٢٧\٧\٢٠١٠
کەواتە
تەنهام.

تەیب قادر
هەموو شتێکم هەیە
دەلاقەی ماڵ
گیرفانی ڕۆیشتن
فەخوری گەڕانەوە
گڵاسی پشوو
فەرشی سڵاو
شەربەتی هاوڕێیان
ترێی شەو
هەفتەی سێبەر
باخچەی نارنجی
ئەوەی نیمە گوێ گرتنە لە گۆرانی ژن
کەواتە تەنهام.
هەموو شتێک دەبینم
ڕۆیشتنی با
بۆنی پیاسە لە زۆر دوور
ڕەنگی پێش منداڵیم
سەفەری گەورەبوونی هەنجیر
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ژنە
کەواتە تەنهام.
ژنێک پرچی لە تەمەنی درێژ تربێ
ژنێک چاوی لە بینینی گەورە تربێ
ژنێک بەژنی لە یەک سەعاتە ڕێ درێژ تر بێ
ژنێک دڵی لە سینگی گەورە تربێ
ژنێک جوان جوان گەسک لە خەم بدا
ژنێک هەموو ڕێگاکانی بۆلای من بێ
ژنێک
دەنگی پیاسەی
ڕەنگی خەونی
چرای چاوی
هەموو ڕێگاکانی بۆلای من بێ.
ئەوەی نیمە گوێ گرتنە لە گۆرانی ئەو
ئەوەی نایبینم نیگای تیژی ئەوە
هیچ لە ڕێگاکانی نایەتەوە لای من
کەواتە تەنهام
زۆر
زۆر.
27\6\2010
- هەولێر
taibeqadir@gmail.com
|