١٥\٩\٢٠١٠
کێشە هەمیشەییهکانى پەروەردە و ساڵى نوێى
خوێندن.

ئیبراهیم بالیسانى
سیستەمى پەروەردە وەک هەر سیستەمێکى ترى ئیدارى و بەرێوەبردن، رەنگە
بێ کەموکوڕیی و کێماس و ئاستەنگ نەبێ، بەڵام گرفت لەوەدایە نابێ
کێماسەکانى پەروەردە لە هەموو سیستەم و یەکە ئیداریەکانیتر
زیاتر و زۆرتربن!! هەندێ گرفت لە بوارى پەروەردە بەدى دەکرێن کە تەمەنیان
بۆ زیاتر لە (نۆزدە ساڵ) دەچێ ! و تاکو هەنوکە نەتوانراوە ئەو کێشەیە
چارەسەربکرێت وساڵ دواى ساڵ بەڵێنى چارەسەرکردنى بۆ دەدرێ ،بەڵام هەموو
ساڵێک کێشەکان وەک خۆیان بە زیندوى دەمێنەوە ! جانازانم بۆ ئەم ساڵیى
خوێندنیش هەروایە یا توانراوە چارەسەربکرێت ونەماوە ؟ کە لەراستیدا
پێموایە کێشەکان هەروەک وخۆیان ماون وبنەبڕنەکراوەن.
لەماوەى چەند ساڵى رابردودا ،واتا چەند ساڵێک دواى راپەرین ئەگەر
کێشەوکەموکوڕى لە بوارى پەروەردەدا بونى هەبوبێ وسیستەمەکە وەک پێویست
نەبوبێ ،ئەوە بۆ ئەو کات دەنگى نارازیبون لەچاو ئێستادا زۆر
کزولاوازدەبینرا !! چونکە ئەوێ دەمێ رەوشى هەرێم وناوچەکە ئارام
وگونجاو نەبوو تا حکومەت بیتوانیبایە هەموو کێشەکانى بەردەم دەستگاکانى
بەرێوەبردن بەتایبەت بوارى پەروەردە چارەسەربکات. واتا نەیدەتوانى یا
بۆى نەدەکرا سەرجەم گللەیى وگازاندەى چین وتوێژەکانى نێو کۆمەڵ لە ریشە
وە هەڵتەکێنێ و بەیەکجارى نەهێڵێت ،چونکە تواناو ئیمکانیەتەکە هەر
ئەوەندەیى لەباردا بوو . ئەوە بەو مانایە نیە کە حکومەتى هەرێم لە
رێگاى وەزارەتى پەروەردەوە هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو کەموکوڕیانەى نەدابێ،
بەڵکو هەوڵ هەبوە بەڵام چارەسەرى بنەڕەتى نەبوە ، بۆیە تا ئەمڕۆش هەندێ
کێشە ماون وهەن کە وەک ومار لە قورگى وەزارەتى پەروەردەو سیستەمى
پەروەردەوە ئاڵاون!!
هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن جارێکیتر هەمان گللەیى
وهەمان کێشەى کۆن وچارەسەرنەکراو لەلایەن قوتابى وخوێندکارانەوە
رووبەرووى وەزارەت ومامۆستایان دەکرێنەوە. ئەوانیش بە تەرزى ساڵانى
پێشو بەڵێن دەدەن کە ساڵى داهاتوئەو کێشانە بنەبڕبکەن وهەوڵى
چارەسەرکردنى بۆ بدەن!! ئەم وەعدوبەڵێنانە ش ماوەى نۆزدە ساڵە سەدبارە
دەکرێن ودەوترێنەوە !!
ئەبێ کێشە لەوە زەقتروناخۆشتر وگرانتر چیبێ کە تا ئێستاش نەتوانرا
گرفتى کەمى ونەبونى بینایى خوێندن لێرەولەوێ چارەسەربکرێن ؟! ئەبێ لەوە
شەرمتر چیبێ کە تا ئەمڕۆ لێرەولەوێ لەیەک بینایى خوێندندا سێ دەوامى
بونى هەبێ ؟!ئەى لەوە عەیبتر چیە کە تا هەنوکە قوتابیان لە خانوى
قوروداروبەرد دەخوێنن ؟!بەتایبەت لەو گوندوناوچانەى کە دوورە دەستن .یا
لەلایەن خەلکەوە بینایى قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان دروست بکرێ.
لەپاڵ ئەو گرفتە هەمیشەیەش چەندان گرفتى ترى پەروەردەیى بونیان هەیەوتا
ئێستاش ماون لەوانە: کێشەى کەمى کتێب یا کۆنى ودڕاوى کتێب کە ماوەى
چەندین ساڵە دەستاودەستى قوتابیان وخوێندکارانیان پێدەکرێ !!یا کێشەى
نەبونى مامۆستاونەبونى مامۆستاى پسپۆرى بەتایبەت لە گوندەکان وشوێنە
دوورە دەستەکان .یا کێشە وگرفتى نەبونى ئۆتۆمبێڵى هاتوچۆ بۆ ئەو قوتابى
وخوێنکارانەى کە رۆژانە پێویستە چەند کیلۆ مەتررێگا بە پێ ببڕن تا
دەگەنە قوتابخانەکەیان !!
سەرەڕاى هەموو ئەو گرفتانەوچەندانى تریش ، کێشەیەکیتر بونى هەیە ئەویش
نەبونى پێداویستیەکانى خوێندنە (قرتاسیە) کە ساڵانە قوتابیان لەسەر
حسابى خۆیان ئەو پێداویستیە گرنگانە دەکڕن!! بێگومان رەنگە هەموو
خێزانێکیش تواناى ماددى ئەوەى نەبێ کە ساڵانە پێداویستى (قرتاسیە) بۆ
چەند مندالێکى خۆى بکڕێ .ئەو پێداویستیەش وەنەبێ تەنیا یەکجار بکڕدرێ
وکۆتایى پێبێ ، بەڵکو تا کۆتایى ساڵ قوتابى بەردەوام دەبێ لەسەر کڕینى
!! کڕینى قەلەم ودەفتەروراستەو..........تا لە پێویستیە هەمیشەیەکانن .
وەک کتێب نیە تا کۆتایى ساڵ پێویستى پێنەبێ .
ئەگەر حکومەتى هەرێم نەیتوانیبێ کێشەى بیناوپێداویستیەکانى ترى خوێندن
لە ماوەى ئەو نۆزدە ساڵەدا چارەسەر بکات ،خۆ دەیتوانى کێشەى کتێب
وقرتاسیە چارەسەربکات . بەڵام بۆچى تا ئێستا ئەو گرفتە ماوەوهەوڵى
چارەسەرکردنى بۆ نەدراوە ونادرێ؟ خۆزگە بەرپرسانى حکومەت تەنیا نیو
کاتژمێر لەو کۆگاومارکێت ودوکانانە بوەستابانایە کە کەڵوپەلى قرتاسیە
دەفرۆشن تا بیان زانیبایە چۆن قوتابیان لەگەڵ خێزانەکانیان لەسەر گرانى
نرخى پێداویستیەکان کێشەیان لە نێواندا دروست دەبێ.
ئومێد دەکەین بۆ ئەم ساڵى خوێندن ئەو کێشانە چارەسەرکرابن ، بەڵام
ئومێد شتێکەوحەقیقەتیش شتێکیترە.
ماڵپهڕی ئیبراهیم بالیسانی
|