوو بەسەر نەبیەکانی تریش بەرزتری بکاتەوە.


جا هەوڵدانی ڕەوتی شیعەی ئیمامی و ڕاڤەکارانیان بۆ گرێدانی عەلی کوڕی ئەبی طالب بە یەشوع کوڕی نون، بێجگە لە هەوڵدانێکی لەم شێوەیە، ناتوانێ شتێکی تربێ.


ئەو گرێدانەی عەلی کوڕی ئەبی طالب بە یەشوع کوڕی نون. دەتوانرێ بە بەراوردکردنێکی ڕەخنەگرانە لە نێوان سەرچاوەکانی یەهودی و شیعە، ئەوە ئاشکرا بکەین چۆن کەسایەتییەکیان دروستکردووە. لەلایەک لە ئەو ئاکارانەی کە یەشوع کوڕی نون هەیەتی و بیدەنە پاڵ عەلی کوڕی ئەبی طالب. لەلایەکیتر دروستکردنی چەندین ئاکار بۆ یەشوع کە لە هیچ سەرچاوەیەکی یەهوودی بوونیان نییە. تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن عەلی لە مرۆڤێکی ئاسایی جیابکەنەوە و وک کەسایەتییەکی پیرۆز بەرزتری بکەنەوە.


ئەوەش بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی، دەبێ لە سەرجەمی چیرۆکەکانی ناو کەلەپووری دینی لە هەریەک لەو سێ دینە یەهودی، کریستیانی و ئیسلام بە گومان بین. و ڕەچاوی زێدەڕۆیی لە گێڕانەوەیان، تا دەگاتە هەڵبەستنی بێ بنەما. سەبارەت بە کەسایەتی، بەسەرهات و هۆنینەوەی ئەفسانە و پەرجوو. بۆ گەیاندنی پەیامێکی کاریگەر هەرچەندە لە ڕاستیش دوور بێ.


بەڵام ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە، مادام دین و پیرۆزی تێکەڵ بەو دروستکردنە دەکرێ، ئەستەمە بتوانی بە کەسێکی سەر بە ڕەوتەکە بسەلمێنی کە ئەو کەسایەتییە دروستکراوە. چ لە ڕووی مێژوو و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و جوگرافی ناتوانرێ ببێتە جێگای باوەر.


کووک، م باوەڕی وایە کە ڕەنگە زانیاری لە کەلەپووری یەهودی، کاریگەری لەسەر قوتابخانەکانی شەریعەتی ئیسلامی کە لە عێراق و باکووری حیجاز پەرەیان سەند، هەبووبێ. بە تایبەتی قوتابخانەکانی شیعەی ئیمامی. لەسەر ئەو بنچینەیە، دەکرێ کەسێک یان گرووپێک لە ژێر ڕۆشنایی ئاشنایەتی لەگەڵ کەسایەتی یەشوع کوڕی نون بەپێی تەناخ. هەوڵی دروستکردنی ئاکارەکانی کەسایەتی و پەڕجووەکانی عەلی کوڕی ئەبی تالیبیان دابێ. و توانیبێتیان زۆر شت لە نەرێتەکانی یەهودی، وەک بەرگێکی گونجاو بەبەر عەلی کوڕی ئەبی تاڵب داببڕن. ئەوەش یەک لەو ڕێگایانەیە، کە شیعە گرتوویەتییە بەر، بۆ گۆڕینی کەراکتەری عەلی کوڕی ئەبی طالب، بە هۆی یەشوع کوڕی نون، لە کەسایەتییەکی سادە. و ناساندنی وەک کەسایەتییەکی پیرۆز.

بنەڕەتی لەیەکچواندنی نێوان یەشوع کوڕی نون و عەلی کوڕی ئەبی طالب دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی شیعەی سەرەتایی، بە کولتوور و کەلەپووری یەهودی هەر لە پەرتووکەکانی تەناخ و میدراش و نەرێتەکانی تالمود، لە ناو ئیسرائیلییەکان و دۆزینەوەی ڕێگا، بۆ گەیاندنیانە ئیسلام لە قۆناخی سەرەتایی و گەشەکردنی. هەندێک پێیان وایە، هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەسانی سەربە ئیسلامی سەرتایی لە ژینگەی نەساڕی و یەهوودی داژیاون و پەروەردە بووین.بە تایبەتی کۆمەڵێک یەهوودی هاوتەمەنی محمد و دواتریش عەلی بوونەتە موسوڵمان. و وەک کەناڵێک بۆ هێنانی نەرێتی یەهودی بۆ ناو ئیسلام بەکار هێنران.

ئەو پرسیارەی کە دێتە پێش ئەوەیە، چۆن ئەو لێکچوونانە لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییە مێژووییە جیاوازە دروستبوو. لێکۆڵەرەوان باوەڕی جیاوازیان لەم بارەیەوە هەیە. عەلی کوڕی ئەبی تالب ئامۆزای نەبی محمد و زاویشی بوو. کەسایەتییەک، کە ئاینزای شیعە بە چەقی پیرۆزی دادەنێ. بە دۆزینەوەی پەیوەندی و خاڵی هاوبەش لەگەڵ یوشەعی کوڕی نون بەردەست و ڕاسپێردراوی نەبی موسا. ئەو دەرفەتە بۆ ڕەوتی شیعەی ئیمامی دەڕەخسێنێ، کە بتوانێ ئەو دوو کەسایەتییە لەگەڵ یەکتر گرێبدا. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە دوو کەسایەتی کاریگەرن لە دوو دینی جیاواز. و هەوڵدانیان بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن کەسایەتی یەشوع، وەکوو بەرگێکی جوان بکەنە بەر عەلی. ئەوەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پردێکی پیرۆز لە نێوان هەردووکیان دروست دەکا. کەچی لە دەرەوەی ئاقاری باوەڕدارانی ناتوانێ کاریگەری هەبێ. بەتایبەتی لەو سەردەمی لێتۆژینەوە و تەکنیک. کە بە ئاسانی پەردە لەسەر ساختەکاری لێکچوونەکان دەدۆزرێتەوە. جا چ لە ڕووی کەسایەتی، مێژووی و جوگرافی.


ئیتر بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو کەسایەتییەی، لە ناو باوەڕدارانی ئیسلام بەگشتی و ڕەوتی شیعە عەلی کوڕی ئەبی تاڵبی پێ دەناسرێ، دوورە لە ڕاستی و کەسایەتییەکی دروستکراوە.... و هیچیتر.
___________________________________________
سەرچاوەکانی ئەم باسە:
القرآن الکریم.
تەورات - پەرتووکی دەرچوون.
تەورات - پەرتووکی ژمێرە.
تەناخ - نەبییەکان - پەرتووکی یەشوع.
ئینجیلی لە دایکبوونی مریەم (ئەپۆکریف).
ابن الأثیر (٢٠٠٤) الکامل فی التاریخ. طبعة الڕابعة. إعداد عبدالسلام تدمری. بیروت، دار الکتاب العربی.
آبن بابویة الصدوق القمی (١٩٩٨) عیون الإخبار الرضا. إعداد مهدی الحسینی الاجوردی. طهران. دار الإعلام للنشر (جهان).
آبن بابویة الصدوق القمی (٢٠٠٩) أمال الصدوق. المؤسسة الأعلمی للمطبوعات. بیروت.
آبن بابویة الصدوق القمی (٢٠١٩) کمال الدین و تمام النعمة. الطبعة الثانیة. طهران. مکتبة الصدق.
آسترأبادی. علی الحسینی (٢٠١٦) تأویل الأیات الضاهرة فی العترة الطاهرة. قم مؤسسة النصر الإسلامی.
الصلیبی، کمال. (بدون تاریخ) البحث عن یسوع. قراءة جدیدة فی الأناجیل.
الصلیبی، کمال (٢٠٠٦) خفایا التوراة و أسرار شعب إسرائیل. الطبعة السادسة.
ألبانی السلسلة الصحیحة الرقم ٢٢٢٦.
طبرانی، أبو قاسم سلیمان بن احمد. المعجم الکبیر ١٤٠٥ ج ٦ ص ٢٢١.
عبدالوهاب المسیری (١٩٩٩) موسوعة اليهود واليهودية والصهيونية. الطبعة الأولی. دار الشروق.
مجلسی، محمد باقر. بحار الأنوار ١٤٠٣ ج ٣٨ ص ١٢.
سایتی الیوم السابع ٣٠ ئەپریل ٢٠٢٠.
الهمدانی، أحمد الرحمان. الإمام علی ص ١٢٨ فەرموودەی ١٣.

Cook, M.1986 "Early Islamic Dietary law," Jerusalem Studies in Arabic and Islam 7: 260-270
Friedmann, Y.1989 Prophecy Continuous: Aspects of Ahmadi Religious Thought and Its Medieval Background. Berkeley: University of California Press
Goitein, S.1935 “ˆIsra’iliyyat,” Tarbiz: A Quarterly of Jewish Studies 6: 89-101.
Kohlberg, E.1980. Some Shii Views of the Antediluvian World, Studia Islamica 52: 133-160. Reprinted in 1991 Belief and Law in Imami Shi’ism, ch. 4 (Variorum Collected Studies Series 339). Aldershot: Variorum
Lazarus-Yafeh, H.1992 Intertwined Worlds: Medieval Islam and Bible Criticism. Princeton, New Jersey: Princeton University Press
Wikipedia. The Free Encyclopedia

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک