کهسپهرستن
گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتنى کۆمەڵگا.
ئیسماعیل عهبدولڕەحمان
کهسپەرستن ماناى خۆشویستنى لەڕادەبەدەرى کەسێکە لەلایهن میللەتەوە،
دیار و ئاشکرایە
خۆشویستن بۆ هەرکەسێک ڕەوایە بەو مەرجەى ئەم کەسە شایستەى ئەو
خۆشویستنە بەرزە بێت ، دیارە لە گۆمەڵگاى مرۆڤایەتى چەندین جۆر کەس هەن
بەهۆى خزمەتێکەوە خۆشەویستى میللەتەکەیان بەدەست دێنن، وەک ئەوکەسانەى،
دەبنە شۆڕشگێڕ، یان زاناى بوارێک، یان ، شاعیر ، گۆرانى بێژ ،
هونەرمەند، مێژوونووس ، .......هتد لەو جۆرەکەسانە کەسى شۆڕشگێڕو
سەرکردەى شۆڕشگێڕ لەهەموویان زیاتر خۆشەویستى میللەت بەدەست دێنن،
چونکە کاریگەرى شعرو سروود و گۆرانى و میژونوسین و.....هتد ، هەمووى
بەندە بە شۆڕشى ڕزگارىخوازى گەلەوە ، بۆیە بۆ میللەتیش ڕەوایە سەرکردەى
شۆڕشگێڕى خۆى خۆشبوێت تاکو ئەوکاتەى گیانى شۆڕشگێڕى تیا دەمینێ نەک
تاکو مردن چونکە مەرج نییە سەرکردەى شۆڕشگێڕ لەسەرەتاى شۆڕش و لەناو
گەرمەى شۆڕش و لەسەرکەوتنى شۆڕشدا لەیەک ئاست بمینێ ، چونکە جارهەبووە
لەدواى سەرکەوتنى شۆڕش سەرکردەى شۆڕشگێڕ نەیتوانیوە گیانى شۆڕشگێڕى خۆى
بپارێزیت بۆیە دواى سەرکەوتنى شۆڕش بۆتە ناپاکى گەل و نیشتیمان و دوایش
هەر ئەو گەلەى خۆشیان ویستوە هەر ئەو گەلەش تف و نەفرەتیان لێکردوە ،
بۆیە زۆر گرنگە میللەت بەئاگابێت لە گوتارو کردارى سەرکردەى تابزانى
ئایا سەرکردەکەى گیانى شۆڕشگێڕى تیاماوە یان نا؟
گەر سەرکردە گیانى شۆڕشگێڕى تیا نەمینێت و میللەتیش هەست نەکات و
بەردەوام بێت لەگوێڕایەڵى و خۆشویستنى سەرکردە ئەوە گەورەترین کارەساتە
بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە و خاوبونەوەى ڕیسەکەى شۆڕش ، بۆیە گرنگ و
پێویستە لەسەر هەموو تاکێکى میللەت بەگشتى و خەڵکانى بەئاگاو
خوێندەوارو ڕۆشنبیران بەتایبەتى هەست بەخاوبونەوەى شۆڕش بکەن و بزانن
بۆ لەدواى قوربانیەکى زۆرو زەوەندا دەسکەوتەکانى شۆڕش ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو
نادیارى و نایەکسانى و ناعەدالەتى دەچێت و بۆ بۆهەندێک خەڵکى نزیک
سەرکردە تەڕەى وەرزى بەهارەو بۆ هەندێکیش کە لە دوورى سەرکردەن وەرزى
پایزى گەڵا ڕێزانە ، ئایا ئەوپەڕى دەبەنگى نییە هەست بەبوونى دوو وەرزى
لەیەک کاتى وڵات نەکەین ، ئەى هەر قسەى دوو وەرزى پایز و بەهارى
سەرکردە نییە ڕۆژێک دەڵێت بیانکوژن و دەریان کەن ئەوانە بابەلباب
ناپاکى گەل و نیشتیمانن و ڕۆژێکیش ستایشی دوازدە پشتى شۆڕشگێڕیان دەکات.
ئایا کاتى ئەوە نەهاتوە بەخۆشەویستیمان بۆ سەرکردەکان دابچینەوەو
بزانین ئایا سەرکردەکانمان گیانى شۆڕشگێڕیان تیاماوە یان نا؟ گەر ماوە
کەى خەسڵەتى سەرکردەى شۆڕشگێڕە ناعەدالەتى و گەندەڵى و جیاکارى قهبوڵ
بکات؟ گەر سەرکردەش ئەم خەسڵەتەى تیابێت لەناو زهلکاوى خیانەت و
ناعەدالەتى وڵاتدا بێباکانە پاڵداتەوە و بەتەنگ مەینەتیەکانى گەلەوە
نەبێت ، ئەى پێویست نییە میللەتیش بەئاگابێتەوە و بزانێت ئەم
خۆشەویستیەى بۆ سەرکردەکەى هەیەتى ئێستا کاتى بەسەرچووە ، بۆیە پێویستە
گەل بزانێت خۆشەویستنی سەرکردە لەگەڵ گیانى شۆڕشگێڕیەکەیەتى نەک لەگەڵ
لاشە و ڕوخسارى میکیاجکراو و دەنگى دوو وەرزى سەرکردە ، چونکە
مەینەتیەکانى میللەت بەو جۆرە سەرکردانەوە بەندە .
ary_esmail@yahoo.com
|