په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٠

    کەسێک تەنهایە.

 

تەیب قادر

کەسێک بە تەنهایی تەڕە
کەسێک لە کەناری شار دانیشتوە و سەیری بێزاری خۆی دەکا
کەسێک دوعای دەرچوون لە نێو تەپوو تۆزی تەنهایی دەکا
کەسێک لە تەنهایی چەقیوە
کەسێک دەرگای چونەدەرەوەی ژووری دڵتوندی وون کردوە
کەسێک قووم لە سیگاری خەفەت دەدا و دەستی لە سەر شانی چاوەڕوانی داناوە
بە تیلە چاوێک سەیری باخچەی ئومێد دەکاو دەڵێ : نا فشەیە.


  کۆشێک سێبەری چرا.
شتێکم بۆ بنێرە
هەندێک سەبوری و بڕێک تاقەت
کەڵکی ئەوەم نەماوە زۆر چاوەڕێ بکەم
کەڵکی ئەوەم نەماوە
بڵێم : دەفتەرێکی تری پشووم بۆ بنێرە
دونیا بە سەعاتی من چەند سەعاتێکی کەمی ماوە
بێڕاناگەین دوو قسە لە بارەی تریفەوە بکەین
قیچێک لە سەر نقووم بوون لە تاریکی شەو بدوێین
پێم مەڵێ : چاوەڕێکە دەتکەمە دراوسێی روناکی
پێم مەڵێ : جانتایەک ئارامیت بۆ دەنێرم
پێم بڵێ : دوو سێ دەقەی تر دێم بە جامێک شەوەوە بمخۆرەوە
پێم بڵێ : دوو سێ دەقەی تر دێم
کۆشێک سێبەری چرام پێیە.

 

هەولێر

 27\5\2010

    پەنجەکانی سێبەری سەبووریی.


گۆزەیەک ژن و مشتێک هەنگاو
بەسە بۆ ڕاوکردنی ژیان
ژیان لە نێو پەنجەکانی سێبەری سەبووریە
ژیان لەکن دوو قسەی خۆشە
ژیان لای سەلامێکە
ژیان لای سەیرکردنی کۆترێکی سپیە
ژیان هەنگاوێکە بۆ لای دەست گرتنی ژنێک
ژیان لای بانگ کردنەوەی منداڵەکەتە بۆ ماڵەوە
هەر لەو نزیکانەیە.

هەولێر
28\5\2010

taibeqadir@gmail.com