په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠٢٥

کچـە چالاکـوانی کورد ژینـا مـودەڕیـس گـورچی.


رەزا سـاڵح       


ژیـنـا مـودەڕیـس گـورجـی، کـچـێکی ناسـراوی کـوردە. خـەڵـکی شـاری (سـنە) یـە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان. نووسەر و رۆژنامەوان و تێکۆشەر و چالاکوانێکی سەرسەخت و چـاونەتـرس و بەناوبـانگی مافـەکـانی ژنـانە، لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان و لە ئێـران.


ژینا مودەڕیس، خوێندکاری زانکۆ بـوو. خاوەنی کـتێبخـانەی (ژیـرا)یە لە شاری سنە.

ژینـا مـودەڕیس گـورجی، نـاوی چـووە لیستی (١٠٠) ژنـانی چالاکـۆنان و تێکـۆشەر و کـاریـگەری جـیهـانەوە، کە مـۆرپـەنجـەیـان لـە گـۆڕانـکاری دیـارە. وەکو چـالاکـوان و داکۆکـیکار لە مافـەکـانی ژنـان و لە دژی تـاوانی تـونـدوتـیژیی دەرهـەق بە ژنـان و لە دژی پیـاوسالاری و دەستـدرێـژی سێکـسی. لە لیـستی ساڵی پاردا (٢٠٢٤) ناوی ژینا مـودەڕیـس گـورجی، لـە ریـزبـەنـدیی (١٤) مـیـنی ئـەو لـیـستە دایـە.


هەروەهـا کچـە چالاکـوانی کـورد، نادیـە مـوراد، بـراوەی خەڵاتی نـۆبـڵی ئاشتیی ساڵی (٢٠١٨) کە یەکەم کوردە خەڵاتی نـۆبـڵی بردەوە. ناوی لە هەمان لیستی (١٠٠) ژنی جیهـانی، ساڵی (٢٠٢٤) دایـە. نـاوی نادیـە مـوراد، لە ریـزبەنـدیی (٤٧) میـن دایـە. ئەمەش شانـازییە بۆ گـەلی کوردمـان کە دوو کـچی چالاکـوانی کوردمـان لەو لـیستەدا ریـزبەنـدی کراون. هـیوادارم لە لیستی (١٠٠) ژنـانی ئەمساڵیشدا (٢٠٢٥) دوو ژنی تـری کـورد، نـاویـان لە ریـزبـەنـدی ئەمساڵـدا بـن. چـەنـدیـن کـچ و ژنی چـالاکـوان و تێکـۆشەرمان هـەیە، کە لە جـیهـانـدا ناسـراون و ناوبانگـیان هـەیە. شایـەنی ئەوەن، کە لـەم لـیـستەدا تـۆمـاربکـرێـن.


ژینا مودەڕیس گورجی، بە هـۆی تێکۆشان و چالاکـییەکانی و داکۆکیکردنی لە مافەکانی ژنـان، رووبەڕووی ئاستەنگی و بەرۆکگـیری و لـێـدان و جوێنـدان و سوکایەتیکـردن و بەنـدکـردن و ئەشکەنجـەدانی جەستەیی و دەروونی بـووەوە. بەڵام هـەمـوو دڕنـدەیی و کردارە قـێزەوەنانەکانی، رژێمی پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێـران، نەیانتوانی و ناتـوانـن، وا لە تێکـۆشەرێکی خـۆڕاگـر و کـۆڵـنەدەری کوردمـان، وەک ژینا مودەڕیس بکەن، کە چۆکـیان بـۆ دادات و ملکەچـیان بێـت و دەست لە خەبـات و لە چالاکـییەکانی هەڵبگرێت. بە پێچەوانەی خواستی داگیرکەرکەری رۆژهەڵاتی کوردستان، ژینا گورجی، زیـاتر سووربـوو لەسەر چـالاکـییەکـانی و درێـژەدان بە خەبـات و بە گەیـانـدنی پەیـامە مـرۆییەکـانی و رووبـەڕووبـوونەوەی تـاوانـەکـانی رژێـمی دیکـتاتـۆریی ئـیران.


رژێـمی ئاخودی ئێرانی، چەند جارێک، ژینا مودەڕیسییان خستە ژووری تەسکی تاکە کەسی و گـۆشەگـیریی، لە گـرتـوخـانەی سـنە و هـەمـەدان. ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیان دەدا. لە دادگـایی کـردنێکی نادادپـەروەریـدا، بـڕیـاری مـاوەی (٢١) ساڵی زیندانـیکـردنیان بە سەریدا سەپـانـد. بە کـۆمەڵـێک تـاوانی هـەڵـبەستراوی بێ بنـەما تاوانبـاریـان کـرد. لـە دوای تـانـەلـێـدان لـە بـڕیـارەکـانی دادگـا و تـێهـەڵـچـوونـەوە و پیـداچـوونەوە و داکـۆکـیکردنی پارێـزەرەکـانی و سەلـمانـدنی بێتاوانیی لەو تاوانانەی خستـوویـانـەتە پـاڵی. مـاوەی زینـدانـیکـردنی، لـە (٢١) سـاڵـەوە، کـەم کـرایـەوە بـۆ مـاوەی (٢) سـاڵ و (٤) مانـگ.


(قـانع) ی نەمر کە لە ساڵی (١٩٦٣) دا، خۆی وریای کوڕی لە تاران زیندانی دەکرێن، لە هـۆنـراوەی (لە بەندیخانەدا). ئەم چـوار دێـڕەمان لەو هـۆنـراوەیەی هەڵـبژاردووە:
بــیـری ئـازادیــــم لـە زیـنــدانـا فــــراوانــتـر ئــەبێ
قـوڕ بەسـەر ئەو دوژمنە هـیوای بە بەنـدیخـانـەیـە
چـاوەڕوانی شــۆڕشـــێکـم عـالــەمێ رزگـــار بــکـا
مـیـللـەتـم بـۆ ئـەم مەبەســتە کـردەوەی شـێرانـەیـە
چـەکی شۆڕشگـێڕی مـن نووسـین و بیـر و باوەڕە
راپەڕینـە، هەڵـمەتە، پـڕ لە نەعـرەتەی کوردانەیـە
گـەر بـە ئــــازادی نـەژیــــــم خـــەڵاتـە بـۆ لـەشـــم
نـۆکـەری و سـەردانـەوانــدن کــاری نامـەردانـەیـە

مامۆستای زمـانی کوردی (زارا محەمـەدی) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان، کە لەسەر ئەوەی خۆبەخـشانە زمانی کوردیی بە کۆمەڵێک منـداڵانی کورد دەوتەوە. رژێـمی رەگـەزپەرستی ئـێران، کە بـۆ زینـدانی کـردن بـردیـان، مامـۆستا زارا محـەمەدی، لەبەردەم دادگای شاری سنەدا، لەنێو ئاپۆڕای دڵسۆزانیدا، بە زەردەخەنەوەیەکەوە، وتی: " قـوڕ بەسـەر ئـەو دوژمـنـەی هـیـوای بە بەنـدیـخـانـەیـە". ئەم نیوە دێڕە هـۆنراوەیەی قانع بوو هەوێنی چەندین هـونراوە و پەخشان و وتار.


بەشـێک لە چالاکـییەکانی ژینـا گـورجی:


١ـ لە سـاڵی (٢٠١٩) دا، لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان، رێکخـراوی (ژیـڤـانـۆ) ی ژنـانی دامـەزرانـد. کـە هـەڵگـری ئایـدۆلـۆژیای فـیمـیـنـیـستە. ئـەم رێـکخـراوەیـە بارەگـای لە شاری سـنەیە لە رۆژهـەڵاتی کوردستان. لە رێگەی پـەروەردە و چـالاکی و پـشتیوانی، سەرسەختانە داکۆکی لە مافەکانی ژنان و لە مافە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کچان دەکـات. بەرەنـگاری تونـدوتیـژی دژی ژنـان و پیـاوسالاری دەبـێـتەوە، لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان و لـە ئـێران. ژیـڤـانـۆ دڕکـێکی تـیـژە لـەسـەر دڵ و لەنـاو چـاوانی رژێـمی فـاشیستی پیاوسالاریی ئێـران. لە دادگـاییکـردنی ژینـا گـورجی، تـۆمەتی ئەوەیان دایە پاڵي، کە دامەزرێنەری ئەم رێخراوەیەیە، رژێم وا تێدەگەن، کە ئامانج و دروشمەکانی ژیـڤـانـۆ وێـرانـکەر و تـێکـدەرانـەن و بـۆ رووخـانـدنی رژێـمی ئێـران دامـەزراوە.
٢ـ ژیـنـا گـورجی، ئـەنـدامی کەمـپـیـنی کـۆکـردنەوەی یـەک مـلـیـۆن واژوو بـوو. بۆ ریـفـۆرمی یاسـای ژنـان لە ئـێـرانـدا.
٣ـ ژیـنا گـورجی، تێکـۆشـەرێـکی سـەرگـەرم و دیـاری بـزووتـنەوەی شـۆڕشی ژنـان (ژن ، ژیـان ، ئـازدی) بـوو، کە لە رۆژهـەڵاتی کوردستان. و لە سەرانسەری ئـێران، دوای جـوانەمەرگ کەردنی کچە کوردی بـێتاوان (ژینـا ئەمـینی) کە بـۆ یەکەمجـار لە شاری سەقـزی رۆژهەڵاتی کوردستان، شوێنی لە دایک بوونی ژیا ئەمینی، لە رۆژی (١٦/ سێـپتەمبەر/ ٢٠٢٢) سەرهـەڵـدا و دوایی بـوو بە راپەڕینێکی سەرتاسەری و هەموو شارەکانی رۆژهـەڵاتی کوردستان و ئێرانی گـرتەوە. بەڵکو لە پایتەخـت و لە شارە گەورەکانی گەلێ لە وڵاتـانی جیهـانیش، رەونـدی کورد و بیانیش، خۆپێشاندانی ناڕەزاییان سازکرد و سەرکۆنەی رژێمی ئێرانیان کرد، هەمو جیهان سەرکۆنەی ئەم تاوانەیان کـرد. رژێـمی تایـفی و رەگـەزپەرستی ئێـرانی، بە تـۆمەتی روومـاڵکـردنی ئەم خۆپێـشانـدانە ناڕەزایـیانـە، ژینا مودەڕیس گورجـیان گـرت و ئەشکەنجـەیان دا.


٤ـ ژینـا مـودڕیس، لە چەنـد کـۆنـفـرانـسێکی نێودەوڵەتی، کە لە دەرەوەی کوردستان سـازاکـرا، بەشـداریی کـرد. لە چەنـد کەنـاڵـێکی تەلەڤـزیـۆنی دەروەی کوردستانـیش، دیمان و گـفـتوگـۆیان دەربارەی چالاکـییەکانی و داکـۆکـیکردنی لە مافـەکـانی ژنـان لە رۆژهـەڵاتی کوردستان و لە ئێـران کـرد. چەنـد وۆرکـشـۆپـێکـیشی سازکـرد. رژێـمی ئـێرانی، ئەم بەشـداریکـردنانەی ژینای کـردوونە بە تـۆمـەت و سـزایـان دا.


٥ـ ژینا مودەڕیس کتێبخانەکەشی (ژیـرا) ببوو بە ژوانگەی کچان و ژنانی رۆشنبریی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سنەی ناوەنـدی هـونـەر و ئـەدەبی رەسـەنی کوردی. بۆیـە رژێـمی ئـێرانی بە بیانووی ئەوەی. کە ژینا پاڵاپـۆشی ئیسلامیی نەپـۆشـیـیەوە، کـتێـبخـانەکەیـان بـۆ ماوەیـەک داخـست و خـۆشـیان دەستبەسەر کـرد و ئەشکەنـج و ئازارێکی زۆری جەستەیی و دەروونی زۆریان دا، سووکـایەتییەکی زۆریان پێـیکرد.

ئەو تاوانـانەی خـرانە پـاڵ ژینا مـودەڕیس گـورجی:


١ـ ژینا مودەڕیس، بۆ یەکەمجار، لە رۆژی (٢١/ سێپتەمبەر/ ٢٠٢٢ ) دا، بە تـۆمەتی ڕووماڵکـردنی ئـەو ناڕەزایەتییانەی کە لە دوای جـوانەمەرگ کردنی (ژینا ئەمـینی) کە لە ژێر دروشمی (ژن ، ژیان ، ئازدی) لە سەرتاسەری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران بڵاوبووەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە، لەلایەن هـێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە شەقـامی (سەفـەری) ی شاری سـنە دەستگـیرکـرا.
دوای لێدان و سـوکایەتی پـێكردن و و جوێنی پیس، چاویان بەستنەوەی، دەسـتبەسەر کـرا و خـرایە (ناوەنـدی چاکسازی و پەروەردە) ی بەندیخانەی شاری سنە. لە دوای (٤٢) رۆژ دەستبەسەرکـردنی، بـە دانـانی بارمـتەی یـەک ملیـار تـومەنی ئـێرانی، بە شێوەیەکی کاتی ئازادکـرا. بەڵام دوای ئەوەی کە تـۆمەتی تـریان بـۆ زیادکـرد، دانانی بارمتەکەیـان بـۆ (١٠) ملـیـار تـومەن بەرزکـردەوە.
٢ـ بـۆ جـاری دووەم لەلایەن هـێزە ئەمـنییەکـانی ئێـرانەوە بە تـاوانی رۆماڵکـردنی خۆپـێـشاندانە ناڕەزایەتییەکـان، کە لە رۆژی (١٠/ نیسان/ ٢٠٢٣). لە سنە، لەنـاو کـتێبخانەکەی دەستگیرکـرایەوە و بۆ ماوەی (٨٤) ڕۆژ دەستـبەسەرکـرا. خـستـیانە بەندیخانەی ژنـان لە سنە. دوایی ئـەو ماوەیە، بە بارمتـەی (٥٠) ملیار تـومەن، بە شـێوەیەکی کـاتی ئازاد کـرا.
٣ـ خاتـوو ژینا مودەڕیس، لە ماوەی نێـوان ئەو دوو دەستبەسەرکردنەیدا، هەمیشە لەژێـر چاودێری و فـشار و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەریدا بوو.
٤ـ تاوانی بڵاوکردنەوەی( پـڕوپـاگەنـدە) لە دژی رژێـمی ئـێران و هـانـدانی خەڵکی بـۆ تونـدوتیـژی.
٥ـ تـاوانی (چـاوپـێکەوتنی لەگـەڵ میـدیـای بیـانی) و رسـواکـردنی دۆخی وڵات.
٦ـ تـاوانی (هـاوکاریکـردن لەگەڵ گـروپ و دەوڵـەتی دژەبـەر).
٧ـ تـاوانی (پـێکهـێـنانی گـروپی نایاسایی بە ئامـانجی روخانـدنی رژێـم).


ژینا گـورجی دەڵـێـت:" کاتـێک کە کەلـوپـەلـەکـانم بـۆ بەنـدیخـانە ئامادەکـرد، پێـش هـەمـوو شـتـێک، هـیـوام خـسـتە جـانـتـاکـەمـەوە". بەپـێی خـۆی چـوو بـۆ دادگـای یـەکی شاری سنە بـۆ دادگـایی کـردنی.
بـڕیاری سزادانی بەندکـردنی بۆ ماوەی (٢١) ساڵ:
بەپـێی ئـەو تاوانە جۆراوجـۆرە تـرسناکانەی خستیانە پاڵي، کە لەلایـەن هـەواڵگـریی وەزارەتی ئیتلاعـاتەوە بۆیـان داڕشـبوو. لـقی یەکی دادگـای شـۆڕش لە سـنە، سـزای (٢١) ساڵ زینـدانی بەسەردا سەپەنـدا. رەوانەی بەندیخانەی شاری هەمەدانیان کرد.

دوای تانەلێـدان و تێهـەڵچـوونەوە و سەلـمانـدنی بێتاوانیی لـەو تاوانـانەی دراونـەتە پـاڵی، لە رۆژی (٧/ ئـۆکـتۆبـەر/ ٢٠٢٤) دا، دادگـای تـێهـەڵچـوونەوەی شاری سنە، سزای زیندانیکردنی لە (٢١) ساڵەوە، کەم کردەوە بۆ (٢) ساڵ و (٤) مانگ زیندانی. لە هەنـدێ سەرچاوەشـدا نووسـراوە، بـۆ (١٦) مانـگ، واتـە (١) ساڵ و (٤) مـانگ. لە رۆژی (٢/ نۆڤەمبەر / ٢٠٢٤) ژیـنا گورجـی، چالاکوان و داکـۆکیکاری مافـەکانی ژنـان، مـاوەی (١٦) مانگی لە بەنـدیخـانەی شـاری سـنەدا بەڕێـکـرد.

________________________________________________________
بۆ ئەم نووسینە، سوودم لە چەنـدین ماڵـپەڕی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک