٢٢\٦\٢٠١٥
کێشەی سەرۆکی
هەرێم و کۆی کێشە و قەیرانەکان و چارەسەر!

جیهاد محەمەد
ماوەی چەند مانگێکە و بە تایبەتی لەم چەند هەفتەیەیی کۆتایی مانگی
شەشدا یەجگار مشتومڕ گەرمە لەسەر خۆ کاندیدکرندەوەی سەرۆکی هەرێم (مەسعود
بارازانی) و کێشەکانی تر.
هەموو پارتیەکان و هەندێکیش لە حیزبەکان لەگەڵ ئەوەدان کە لەم
بارودۆخەدا کەس لە مەسعود بارزانی باشتر و شایستەتری ئەو پۆستە نییە،
لەبەر ئەوەی بارودۆخە قەیراناوییەکەی کوردستان و بوونی دەوڵەتی ئیسلامی
عێراق/ شام(داعش) و کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا و هەنگاونان بۆ
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردستانی لە باشوری کوردستاندا فاکتەرگەلێکی
بەهێزن بۆ دۆزینەوەی کەسایەتییەکی کاریزمایی و ئەمین کە بتوانێت
ئیدارەی کیشەکان بکات و بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێت. ئەمە لە کاتێکدا کە
زۆربەی چاودێرە سیاسییەکان و رای منیش لەگەڵیاندا مەسعود بارزانی لە
ماوەی ١٢ ساڵی تەمەنی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا نەک هەر
نەیتوانیوە کێشەیەک لە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو خودی خۆی کێشە بووە.
بۆ نموونە:
ـ هەموو کات وەک سەرۆکی پارتی رەفتاری کردووە نەک وەک سەرۆکی هەرێم.
ـ تەنها یەک جار نەبێت جێگەرەکەی خۆی راسپارد بۆ ئەوەی سەرپەرشتیاری
میحوەری کەرکوک بکات کاتێک هێزی داعش هێرشیانکرد، هیچ جارێک وەک جێگری
خۆی حسابی بۆ نەکردووە، ئەویش لە هەمان کاتدا کاکە محەمەدی حاجی
مەحمودیشی دانا بوو بۆ هەمان ئەرک، وەک ئەوەی بیەوێت کێشەیەک لە نێوان
ئەم دوو بەرپرسە حیزبییە بە دەسەڵاتەدا دروستبکات.
ـ لە کێشەی نێوان عێراق و کوردستنادان نەک هەر بە دوای چارەسەردا
نەدەگەڕا، بەڵکو کێشەکەی کردبوو بە کێشەیەکی کەسیی لەگەڵ نوری مالکی
سەرۆک وەزیرانی عێراقدا.
ـ لە سەفەرەکانیشیدا بە ئاشکرا حیزبایەتی کردن و بنەماڵەییکردنی پێوە
دیار بوو، هیچ سەفەرێکی ئەم پیاوە نەبووە کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا نەبات،
وەک ئەوەی کەس لە کوڕەکەی بە شیاووتر نەزانێت هاوڕێەتیی بکات.
ـ لە کێشەی پارتیەکان لەگەڵ نەجمەدین کەریمی پارێزگاری کەرکوکدا نەک
ناوبژیی نەدەکرد بەڵکو خۆی کردبوو بە بەشێک لە کێشەکە.
ـ ئەو حیزبانەی رۆژئاوا کە لەگەڵ ساڵح موسلیم و پەیەدەدا رێک نەدەکەوتن،
خۆی کرد بە بەشێك لە کێشەکە.
ـ هیچ کات وەک سەرۆکی هەرێم دژایەتی خۆی رانەگەیاندووە لەسەر تیرۆکردنی
رۆژنامەنووسان، تەنها یەک جار خێزانی کاوە گەرمیانی بانگکرد و هیچیشی
بۆ نەکردن، بەڵام لەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان هیچ قسەیەکی نەکرد و
چاوی خۆی نوقاند لەسەر ئەو درۆ گەوەرەیەی ئاسایشی حیزبەکەی بۆ
سەردەشتیان دروستکرد، کە بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە لە
دادگادا ئەو کەسەی بە ناوی بکوژی سەردەشتەوە زیندانی کرابوو بە درۆی
خستنەوە.
ـ لە ئاژاوە و قەیرانەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا وەک سەرۆکی پارتی
رەفتاری دەکرد.
ـ لە قەیران و ئاژاوەی نێوان پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵدا بە هەمان
شێوەی سەرۆکی پارتی رەفتاری دەکرد.
ـ لە سازدانی کۆنگرەی نەتەوەییدا، وەک سەرۆکی هەرێم رەفتاری نەکرد و
بوو بە فاکتەریک لە دروستنەبوونی ئەو کۆنگرەیە.
ـ ئەم سەرۆکە خۆی کرد بەو هێڵە سورەی، کە بە بەرچاوی هەموو خەڵک و
سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و خودی سەرۆکی هەرێمەوە پەلامار و
هێرشێکی زۆر نا ئینسانیانە و نا مەدەنیانە و دوور لە هەموو عورف و
عادەتێکی پەرلەمانیی لە لایەن دوو ئەندام پەرلەمانی پارتیەوە، کرایە
سەر عەلی حەمە ساڵح. کە بە هیچ جۆرێک سەرۆکی هەرێم قسەی لەسەر نەکرد.
قسە نەکردنی سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە بەو واتایە دێت کە
رازییە بە دانانی ئەو هێلە سورە بۆ خۆی و ئەوە فەرمانی خۆیەتی بۆ
حیزبەکەی و ئەندام پەرلەمانەکانیان. ئەمە لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم بە
واتا ئەخلاقیەکەی چۆن سەرۆکی پارتی و ئەندامانی پارتی وئەندام
پەرلەمانەکانی فراکسوێنی پارتییە، بە هەمان شێوەش سەرۆکی عەلی حەمە
ساڵحی ئەندام پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بوو. سەرۆکی هەرێم هەر
کەسێک بێت، بە واتا ئەخلاقییەکەی سەرۆکی چاک و خراپ، هاودەنگ و ناڕازی،
دژ و دۆستی حکومەت و حوکمڕانی، کارا و چالاک، مشەخۆر و تەمەڵ، کورد و
نا کورد، دینی و نا دینی هەموو خەڵکە.
ـ هیچ کات ئەم سەرۆکە لەسەر نادیموکراتیی و نا دادپەروەیی و گەندەڵی و
نەبوونی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستنادا هەڵینەداوەتێ و
قسەیەکی خێری نەکردووە.
کەچی لەگەڵ ئەمانەشدا لای پارتیەکان وایە کە تەنها کەس لە هەموو
کوردستاندا مەسعود بارزانییە و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت دەوری سەرۆکی
هەرێم ببینێت و کەس لەم ئەمینتر و بە ئاگاتر و بە تواناتر نییە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئەم رایەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی باشور بەرپەرچ
دەداتەوە بە پرۆژەیەک، بەو نیازەی سیستمی سیاسی و حکومڕانی لە
کوردستانی باشوردا بگۆردرێت لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی. هەروەها
لای زۆربەی خەڵکی کوردستان و زۆربەی حیزبەکان ئەم رایەی پارتی بەرپەرچ
دەدرێتەوە، هەندێک جار بە ئاشکرا و هەندێک جاریش تەنها لە رێگەی
قسەکردن و رادەربڕینی ئەندامان و هەوادارنی حیزبەکانەوە بەرپەرچی ڕا و
بۆچوونە نەگۆڕەکەی پارتی دەدرێتەوە. ئەوەی کە زۆر بە ئاشکرا و بوێرانە
قسە لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە دەکات، خەڵکی سەر شەقام و کۆمەڵێک
رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسن کە لە سەر شاشەی تەلەفزوێنەکان لە
میزگردەکاندا دەردەکەون، بە ئاشکرا رەخنە لە پارتی و دیدگای پارتی
دەگرن کە بوونەتە هۆکاری کێشە دروستکردن و بەردەوام خەریکی دروستکردنی
قەیران و ئاژەوەن. بە پێی قسەی زۆربەی مافناسان و یاساناسان و ئەندام
پەرلەمانی ئەو حیزبانەی لەگەڵ پارتیدا لەسەر خۆ کاندیدکردنەوەی مەسعود
بارزانی نین، مەسەلەی خۆ کاندید کردنەوەی کاندیدکراوە هەمیشەییەکەی
پارتی دەبەستنەوە بە کێشەی یاسایی و، لایان وایە، کە بە پێی یاسای
سەرۆکایەتی هەرێم ناوبراو مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نییە. کەواتە ئەوەی
بۆمان دەردەکەوێت زۆربەی زۆری خەلک و حیزبەکان و مافناس و یاساناسەکان
لەگەڵ ئەوەدان کە کاندیدە تاقانەکەی پارتی بۆی نییە جارێکی تر خۆی
کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم.
زۆر جار رووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە چ لە لایەن پارتیەکانەوە چ لە
لایەن هەندێک کەسی ترەوە: بۆچی کەس نییە خۆی کاندید بکات و رکەبەری
کاندیدە هەتاهەتاییەکەی پارتی بکات؟
بە رای من کێشەی نەبوونی کەسێک چ حیزبی بێت چ سەربەخۆ بێت بۆ خۆ
کاندیدکردن و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
یەکەم/ حیزبەکان خۆیان باش دەزانن لە رابردوودا لە چ ئاوێکی پیس و
لێڵدا مەلەیان کردوە، بۆ درێژە دان بە حوکمڕانییە گەندەڵە مافیاییەکەی
خۆیان. لەسەر بنەمای بەش بەشینە و رێکەوتنی حیزبیی لە ناو خۆیاندا و،
بە ناوی شەرعیەتی دیموکراتییەوە هیچ بوارێکیان نەهێشتوەتەوە بۆ کەسانی
شارەزا و لێزان، ئەوەی لایان گرنگ بووە دابەشکردنی پۆستەکان بووە بەسەر
خۆیاندا، ئیتر بیریان لە دروستکردنی کێشەو گرفتی دوا رۆژ یان
پێشێلنەکردنی کولوتووری دیمکوراتیی و رای خەڵک و مافی خەڵک نەکردوەتەوە.
گەورەترین کێشەی نەبوونی کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی هەرێم لە جیاتی
مەسعود بارزانی لەو بەش بەشینەوەیەی نێوان یەکێتی و پارتیەوە سەرچاوە
دەگرێت، کە سەرۆکی کۆماری عێراق درا بە یەکێتی و سەرۆکی هەرێمیش درا بە
پارتی، ئەمە بووە بە شەڕەکەی نێوان ئەبوبەکر و عەلی و نابڕێتەوە و هەتا
کوردستان کوردستان بێت دەبێت بە دەست ئەم قەیرانەوە بناڵێنێت. بۆیە
یەکێتی ناوێرێت کەسی خۆی کاندید بکات چونکە دەزانێت زیاتر کێشەکە
دەئاڵۆسکێ و گەوەرەتر دەبێت، دەیەوێت ئەو شەڕە بە حیزبەکانی تر بکات.
هەرچیش حیزبە ئیسلامییەکانە، نایانەوێت ئەو شەڕە بکەن، چونکە باش بۆ
بەرژەوەندی هەژموونی ئیسلامیی خۆیان کار دەکەن و دەزانن چی بکەن باش و
چی نەکەن باشە. خۆیان لە شەڕێکی واوە نائاڵێنن و کێ سەرۆک بێت گرنگ
نییە لایان. هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە بە هەمان شێوە نایانەوێت لە
رێگەی کاندیدکردنی کەسێکەوە ئەو شەڕە بکەن، عاقڵانە بۆ ئەوەی خۆیان
دووربخەنەوە لەو شەڕە پرۆژەیەکیان پێشکەش کردووە، دەشزانن پرۆژەکەیان
خەڵکی زۆر لایەنداریی دەکات.
دووەم/ نەبوونی کەسێک کە کێبڕکێ بکات لەگەڵ کاندیدە هەتا هەتاییەکەی
پارتی، نەبوونی بڕوا ومتمانەیە بە پارتی و بە یەکێتی، ئەگەر لە لای
خواوەندیشەوە کاندیدێک هەبێت پارتی نەک هەر قبوڵی نییە، بەڵکو چەندین
تۆمەتی بۆ دروست دەکرێت. خەڵکیش کەرامەتی خۆی خۆش دەوێت و بە نیازی
خزمەت خۆی کاندید دەکات نەک بە نیازی رق و کینە و دووژمانەیەتی.
سێیەم/ خودی مسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم بەو هەموو هێزەی پارتییەوە
کە ناتوانێت کارگوزارێک لە ناوچەی سەوزدا دامەزرێنێت، ئەی سەرۆکێکی
هەرێمی نوێ کە پشتیوانی حیزبی نەبێت دەبێت چ دەسەڵاتێکی هەبێت لە
هەردوو ناوچەی زەرد و سەوزدا.
چوارەم/ کێشەو گرفت و قەیرانەکان هێندە زۆر و ئاڵۆزن، کەس نایەوێت بە
هۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیاریتیی
مێژووییەوە. ئەوەش کە پارتی دەیکات و بوێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە،
بۆیە ئەوە دەکات لە زۆربەی بوارەکاندا دۆراوە، ئەگەر ئەم پۆستەشی
لەدەستبچێت هێندەی دیکە دەدۆرێت و تووشی تەنگەژە دەبێت.
چارەسەر.
بە بروای من، کێشە و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵکی کوردستان، وەک
کێشە و قەیرانی دارای و نەبوونی موچەو و راوەستانی پڕۆژە
خزمەتگوزارییەکان، کێشەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا، کێشەی فرۆشتنی نەوت،
کێشەی نەبوونی کارەبا، کێشەی نەبوونی بەنزین، کێشەی خواردەمەنی پیس و
بەسەرچوو لە بازارەکاندا، کێشەی نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە، کێشەی
کوشتن و بڕین و سوکایەتیکردن بە ژنان و رۆژنامەنووسان و رەخنەگرە
بوێرەکان، کێشەی رێکخراوە مەدەنی و ناحکومییەکان، کێشەی پێشمەرگە،
کێشەی نەبوونی چەک و تفاقی سەربازی، کێشەی دوو ئیدارەیی، کێشەی
خوێندنگاکان، کێشەی پەروەردە و نەچوونە پێشەوەی پەروەردە بە گوێرەی
پێویست، کێشەی تەندروستی و نەبوونی داو دەرمان و بوونی دەرمانی
ئێکسپایەر، کێشەی وەستانی فیول پەمپ سەیارە و زیانلێکەوتنی زۆر لە خەڵک
لەم روەوە و چەندین کێشەی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووری. ئەمانە
هەموویان کێشەی نەبوونی سیستمێکی حوکمڕانی مەدەنی ئینسانیین. ئەگەر
سیستمی حوکمڕانی کوردستان سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراتیانە و
ئینساندۆستانە بوایە، بە دڵنیاییەوە زۆربەی هەرە زۆری ئەم کێشانە
روویان نەدەدا، یان ئەگەر ڕووشیان بدایە چارەسەرییان هەبوو لە ماوەیەکی
کورت یان درێژدا. بەڵام نەبوونی سیستمێکی لەو شێوەیە و لە جێگەیدا
دروستکردنی سیستمێکی دواکەوتووی خێڵەکیانە و حیزبیانە و لەسەر بنەمای
بەش بەشینە دابەشکردنی پۆستە سیاسیی و ئیدارییەکان، پۆستەکانی بواری
ئابووری و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری و پەروەردەیی و تەندروستیی،
مافیاییانە دابەشکردنی زەویوزار و موڵک و داهاتی کورداستان بەسەر
خۆیاندا، چەقبەستنێکی ئەوتۆی دروستکردوە کە رەنگە بە دەیان پسپۆر و
شارەزای سیاسیی نەتوانن قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستان چارەسەر بکەن.
دەستبردن بۆ چارەسەرکردنی هەرچ کێشەیەک لەو کێشە و قەیرانانە، چونکە
لەسەر بنەمای بەش بەشینە (محاصصة) دروستبووە، چەندین ئاستەنگ لە
بەردەمیدا دروست دەبێت.
بۆ نمووونە ئەگەر کێشەی کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم لەبەرچاو بگرین و
بە واقیعیانە وردبینەوە لێی، ئەم کێشەیە بووە بە کێشەیەکی یەجگار
ئاڵۆزی وا کە هەرچ قسەکردنێک لەسەری، پارتی دیموکرات، یان کۆمەڵە
حیزبێکی دیکەی دژ بە بۆچونی پارتی هەست بە سوکایەتی و رق و کینە دەکەن.
لای پارتییەکان قسەکردن لەسەر کاندیدنەکردنەوەی سەرۆکی هەرێمی ئێستا،
مەسعود بارزانی بۆ چوار ساڵی دیکە، هێڵی سورە.
ناکرێت بیرمان بچێت ئەو حیزبانەی کە بە تەنها پارتی تۆمەتبار دەکەن و
خۆیان دەکەن بە فریاد رەسی کێشە و قەیرانەکان، وەک پارتی هاوبەشن لە
دروستبوونی کێشە و قەیرانەکاندا. ئەگەر بروایان پێ بکەین کەواتە
بیرکردنەوەمان لاوازە. هەموو حیزبەکانی کوردستنا بە تایبەتی پارتی
دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی بەرپرسی یەکەمن لە دروستبوونی هەرچ
قەیرانێکی خەڵکی کوردستاندا، بەرپرسن لە هەموو ئەو کارەسات و ترس و
لەرز و تۆقاندنەی کە بەرپایان کردوە لە ناو خەڵکدا. بەرپرسن لە هەموو
نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و نا ئارامی و خراپی باری دەروونی و توڕەبوونی
خەڵک. ئەمانە خۆیان بە دەستی خۆیان ئاژاوە و قەیرانگەلێکی سەختیان
دروستکردوە بۆ خەڵک و لە دواجاریشدا دەیانەوێت شەڕەکە بە خەڵک بکەن.
شەڕکردنی خەڵک لەسەر ئەوەی کە لایەنی لایەنێک بگرن و لایەنێکی تر
بەربدەن لە گێلێتی و نەفامی سیاسیی زیاتر هیچی تر نییە. با خەڵک شەڕ
لەسەر گۆڕینی کۆی سیستمەکە بکات. چارەسەر گۆڕینی سیستمی حکومڕانی
کوردستانە لە حکومێکی ستەمکاری حیزبی و خێڵەکی وبنەماڵییەوە بۆ
سیستمێکی دیموکراتی و مەدەنی و ئینسانی و دادپەروەر. بەڵام ئەم
چارەسەرییە هەڵبەت زۆری دەوێت و هەروا بە ئاسانی نایەتە دی، بۆیە
پێشکەشکردنی ئەم چارەسەرییە لە لایەن منەوە مەبەستەکەم ئەوە نییە کە
لێگەڕێین یان ئەو چارەسەرییە یان هیچی تر!، بە پێچەوانەوە هەوڵ و
کۆشەکانی پلە بە پلە گەیشتن بەو چارەسەرییە یەکجارییە باشترین کارە. بۆ
نموونە، جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆران یەکێکە لەو هەنگاوانە،
هەرچەندە چارەسەرێکی یەکجاری نییە بەڵام هەنگاوێکی باشە بۆ گەیشتن بەو
چارەسەرییە.
٢٠\٦\٢٠١٥
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|