په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٧\٢٠٢٤

    کچێک لە گومان.

 


هاوار تەیب

سپێدەیەک لە ‌ماڵ خۆتم بۆ بدزەوە
سەرێك بدە لە ‌ماڵی هەور
سەرێك بدە لە ‌ماڵی ئەندێشە
ئەی كچێك لە گومان
تۆ ڕەگەزە‌كانی شەڕ و ئاشتی مەدە بە‌ كۆڵ خۆتا
تۆ ڕەنگەكانی من و
دڵشكانەكانی خۆتم
بۆ بگۆڕەوە بە ‌پرتەقاڵێك
بە میلۆدییەك و
بە پێخەفێك لە فرمێسكی یاران و
بە جامێک لە ‌مەیی خوێنی جەنگاوەرە دۆڕاوەكانی ئەندێشە
سووربە وەك خوێنی دایك.

من لە ‌هەسارەی دەیەمی كۆمەڵەی خۆردا
چاوەڕوانی دەركەوتنم
یەكەم جێژوانتم ڕازاندۆتەوە بە بۆنی ڤینۆس.

ئەی جوانتر لە گومان
سبەینێ بە چییەوە سەرقاڵی؟
لاپەڕە سپپیەكان مەگۆڕەوە بە دوێنێیەكی ڕەش و
دڵی بەرد مەكە بە ئاو و
دڵی ئاو مەكە بە ‌ڕەقترین قسەی پیاوە دۆڕاوەکان.

تینوون بە خوێنی تۆ
من تینووم بە ئەندێشەت
لێرەوە من دەبمەوە
بە كوڕە غەمگینەكەی جاران و
لەگەڵ ئاوازە پڕ لە ‌غەمگینییەكانی تۆ سەما دەكەم
پێخەفی ئارامیی دەدڕم و
دەبمەوە بە تراویلکەییترین پیاوی ئەم بوونە!
دەبمەوە بە شێواوترین پیاوی ئەو ئەندێشەیە.
دەست لە هەموو شتێك بەردەدەم گومان نەبێ
تۆ نەبێ.

كە برسییم بوو دەست بۆ تاڵێك قژی تۆ دەبەم
‌كە تینووت بوو
جامێک لە ‌نیگای دۆڕان نۆش بكە
ئەو دوو كۆترەی تۆ دەچنەوە باوەشی نیشتمانێك و
گۆرانییە غەمبارەکان دەچرن و باوەشی ئەوان پڕدەكەن
كە برسییت بوو
مەیەوە
من بە درێژایی شەو بەڕۆژوو دەبم و
یاریی بە پەنجەكانی دەستم و
گومانەکانی تۆ دەكەم.
كە تینووم بوو سەرێك دەدەم
لەو شەقامانەی كە دەمگەیەنن بە گەشتیارێکی فیردەوسیی.


ڕانیە
ماڵپەڕی هاوار تەیب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک