٢١\٦\٢٠١٢
کچە گەڵا
مەعشوقەکەم.

باکۆ جەلال
من زوو گوتم لە
گەڵای وەریوی پایز دەچم! من ساڵ نییە لەژێر
پێیی نەهامەتییدا لەت لەت نەبم،
عیلەتی سەفەر رەنگی روخسارم
زەرد زەرد نەکا.. لە قەدم جیانەکاتەوە،
کاتێک پێش سەفەر دەکەوم دڵم هەر لای کچە
گەڵا مەعشوقەکەی دەزگیرانمە و دەڵێم تۆ بڵێی ئەمشەو تیشکێک لە
تریفەی مانگی پێ بڕابێ، ئاخۆ بڵێی ئاوەنگی
حەزێک رژابێتە سەر جەستەی وشک هەڵاتوی،
تۆ بڵێی پەنا بەردێک سوکنایی دابێ بۆ رامووسان
لەگەڵ گەڵایەکی تردا یاخود وەکو کچە گەڵا
ئاشقەقانی تر هەر تەنهایە و بەدەم ژانی
گەیشتن بە مەعشوقەکەی و گیرسانەوە لە تەک ئەودا هەر تل دەخوا؟
چاوم لێبوو لە دوورەوە بە
دەم پرتە و بۆڵەی باوە گەڵایەکی
خێرلەخۆنەدیوی کۆنە دارێک کە شەوێک بەر لە سەفەرم لەگەڵ گەڵا زیتەڵەی
دەزگیرانمدا منی دیبوو، بە تلەتل بەرەو
رووم هات.. بەرە و رووم
هات و لێم پرسی ئەرێ هاوڕێ دەنگوباسی
مەعشوقە زیتەڵەکەی من نازانی؟ بەڵام گەڵا،
چون هێندە با ماندووی کردبوو
و تلی دابوو.. دەنگی تەواو گیرابوو..
هەر بە ئەستەم گوێم لێدەبوو، دەستێکی بە
روویدا هێنا و تەپ و تۆزی سەر
رووە زەردەکەی سڕی،
هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە کۆڵێ داخەوە
گوتی:
من دوێنێ شەو چاوم لێبوو کچە گەڵا زیتەڵەی
دەزگیرانت بە دەم رێوە
دەگەیشتە هەر دڵۆپە ئاوێک دەستی دەکرد بە
رامووسان
لەگەڵیدا تا ڕوحی
بەبەردا بێتەوە.. تا پێت بگا، چی هەوڵیدا
و ئەوەندەی پێیی کرا کردی بەڵام
دواجار، لافاوێکی دڵڕەقی نێرینە کە لە پیاوە
دڵڕەقەکانی ئەمڕۆ نەبێ
لە هیچ بوونەوەرێکی
دیکەی نەدەکرد لەگەڵ خۆیدا کچە
گەڵا زیتەڵەی مەعشوقتی دوور دوور برد و سەفەری دواجاری پێ کرد.
(درێژەی پێدا و گوتی): کچە گەڵا
هێندەی نەهامەتی دیبوو
باسکە زەرد و تەنکەکانی تەواو تەواو لاواز ببوو،
بۆیە هەر زوو هەنجن هەنجن
و لەتوپەت
بوو، خۆ مەگەر هەر (دوعا)*
بزانێ چەند بە زەحمەت.. چەند بە ئازار گیانی دەرچوو.
لەو رۆژەوە هەتا ئێستا من هەر
رۆژەی گڕی خەیاڵێک تێمبەردەبێ،
بە دەم یادگارێکەوە دەتلێمەوە، تازە
ئیتر تا ئەبەد ناگیرسێمەوە،
تازە چیتر نە لەوێم و نە لێرەم و نە
دەڕۆم و نە دێمەوە..
زەمینیش نامگرێتە خۆی لە هەوای خەیاڵی کۆچی
ئەودا، لە بۆشایی ئەم گەردوونە بەدپۆشەدا،
تا ئەبەد ناحەسێمەوە!
________________________________________________
*
(دوعا):
مەبەست لەو کچە عاشقە بوو کە لە کوردستان بە
دەستی پیاوە دڕندە و ناپاکەکان لەسەر
ئەشق بەردباران کرا تا گیانی
دەرچوو.
١٥\٥\٢٠١٢
- ئەمەریکا
ماڵپهڕی باکۆ جهلال
|