٧\١\٢٠١٤
کێشەی کورد و
دروشمی سەرەکیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
''گەڵالەی مەسەلە''

د. کامەران ئەمین ئاوە
نووسەری ئەم دێرانە پێشتر لە بابەتێکدا بەناوی "کورتە باسێک لە سەر
ڕەمزی سەرکەوتنی بیری سەربەخۆییخوازیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان -
گەڵالەی مەسەلەکە "تا ڕادەیەک باسی سەربەخۆییو کۆسپەکانی سەر ڕێگای
کردووە. لێرەدا وەکو درێژەی ئەو بابەتە باسی کێشەی کورد لەو بەشەی
کوردستانو ڕێگای گەیشتن بە سەروەریو کیانی کورد دەکرێ. ئەرکی ئەم
بابەتە وڵامدانەوە بە تەواوی پرسیارەکانی مەسەلەی کورد نییە، بەڵکوو
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئاڵۆزی کوردستان هەوڵێکە بۆ ئاڵوگۆری
بیرورا و دیتنەوەی ڕیگای چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی
کوردستان.
قۆناخەکانی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەگەر ئێمە ئاورێک لە مێژوو و ڕەوتی بزوتنەوەی کورد لە سەت ساڵی
ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە پێی
هەلومەرجی کوردستان چەند قۆناخێ تێپەرکردوە. بۆ وێنە لە زۆربەی بەشە
لێکجیاکراوەکانی کوردستان تا کاتی کۆتاییهاتن بە شەری دووهەمی
جیهانیی، دروشمی یەکگرتنەوەی کوردستان دروشمی سەرەکیی بووە. لەسەرەتادا
سەرۆک عەشیرەکان بە هۆی وەزعییەتیی ئابووریی - کۆمەڵایەتیی، سەروەر
بوونی سیستێمی فیوداڵیی، نەبوونی بارودۆخی رەخساو، ئاستی نزمی
ڕۆشنبیرییو فەرهەنگی حیزبایەتیی ڕێبەری ئەم بزوتنەوەیە بوون. لە
ڕاستییدا هەرئەوان بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتیییان تواناییو دەرفەتی
کۆکردنەوەی خەڵک، پێکهێنانی هێزی چەکدار، هەروەها پیوەندییگرتن لەگەڵ
دەوڵەتەکانی دیکەیان بۆ وەدەستهێنانی یارمەتیی وپشتیوانیی لە بزوتنەوەی
کورد هەبوو. ئەم قۆناخە دەکرێ وەکو بزوتنەوەی فیوداڵیی - ڕزگاریخوازیی
کورد پێناسە بکرێ. پێکهاتنی حیزبی هیوا، کۆمەڵەی ژ - کاف (حیزبی
دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد)، بەستنی پەیمانی سێ
سنوور و هتد .... تا ڕادەیەکی زۆر بزوتنەوەی کوردی خستە ژێر ڕێبەرایەتی
بەشێک لە ڕوناکبیرانی ئەو کاتەی کوردستان کە هەستێکی بەهێزی سەربەخۆییخوازییو
یەکگرتنەوەی تەواوی کوردستانیان هەبوو. سەرکوتکردنو ڕوخاندنی کۆماری
کوردستان هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم قۆناخە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
بەهیزتربوونی دەوڵەتە داگیرکەرەکانو پەیمانی هاوبەشیان دژ بە
بزوتنەوەی کورد، پشتیوانیی دەوڵەتە زڵهێزەکانی جیهان لەوان، لاوازبوونی
هێزو کاریگەریی سەرۆک عەشیرەکانو گۆڕانکاریی بنەمای ئابووریی ئەم
وڵاتانە، پەرەسەندی سیستێمی سەرمایەداریی، کاریگەریی بیری چەپی
سەرتاسەرییو هیوا بە کۆتاییهێنان بە زوڵمو زۆری نەتەوەیی لە وڵاتێکی
سوسیالیستییدا خەباتی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سەرەتادا خستە
قۆناخی خەبات بۆ ماڤی شاروەندیی، پاشتر خودموختاریی لە چوارچیوەی
ئێراندا، هەروەها هەڵبژاردنی ئامانجی سوسیالیسمو پاشان سوسیالیسمی
دێموکراتیک. باوەر بە چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی چەوسانەوەی چینایەتییو
نەتەوەیی لە یەکێتیی سۆڤییەتییو وڵاتە سوسیالیستەکانی ئوروپاپی،
خەباتی کمۆنیستەکان وەکو هێزی سەرەکی - پێشکەوتنخوازی دژ بە زوڵمو
زۆری چینایەتیو نەتەوەیی کاریگەریی زۆری بۆ ڕاکێشانی ڕوناکبیرانی کورد
بەرەو ئەم حیزبانە بوو. حیزبە سەرەکیییەکانی کوردستانیی لەو دەورانەی
کە جیهان لە نێوان دوو بەرەی سوسیالیستییو کاپیتالیستیی دابەش کرابوو،
بەرەی سوسیالیستیییان هەڵبژارد. گۆرانکاریییەکانی پاش ڕوخانی یەکێتیی
سۆڤییەتییو وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئوروپادا، پێکهاتنی
دەیان دەوڵەتی تازەی سەربەخۆ و بێباوەریی بە چارەسەربوونی مەسەلەی
نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەشکردوە،
پێکهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خەبات بۆ سەربەخۆیی تەواو
یان گەیشتن بە خودموختاریی سیاسیی- ئابووریی لە چوارچێوەی ئێراقدا بوو،
بوو بە هۆی وروژاندنەوەی هەستی سەربەخۆییخوازیی لە نێوان بەشیک لە
ڕوناکبیرانی کورد و پێکهاتنی چەندین حیزبو ڕێکخراوەی سەربەخوییخوازی
کوردی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە. لە حیزبگەلێک وەکو حیزبی دیموکراتی
کوردستانیش ئامانجی سوسیالیسمو سوسیالیسمی دیموکراتیک جێگای خۆی بە
وەدیهێنانی مافی دیارییکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستانو دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی
دێموکراتی فیدراڵ- دا، بەڵام لە بەرنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی
ئێراندا پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکی سوسیالیستیی وەکو ئامانجی
دوارۆژی ئەم حیزبە هەر لە جێخۆی مایەوە.
لەم سەردەمەدا بە پێی زۆربوونی ڕێژەی حیزبو
رێکخراوە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات داواکاریی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد
پانتایەکی بەرفراوانتری لە کۆنڤدرالیسمی دێموکراتیک کە سەرەرای قەبەبوونی
دروشمەکە، ویستێکە لە ئاستی ماڤی شاروەندیی هەتا خودموختاریی- فیدراڵخوازییو
سەربەخۆیی لەخۆی گرتووە. زۆرینەی حیزبو کەسایەتیییەکانی کوردی
ڕۆژهەڵات بەهۆی هاودەنگیی لەسەر چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە
چوارچیوەی ئێرانێکی فیدراڵو دێموکراتیک، دانی دروشمی سەربەخۆیی بە
دروشمێکی گونجاو نازانن. دروشمی سەرەکیی چەند حیزبێکی کوردستانیی وەکو
پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستانو پارتی سەربەستیی
کوردستان کە لە تاراوگەدا پێکهاتوون سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
سەرەرای ئەوەی کە تەواوی ئەم حیزبانە لەسەر
کێشەی کوردو خەبات بۆ وەدیهێنانی ماڤی دیارییکردنی چارەنووسی کورد
هاودەنگنو لە ڕێگای ئازادیی کوردستان گەلێک قوربانییان داوە بەڵام
لەسەر دروشمی ستراتێژیکی خۆیان ناتەبان. حیزبەکانی فیدراڵییخواز یان
سەربەخۆییخوازیش نەیانتوانیوە تا ئێستا بەرەی هاوبەش لە نێو هاوبیرانی
خۆیان پێکبێننو بە پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی هەوڵ بۆ ماڤی کوردی ڕۆژهەڵات
بدەن. جیابوونەوەو لێکدابران لە نێو حیزبە کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان بۆتە ڕەوتێکی ئاساییو بەرژوەندی تاکەکەسی، گرووپی ئەم
حیزبانە بەرژوەندیی نەتەوەیی خستووتە پەراوێزوە. لە لایەکی دیکەوە
قەیرانی فیکرییو ڕێکخراوەیی، بوونی درێژخایەنی ئەم حیزبانە لە تاراوگە،
کەمایەسیی پێوەندیی ئورگانیک لەگەڵ کۆمەلگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێدەسەڵاتیی
سیاسییو ڕێکخراوەیییان لە باشوری کوردستان بە بۆنەی پاراستنی
بەرژوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانو هتد ... بزوتنەوەی کوردی
ڕۆژهەڵاتی خستۆتە ئاستێکی نزمەوە. پارتە سەربەخۆییخوازەکانیش چ لە
باری فیکریییەوەو چ لە ئاستی کاری عەمەلییەوە کاردانەوەیەکی وەهایان
نەبووە، تەنیا لە چوارچێوەی دانی دروشمی سەربەخۆیی قەتیس ماونەتەوەو
هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لێکدانەوەیەکی وەها لەسەر چۆنییەتی ئابووریی،
کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شێوەی جەماوەرییکردنی ئەم
دروشمەو خەبات بۆ گەیشتن بە ماڤی سەربەخۆیی کورد بکەن. ئەوانیش
سەرەرای ڕەخنەی زۆر لە ناچاڵاکیی حیزبە کلاسیکەکانی کورد بۆخۆیان تووشی
هەر ئەو قەیرانەن کە حیزبەکانیتریان پێ تاوانبار دەکەن. لەم هەلومەرجە
سیاسییدا بڵێی کوردو نوێنەرانی ڕەنگاورەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان لە
مەعاملە سیاسیییەکانیان لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی بە نێو فیدراڵییخوازی
ئێرانی یاخود تەنانەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئێران کە بەشێکیان هەوڵی
بۆ دەدەن، دەنگێکی وەها بە هێز بن کە بتوانن مەسەلەی کوردی پێ چارەسەر
بکەن؟!
بە پێی بارودۆخو بنەماکانی ماددییو مەعنەویی کوردستان، دەکرێ
شێوەکانی خەبات دژ بە ستەمی نەتەوەیی بەم چەشنە دابەش بکرێن:
خەبات بۆ ماڤی شاروەندیی و خودموختاریی فەرهەنگیی.
خەبات بۆ خودموختاریی سیاسیی، ئابووریی لەو وڵاتێکی فیدارڵدا.
خەبات بۆ سەربەخۆیی هەر پارچەیەکی کوردستان بە جیاجیا.
خەبات بۆ سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردستان.
هەڵبژاردنی هەر کام لە خاڵەکانی سەرەوە پێوەندیی هەیە بە:
ڕادەو ئاستی ئاگایی نەتەوەیی کورد کە وەکو بەشێک لە ژیانو فەرهەنگی
کۆمەڵگا پێکهێنەری هەستو سۆزێکی تایبەتیی بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی
نەتەوەیییە.
ڕادەی توانایی حیزبەکوردستانیییەکان بۆ جەماوەرییکردن، کۆکردنەوەو
ڕێکخستنی خەڵک لە دەوری دروشمەکانیان، بە تایبەتیی لە دەرەوەی بەشی
موکریان، لە کرماشانەوە هەتا ئیلام، مێهرانو دێهلۆران کە لەباری
ئایینییەوە شیعەن و مێژووی کاری حیزبەکوردستانیییەکان لەوێ گەڵێک
ئەستەم بووە.
هاوسەنگیی هێزی کورد لەبەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەردا.
مسۆگەرکردنی پشتیوانیی وڵاتە زڵهێزەکانی دونیا لە خەباتی گەڵی کورد
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی هەتا ئاستی جیابوونە، پێکهێنانی کیانو
سەروەریی کورد.
لێرەدا بە پێی مەرجەکانی سەرەوە بۆ هەڵبژاردنی دروشمی ستراتێژیکو
تاکتیکیی هەر حیزبێک ئەم پرسیارانە دێتە پێش:
• لەنەبوونی حیزب یاخود پێکهاتەیەکی بەهێز کە کاریگەریی لە هەموو
بەشەکانی کوردستاندا هەبێ، چۆن دەکرێ کورد وڵاتە لەیەکجیاکراوەکانی
یەک بخاتو کوردستانی گەورە و سەربەخۆ پێکبێنێ؟
• کاتێک لەبەشە لەیەک دابراوەکانی کوردستانیش هێزەێکی وەها نییە کە
بتوانێ ئەم دروشمە بکاتە گشتییو ڕێبەریی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد
بەدەستەوە بگرێ دانی دروشمی سەربەخۆیی تا چ ڕادەیەک لەگەڵ ڕاستیییەکانی
ئەو بەشانە هاوئاهەنگیی هەیە؟
• لەم حاڵەتەدا داخوا بڵێی دروشمی سەرەکیی یەکگرتنەوەی چوار بەشی
کوردستان گونجاوبێ؟ یاخود باشترە کوردی هەربەشێکی کوردستان هەوڵ بدا تا
ئەو بەشە ئازاد بکاتو پاشان بە پێی هەلومەرجی ناوچەو ئازادکرانی هەر
چواربەش، کوردستانی گەورەو سەربەخۆ پێک بێنن؟
• یاخود باشترە کوردەکانی هەر وڵات بە پێی نەبوونی هەلومەرجی پێویست
لەو وڵاتانەی کە تێدادەژین، تەنیا بۆ گەیشتن بە ماڤی شاروەندیو
خودموختاریی فەرهەنگیی خەبات بکەن؟ یان ئامانجو دروشمی تاکتیکیو
ستراتێژیکیییان پێکهێنانی وڵاتێکی فیدراڵ و دێموکراتیک بێ؟
• بڵێی خودموختاریی سیاسیی، ئابووریی لە ئێرانێکی فیدراڵدا وەکو
قۆناخێک نەبێتە ڕێخۆشکەری سەربەخۆیی و لەم پێناوەدا باشتر نییە
فیدراڵیسم ببێتە دروشمی تاکتیکییو سەربەخۆیی دروشمی ستراتێژیک؟
ئەگەر بیرۆکەی ماڤی شاروەندیو خودموختاریی فەرهەنگیی وەڵانێن،
لەوەدەچێ دوو بۆچوونی سەرەکی لە نێوان ڕوناکبیرانی کورد ببیندرێ:
• یەکەم. لەم سەردەمەدا دروشمی سەرەکیی گەیشتن بە وڵاتێکی فیدراڵە،
بەڵام ئەگەر ماڤی کورد لەم چوارچێوەیەدا مسۆگەر نەکرێ، ئەوە ماڤی کوردە
داوای جیابوونە بکات. زۆربەی حیزبو ئەو کەسانەی کە هۆگری ئەم بیرەن،
ماڤی چارەنووسی کوردو تەنانەت سەربەخۆیی بە ماڤی کورد دەزانن بەڵام
ئێستا بە پێی لێکدانەوەی بارودۆخی ئەمرۆ دانی ئەم دروشمە بە گونجاوی
نازانن. بە پیێ بۆچوونێک، بۆ گەیشتن بە سەربەرخۆیی پێویستە بە پێی
هەلومەرجی ئەمرۆی کوردستانو جیهان، لاسەنگیی هێزی کوردو دەوڵەتەکان،
بوونی زۆرینەی ئەم حیزبانە لە تاراوگە، دووربوونیان لە کۆمەڵگای کوردیی،
نزمبوونی ئاستی ئاگایی نەتەوەییو بیری سەربەخۆییخوازیی، نزمبوونی
ئاستی گەشەسەندنی بنەمای ئابوورییو کۆمەڵایەتیی - سیاسیی کوردستان، بۆ
وەدیهێنانی ئەم ئاواتە دەبێ لە کاناڵی فیدرالیسمەوە بۆی بچین.
فیدراڵیسم بە پێی کۆتایی هێنان بە نەخشی ناوەندو بەهێزکردنی ڕۆڵی
نەتەوەکان لە کارو باری ژیانی خۆیان، دیارییکردنی سنووری جوغرافیایی -
مێژوویی، پێکهێنانی ستروکتوری دەوڵەتی کوردیی دەبێتە ڕێخۆشکەری
سەربەخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە پێی ئەم باوەرە فیدراڵیسم ئەو
دەرفەتە پێکدێنی کە کورد پەیتا پەیتا بە خەرجێکی کەمتر ڕێگای خۆی بۆ
گەیشتن بە ئاواتی دێرینە خۆی - یانی سەربەخۆیی و پێکهێنانی کیانو
سەروەریی خۆی ببڕێ. بۆ وێنە ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمی ڕوخانی یەکێتی
سۆڤییەتن نموونەیەک لەو حاڵەتەن. پێکهاتنی کۆمارەکانی سوسیالیستیی لە
یەکێتی سۆڤییەتیی پاش شۆرشی ئوکتۆبر لە ساڵی ١٩١٧ی زایینیی بوو بە هۆی
بە نەتەوەبوونو پێکهاتنی دەزگاو سیستێمی دەوڵەتیی ئەو گەڵانەی کە لە
کاتی تێزاردا لە ژێر زۆڵم و زۆری دەوڵەتی ڕوسیەدا بوون. بە ڕوخانی
یەکێتی سۆڤییەتی ئەم کۆمارانە بە پێی هەبوونی بنەمای پێویست بۆ وڵاتێکی
سەربەخۆ، هەر کامیان وڵاتی سەربەخۆی خۆیان پێکهێنا و ڕایانگەیاند.
لێرەدا چەند پرسیار سەبارەت بەم چەشنە
چارەسەرکردنەی کێشەی نەتەوەیی لە ئێراندا دێتە پێش:
بڵێی هێزە فیدراڵییخوازەکانی ئێرانیی دابەشکردنی سیستێمی دەسەڵات بە
پێی جوغرافیایی - مێژوویییە قەبووڵ بکەن؟
داخوا ئەم هەموو دانیشتنو کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانیییەکان لەگەڵ
نوێنەرانی جۆراوجۆری بە ناو دێموکراتو چەپی ئێرانیی تا ئێستا
توانیوێتی بیرو رای ئەوان بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردو نەتەوەکانی
دیکەی ئێران ڕابکێشێ؟
بڵێی بەشوێن ئەم بیرەوە چوون لە حاڵێکدا بواری پێویست لە نێو ئێرانیییەکان
بە شێوەیەکی جیددی بۆ قەبووڵی تەنانەت هەبوونی نەتەوەکان (میللەت) لە
ئێران نییە و تەواویەتخوازی ئێرانی هەر بە چاوی جیاییخواز تەماشای
کورد دەکەن، بە فیرۆدانی کات و هێزی کورد نەبێ؟
کاتێک لە بەرنامەی بەشێک لە حیزبو ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
باسی خەبات بۆ کومەڵگایەکی سوسیالیستیی یاخود سوسیالیستیی دێموکراتیک
وەکو ئامانجی دوارۆژ ئەویش لە وڵاتێکی ئایینیو جیهان سێهەمیی دەکرێ،
بۆ نابێ بە ڕاشکاویی باسی ماڤی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییو
پێکهێنانی کیانو سەروەریی لە دوارۆژدا بکرێ؟ بێگومان، بوونی ماڤی
جیابوونەوە بە مانای جیابوونەوە نییە بەڵام زەمانەتێکە، ئەگەر دەوڵەتی
فیدراڵ ماڤی گەڵی کوردی پێشڵکرد، کوردماڤی خۆیەتی هەتا ڕێگای خۆی بە
پێی یاسا لەم دەوڵەتە جیا کاتەوە.
• دووهەم: سەربەخۆیی وەکو دروشمی ستراتێژیکیی و تاکتیکیی تەنیا ڕێگای
چارەسەرکردنی کێشەی کوردە. بەپێی ئەم باوەرە هەر چەشنە بیرێکی
فیدراڵییخوازیی دەتوانێ کۆسپێک بێ لە سەر ڕێگای گەیشتن بۆ پێکهێنانی
کیانی نەتەوەییو سەربەخۆیی کورد. بەپێی ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە ئاستی
ناوچەو جیهان لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێکهاتووە کاتی سەربەخۆیی و بە
دەوڵەت بوونی کورد گەیشتووە و دەبێ داوای سەربەخۆیی بکردرێ. لێرەدا ئەم
پرسیارانە دێنە پێش:
ئێستا پتر لە دوو دەیەیە لە وڵاتی دوو نەتەوەیی ئێراقدا حکومەتی نیوەسەربەخۆی
هەرێمی کوردستان پێکهاتووە. ئەم حکومەتە ستروکتوری دەوڵەتییو هێزی
گەورەی پێشمەرگەی هەیە، بەڵام سەرەرای ویستیی زۆرینەی خەڵک بۆچی هەتا
ئێستا داوای سەربەخۆیی نەکردوە؟
لە بەراوەرد لەگەڵ ئەوان، کاتێک کوردی ڕۆژهەڵات کە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی
دەژیو تەنانەت لە بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (لە کرماشانەوە
بەرەو دێهلۆران) بیرو هزری نەتەوایەتیی، کاریگەریی حیزبە کوردیییەکان،
تەنانەت بوونیان لەو بەشانەی کوردستان هەر زۆر ئەستەمە، چۆن دەکرێ
ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئازادو سەربەخۆ بکرێ؟
لە ڵایەکی دیکەوە بڵێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرەرای ئەم هەموو
دەسەڵاتە داوای سەربەخۆیی ناکا و خۆی هەر بە بەشێک لە ئێراقی فیدراڵ
دەزانێ نموونەیەکی باش بێ بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بۆ هەڵگرتنی دروشمی
سەربەخۆیی وەکو هەم ستراتێژییو هەم تاکتیک و سەرۆکی هەرێم وەکو ڕەمزی
سەرکەوتنی کوردو کۆڵەکەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە چوارپارچەی
کوردستان پێناسە بکرێ؟
بڵێی باشتر نەبێ بە لەبەر چاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کە باسیکرا
سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فیدراڵیسم وەکو قۆناخێک بۆ گەیشتن
بە سەربەخۆیی لەبەرچاو بگرێو نەکەوێتە دژایەتی لەگەڵ ئەم بیرە؟
کۆتایی.
تەواوی ئەم پرسیارانە جێگای باسو لێکدانەوەن، دەکرێ نوێنەرانی
جۆراوجۆری کورد سەبارەت بە شیوەی گەیشتن بە ماڤی کورد لە فیدراڵیسمەوە
هەتا سەربەخۆیی کورد بیرورای جیاوازیان هەبێ. بەڵام مەسەلەی سەرەکیی
ئەویە کە ئەوان باوەریان بەوە هەبێ کە مەسەلەی کورد تەنیا بە پێکهێنانی
سەروەرییو کیانی خۆی چارەسەر دەکرێو بە ڕاشکاوی پاریزگەری ماڤی
نەتەوەی کورد هەتا ئاستی جیابوونەوە بن. لەم قۆناخەدا کوردی ڕۆژهەڵات
پێویستە بە پێی بەرژوەندی ئەو بەشەی کوردستان بۆ گەیشتن بە ماڤی ڕەوای
خۆی تێبکۆشێو قۆناخ بە قۆناخ بە پێی هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە ماڤی ڕەوای کورد ببڕێو سیاسەتی خۆی بە باشوری
کوردستانەوە گرێنەدا. سیاسەتی کاربەدەستانی باشور بۆ پاراستنی
دەسەڵاتی خۆیان زۆرجار لەگەڵ بەرژوەندی پارچەکانی دیکەی کوردستانو بە
تایبەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتەبایە. ئەوە ماڤی کوردی باشورە کە بە
پێی بەرژوەندیی خۆی سیاسەت بکا، بەڵام ئەم سیاسەتە کاتێک دەکرێ ناوی "نەتەوەیی"
لەسەر دانێی کە بەرژوەندی پارچەیەکی دیکەی کوردستان نەخاتە مەترسیییەوە،
ماڤی ئەوانی دیکەی پێشلنەکا، یاریدە بە گەشەسەندنی بزاڤی کورد لە
چواربەشی کوردستان بدا و نەبێتە کۆسپێک لەسەر ڕێگای ئەوان. بە پێێ ئەو
بارودۆخەی کە حکومەتی باشوری کوردستان بە تایبەتیی لە پێوەندیی لەگەڵ
وڵاتانی دراوسیو دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدای هەیە، هەروەها بە پێی
ستروکتوری حیزبەکانو بیرو سیاسەتیان، پتانسیەڵیان بۆ وەدی هێنانی ئەم
ئەرکە نییە، ناتوانن ڕەمزی سەرکەوتنی کوردو کۆڵەکەی بزوتنەوەی
ڕزگاریخوازیی کورد لە چوارپارچەی کوردستان بن. کوردی ڕۆژهەڵات حیزبو
ڕێکخراوەی جوراوجۆری خۆی هەیە و ئەگەر کۆڵەکەیەکیش بۆ رزگاریی ئەو
نەتەوەیە لەو بەشەی کوردستان پێویست بێ،بێگوومان هەر لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان سەرهەڵدەدات. پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمرۆ
بە پێێ وەزعییەتی خۆیان دانیشتووی باشوری کوردستاننو پاساویان بۆ
کێشانەوە لە شەری چەکدارییو هتد ... بەرژەوەندی باشوری کوردستانە، بۆ
خەڵکی لێکدەنەوە کە سنووری بەرژوەندی ئەوان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە چیدایە و هەتا کەی ئەم ڕەوتە دەتوانێ ئاوا بچێتە پێش؟
ئەویش لەکاتێکدا برادەرانی باشور بەرژەوەندی ئەوانیان لەبەر چاو نییەو
قەدریشیان لێناگرن!
کامەران ئەمین ئاوە
|