په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٥

«کـچە فیلم گێڕەرەوەکە»؛ ڕۆمانێک بۆ گێڕانەوەى فیلمەکان.


کاروان محەمەد فەتاح

 

کچە فیلم گێڕەرەوەکە.
ئێرنان ڕیڤێرا لێتێلیێر
وەرگێڕانى: عەتا محەمەد
لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى ڕۆشنبیرى و هونەریى ئەندێشە
چاپخانە: پەنجەرە
چاپى یەکەم
ساڵى ٢٠١٤

 

 

«گێڕانەوەى فیلمێک، هەروەک ئەوەیە خەونێک بگێڕیتەوە. گێڕانەوەى ژیانێکیش هەروەک ئەوەیە خەونێک یاخود فیلمێک بگێڕیتەوە.» لە (ل٦٨)ى ڕۆمانەکەوە.

ماوەیەکە بەردەوام لە سەیرکردنى فیلمدام و چێژى زۆریان لێ وەردەگرم، وەک چۆن چێژ لەوە دەبینم وەک «ماریا مارگارێتا» لە سەربانەکەى خۆمانەوە بە خەمباریى لە ئاوابوونى خۆر بڕوانم.چەند ڕۆژێک لە کتێب دادەبڕێم. بڕیار دەدەم ڕۆمانێک بخوێنمەوە. لەنێوان کتێبەکاندا «کچە فیلم گێڕەرەوەکە»ى «ئێرنان ڕیڤێرا لێتێلیێر»ى تشیلى هەڵدەبژێرم. ڕەنگە هۆکارەکەى ئەوە بێت، کە هەر لە ناونیشانەکەدا دیارە ئەم ڕۆمانە لەگەڵ فیلمدا نزیکییەکى زۆرى هەیە. هەروایش بوو. هەندێ کات لەناو لاپەڕەکاندا هەستم دەکرد کتێب دەخوێنمەوە و هەندێ کاتى تریش وامدەزانى تەماشاى فیلمێک دەکەم. سرووشتى ڕۆمانەکە بەم شێوە بوو.

«نـــووسەرى چاک ئەوەیە دزى بکات، نەوەک لاساییىکەسانى دى بکاتەوە.».
‹فلیپ ڕۆس›.


دەبێت خواستنێک لە گوتەکەى «فریدریک نیتچە»دا بکەم، کە دەڵێت: «ئێمە بە تەنیا هونەر شک دەبەین، تا حەقیقەت نەبێتە مایەى مردنمان.» دەمەوێ ڕستەکە بەم جۆرە دەرببڕم :«ئێمە بە تەنیا گێڕانەوە شک دەبەین، تا واقیع نەبێتە مایەى مردنمان.».


«نەنکم» تا لە ژیاندا مابوو، ئەگەر بیویستایە چیرۆکێک، کە پێشتر کەسێک بۆى باس کردبوو، بگێڕێتەوە، دەستەواژەیەکى زۆر سەرنجڕاکێشى بە کار دەهێنا، نەیدەگوت فڵان کەس بەسەرهاتێکى بۆم گێڕایەوە، بەڵکو دەیگوت «گەڕاندەوە»؛ یــــانى ئەو چیرۆکەى لە زەمەنى ڕابردووەوە بۆ ئێستا گەڕاندووەتەوە. لاى من دەستەواژەکەى «نەنکم»زۆر جوان و هونەریی بوو، بەڵام لێرەدا وەک پێڕەوییکردنێک لە یاساى باو چەمکى «گێڕانەوە» بە کار دەهێنم.


گێڕانەوە یەک لە ڕەگەزە زۆر گرنگەکانى تێکستى ئەدەبییە، بە تایبەت «چیرۆک و ڕۆمان»، کە ئەم دوو ژانرە سەر بە هونەرى گێڕانەوەن. دەتوانم زیاتر بڕۆم و بڵێم لەناو تێکستداهیچ ڕەگەزێک وەک گێڕانەوە بەهێز و بنەڕەتیىنییە. لە دووتوێى لاپەڕەکاندا ڕووداوەکان لە چەند ساتێکى کەم تێناپەڕن، بەڵام بە درێژاییى تێکستەکە دەگێڕدرێنەوە.


هەمیشە کاتێک دەگێڕینەوە، واتا لەبارەىڕابردووەوە قسە دەکەین، لەبەر ئەوەى هەردوو چەمکى «گێڕانەوە» و «ڕابردوو»پێکەوە لە پێوەندییەکى دانەبڕاو و بەردەوامدان.بەم پێیە بێت چەمکى ڕابردوو چ لە ئێستا و چ لە داهاتوویش بەهێزترە. گێڕانەوەى ڕووداوەکان وامان لێ ناکەن هەست بکەین لە ڕابردووداین، بەڵکو ئەو هەستە بەسەرماندا زاڵ دەبێت ئەوڕووداوەى ڕابردوو وا ئێستا ڕوو دەدات. ئەم نووسینە هەروەک ڕۆمانەکە لە بازنەى ڕابردوودا دەسووڕێتەوە و لەسەر ئەو چەمکە و هێزى گێڕانەوەکانى «ماریا مارگارێتا» دەوەستێت.

«کــــــچێک فیــلم دەگێڕێتەوە.».


تاکە کەناڵى دەوڵەمەندبوونى خێزانێکى هەژار لە گوندێکى پڕ لە کان و بارووتى ڕەش، بە هۆى گــــێڕانەوەوەیە؛ گێڕانەوەى فیلملە لایەن کچێکى تاقانەى دە یانزدە ساڵانەوە بە ناوى «ماریا مارگارێتا»ئەمە چیرۆکى ڕۆمانەکەیە.

«خـــێزانە هـــەژارەکان بەختەوەرن.».


تێکستەکە باس لە خێزانێکى هەژار دەکات، کە لە گوندێکدا دەژین. باوکى «مــاریا»کرێکارى یەکێک لەو کانە زۆرانەیە، کە لەو گوندە بیابانییەدان. بە هۆى کارەوە کەمئەندام دەبێت. ئەندامانى خێزانەکە لە حەوت کەس پێک دێن، دایکوباوک، چوار برا و خوشکێکى بچووک، کە دواتر لە گوندەکەدا دەبێتە باشترین گێڕەرەوەى فیلم.گرنگترین شت لاى خەڵکىئێرە سەیرکردنى فیلمەکانە لە سینەما. پارەیەکى زۆر دەدەن، تا لەوێ تەماشاى فیلمەکان بکەن. لەبەر هەژاریى، دەبێت هەر جارێک تەنیا کەسێک لە ئەندامانى خێزانەکە بۆ سینەما بچێت، بە هۆى لێزانى و لێهاتووییى خۆیەوە «ماریا مارگارێتا»هەڵدەبژێردرێت بچێتە سینەماکە و دواتر ئەوەى بینیویەتى بۆ خێزانەکەى بگێڕێتەوە.بە هۆى گێڕانەوە سەرنجڕاکێشەکانی و جووڵەى جەستە و نواندنە جوانەکانییەوە نەک هەر لە ماڵ و گەڕەکەکەى خۆیان، بەڵکو لە هەموو گوندەکە ناوى بە لێزانترین و زیرەکترین کەس بۆ گێڕانەوەى فیلمەکان دەڕوات.

«گــــێڕانەوەى فیلمەکان لە خودى فیلمەکان سەرنجڕاکێشترن.».

 

هێزى هونەریى و سەرنجڕاکێشیى «ماریا» لەوەدا بوو، کە توانى خەڵکى گوندەکە لە سینەما دوور بخاتەوە و لە دەورى خۆى کۆیان بکاتەوە. ئەو ئەو فیلمانەى دەگێڕانەوە، کە لە سینەماکە پێشان دەدران. هەندێ کەس پارەیان نەبوو، دەهاتن و گوێیان لە گێڕانەوە چێژبەخشەکانى «ماریا مارگارێتا» دەگرت، چونکە خێزانەکەى لە چاو سینەماکەپارەیەکى ئێجگار کەمیان لە گوێگران وەردەگرت.تا لە کۆتاییدا واى لێ هات ئەوانەیشى بۆ سینەما دەچوون، ئیدى وازیان هێنا و بۆ گوێگرتن لە گێڕانەوە پڕ ئەفسوونەکانى ئەم دەهاتن، چونکە گێڕانەوەکانى ئەم کچە دەربارەى فیلمەکان لە خودى فیلمەکان سەرنجڕاکێشتر بوون. بەم کارە خێزانى «ماریا مارگارێتا»دەوڵەمەند بوون.

«کـــۆتایییەکان تراژیدین.».


هیچ گێڕانەوەیەک نییە تراژیدیى نەبێ، چونکە گێڕانەوە بە سرووشتى خۆى ڕوو لە کۆتاییى دەکات، هەموو کۆتایییەکیش مرۆڤ خەمناک دەکات. کۆى ئەندامانى خێزانى«ماریامارگارێتا» کۆتایییەکى تراژیدییان دەبێت. دایکى دەمرێت. باوکى دەمرێت. براکانى هەر یەکەیان بە هۆى شتێکەوە دەمرن و ون دەبن. لە دواجاردا ئەم بە تەنیا لە گوندەکەدا دەمێنێتەوە. لە ئێواراندا بە خەمباریى لە ئاوابوونى خۆر دەڕوانێت.


ڕۆمانەکە بە تەکنیکى تاکدەنگى گێڕدراوەتەوە. ڕووداوەکان زنجیرەیین و یەک بە دواى یەکدا هاتوون.نووسەر بە تەنیا لە زمانى «ماریا مارگارێتا»وە باسى ڕابردووى گوندى کانەکە دەکات، کە چ ئارەزوویەکى گەورەیان لە سەیرکردنى ئەو فیلمانەدا هەیە لە سینەماى گوندەکە پێشان دەدرێن.

 

ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک