په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٧

کچم لەگەڵ تۆمە بووکێ گوێت لێ بێ!*

هۆشیار ئەوڕەحمان   


ئەوەی لەگەڵ قەتەردا رویدا ساغکردنەوەی گومانێکە، کە ڕەگو ڕیشەکەی دەگەڕیتەوە بۆسەرەتای دەرکەوتنی قاعیدە و تالبان و شەڕی ئەفغانستان و ڕوماڵکردنەکانی کەناڵی (الجزیرة)ی قەتەری و بەدواشیدا دەستپیکردنی بەهاری عەرەبی ودەرکەوتنی گروپە رادیکالە تیرۆرستیەکانی بەرەی نوسرە وبەرەی فەتحی شامە ، کە ئەوانیش پاشماوەی قاعیدە لە سوریادا. پاشان دەرکەوتنی (داعش) و ئەمە جگە لەوەی میرنشینی قەتەر هەمیشە گومانی ئەوەی لێکراوە، کە فینانسیرەی بزوتنەوەی حماس و ئیخوانەکانی کردوە، بەڵام لەگەڵ دەسپێکی بەهاری عەرەبی و هاتنی داعشدا تورکیاش کەوتە تای میرنشینی قەتەرەوە، ئەگەرچی ئەم دو دەوڵەتە پێشتر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ دا هەماهەنگیەکی چرو پڕی سەربازی و ئاسایشی نێوخۆیی خۆیان بەپرۆتۆکۆلکردوە و ساڵی ٢٠١٥ پرۆتۆکۆلەکەیان نوێکردۆتەوە بە ئەندازەیەک هیچ جیاوازیەک لە نێوان هیزە ناوخۆییەکانی وڵاتی قەتەر و تورکیادا ناکرێت لە هیچ رویەکەوە، تەنانەت مەشق و جۆری چەک و پێداویستیەکانیشیان وەکو یەک وایە، بۆیە هەڵویستی ئێستای تورکیا سەبارەت بە قەتەر، کە روبەڕوی دابڕان و کێشەی دیبلۆماسی بۆتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسیدا لەکەنداو باکوری ئەفەریقا تەواو پێچەوانەیە و تورکیا ئامادەیی هەماهەنگی زیاتری بۆ قەتەر نیشانداوە، چونکە ئەگەر قەتەر لەپشتی هاوکاری مادی گروپە تیرۆرست وجیهادیستەکانەوە بێت، ئەوا تورکیاش لای خۆیەوە کارئاسانی لۆجیستیکی بۆ کردون و تورکیاشی وەکو خانەخوێ و ژێماڵە و کاروانسەرا لە خزمەتی گروپە تیرۆرستەکاندابوە. هەر بۆیە ئەگەر قەتەر کچە نازدارەکەی ئەمەریکا بێت، ئەوا تورکیای ئەردۆغانیش بووکێیە! کاتی خۆشی سەرۆکی ئەوسای وڵاتەیەکگرتوەکان باراک ئۆباما سەردانێکی تورکیا ومیسری کرد وناوی سەردانەکەشی نابو گەشتی میسۆپۆتامیا، جا لەو ساتەوە وەختەوە تا ئیمڕۆ ئەم ناوچەیە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە تا سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپی عەرەبستانی سعودی بەسەرداهات و ئەوەندەیتر بەرە دژەکانی بەرانبەر یەکتر دڕتر کردەوە، چونکە ئەم ناوچەیە بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و ڕادەستی هیچ هێزێکی دی ناکات ولێرەشەوە هەژمونی خۆی بەسەر جیهاندا نوێژەن دەکاتەوە... ئەوەی تێبینی دەکرێت ، ئەوەیە ، کە سیاسەتی ترەمپ زۆر ڕونتر وبوێرانەترە بەرانبەر ئێران و هیلالی شیعی و تەنانەت سەرەڕۆیی هەندێک لەدەوڵەتە سونەکانیش، هەر بۆیە ئەمەریکا لە ئێستادا لەهەوڵی پێکهێنانی کوالیسیۆنی سوپادایەکدایە بۆ دەوڵەتە سونیەکان و ئەو دو دەوڵەتۆکەیەی ، کە بەنیازە لەنیوان هەردو روباری فورات ودیجلەدا لەداهاتوی دوای داعشدا بیخەمڵێنێ! تا لە ڕێگەی هەماهەنگی سوپای دەوڵەتە سونیەکانەوە ئیستێک بە بڵاوبونەوەی هەژمونی شیعە بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. جگەلەوە ترەمپ لەسەردانەکەیدا بۆ عەرەبستانی سعودی هەنگاوێکی نوێی نا بەوەی جڵەوی دەوڵەتانی سونەی ڕادەستی سعودیە کردەوە بانگێشتێکی گەرمی سەرۆکی میسریشی بۆ شکاندنی شکۆمەندی ئیخوانیەکانی ئەو ولاتە و تورکیاش.


ئەوەی لە رۆژانی رابوردودا لەگەڵ قەتەردا گوزەرا چاوەروانکراو بو ، چونکە دەمێکە عەرەبستانی سعودی قەتەری وەکو یەکەم سەرچاوەی تیرۆری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبینێ وچاوەڕێی کاتێکی گونجاوی دەکرد تا بەسەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەو کاتە لەبارە ڕەخساو عەرەبسستانی سعودی هاوپەیمانەکانی لە کوالیسیۆنی کەنداو دژ بە تیرۆریزم بڕیاری بڕینی هەمو جۆرە پەیوەندیەکیان دا لەگەڵ میرنشینی قەتەر و ، کەبەلایکەمەوە ئەو وڵاتە چەندین ساڵی پێویست دەبێ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا.

. لەم سەرو بەرەشدا تورکیا باش لەقەفەسنانەکەی قەتەر تێدەگات و زۆریش هەوڵیدا سود لە روسیا وەربگرێت و باری خواری خۆی پێراست بکاتەوە ، بەڵام بەپێچەوانەوە روسیا تورکیا بەکارهێناوە بۆ ئامانجەکانی خۆی لەسوریادا . مەترسیەکانی ئابلوقەدانی تورکیاش لەئارادایە، چونکە دەمێکە ولاتە ئەوروپیەکانیش کەوتونەتە بەر هەڕەشەی ئەردۆغان بەناردنی تیرۆرستان بەرەو ولاتەکانی یەکێتی ئەوروپا و هەرچۆن عەرەبستانی سعودی چاودێری جموجوڵەگوماناویەکانی میرنشینی قەتەری دەکرد، ئەوروپیەکانیش بەهەمان شێوەی لە ویزەی تورکیای ئەردۆغانیدان... فەرەنسیەکان ، بلچیکیەکان، بەریتانیەکان قوربانی تەقینەوە خۆکوژیەکانی دوای هەڕەشەکانی ئەردۆغانیان بیرناچێتەوە. هەر بۆیە شین وڕۆڕۆکەی تورکیا بۆ قەتەر لە ترسی مشتەی ناوهەمانەکەیە، چونکە ئەو دودەوڵەتە هاودەرد وهاوڕەفتارن. پلانی دەوڵەتە ئەروپیەکان بۆ بۆلاوازکردن و بەتاڵکردنەوەی مەترسیەکانی ئەردۆغان لەهەڵویستی ولاتانی کەنداو دژ بەقەتەر کاریگەرترە، بەڵام بە پرۆسیسێکی لەسەرخۆتر بەڕێوەدەچێت. سەغڵەت بونی ئەردۆغان بەو دۆخەی دۆحەی هاوپەیمانی تێگەیشتنێتی لەهەستیاری مەسەلەکە . لە کۆتاییدا زۆر گرنگە ئەو راستیە دوبارە بکەینەوە ، کەلەهەفتەکانی رابوردودا لە ٣ بۆنەی گرنگدا هەڵویستی ئەمەریکا بەراشکاوانە بەرانبەر بەڕژێمی ئەردۆغان دەرکەوت، یەکەم لەساردو سڕی سەردانە پینەکراوەکەیدا** بۆ واشنتون وبەشداری لە کۆبونەوەی بالای سەرانی ناتۆدا وپیشتریش پاسیڤکردنی تورکیا لەکۆبونەوەی دەولەتەعەرەبی ئیسلامیەکان لە ریاز و گرنگی پێدان بەمیسر لەجێگەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وپاشان پشتگوێخستنی داواکانی تورکیا بۆ بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان لەناو خاکی سوریادا... هەمو ئەم هەڵوێستانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ، کەدوای قەتەر نۆرەی گرمۆڵەکردنی تورکیا دێت . لە کۆتاییدا لەکۆی ماجەراکاندا تورکیا وقەتەر وەکو دو دەوڵەتی هاوسۆزی تیرۆرستان زەرەرمەندی یەکەم دەبن، چونکە یەک زهنیەتن لەدودەولەتدا.
________________________________
* کچم لەگەڵ تۆمە و بووکێ گوێت لێ بێ : ئەم پەندە بەهەر ٣ زمانی کوردی وعەرەبی وتورکی و تورکمانی هەیە. تورک دەڵێن (kızım sana söylüyorum galınım sen dınle) عەرەبیش بەهەمان شێوە دەڵێن (بنتي ویاک، اسمعي چەنە) مەبەست لەهەڵبژاردنی ئەو ناونیشانە بۆ تورکیا وقەتەر هاوسۆزی وهەماهەنگی ئەو دو وڵاتەیە، کە تا چ رادەیەک پێکەوە کاری پێکەوەیی دەکەن وچەندین ساڵە بەنهێنی وبەئاشکرا لە پشتی هەمو گروپە تیرۆرستیەکانی جیهانەوەن بەتایبەتی قاعیدة وداعش. نمونەی پەیوەندی نیوان قەتەر و تورکیا وەکو پەیوەندی نیوان ئیسرائیل و ئەمەریکا وایە، بەڵام بەریسکەوە!
** سەردانی پینەکراو و نیوەناچڵ و کاتی (provisorisch) : سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ولاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا و چاوپیکەوتنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا لە میدیاکاندا بەسەردانێکی تەندروستی نێوان دو سەرکردە وەسف ناکرێ، کە بەهۆی کەڵەکەبونی کۆمەڵێک پێشێکاری و تێوەگلانی ئەردۆگانەوە لە کردەوە تیرۆرستیەکانی سوریا و عێراق و بەلچیکا و فەرەنساوە وەکو تاوانبارێک چوە بەردەم سەرۆک ترەمپ وهیج پەیامێکی بەزاری خۆی بە ترەم رانەگەیاندو هەموی پێشوەخت بەوەفدێکی سێقۆڵیدا ناردبو، بەڵام دەرکەوت ئەمەریکا وئیدارەی ترەمپ بریاری خۆیان سەبارەت بە تورکیای سەردەمی دەسەلاتی ئەردۆگانداوە.

 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک