په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١١

کێ خاوەنی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە؟!
- لە پەراوێزی قسەکانی نەوشیروان -

سەلام عەبدوڵا  


هەموو حکومەت و حزب و سەرۆکەکانی ئەم سەرزەوییە، هەر لە ئۆباما تا خامەنەئی، لە پاشا سعودیە تا بەشار ئەسەد و مێرکل و بەرلسکۆنی...هتد) خۆیان بە دادپەروەر دەزانن و نەوشیروان وەک هەموویان دەڵێ(خوای گەورەو گەلەکەمان پشتیوانمانە).


بەهۆی قەیرانی سەرمایە و حکومەتە تەکنۆکراتەکانی و بازاڕە گرانەکەی و گیرفانی گەندەڵی بەرپرسە حزبی حکومەتەکانی، بووە بە هۆی راپەڕین و ناڕەزایەتی یەک لەدوا یەکەکانی ژێردەستەکانی جیهان. لەم ناوەڕاستە گەورەترین گاڵتەجاڕی بەناو(خودا و دیموکراسی)بە هەژارەکان دەکرێ: خودا لەباشترین حاڵەت هەمیشە پشتیوانی لایەنە بەهێزەکان بووە، دیموکراسیش وەک شێوەی دەسەڵاتداری سەرمایە، بەخۆی هۆکاری قەیرانەکەیە و بووە بە زامنی زۆرداری و جەنگەکانی! قسەکەری سەرمایەی ئەمریکی(ئۆباما)بەخۆی لەناو کێشەی قووڵی بێکاری، گرانی و لانەوازی ملیونان مرۆڤی وەڵاتەکەی و گەندەڵی و ناعەدالەتی حکومەتە تەکنۆکراتەکەی غەرق بووە، کەچی وەک"فریادڕەس"لەبارەی تونس و میسرو جیهان لێدوانیدەدا و بەهەمان شێوە قسەکەرانی حکومەتی پەت و سێدارەی ئیران یان رەگەزپەرەستێک وەک ئۆردۆگان و سەرۆک حکومەتەکانی تر.


هەموو ئەو مرۆڤکوژانە، خاوەن کەرت و موڵکایەتی تایبەتی جۆراوجۆرن، بەڵام لەپێناو تەفرەدان وگێلکردن و لەخشتەبردنی ژێردەستەکان زاراوەی سیحراوی(عەدالەتی کۆمەڵایەتی) بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی پێمان بڵێن مەبەستیان لەو زاراوەیە چییە و چۆن جێبەجێی دەکەن.


رەخنەگرتن لە حکومەتی هەرێم پێویستی بە هونەرو زانستییەکی گەورە نییەو لەراستیدا کێشەکە لێرەدا نییە، بەڵکو ئێمە دەبێ بزانین چی بە رەخنەکانمان بکەین و ئەزموونەکەمان بەرەو گوێ ببەین.


گۆڕان گرفتاری درووشم و بۆچوونی بەسەرچوو بووەو رەخنەی جددی لە سیستێمی حوکمڕانی نییە. هەموو کێشەی خەڵکی کوردستان هێناوەتە ئاستی گەندەڵی، بەمەرجێک ئەمە تەنها یەک خاڵە لە زنجیرەی کارەساتی سیستێمی ئابووری سەرمایەداری!


((ئەگەر کارمەند و وەزیرەکان گەندەڵ نەبن مانای ئەوە نییە عەدالەتی کۆمەڵایەتی چێ دەبێ و هەر ئێستا بە سەدان و هەزاران کارمەندو وەزیر و بەرپرس هەیە کە کەندەڵ نین.))


گۆڕان ئێستاشی لەگەل بێت لا لە رەخنە لە سیستێمی سەرمایەداری ناکاتەوەو تەنها بەس بە هەندێ درووشم(قاوخ)ی مەسەلەکان دەکات. عەداڵەتەکەی گۆڕان لە ریکلامکردن بۆ بازرگانی حکومەتی لەسێدارەدانی ئیران و کۆمپانییەکانی تر کۆتایی پێدێت و پێویست بەوە ناکات پێمان بڵێن(بە پارەی ریکلام هەندێ لە خەرجییەکانمان پڕدەکەین)...زۆر رۆژنامە، گۆڤار و کەناڵ هەیە بەبێ ئەو بازرگانییە قیزەوەنە، خۆیان بەرێوەدەبەن و بوون بە پڕفرۆشترین رۆژنامە!


گوێ لە غزرائیل بگرن...دوا قسەکەی نەوشیروان!


بەکورتی: ئەوەی عزرائیل بە برادەرەکەی وت، نەوشیروان بە پارتی و یەکێتی دەڵێ: گیانی دراوسێی ئەم و ئەولاتم کێشا(میسر و تونس) و دەبێ بەخۆت بزانی کە نۆرەی تۆ هاتووە!


سۆسیالیزم غائیبە!


هەموو هاواری گۆڕان و نەوشیروان ئەوەیە حکومەتێکی تەکنۆکرات دابمەزرێ!


ئایا بەگوێرەی ئەزموونی تەکنۆکراتەکان لە وڵاتانی جیهان، توانیویانە چەوسانەوەو هەژاری لەناو ببەن؟ ئایا دەبێ ئێمە لە کوردستان چ پەندێک لە دەسەڵاتە تەکنۆکراتەکان وەربگرین؟! ئایا هاتوهاواری گۆڕان دەتوانێ کێشەی هەژاران چارەسەر بکات؟


ئەمەیە گاڵتەجاڕی بە جەماوەری خەڵکی کوردستان...ئەمەیە رێگای پوچەڵکردنی مافی رەوای جەماوەر...ئەمەیە جەواشەکاری، گەوجاندن و گێلکردنی خەڵک!


پوچەڵی بزووتنەوەی گۆڕان!


ئیمڕۆ نەوشیروان بەڕوونی مەبەستی گۆڕانی باس کرد و حاڵی بووین کە بە مانای روخاندنی ئەزمونی وڵاتانی سۆسیالیستی بەکاردەهێنن و تاقە وشەیەکی بەکارنەهێنا بۆ تاقە رەخنەیەک لە رژێمی وەحشیگەری سەرمایە....ئایا ئەگەر بزووتنەوەیەک بەم شێوەیە بیربکاتەوە دەیەوێ عەدالەتی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات؟! ئایا روخاندنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئۆروپا چی لێ سەوز بوو؟ ئایا لەوێش دووبارە ناڕەزایەتی و راپەڕین و بەرگری دەستی پێنەکردووە؟


دەبێ بەشخوراو چەوساوەکانی کوردستان لە بۆچوونەکانی نەوشیروان و"رۆشنبیرەکانی"گۆڕان و نیاز و مەبەستیان باش تێبگەن و خۆیان و ناڕەزایەتییە رەوا و مرۆییەکەیان نەکەن بە قوربانی بزووتنەوەیەک پێشوەخت وەک حکومەتەکانی پاش روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتی ئۆروپا بیردەکاتەوەو کار بۆ حکومەتی تەکنۆکراتی سەرمایەداری دەکات کە بەکردەوە دژ بە ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتین و پارێزەری تەواوی دیاردەکانی گەندەڵی، بێکاری و چەوساندنەوەن: ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی خاوەنی خۆی هەیە!


هیچ جارێک ئەم رەوتە کە دەم لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکوتێ، باسی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی نەکردووەو وەک بڵێی سوێندیان خواردووە ناوی گوم بکەن.
ئایا عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بەبێ سۆسیالیزم بوونی هەیە؟


ئایا ئازادی بەبێ کارو خزمەت و ئەرکی ژیانی هەرەوەزی مانای دەبێ؟َ


بە کورتی: وڵامی سەرڕاستانە بۆ بارودۆخی ئیمڕۆ نە ئەوەیە کە گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو کاری لەسەر دەکەن و نە ئەو بەڵێن و خیتابانەیە کە حکومەت دەیڵێتەوە.


هەر لایەنێک بییەوێ گەندەڵی، بێکاری، جیاوازی بۆگەنی چینایەتی، گرانی لەناوببات و بەڕاست وه‌فاداری بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیان بنوێنێ و ئەزموونەکەمان بەرەو پێشەوە ببات و بە کردەوە ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزێ، دەبێ هەنگاوە سەرەتاییەکانی جیهانبینی و کرداری عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بە مانا سۆسیالیستییەکەی پەیڕەو بکات، بەمەرجێک سوود لە هۆکارەکانی روخاندنی وەربگرێ، بە پێچەوانەوە ئێوە هەر کێیەک بن، تەنها تەفرە بە خەڵکی هەژار دەدەن و تەنها زیقوزاقی دەسەڵات و پارەو چاوچنۆکی دەکەن و ئیمڕۆبێت یان سبەی دەکەونە بەر نەعلەت و نەفرەتی چەوساوەکان و، مێژوو رەحم به‌ کەس ناکا.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا