په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

کێشەى کورد لە تورکیا و هەنگاونان بەرەو چارەسەرى.


عەبدوڵا ئەحمەد*

پەیڤێک.

 

پرسى کورد یەکێکە لەپرسە هەرە گرنگ و هەستیارەکانى وڵاتى تورکیا و زیاتر لەهەشتا ساڵە ئەو پرسە بەهەڵواسراوى ماوەتەوە و هیچ چارەسەریەکى گونجاوى بۆ نەبینراوە و بگرە کار گەشتوەتە سەر ئەوەى کە لەوڵاتى تورکیادا نکوڵى لەکوردبوون و سیاسەتى ئاسیملاسیۆن دژ بەگەلى کورد پەیڕەو کراوە، وەک چۆن لەپارچەکانى ترى کوردستان پەیڕەو دەکرا و دەکرێت. و لەئێستاشدا رەوشەکە روەو دونیاى کرانەوە هەنگاو دەهاوێژێ و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو کرانەوانە گرنگە کە چۆن تەتبیر وەربگیردرێت بەپشت بەستن بە دیرۆکى رابردوەوە و پەنجە بخرێتە سەر خاڵە لاواز و چەقبەستوەکان بۆ ئەوەى بتوانرێ بەرەو ئاراستەیەک ئەو دۆزە ببرێت کە لەبەرژەوەندى گشتیدابێت.

خەباتى رێکخستنى و عەسکەرى گرنگ بینرا.

دۆزى کورد لەباکورى کوردستان هەر لەکاتى شێخ سەعیدى پیرانەوە بگرە تا دواترینیان کە پارتى کۆمەڵگاى دیموکراتى (دەتەپە)یە وەک باڵى عەسکەریش (پەکەکە)یە تا ئێستا لەماوەى ئەم سى ساڵەى رابردوو نەتوانراوە هاوکێشەکان بەرەو ئاقارێک ببەن کە بتوانن لەو رێگەیەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە هەر لەدامەزراندنى دەوڵەتى تورکیایەوە کە کوردیش رۆڵى تێدا هەبووە، بەڵام نەتوانراوە لەدەستوردا خۆى بچەسپێنێت، بۆیە تاوەکو ئێستا لەدەستورى وڵاتى تورکیادا بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بۆ گەلى کورد وەک ناو نەتەوە ناکات لەکاتێکدا وەک نەتەوەیەکى ئەساسى بوونیان هەیە لەتورکیادا، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هزرى (میللیگەرایی) دەسەڵاتدارانى تورکیا و هەمیشە ئەو دروشمە بەرز دەکەنەوە کە دەڵێن: یەک ئاڵاو یەک وڵات و یەک نەتەوە، نکوڵى دەکەن لەسەرجەم گەلانى ترى نێو دەوڵەتى تورکیا. هەر بۆیە سەردەمانێک لەتورکیا سەرەڕاى ئەوەى زمانى کوردى قەدەخەبوو بگرە وەک عەیبى لێ هاتبوو بەکوردى قسە بکەى یان بڵێی کوردم ، بۆیە ئەم حاڵەتەش هەر لەدەرکەوتنى تەڤگەرى کوردى لەباکورى کوردستان ئیدى جموجۆڵەکان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەى بتوانن هەنگاو بنێن کە دۆخەکە بەرەو بارێکى تر ببەن و لەسەرەتای هەشتاکانى سەدەى رابردوو بزووتنەوەى کوردى لێرەو لەوێ دەست دەکەن بەکارو خەباتى خۆیان لەنێو شاروشارۆچکەکانى کوردستانى تورکیا ئیدى تا واى لێدێت دەوڵەت پێی دەحەسێ و لەو کاتەدا بەدەیان کوردى شۆرشگێر دەگرن و راپێچى زیندانەکانى ئامەدیان دەکەن کە تا هەنووکە بەشێکیان لەنێو زیندانەکاندا ماون و بەشێکى زۆریشیان شەهیدبوون، ئیدى بەشێوەیەکى بەربڵاو دەست کرا بەخەباتى رێکخستن بۆ ئەوەى خەڵک هۆشیار بکرێتەوە لەوەى کە کوردن و مافى ژیانیان هەیە وەک نەتەوە بژین، چونکە وەک وتمان کوردبوون بەتەواوەتى خەریکبوو بەرەو لەناوچوون دەچوو، بەمەش بزووتنەوەى چەکدارى گرنگ بینرا بۆ ئەوەى لەو رێگەیەوە بتوانن درێژە بە کارو خەباتى خۆیان بدەن و هەر لەهەشتاکانى سەدەى رابردوو بەسەدان لاو لەکچ و لەکوڕ روو دەکەنە چیاکانى کوردستان. ئیدى بۆ کورد وابووە کە لەلایەن دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانەوە تەنگاو کرابێت رووى لەچیا کردووە و لەساڵى 15 تەباخى ساڵى 1984 یەکەم فیشەک تەقێنرا و خەباتى چەکدارى دەستى پێکرد و لەو کاتەشدا مەعسوم قورقماز ناسراو بەهەڤاڵ عەگید سەرپەرشتیارى هێزەکانى گەریلابووە و لەدواى خوێن رژانێکى زۆر (پەکەکە) لە نەوەدەکانى سەدەى رابردوو چەند جارێک ئاگربەستێکى راگەیاند، بەڵام بێ هۆدە بوو شەڕەکان دەستى پێدەکردەوە و تا رۆژگارى ئەمرۆشمان هەر بەردەوامە.


بۆیە لەدواى خوێنرژانێکى زۆر کە بووە هۆى گیان لەدەستدانى هەزاران گەریلاو عەسکەر، کەچى تا ئێستاش کێشەکەى بەرەو چارەسەرى نەبرد، بەمەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە لەرێگەى خوێنڕشتن و شەڕەوە کێشە چارەسەر نابێت، بەتایبەت لەئێستاى دونیاى گڵۆبالیزمدا مەحاڵە بەشەڕ کێشە چارەسەر بێت، چونکە رێگاکانى دیکەى چارەسەرى زۆرن و لەئێستاشدا کە شەڕەکان بەردەوامن زیانێکى گیانى زۆر دەدرێ و بێ ئەنجامیشەو لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆى جەرگ سووتانى هەزاران دایک، هەر ماوەیەک پێش ئێستا لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا کۆمەڵک ژنى کورد و تورک کە رۆڵەکانیان لەدەستدابوو داواى ئاشتیان دەکرد و هەروەها داواى ئەوەشیان دەکرد کە ئیدى شەڕ بوەستێنرێ، چونکە دەبێتە هۆى گیان لەدەستدانى منداڵەکانیان گەر ئەو شەڕانە بەردەوام بن.

هەنگاوەکانى ئاکەپە بۆ چارەسەرى.

یەکێک لەو هەنگاوانە کە پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) هەنگاوى بۆ دەنێت و ئێستا بازاڕى سیاسەتى خۆى پێ خۆش دەکات مەسەلەى کرانەوەى پرسى کوردیە لەتورکیا. ئەمەش چەندین جار لەزارى ئەردۆکانى سەرەک وەزیرانەوە کە لەلێدوانەکانیدا باس لەمەسەلەى کورد دەکات، ئەم حاڵەتەش خۆى لەخۆیدا دەستکەوتێکە کە مەسەلەى کورد دبێتە رۆژەڤی گەورە بەرپرسیارانى تورکیا باسى لێوەدەکەن، لێ بەمەرجێک گەر بەجدى پێنگاڤ بەرەو چارەسەرى بهاوێت، هەرچەندە ئەوەى کە تا ئێستا بەدى دەکرێت قەڵەمبازێکى ئەکتیڤانەمان نەبینیوە لەدەرەوەى تەنیا بەرۆژەڤکردنى ئەم مەسەلەیە و ئەو چەند هەنگاوانەش کە نراون وەک کردنەوەى کەناڵى کوردى و کردنەوەى بەشى کوردی لەچەند زانکۆیەکى تورکیا و ئەمەو لەپێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى شارەوانیەکانى تورکیا ئەردۆگان و بەرپرسانى ترى (ئاکەپە) سەردانى دەڤەرە کوردیەکانیان دەکرد بۆ ئەوەى زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن، بەڵام گەلى کورد ئەم جارە بەپێچەوانەى رابردوو دەنگى خۆیان دا بە(دەتەپە) کە توانى نزیکەى سەد شارەوانى بباتەوە.


ئاکەپە کە خۆى وەک ئیسلامى میانڕەو دێنێتە پێش چاو و سیاسەتەکانى لەئێستادا دیارە، ئەوەى کە لەپارچەکانى ترى کوردستانیش دەکرێت هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لەرێگەى ترەوە کارى نکوڵیکردنى خۆیان پەیرەو دەکەن، ئیدى لەرێگاى ئیسلامى سیاسیەوە بێت یان لەرێگانى دیکەى خۆیان، بۆیە ئەو سیاسەتە ئیدى لاى کوردان مەعلوم بووە، ئەگەر بەڕاستى دەیەوێت هەنگاو بنێت ئەوا وەک (موراد قەرەیلان)ى سەرۆکى کۆما چڤاکێن کوردستان لەلێدوانێکیدا وتى: با (دەتەپە) بەموخاتەب وەربگرن ئەگەر نا ئەوا ئێمە ئامادەین.

چەهەپەو مەهەپە لەبیرۆکەی رەگەزپەرستانەى خۆیان بەردەوامن.

پارتى بزووتنەوەى نەتەوەیی و پارتى گەلى کورمارى کە دوو پارتى رەگەزپەرستى تورکیان هەر وەک چۆن ئەسڵەن بوونى کوردیان پێ قبوڵ نەبووە ئاوەهاش لەئێستادا هەوڵەکانیان بەردەوامەو کاتێک باس لەمەسەلەى کورد کرابێت ئەوان بەبەردەوامى لیدوانە توند و ئاگریناویەکانیان دژ بەگەلى کورد ئامادەیە. لەم دوو سێ ساڵەى رابردوودا کە (ئاکەپە) هەندێ جار باس لەچارەسەرکردنى مەسەلەى کوردى کردبێت ئیدى بۆ بەرژەوەندى بێت یان بۆ هەر مەسەلەیەکى تر بێ ئەوە مەسەلەیەکى ترە، بەڵام چەهەپە و مەهەپە بەتوندى ئەردۆگان و ئاکەپە رەخنە دەکەن و جەماوەرى رەگەزپەرستانیان خۆپیشاندان دەکەن دژ بەکرانەوەى پرسى کورد. بۆیە لەسەر چەهەپە و مەهەپەیە کە بەخۆیاندا بچنەوە و لەسەر بیرۆکەى رەگەزپەرستانەى خۆیان بەردەوام نەبن، چونکە هەموو دونیا دەزانێت کە کورد حەقێکى رەواى خۆیەتى و داواى مافەکانى خۆى دەکات.

پەیامبەرانى ئاشتى.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە زیاتر لە دە ساڵە لە دوورگەى ئیمرالى زیندانە لەرێگاى پارێزەرەکانییەوە رایگەیاند کە ئێمە بەپیرى چارەسەرکردنى پرسى کورد دەچین و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارى ئەوەى کرد کە سێ گروپ بچنەوە بۆ تورکیا. ئەوەش نەک وەک تەسمیلبوون وەک هەندێک لایەنى نێو خۆى تورکیا رایاندەگەیاند، بەڵکو وەک ئەوەى ببنە پەیامبەرى ئاشتى و وەپیرى ئاشتیەوە دەچن. بۆ ئەو مەبەستەش هەشت گەریلا لەقەندیلەوە و 26 کەسیش لەکەمپى پەنابەرانى مەخمورەوە بەرێکەوتن بەرەو تورکیا و لەنێو زاخۆەوە و هەتا وەکو ئیبراهیم خەلیل خەڵک گوڵبارانى دەکردن و بەرێیانیان دەخست. کاتێک لەسلوپیشەوە چوونە نێو خاکى باکوورى کوردستانەوە بەسەدان هەزار پێشوازى لێدەکردن، ئەمەش بووە هۆى توڕەبوونى ئەردۆگان و پارتە رەگەزپەرستەکانى تورکیا و رەخنەیان لەشێوازى پێشوازیکردن لەو گروپانە دەگرد. بەوەش نیازى ئەردۆگان بۆ دونیا دەرکەوت.


ئەمە یەکەم جار نییە کە گروپى لەوشێوەیە بەرەو تورکیا دەگەڕێنەوە لەساڵى 1999 گروپ هەبووە بەرەو تورکیا گەڕاوەتەوە، لێ لەو سەردەمەدا بارودۆخەکە جیاوازبوو وەک لەئێستا لەو کاتەدا ئەو گروپانە کە گەڕاونەتەوە ئیدى خۆریان نەبینیوە و زیندانى کراون، بەڵام لەئێستادا کە دە ساڵ بەسەر ئەو مێژووە تێدەپەڕى جیاوازە، راستە رەخنە لەشێوازى پێشوازیکردنى خەڵک لەگروپانە کراوە، بەڵام نەگیراون و لەهەمانکاتدا فشارەکان بەردەوامن و نەک هەر ئەمەش گروپى سێهەم کە دەبوایە لەئەوروپاوە بگەڕینایتەوە تورکیا رێگەیان پێ نەدرا. ئەگەر ئەردۆگان بەراستى مەبەستى بوایە لەوەى کە کێشەکە بەرەو چارەسەرى ببات نەدەبوو رێگەى لەو گروپانە بگردایە و ئەو حاڵەتەش بەردەوام دەبوو و دۆخەکە تا رادەیەکى باش دەگۆڕدرا.

خاڵى ناکۆکی.

ئەوەى کە حکومەتەکەى ئەردۆگان دەیەوێ هەنگاوى بۆ بنێت دیارەو ئاشکرایە، بەڵام لێرەدا دەبێت لایەنێک بەموخاتەب وەربگیردرێت، ئەوەى کە لەگۆڕەپانەکەدایەو نوێنەرایەتى کورد بکات (پارتى کۆمەڵگاى دیموکراتى)یە کە دەبێ بەموخاتەب وەربگرێت کە زیاتر لەبیست کورسیان هەیە لەنێو پەرلەمانى تورکیاو نزیکەى سەد شارەوانى بەدەستیانەوەیە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات نوێنەرایەتى گەلى کورد لەباکورى کوردستان (دەتەپە)یەوەک باسمان کرد، بۆیە هەر دەبێ ئەوان بە موخاتەب وەربگرن، بەڵام ئەوەى کە خاڵى ناکۆکیە ئەردۆگان و حکومەتەکەى ئەوان بەموخاتەب وەرناگرن و تەنیا دەیەوێ سەربەخۆیانە و بەگوێرەى ئەوەى کە خۆى قەناعەتى پێ دەکات هەنگاوى بۆ بنێت، ئەم خاڵە واى کردووە کە مەسەلەکە بەرەو پێشەوە نەڕوات، چونکە گەر بتەوێ کێشەیەک چارەسەر بکەیت خۆ دەبێت لەگەڵ لایەنەکەى تر رێک بکەوێت و ئەگەر بەراستى نیازى چارەسەرکردنى کێشەکەت هەبێت.

رێگاکانى چارەسەرى.

رێگاکانى چارەسەرى ئەوەیە کە ئەم کرانەوەى پرسى کوردیە لەتورکیا هەوڵ بدرێ زیاتر بەرەو پێشەوە بچێ، هاوکات ئەردۆگان و حکومەتەکەى بەراستى مەبەستیان چارەسەرى بێت، وەکوتریش دەتەپە کە ئیمرۆ لە گۆڕەپانەکەدایە زیاتر هەوڵەکانى بخاتە گەڕ لەو پێناوەدا و نەک تەنیا لەگەڵ حکومەتدا، بەڵکو لەگەڵ حزب و لایەنەکانى ترى نێو تورکیا، ئەبێت لەوە تێ بگەن کەکێشەیەکى دەمدرێژ هەبوونى هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت، چونکە بێگومان گەر بەئاشتى و رێگاکانى دیموکراتى ئەم دۆزە چارەسەر نەبێت ئەوا بەردەوام خوێندەڕژێ و کێشەکەش هەر بەهەڵواسراوى دەمێنێتەوە.
______________________
* خوێندکاری یاسا و رامیارى.


abdulagermiki@yahoo.com