په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠٢١

کەشتیی ''ئێڤەر گیڤن'' دڵۆپێکە لە ئۆقیانووسێک لە بازرگانی و لە قازانج!


عەبدوڕەحمان محەمەد  

 

لە بەر بێ ئۆکسجینی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا لە ھەولێر! لە بەر بێکارەبایی کۆمەڵیک نەخۆش گیانیان لە دەستدا لە ئوردن! لە بەر بێ سووتەمەنی لە لوبنان کۆمەڵێک کەس لە سەرما ڕەق بوونەووە! دەیان کەس لە دەریایی ئیجە و ناوەڕاستدا، وویستبوویان بە چوپی تایەی ئۆیۆمبێل بپەڕنەووە گیانیان لە دەستدا! ھەزاران کەس لە ئەوروپا لە بەردەم بانقی خواردەمەنیەکاندا نۆرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی خۆراک! بێ خانەو لانەیەک ئەمشەو لە نێوو کارتۆنێکدا لە سەر شەقامەکەی سەنتەری شار گیانی لە دەستدا!، ئەمڕۆ کرێکارێک بە ھۆی نەبوونی ھۆکارەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەیەکی پێنج نھۆمیەووە کەوتە خوارەووە و مرد! لە بەنگلادیش کرێکارێک دوایی دەرھێنانی لە ژێردارو بەردی کارگە ڕوخاوەکە، بە سەرو چاوی شکاوەوە بەڕێوەبەرایەتی کارگەکە فەرمانی پێکرد، دەبێت دەست بە کار بکاتەووە! پیرێکی بە ساڵاچوو دەگریا، چونکە منداڵەکانی بە خێویان نەدەکرد!نرخی مریشک لە ٢٠٠٠ دینارەوە بوو بە ٤٠٠٠ دینار، بە ھۆی بەرزبوونەووەی نرخی دۆلارەووە لە کوردستان و عێراق! ئەمانەی سەرەووە، مانشیت و تایتڵی زۆربەی ڕۆژنامەکان و سۆشیال میدیاکانی ئەم کاتەیە.


لە کاتێکدا میدیا جیھانیەکان، بۆ تەنھا کەشتیەک، کە بارەکەی نزیکەی دوو سەد ھەزار تەنە٢٠٠٠٠٠، چوارسەد مەتر درێژە، لە کەناڵی سوەیس، لە وڵاتی میسر بە ھۆی ڕەشەبا و تۆزەوە، کابتنەکەی کۆنترۆلی لە دەست داوە و کەناڵەکەی گرتووە ، تا نووسینی ئەم بابەتە زیاتر لە دوو سەد ٢٠٠ کەشتی وا زەبەلاحی بازرگانی ڕێگایان لێگیراووە و ناتوانن بەردەوام بن لە ڕۆیشتن بەرەوو ئەوروپا و بە پێچەوانەشەووە. ئایا لە بواری ئابووریەووە ئەم کەشتیە چەند زەرەر لە ئابووری جیھانی دەدات، ئەمە باسەکەی ئێمەیە:


بە گوێرەی زمانحاڵی سەرمایەدارەکان خۆیان، زەرەری ئەم کەنالە لە کاتژمێرێکدا ٤٠٠ چوارسەد ملیۆن دۆلارە، کە ڕۆژانە دەکاتە نزیکەی نۆ ٩ ملیار دۆلار، ھەروەھا ڕۆژانە تەنھا لەم کەناڵەووە بایی ٥ پێنج ملیار دۆلار کاڵاو شتوومەک لە ڕۆژھەڵاتەووە بەرەو ڕۆژئاوا تێدەپەڕێت، لە ڕۆژئاواووە بۆ ڕۆژھەڵات بایی ٤.٥ چوار ملیار و نیوو کاڵاو شتومەک تێدەپەڕێت!؟ کەشتیەکانی تر دەتوانن بە ڕێگا کۆنەکەی چوار دەوری ئەفریقادا بەردەوامی بە گەشتەکانیان بدەن، بەڵام نزیکەی ١٠٠٠٠ دە ھەزار کیلۆمەتر ڕێگاکە درێژتر دەبیتەوە و کاتەکەیش زیاتر و خەرجی کەشتەکانیش زیاتر! دەرئەنجام نرخی کاڵاکان لە بازەڕەکانی ئەوروپادا ڕوو لە بەرزبوونەووەن، ، بە مانایەکی تر بە کارھێنەر یا ھاوڵاتیانی سادە باجی ئەو ھەموو قەیرانە دەدەن کە لە کەناڵی سوەیس ڕوو دەدات!؟ لەکاتێکدا نزیکەی ٪٨ بازرگانی جیھانی بەم کەناڵی سوەیسەدا تێدەپەڕێت، کە ئاسیا و ئەوروپایی پێکەووە بەستووە بە کورترین ڕێگەی ئاویی! تەنھا داھاتی ووڵاتی میسر لە ڕێگای وەرگرتنی گومرکەووە، ساڵانە نزیکەی ٥ پێنج ملیار دۆلارە لەم کەناڵەووە!


ژمارەی خەیاڵی لە بازرگانی و گومرک و داھات، لە قازانج ، کاتێک باس دەکرێت و دەکەوێتە میدیاوە کە سەرمایەداری دەکەوێتە قەیرانەووە، چونکە لەو کاتەدا ھەر کۆمپانیا و وڵاتێک، دەیەوێت ئەوی تر تاوانبار بکات و باجی ئەو زەرەرانەی خۆی لێ وەرگرێت، چونکە ئەمانە ھەمووی لە لایەن کۆمەڵیک کۆمپانیایی تەئمینەووە، تەئمین کراون. بە پێچەوانەووە، لە کاتی ئاساییدا ھەموو ڕۆژێک باسی زەرەر و قەیرانە، باسی سک ھەڵگوشین و دابەزینی نرخی پارەیە!؟ باسی قەرز و شکاندنی بازاڕە!؟ گریان و لوشکە لوشکی دەسەڵاتدارەکانە، کە بودجە کورتی ھێناووە!


ووڵاتی میسر، کە بە یەکێک لە ھەژارترین نەتەووەکان دەژمێردرێت وھاوڵاتیەکانی زۆرێکیان لە وڵاتانی کەنداو و ئەفریقیا کار دەکەن و خاوەنی گەورەترین ڕاپەڕینن، کە دەسەڵاتی حوسنی موبارەکیان کۆتایی پێ ھێنا، تەماشایی داھات و گومرکەکانی بکە، کە دیارە دەسەڵاتی سەربازی و سەرمایەداری دەسەڵاتدار، ڕێگرە لە بەرەوپێشبردن و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیانی میسر! زۆربەی ئەو کەشتیانە ، بارەکانیان جل و بەرگی وڵاتی بەنگلادشە، خەڵکەکەی لە چ بارودۆخێکی نالەباردا دەژێن! ئەوە بەھارات و خواردنی ھیندی لەولاووە بوەستێت،کە بازاڕ و چێستخانەکانی جیھانی ڕازاندۆتەووە، تەماشایی ژیانیان بکە،کۆمەڵێکیان، کۆمەڵێک موگناتیسی لە خۆی بەستووە، بە ناو زێرابەکاندا دەڕوات، تا موگناتیسەکە، کۆمەڵیک ئاسنی بۆ بگرێت و بیفرۆشێت و بژیت!؟ ئەووە نەوتی عێراق و ئێران، کە بە ملیۆنان لیتر ڕۆژانە تێ دەپەڕێت، لە زستاندا میلەتەکانیان، ئەوەندە نەوتیان نیە ،کە خۆیانی پێ گەرمم بکەنەووە، ئەووە، خەڵکی بێکار و بێ خانەو لانەی ئەوروپی ،کە نۆرە بۆ خواردن دەگرن!؟


کەواتە مافی ئەوەمان ھەیە، پرسیار بکەین، داھاتی یا باری کەشتیەک ئەوەندەیە، ئەی ئەو ھەموو کەشتیە ڕۆژانە، کە بە سەر سۆماڵ و یەمەن و ئەسیوبیا و میسر و ئەریتیریا و سودان و بەنگلادش و ھندستاندا تێدەپەڕن، بەڵام خەڵکی ئەم وڵاتانە، بۆ ڕادەی ھەژارییان و برسێتیان ڕۆژانە ھەر بەرەوە سەرەووە دەڕوات!؟؟


بەری ڕۆژھەڵاتی کەناڵی سوەیس زۆر ھەژارو بەری ڕۆژئاوایی زۆر دەوڵەمەند، کە وەک یەک شتو مەک و کاڵا دەگۆڕینەووە، ئایا ئەوەی لای ئێمە خۆڕاییە یا بێ بەرامبەرە، یا دەسەڵاتدارەکانمان، ناماندەنێ!؟ یاخود داھاتەکانی ڕۆژھەڵات، ھەر دێنەووە بانقەکانی ڕۆژئاوا، چونکە دەسەڵاتدارەکانمان لە خۆیان و پارەکانیان دەترسن!؟ دەیان پرسیاری تر، کە سەدان پرسیارکەر تیرۆر کراون و لە بەندیخانەکان توندکراون! بەڵام تا چینی کرێکار و زەحمەتکێش مابێت، ئەو پرسیارە قەدەغەکراوانە، ھەر دەپرسن، نەوە لە دوایی نەوە بەردەوامی دەبێت، تا وەڵام وەردەگرنەووە و خاوەن ماف مافی خۆی وەردەگرێت. چونکە ئەم ژیانە، یا یاسا کۆمەڵایەتیە چەواشەکارە. وەک ھەموو شتەکانی تری سروشت، پێویستی بەوەیە، کە ھاوسەنگی خۆی وەرگرێت وبگەڕێتەووە سەر ئەو کاتەی کە چین و توێژەکان بوونیان نەبووە، بەڵام ئەم جارەیان ھۆشیارانە وبە یاسا و ڕێسایی مرۆڤایەتی، بۆ کۆتایھێنان بەم نا دادپەروەریە، کە ئەم ھەموو ئیمکاناتە ھەیە، بەڵام کۆمەڵێک ،ھیچ کەڵکی لێ وەرناگرێت!


کەشتیەکان پڕ کاڵان، دەریاکان و ئۆقیانووسەکان پڕ کەشتین، بەڵام، گیرفانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشە بێ پارەیە، گەدەیان بەتاڵە، منداڵانیان بێ شیرن، بە تەمەنەکانیان بێ خەڵوەتگەی پیرین، منداڵەکانیان بێ قوتابخانەن، نەخۆشخانەکانیان بێ ئۆکسجین و کارەبان، سفرەیان خاڵیە، کرێچی و بێ خانە و لانەن.

 

٢٧\٣\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک