په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٣\٢٠١٠

کەی هاوکارانم قەرەبوو دەکرێنەوە؟


ئاوات عەلی*


سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لەڕۆژنامەنوسان لەمانگی ڕابردوودا ئەوپەڕی توانای خۆی خستەگەر لەپێناو چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەریء ئەو بەربەستء لەمپەرانەی کەدەکەونە بەردەم کاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەنوسان، چەندین شێوازی پێشێلکاری تۆمارکران بەتایبەتیش لەکاتی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی و گشتیدا.


لەو 45 حاڵەتی پێشێلکارییەی کەسەنتەرى میترۆ تۆماریکردوون حاڵەتەکانی، ڕێگرتن لەڕووماڵکردنی پرۆسەی دەنگدان، دەستبەسەرداگرتنی کامێراو میمۆری و سڕینەوەی وێنە، بێ گومان لەهەندێ حاڵەتیشدا شکاندنی کامێرا، یان پەکسختنی بەشێکی کامێرای ڕۆژنامەنوسان لەو هێرشانەدا ڕویانداوە.


ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا سەرنجی سەنتەرو دەزگا بەرپرسەکانی بۆ رابکێشین حاڵەتەکانی شکاندنی کامێرا، یان پەکسختنی بەشێکی کامێرای ڕۆژنامەنوسانە کەپێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە سەنتەری میترۆ یان ڕۆژنامەنوسان خۆیان داوای قەرەبوکردنەوەیان بکەن.


بەشێکیش لەڕۆژنامەنوسان وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن لەکاتى پروپاگەندەى هەڵبژاردندا کامێراکانیان لێسەندراوە، بەڵام تا ئێستا کامێراکانیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەمەش دەبێت لەلایەن دەزگاکانى ئاسایش و پۆلیسەوە بەدواداچونى بۆ بکرێت بۆ دۆزینەوەى ئەو کامێرایانە.


ئەگەر یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان بکەینە مەحەک ئەوا بەپێی بڕگەی پێنج لەماددەی حەوتەمی ئەو یاسایە «هەرکەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سوکایەتی بەرۆژنامەنوس بکات، یان دەستدرێژی بکاتەسەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێک لەکاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی دانراوە.».


پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تا ئێستا چ دەزگایەک لێپێچینەوەی لەو کەسانە کردووە کەهەستاون بەسوکایەتیکردنء هێرشکرنە سەر رۆژنامەنوسان؟ کوا ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەى بەرامبەر بەهێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان ئەنجامدراوە، وەک لەیاساکە هاتووە بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی رووبەڕووی بۆتەوە؟
سەنتەری میترۆ کارێکی باشیکرد کە هەندێک لەو ڕۆژنامەنوسانەی بردە ناو ئەو دەزگایەی کە بەهێرشبردنە سەر ڕۆژنامەنوسان تۆمەتبارن، کەتیایدا داوایکرد ئەو کارانە ئیدانە بکرێتء لیژنەیەکی بە دواداچونیش دابنرێت.


بەڵام پێم وایە ئەم داخوازیانە کەمن ء دەکرا لە پاڵ ئەو داخوازیانەشدا، داوای قەرەبووکردنەوەی بۆ ئەو رۆژنامەنوسانەش بکرێت کەبەهۆی هێرشی کارمەندانی ئەو دەزگایەوە کامێراکانیان شکاوە یان بۆتە هۆی پەکسختنی بەشێکی کامێراکەیان.


ئەگەر ئەو ڕۆژنامەنوسانە کە داوای ڕەسمی لە دادگا تۆمار دەکەن بەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژیء بێ یاساییەی بەرامبەریان کراوە، دەبێ لەناو ئەو داوایانەدا مافی قەرەبووکردنەوەیان پارێزراو بێت بە تایبەتیش ئێمە چاک دەزانین کە کامێرا چەند بە زەحمەت پەیدا دەکرێت چەندی دەوێتء لەکاتء پارە تا دابیندەکرێت.
__________________________
* ئەندامى بۆردى سەنتەرى میترۆ.