په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٨\٢٠١٢

کێشەی بەرەی کوردستانی لە رۆژھەڵات.

جەمالی عەلیالی   


دەمێکە گەلی کوردی ڕۆژھەڵات داواکاری پێکھێنانی بەرەیەک بۆ ئەو پارچەیە دەکات. گرینگی بابەتەکە لەوە دایە کە ئەو داواکارییە ھی گشت چین و تۆێژەکانی ڕۆژھەڵاتە، تەنانەت ئەو داواکارییە لە پارچەکانیتریشەوە دەبیسرێ بەڵام ئەوەی کە گۆێی بەو داواکارییانە نابزوێ و خاوەنی چ ھەڵوێستێکی بە کردار نیە، سازە سیاسییەکانی کوردی لەو پارچەیە، تەنانەت داردەستەکانی داگیرکەران بە مەبەستی خۆشیرن کردن لە لای نەتەوەی کورد باسی پڕش و بڵاوی ڕۆژھەڵات دەکەن! ئەوە جێی سەرسووڕمانە و بە وتەی عەرەب "فچیحە"یە. لە گۆێرەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە ھەتا دێ و گرینگی ئەو مەرجە زیاتر دەبێت بەڵام لایەنە سیاسییەکان چ بایخێکی ئەوتۆ نادەنە بابەتەکە. ئەو نووسراوەیە پێشنیارێکە بۆ شی کردنەوەی تەنگ و چەڵەمەی پێکھێنانی بەرەی کوردستانی لە ڕۆژھەڵات.


ئەگەر لە دۆخی ھەنووکەییدا نەتەوەی کورد بە گشتی چ پێویستێکی بە پێکھاتنی بەرەیەک نەبێ، ئیتر زۆر بە دەگمەنە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو نەتەوەیە پێویستی بە ھیچ چەشنە بەرەیەک ھەبێ.‌


بە ھۆی ئەوە کە پێکھێنانی بەرە داواکاری زۆربەی ھەرەزۆری گەلی کوردی ڕۆژھەڵاتە کەواتە نابێ لەو ڕوانگەوە چ تەنگ و چەڵەمەیەک لە گۆڕێ بێ بەڵام لەوەرا کە پێکھاتنی بەرەیەک نایەتە بەر چاو، کەواتە دەبێ تەنگ و چەڵەمەیەک ھەبێ، کەوابوو پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکرێ کە بۆچی لە پێناو پێکھێنانی بەرەیەک چ ھەنگاوێک ھەڵناگیرێ؟


لەو بوارەدا شیمانەی ئەوە دەکرێ کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕۆژھەڵات بیر و بۆچوونی جیاوازیان لە سەر پێکھێنانی بەرە ھەبێ. جیاوازی بۆچوونەکان گوزارە لە جیاوازی پێداویستییەکانە، گوزارە لە جیاوازی خۆێندنەوەکانە، ئەوەش دەبێتە ھۆکاری ئەوە کە لایەنەکان لە خیاڵی خۆیاندا داھاتووی جیاوازلەقەڵەم دەدەن. بە کورتی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات خاوەنی "شەرت و مەرجی جیاواز" بۆ پێکھێنانی بەرەن.


تا ئێستا زۆر کەس و لایەنی سەربەخۆ ئەو پرسیارەیان ئاراستەی سازەکانی کوردی کردووە کە شەرت و مەرجیان بۆ بەرەی کوردی چییە. نووسەر وەک ھەر کوردیکی ئازادیخواز مافی ئەوەی ھەیە کە لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان داوا بکات شەرت و مەرجی خۆیان نەک بۆ پێکھێنانی بەرە بەڵکوو لانی کەم بۆ دیاڵۆگ و لێک نزیکبوونەوە ڕوون بکەنەوە، ئاشکرایە بەرەی کوردی بێ دیاڵۆگ و لێک نزیکبوونەوە پێک نایەت.


بەرێزانی سەرکردایەتی سازەکانی کوردی ڕۆژھەڵات! تکایە بۆ گەلی کوردی ڕۆژھەڵاتی ڕوون بکەنەوە کە شەرت و مەرجتان بۆ ئەو مەبەستە چییە! ئێوە سەربەستن، ئەگەر بخوازن، دەتوانن وڵامی ئەو پرسیارە ئاساییە بدەنەوە ئەگەر ناخوازن دەتوانن ئەو پرسیارە نەبیسن و گۆێی نەدەنێ! ئەوە ھەڵبژاردەی خۆتانە! بەڵام ئاخۆ ئەوسا دادوەری گەلی کوردی ڕۆژھەڵات لە سەر ھەڵوێستی ئێوە چۆن دەبێت؟ تکایە شەرت و مەرجی خۆتان ئاشکرا بکەن تا ئێمە گشتمان باشتر تێبگەیین!
 

١٧\٨\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک