په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٠

کێشەی ترۆتسکیزم چیە؟


ئاسۆ کەمال      


ترۆتسکی وەک ڕەخنەگرێکی بیرۆکراتیزمی ستالینی بەشێک لەو ڕەوتە شۆڕشگێڕانەی بەلشەفیە کە لەگەڵ دیاردە و دەرکەوتەکانی بیرۆکراتی لەناو حیزب و لەدەوڵەتدا ناڕازین و دەیانەوێ ئاڵوگۆڕ بکەن لەو واقعیەتە بیرۆکراتیەی دوای شۆڕش دروستبوە. بەڵام ترۆتسکی جگە لە بیرۆکراسی ستالین لە ھەموو بنەماکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا ھاوڕا و بەشداربوو، کە لە بەشەکانی ١٠تا ١٦ باسمان کرد وەک ھۆکاری شکستی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەڕوسیا. کێشەی ترۆتسکی لە دیکتاتۆریەتی حیزب و سەرمایەداری دەوڵەتی و سیاسەتی نیپ دا نیە بەڵکو، وەک خۆی دەڵێ لە " پشتیوانی کردنی دەوڵەت بۆ کۆلاک لە (١٩٢٣-١٩٢٨) کە خەتەری کوشندەی ھەبوو بۆ ئایندەی سۆشیالیزم، بەڵام بیرۆکراسی، کە بورژوازی بچوک پشتیوانی دەکا، سەرکەوتوبوو لە بەرتەسکردنەوەی پرۆلیتاریای پێشرەودا، ھەروەھا لە تێکشکاندنی ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیدا."١


تێگەیشتنی ترۆتسکی بەو شێوەیەیە کە سیاسەتی ئابوری دوای لینین لەلایەن ستالینەوە بریتی بوە لە گرنگی نەدان بە پیشەسازیکردنی وڵات و پشتیوانی جوتیارە دەوڵەمەندەکان(کۆلاک) و بەمەش وردە بورژوازی بوژاوەتەوە و بونەتە پشتیوانی چینایەتی بۆ بیرۆکراتی ستالینی و ئەمەش شکستی بە پرۆلیتاریای پیشەسازی ھێناوە و بەو ھۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیش کە پشتی بەم پرۆلیتاریای پیشەسازی بەستوە لەلایەن ستالین و بیرۆکراتیزمەوە توانراوە تێک بشکێنرێ!


ئەمە ھەرچەند لێکدانەوەیەکی چینایەتی لە گەشەی سیاسەتی ئابوری نوێ نیشان دەدا، کە بوژانەوەی بورژوازی لادێ و لاوازبونی پرۆلیتاریای پیشەسازی نیشان دەدا ، بەڵام لە ١٩٢٨ەوە کە سیاسەتی پلانی ٥ ساڵەی پیشەسازی کردنی ڕوسیا دەست پێدەکا، ئیتر ئەم لێکدانەوە چینایەتیە ناتوانێ ھۆکاری مانەوەی بیرۆکراتیزم و گەشەی سەرمایەداری لە ڕوسیادا بخاتەڕوو.


ھەربۆیە ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە،ترۆتسکی و ئەو ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنە چەپەی لە بەرامبەر ستالینیزمدا ڕاوەستابون، پشت بەستبوو نەبوون بە ئەلتەرنایتڤێکی تری سیاسی و ئابوری کە کرێکارانی ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکاران بەرێ و بەپێچەوانەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە سۆشیالیزمێک دروست بکا کە لەخوارەوە و لە کۆمیتەکانی کارگە و شوراکان و سەندیکاکان و ھەموو بەشەکانی چینی کرێکار بکاتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی سیاسی و ئابوری لە سۆڤیەتدا.


ترۆتسکی لە کۆنگرەی ١٠دا لەدژی ھەردوو فراکسیۆنی ناڕەسمی " ئۆپۆزسیۆنی کریکاری و "ناوەندی دیموکراسی" دەوەستێتەوە و لەگەڵ سیاسەتی لینیندایە بۆپاکتاوکردنی حیزب لەو فراکسیۆن و ئەندامە کرێکارانەی حیزب کە فەرمانی دژی فراکسیۆنی حیزب جێ بەجێ ناکەن.


ترۆتسکی لە ھێرش بۆسەر "ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری"لە دەیەمین کۆنگرەی حیزبدا دەڵێ"ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە ھاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەھەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حیزبەوە.بە شیوەیەک کە حیزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری ."٢


بگرە زیاتر لە لینین و بەلشەفیەکانی تر ترۆتسکی خوازیاری" لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن."٣


ھەر ئەمەش وایکرد کە پەیوەندی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ کە ئەو نوێنەرایەتی دەکرد لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکاندا و شورا کرێکاریەکاندا لاوازببێ لە کاتێکدا ئەم ڕیکخراوە کرێکاریانە بنەمای چینایەتی خەبات دژی بیرۆکراتیزم بوون. ھەربۆیە بەپێچەوانەی بەرنامەی حیزبی بەلشەفی لە ١٩١٩دا ترۆتسکی و زۆرینەی بەلشەفیەکان دەنگیان بە بڕیارنامەی دژی دەوری ڕاستەوخۆی سەندیکا و شوراکان لەبەرھەمھێناندا دا کە جیاوازی نێوان ئەم دوو بەرنامەیە زۆر ڕۆشنە کە یەکەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی کرێکاری و دوەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی "نیپ"دەکا.


بەرنامەی حیزب دەڵێ"٨-تەنیا ڕیکخراوی شورایی دەوڵەت کە وادەکا شۆڕشی کرێکاری بتوانێ دەزگای کۆنی دەولەتی بورژوازی بەیەک زەربە و بنەماکەی نابود بکا.ئەگەر ئەمە ڕونەدا ھیچ گەشەی سۆشیالسیتی دەست پێ ناکا.پایەکانی بیرۆکراتی کە پەیوەندی دەوڵەتی پاشایەتی و دیموکراسیە بورژوازیەکان لەگەڵ بەرژەوەندی خاوەن زەویەکان و سەرمایەداران دەپارێزێ. لەڕوسیە شکاوە. بەدڵنیاییەوە خەبات دژی بیرۆکراتیەت ھێشتا کۆتایی نەھاتوە. بیرۆکراتی ھەڵدەدا کە بەشێک لە جێگەکانی بەدەست بێنێتەوە ولەڕیگەی ئاستی نزمی فەرھەنگی خەڵک .".


٩-ڕێکخستنی ھەموو زەحمەتکێشان لە سەندیکاکاندا.بەشیوەیەکی سیستماتیک سەندیکا ببێتە ئۆرگانی ئیدارەی ئابوری."٤


لەکاتێکدا کۆنگرەی دەیەمی حیزبە ئەم بڕگەیە ڕەت دەکاتەوە کە ئیدعای فراکسیۆنی "ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری" ڕاست بێ کە حیزب لە بەرنامەی ١٩١٩ لایداوە، بەڵام لینین لە بڕیارنامەی "دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکاندا دانی پێدا دەنێ و دەڵێ" سیاسەتی ئابوری نوێ زنجیرەیەک گۆرانکاری بنەڕەتی لە دۆخی پرۆلیاتاریا ،و لە ئەنجامیشدا لە دۆخی سەندیکاکاندا پێک دەھێنێ.


بەشی زۆری ھۆیەکانی بەرھەمھێنان لەدەستی دەوڵەتی پرۆلیتاری دەمێنێتەوە."بەڵام گۆڕانکاریەکان پاشەکشەیەکن "لەوانە بازرگانی و سەرمایەداری ڕیگەپێدراو دەبن و گەشەدەکەن.کاروباری بازرگانی و سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەتەوە ڕیک دەخرێ و لەلایەکی ترەوە دامەزراوە سۆشیالیستی کراوە دەوڵەتیەکان دەبنە سەربەو شیوەیەی پێی دەوترێ خود حساباتی ، واتە پاشکۆی ئەسڵی بازرگانی دەبن.ئەم کارە لە ھەلومەرجی دواکەوتویی فەرھەنگی گشتی و ھیلاکی وڵاتدا بەناچاری دەکێشێتە ئەوەی کە لە زەینی جەماوەردا ئەنجومەنی بەڕیوەبەری ئەم دامەزراوانە دەکەونە بەرامبەر ئەو کرێکارانەی کە لەم دامەزراوانەدا کاردەکەن."٦
ئەم سیاسەتە ئابوریە نوێیە کە دەوڵەت دەکاتە سەرمایەدارێک و لە کارگەدا تاک بەڕێوەبەرێکی سەرمایەدار بەرامبەر کرێکاران دادەنێ ، بێگومان ھەمان واقعیەت لە زەینی کرێکاراندا ڕەنگ دەداتەوە کە ھۆیەکانی بەرھەمھێنان لە دەست سەندیکای زەحمەتکێشان وەک ئۆرگانی ئابوری دەرھێنراوە و دراوەتە دەست تاک بەڕیوەبەرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی.


ترۆتسکی بەرامبەر ئەم سیاسەتە نەک وەک فراکسیۆنی "ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری " نەوەستایەوە بەڵکو "لایەنگری ئەو لە میلیتاریزەکردنی کار گومانی لای بازنەی سەندیکاکان لەسەر دروستکرد."٧


ئەم دۆخەی چینی کرێکاری ڕوسیا لەسایەی "نیپ"دا بۆی ھاتە پێشەوە، لە گەڕانەوەی کاری بەکرێ و تەنانەت بە پارچە و پێشبڕکێ، ھەروەھا نەمانی دەوری سەندیکا و شوراکان و زاڵبونی دەوری تاک بەڕێوبەری حیزبی ، ئەمانە ھەمووی بونە ھۆی ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەپی ناو حیزب کە ترۆتسکی ڕابەری دەکرد لە بازنەیەکی تەسکی حیزبیدا دژی بیرۆکراتیزمێکی حیزبی کە پایەی ئابوری و دەوڵەتی و حیزبی خۆی قایم کردبوو شکست بھێنێ و نەتوانێ ئەو کێشمە کێشە چینایەتیەی لەنێو دەوڵەت و دەزگای نوێی بەڕیوەبردندا ھاتبوە ئاراوە بەرەو فشارێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران بەرێ بۆسەر دەزگای حیزبی و دەوڵەتی بیرۆکراتی و پاشەکشەپێکردنی ئەم ڕەوتە دیکتاتۆریەتە حیزبیەی ستالین و زۆرینەی سەرکردایەتی بەلشەفیەکان نوێنەرایتیان دەکرد.


ھەربۆیە ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەناو حیزبدا و تەنیا لەدژی بیرۆکراتیزمی ستالیندا قەتیس مایەوە و باقی مەنھەجی دیکتاتۆری حیزبی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەبێ ڕەخنە و بەقبوڵکراو دانرا. ھەربۆیە لەکاتێکدا کە ئەم دیکتاتۆریە حیزبیە پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەست کەمایەتیەکی حیزبیدا بوو بۆ بەڕیوەبردنی سەرمایەداری دەوڵەتی ئیتر بیرۆکراتیزم وەک پیویستیەک چ لە حیزب و چ لە کۆمەڵگەدا خۆی سەپاند . شکستی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەم بێ تواناییە فکری وسیاسی و ڕیکخراوەەییەدا بوو کە بتوانێ ببێتە قاڵبی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ڕوسیا بۆ تیپەڕاندنی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دەوڵەتی دیکتاتۆری حیزبی و ھێنانەمەیدانی چینێکی کرێکاری ڕیکخراو لە شورا و کۆمیتەی کارگە و سەندیکا و حیزبێکدا کە پێچەوانەی بەلشەفیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی کاربکا.


بەم پێیە ترۆتسکی و ترۆتسکیزم نەیانتوانی بەدیلێکی جیاوازی کۆمۆنیستی لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی بخەنەڕوو و ھەربۆیە ئەم ڕەوتە زیاتر ناسنامەکەی وەک سێکتێکی دژی کەمپی ستالینیزم و ڕەخنەگری بیرۆکراتیزم و دواتر سەرمایەداری دەوڵەتی دەرکەوت، بۆ نمونە تۆنی کلێف وەک ڕەخنەگرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی بەرامبەر بە دەولەتی سۆڤیەت دەرکەوت، بەڵام لەھەمان قاڵبی ئەنتی ستالینیزمەوە.


ماویزم ھەمان کێشەی ترۆتسکیزمیان ھەبوو کە پەیڕەویان لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دەکرد، بەڵام جیاوازیان لەگەڵ لە سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت ھەبوو. کۆمۆنیزمی ئەوروپاییش ڕەخنەگریان تەنیا لە دیکتاتۆریەتی تاک حیزبی و نەبونی دیموکراسی ھەبوو، بەڵام ھیچ کام لەم ڕەوتانە مۆدیلیکی جیاوازیان لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی نەخستۆتەڕوو.


ترۆتسکی کێشەی دیکتاتۆری ناوخۆی حیزبی خستۆتەڕوو بەڵام ھۆکاری ئەم دیکتاتۆریەتەی لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حیزبیدا پەی پێ نەبردوە. ئەو تەنانەت کاتێک نمونەی راکۆفسکی دەھێنێتەوە، کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی نوێنەرانی گەلی ئۆکرانیابوە و لە دورخراوەکەیدا وتویەتی، "ئەگەر سەیری دەوڵەتی کرێکاری بکەین کە ڕێگە نادرێ بەوەی ئەندامانی حیزبی دەسەڵاتدار کەڵەکەی سەرمایە بکەن دەبینین کە جیاوازیەکان لەسەرەتادا بەھۆی ئیش و کارەوەیە و دواتر دەبێ بە جیاوازی کۆمەڵایەتی، وە من ناڵێم جیاوازی چینایەتی بەڵکو کۆمەڵایەتی." لە لێکدانەوەی دەرکەوتنی ئەم جیاوازیە کۆمەڵایتیە لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا ترۆتسکی بەو ئەنجامگیریە دەگا کە دەڵێ" دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا تەنیا ھەڵوێستی پرۆلیتاریا بەرامبەر بەچینەکانی تر ناگۆڕێ، بەڵکو لەھەمان کاتدا پێکھاتەی ناوخۆیی پرۆلیتاریاش دەگۆڕێ و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتدارێتی بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام ھەوڵ دەدا چارەسەری "کێشەی" کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی بکا، بەوڕادەیەی کە ئەرکەکەی خۆی بە گرنگ دادەنێ."٨


کێشەی ترۆتسکی لەم بەرتەسکیە فکری و سیاسیەدایە ،کە بەلشەفیزمی ھەر لەو لە قاڵبەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دا دەبینی، سەرەڕای کێشەو ناکۆکیەکانی ئەم سیستەمە سۆشیالیستیە دەوڵەتیە لەگەڵ سۆشیالیزمی واقعیدا. بەڵام ھێشتا کێشەکە لە مۆدیلەکەدا نابینێ بەڵکو لە دەرکەوتە زیانبارەکانیدا دەبینێ. تەنانەت کاتێ دەڵێ" بەرنامەی حیزب کە دەرکەوتنی بیرۆکراتیزمی بە نەزانی ئیداری جەماوەر و سەختیەکانی لە جەنگەوە کەتبوەوە لێکدەدایەوە ، چەند ڕاسپاردەیەکی سیاسی ڕوتی پێشنیارکرد بۆ تێپەڕاندنی " تێکدانە بیرۆکراتیەکان"، وەک ھەڵبژاردنی ھەموو بەرپرسان و لابردنیان لەھەر کاتێکدا، وە لابردنی ئیمتیازاتی مادی، و چاودێری چالاکانە لەلایەن جەماوەرە. بڕوا وابوو کە ئەم ڕێگایە وادەکا کە کاربەدەستەکان دەکاتە کرێکارێکی پیشەیی سادە، وە کاتی،دوای ئەوەی دەبێتە سەرۆک، بەمەش دەوڵەت بەرەبەرە ون دەبێ، بەبێ ژاوەژاو.ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شوراکان جێگەی خۆیان چۆڵکرد لەم ماوەیەدا بۆ دەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لەجەماوەر."٩


سەرەڕای ھەموو ئەم واقعیەتانەی کە ئەوەی لە ڕوسیادا زاڵە دیکتاتۆریەتێکی حیزبیە کە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەپارێزێ، بەڵام ترۆتسکی لەبەر تێگەیشتنی لەڕوانگەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە ئەم دەوڵەتە سۆڤیەتیە بە تێکەڵاوێک لە سۆشیالیزم و سەرمایەداری دەزانێ، لەبەرئەوەی موڵکایەتی دەوڵەت بۆ ھۆیەکانی بەرھەمھێنان ھەیە،بەڵام بە شیوەیەکی بیرۆکراتیانە و لە پێناو بەرژەوەندی توێژێکی کۆمەڵایەتی بیرۆکراتدا بەکاردەھێنرێ!ھەربۆیە پێشنیاری شۆڕشێکی سیاسی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دەکا کە ئەم ھەڵە بیرۆکراتیانە ڕاست بکاتەوە کە ستالینیزم دروستی کردوە. ھۆکارێکی تری زاڵبونی ئەم بیرۆکراتیزمەش بە پەیڕەوکردنی تیۆری " جێبەجێکردنی سۆشیالیزم لەیەک وڵاتدا" دەزانێ١٠. ئەمە دەکاتە پاساوی سەرنەکەوتنی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ڕوسیادا. واتە مانەوە لەھەمان مۆدیلدا بەڵام لە ئاستێکی جیھانیدا نەک لۆکاڵدا چارەسەری کێشەکەیە.


بەکورتی سەرەڕای گرنگی دەرکەوتنی ترۆتسکی وەک ڕەخنەگری بیرۆکراتیزمی ستالینی بەڵام بەھۆی مانەوەی ترۆتسکی لەھەمان مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیدا، ئەم ڕەوتە کۆمۆنیستیە نەیتوانی گۆڕانکاری لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بکا و تەنیا وەک ڕەوتێکی حاشیەیی ڕەخنەگر مایەوە و لە ئێستاشدا وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی سەردەم لە بەردەم ھەمان کێشەکانی نەبونی بەدیلێکی تری شۆڕشگێڕانەیە بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری.


لەئاستی ئەنتەرناسیونالیزمیشدا دیسانەوە ڕەوتێکی سیکتاریستی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیوکرێکاریدا ھەبوو لەسەرەتای دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی سێھەم، کۆمێنتێرنەوە ئەمەش بەڕۆشنی دەبینین لە پێشنیاری ترۆتسکی بۆ بانگێشتی کۆمێنتێرن١١


دواتر کە مانیفیستی ئەنتەرناسیونالی سێھەمڕاگەیەندرائەم ڕەوتە سیکتاریستیە دەبینین کە بەشەکانی چینی کرێکار بەبنەما وەرناگرێ و لەسەر بنەمای نزیکی لەبەرنامەی بەلشەفیزم و سپارتاکیستەکانەوە ، واتە ئەو ڕەوتە کۆمۆنیستیەی کە لە جەنگی جیھانی یەکەمەوە لە ئەنتەرناسیونالی دوەم جیابۆتەوە، دەکاتە بنەمای وەرگرتنی حیزبەکان . لێرەدا ناسنامەی ئەنتەرناسیونالی سێھەم بە دژایەتی ئەنتەرناسیونالی دوەم ڕەنگ ڕێژ دەکرێ و باڵی ڕاست و ناوەڕاستی ئەو ئەنتەرناسیونالیستە دەکرێنە ڕەقیبی پلەیەک.١٢


ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانە کە بنەماکانی خەباتی سەرجەم چینەکە و ڕیکخراوەکانی بوو دژی سەرمایەداری بە جیا لە بیروڕای سیاسی جیاواز و تاکتیکی جیاوازەوە. ھەر ئەم سێکتاریزمە تاک ڕەوتیەی کە دەسەڵاتی بەلشەفیەکانی پێ قبوڵە دواتر دەبێتە میحوەری ئەوەی کە لە ئەنتەرناسیونالیزمی سێھەم ھیچ نەمێنێتەوە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا نەبێ.


لە درێژەی ئەم ڕەوتەدایە کە ئەنتەرناسیونالی چوارەمی ترۆتسکیش ئەم ناسنامەیە دەبێتە دژایەتی ستالینیزم١٣و ئەنتەرناسیونالیزم و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەم قاڵبە سێکتاریستیە دەگرێتە خۆ کە تا ئێستاش گروپە ترۆتسکی و مارکسیستی و لینینستی و حیکمەتیستی و ماویستی و ھەموو جۆرەکانی کۆمۆنیزمی سەردەمی پێ دەناسرێتەوە. ئەم قاڵبە بریتیە لە دانانی سنوری تیوری و سیاسی وتاکتیکی گروپ و حیزبە کۆمۆنیستیەکان بە بەرنامە و چوارچیوەی ڕێکخراوەیی لەژێر ناوی نوێنەرایەتی چینی کرێکاردا و باقی چینەکە بە پێی ئەم پێوەرانە دەکەونە دەرەوەی ئەم گروپ و جۆرە حیزبانەوە.


ترۆتسکیزم بەشێک لەم مێژووەی چین و بزوتنەوەی ئێمەیە کە دەرگیری ھەمان گرفت و کێشەی مێژوویی کۆمۆنیزمە. ئەم ڕەوتە جێگای ھەبوە وەک بەشێک لە ڕەوتی ڕەخنەگرانەی سەرمایەداری و بەشێک لەو ئومیدە بوە کە ڕەوتی تێکشکانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر بەرپێ بگرێ بەڵام وەک لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد کە ترۆتسکی ھەمان پێوانەکانی لینین و باقی بەلشەفیەکانی تری ھەبوو لە مەسەلەی دیکتاتۆری حیزبی و سەرمایەداری دەوڵەتی و بەگشتی مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا. بە جیاوازیەکەوە کە ترۆتسکی لەسەر تێزی "شۆڕشی بەردەوام" پێی دادەگرت وەک بنەمایەکی ستراتیژی بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم بەڵام ئەم بنەمایە لە چوارچیوەی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا شتێکی لەبابەتی پڕۆژەکانی چاکردنی سیاسەت و تاکتیکەکانی کۆمێنترن یاخود دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمی لێ دەردەھات کە ھیچ ستراتیژیەکی بۆ شۆڕشی جیھانی چینی کرێکار نەدەدا بەدەستەوە. ھەربۆیە ترۆتسکیزم نەیتوانی ڕەوتێکی نوێی سیاسی و چینایەتی نوێ بھێنێتە ئاراوە کە وەڵامی کەموکوڕیە مێژوویی و تیۆری و سیاسیەکانی بەلشەفیزم بداتەوە بەڵکو درێژەپێدەری بەلشەفیزم بووە تا ئێستا. ھەربۆیە ھەمان کێشەکانی سەردەمی ئێستای کۆمۆنیزم لەم ڕەوتەدا دەبینینەوە.

____________________________________________
سەرچاوەکان:
١-ترۆتسکی، کتێبی "شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ١١.
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch11.htm

٢- ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری "جێنشینی"، فارسی.
https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

٦- هەمان سەرچاوە
٤- پێشنیاری تەواوی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا. لینین . ١٩١٩.
https://marxists.catbull.com/farsi/archive/lenin/works/1919/tarhe-barnameh.pdf

٥- لینین، پێشنیاری یەکەمی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەمەی حیزب سەبارەت بە لادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لە حیزبی ئێمەدا، لاپەڕە ٧٩٠، هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی.
٦- لینین ،"دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە هەلومەرجی سیاسەتی ئابوری نوێدا.,ل٨٢٨،،١٩٢٢،هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی.
٧- شۆڕشی ڕوسیا، ل ٦٤، بەشی ٧، ئاخرین ڕۆژەکانی لینین،ئی ئێچ کار.بەزمانی ئینگلیزی.
٨- ترۆتسکی، کتێبی "شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ٥.
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm

٩- هەمان سەرچاوە ، بەشی ٣.
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch03.htm

١٠- ترۆتسکی، شۆڕشی بەردەوام، شۆڕشی بەردەوام چیە؟ بەشی ٩.
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1930-pr/ch09.htm

١١- ترۆتسکی ، پێنج ساڵی کۆمێنتێرن، بەشی ٢ هەڵوێست سەبارەت بە حیزبە سۆشیالیستەکان.
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/app04.htm

١٢- ترۆتسکی ، مانیفیستی کۆمێنتێرن.
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/ch01.htm

١٣- ترۆتسکی، لە دامەزراندنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمدا، ئۆکتۆبەری ١٩٣٨.
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1938/10/foundfi.htm

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک