په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٧\٢٠١٣

کفنى ماندوو.


کاروان محەمەد فەتاح  


چێژى هیچ شتێک تا کۆتایى نییە و لە قۆناغێکى تردا ئەو چێژە بۆ ئازار دەگۆڕێت. ساڵانێکى زۆر، پێش ئەوەى ببمە پاسەوانى گۆڕستان و کارم دزینى کفنى مردووەکان بێت، چێژم لە شتێک دەدى، کە ئێستا بۆم مایەى ئازارە.


ناوم (مەردان)ـە. خەڵکى شار کاتێک بانگم دەکەن، بە (مەردانى پاسەوان) ناوم دێنن. لێرە، هەموو کەس بە پیشەکەیدا دەناسرێتەوە، نەک خۆى. پرسیار ناکرێ تۆ کێیت، بەڵکو پرسیار لەوە دەکرێ تۆ چییت. منیش بە پیشەى پاسەوانى دەناسرێمەوە و بەوە ناوم دەرکردووە. خەڵکى ئەم شارە منیان خۆش دەوێ و ڕێزى زۆرم دەگرن، بێ ئاگان لەوەى دزینى کفنى مردووەکانیان لە هەناومدایە. ناهەقیان ناگرم، چونکە ڕووخسارێکى فریودەرانەم هەیە و بە بێدەنگییەکەم چاویان لە ئاست خراپەکانم کوێر دەکەم. هەندێ مرۆڤى وەک من گورگێکى پاشوقلدەرن لە پێستى مەڕدا. هەر من نا، زۆربەى خەڵکى وان، بە تایبەت ئەو زیندووانەى بۆ ئەوەى لە جووڵە و زیندوویى خۆیان دڵنیا بن، بۆ مردووەکانیان دەگرین، تابووتەکان دەنێنە ژێر شانیان و ڕێگاى گۆڕستانەکان دەگرنە بەر، تا بەو هۆیەوە خراپییەکان و درۆ و فێڵى خۆیان بشارنەوە.


پاسەوانى گۆڕستانى (ئیمام محەمەد)م، ئەو گۆڕستانە کەوتۆتە سەر گردۆڵکەیەک و لە قەراغى شاردایە. لە نزیکیەوە هەندێ ماڵى زۆر کۆن هەیە، کە شێوەى بیناسازییان لە هیى سەردەمە کۆنەکان دەچێت، گومەزیان هەیە و لەبەر کۆنیان درز کەوتۆتە دیوارى خانووەکان، هەر بە بینینیان دەتوانیت لە خانووەکانى ناوشار جیایان بکەیتەوە.


هەموو کارى من لە شەودا دەست پێ دەکات، بۆ بڵێم هەموو کار، من تەنیا یەک کار دەکەم، ئەویش دزینى کفنى مردووەکان لە شەودا. بە ڕۆژ ئەو کەسانەى مردووەکانیان دەهێننە ئێرە و ژێرخاکیان دەنێن، هاوکارییان دەکەم، لەبەر ئەوە نا، تا وەک کەسێکى باش و بە کەڵک تەماشام بکەن، نەخێر، بەڵکو لەبەر شتێکى تر، کە تا ئێستا تەنیا خۆم دەیزانم و لەم شارەدا کەس لە ماناى ئەو هاوکارییەم نەگەیشتووە. هاوکاریکردنم بۆ زانینى شوێنى مردووە تازەنێژراوەکانە، بۆ ئەوەى شەو کاتێک ئاسمان ڕەنگى ڕەش دادەگەڕێت، لەناو تاریکییەکى تۆخدا گۆڕى مردووە تازەنێژراوەکە هەڵدەمەوە، لەبەر چى؟! لەبەر ئەوەى کفنەکەى لە بەر دابماڵم و لە ماڵە یەک ژوورییەکەى گۆڕستانەکەدا لەبەرى بکەم، ئەویش بۆ گەیشتن بە شتێکى تر و دۆزینەوەى ونبوویەک. مرۆڤ وایە، هەر شتێک لە پێناو گەیشتن بە شتێکى تردا دەکات.


من (ئەستێرە)م، پورزاى (مەردان)، مەبەستم (مەردان)ى پاسەوانى گۆڕستانەکەى نزیک ماڵمانە. ئەو ئێستا زۆر پیر بووە، بەڵام هێشتا ڕەنگوڕووى منداڵى لە ڕوویدا دەبریسکێتەوە و ئێستاش وەک منداڵێک بە شەوقێکى زۆرەوە دەژى. جاران دزێکى خۆشەویست و منداڵێکى چەتوون بوو، لە دزیندا زۆر هونەرى بە کار دەهێنا. تەنیا من دەمزانى ئەو دز بوو. ماڵى خزم و دراوسێکانى هەموو تاڵان کردبوو، بەڵام ئێستا پاسەوانى گۆڕستانە، نازانم لەو گۆڕستانەدا جگە لە پاسەوانیى مردووەکان، هیچ کارێکى تر دەکات، یان نا؟ مردووان پاسەوانیان بۆ چییە؟ چ پێویست دەکات زیندوو چاودێریى مردوو بکات؟! بڵێى لە گۆڕستاندا ژیانێکى تر هەبێت و ئێمەى زیندوو هەستى پێ نەکەین؟! گوتم (ئێمەى زیندوو؟!) بەڵێ، ئێمەى زیندوو! (مەردان) کاتێک منداڵ بوو کەرەستە و شتى زیندووەکانى دەدزى، بەڵام ئێستا لەگەڵ مردووەکاندا دەژیێت، بڵێى بتوانێ دزیى لەوانیش بکات؟


ماڵى ئێمە سەد مەترێک لە گۆڕستانەکەوە دوورە. زۆر جار سەر لە (مەردان) دەدەم و خواردنى بۆ دەبەم. منى زۆر خۆش دەوێ، چونکە دەڵێت: (((ئەستێرە) زۆر هاوکاریم دەکات و پێمەوە ماندوو دەبێت.)) گوتم زۆر جار سەرى لێ دەدەم؟ بەڵێ، بەڵام مەرجى چوونم بۆ لاى ئەوەیە، کە تەنیا لە ڕۆژدا بیبینم و خواردنى بۆ ببەم، یان ئەگەر کارێکم پێى هەبێت، دەبێت لەژێر ئاسمانى ڕووندا بۆ لاى بڕۆم. ئەویش هەروا دەکات، تەنیا لە ڕۆژدا سەردانیمان دەکات، نازانم ئەمە بۆ دەکات.


ماوەیەکى زۆرە ئەو گومانە لەسەرمدا دەخوولێتەوە و هەڵهێنانى ئەو مەتەڵە پڕ ئەفسوونە بووەتە ماخۆلانم، کە پورزاکەم بۆچى نایەوێ لە شەودا کەس ببینێت و کەس بیبینێت. بە منداڵییش کچێکى بزێو و سەرکێش بووم، هەمیشە دەمویست ئاگام لە هەموو ئەو شتانە بێت، کە لە دەوروبەرم ڕوودەدەن، تەنانەت هەوڵم دەدا بزانم کێ کێى خۆش دەوێ و کێش ڕقى لە کێیە. وام هەست دەکرد بەو کارە دەتوانم خۆشەویستیى هەمووان بە دەست بهێنم، بۆیە نهێنى زۆر لە خزمەکانم لاى من بوون، زۆر کات هانایان بۆم دەهێنا، منیش لە پێدانى نهێنى باش و پێویست دڵفراوانیم دەکرد و پێم دەدان، بەڵام نازانم بۆ دواى ئەوەى (مەردان) کاتێک تەمەنى تەنیا بیست بەهار بوو، بووە پاسەوانى گۆڕستانى (ئیمام محەمەد) و پێمانى گوت نامەوێ کەس لە شەودا سەردانم بکا، زاتى ئەوەم نەکردبوو بە دواى ئەو نهێنییەدا بگەڕێم. ڕەنگە بە هۆى ئەوەوە بێت، کە (مەردان) ژیانێکى زۆر لەوە ئاڵۆزترى هەبوو، من بتوانم بە هەوڵێک درکى پێ بکەم. لەوانەیشە لەوەوە سەرچاوەى گرتبێت، کە دایکم چیرۆکى سەیر سەیر و ترسناکى لەبارەى ئەو گۆڕستانەوە بۆ دەگێڕامەوە و هەمیشە پێى دەگوتم:((ئەستێرە گیان، شەوان مردووەکانى ئەو گۆڕستانە لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە و بەناو کۆڵان و شەقامەکانى شاردا دەگەڕێن. هەر کەس بیانبینێت، زەندەقى دەچێت، بۆیە هەرگیز نەکەى شەوان بچیتە دەرەوە.)) گوتم هەر لە منداڵییەوە کچێکى بزێو و سەرکێش بووم؟ بەڵێ، بۆ ئەوەى بزێوى و سەرکێشیى خۆم بیسەلمێنم، وزەم دایە بەر خۆم و شەوێک لە شەوە گەرمەکانى کۆتایى مانگى شەشى ساڵى (١٩٨٨) فانۆسێکم هەڵگرت و هێواش هێواش هەنگاوم بەرەو گۆڕستانى (ئیمام محەمەد) نا. کاتێک بەسەر خاکە زبر و بەردەڵانەکەى نێوان ماڵى خۆمان و گۆڕستانەکە دەڕۆیشتم، بە جۆرێکى وا هێمن پێم زەوییەکەى ماچ دەکرد، هەندێ کات هەستم دەکرد قاچەکانم لە هەوادا دەڕۆن و لەنێوان من و زەویدا بۆشاییەک هەیە، کە نایەڵێت قاچى من و زەوى بە یەک بگەن. بۆ ئەوەى بزانم بە ڕێگادا بۆ شوێنێک دەڕۆم و دڵنیا بم لە بۆشاییدا نیم، چەند چرکەیەک هێزێکى زۆرم خستە سەر پێڵاوەکانم و لە زەویم خشاندن. دەزانن بۆ وا هێمن و نەرم دەڕۆیشتم؟ چونکە دەمگوت نەک دایکم و مردووەکان بمبینن و نەیەڵن کلیلى ئەو نهێنییە بدۆزمەوە. فانۆسەکەم بە دەستى ڕاست گرتبوو، تیشکێکى زۆر کزى هەبوو، تەنیا چەند مەترێک بەرپێى خۆم دەبینى. تا گەیشتمە بەردەم دەرگاى گۆڕستانەکە چەندین جار پێم هەڵکەوت. لەترم دەدا و دەکەوتمە سەر زەوى، پێیەکانم دەسووڕان و ئازارى زۆرم پێ دەگەیشت، بەڵام لەبەر زانینى نهێنییەک هەستم بە ئازارى کەوتنەکان نەدەکرد، ئەو نهێنییەى، کە تا ئەو ساتە ببووە مۆتەکەیەک و هەموو شەو دەهاتە خەوم، بینى دەگرتم و هەناسەى دەبڕیم. مرۆڤ لە ساتى گەڕان بە دواى نهێنییەکى گرنگدا هەست بەو ئازار و ناخۆشیانە ناکات، کە بە هۆى زانینى نهێنییەکەوە دێنە پێشى.


لە پەنادیوارێکى گۆڕستانەکە و لەژێر دارهەنجیرێکدا لەنگەرم گرت. بۆ ئەوەى (مە‌ردان) هەست بە بوونم نەکات، فوویەکى هێواشم لە تیشکى فانۆسەکە کرد، کەوتە سەما و دواتریش کوژایەوە، تا فانۆسەکەم نەکوژاندەوە، نەمزانى دنیا وا تاریک بووە. نزیکى کاتژمێر هەشت بوو. هیچ دەنگێکم نەدەبیست، گەڵاى دارەکانى لێوارى گۆڕستانەکە نەدەجووڵانەوە و خشەیان نەدەهات. بێدەنگییەک باڵى بەسەر شەودا کێشا بوو، بەرچاوم تاریک بووبوو، هیچ شتێکم بەدى نەدەکرد. هەستم کرد لە شوێنێکم تەنیا تاریکى سەروەرە، دواتر وردە وردە چاوم لەگەڵ تاریکییەکدا ڕاهات و توانیم بە تەڵغى شتەکان ببینم. لەپڕ چاوم بە تیشکێک کەوت، تەماشاى مەترێک سەرەوەى تیشکەکەم کرد و ڕووخسارێکى لێڵم بەدى کرد، کەسێک بوو، لە ڕۆیشتنیدا هەستت دەکرد مرۆڤێکى پیر و ساڵدارە، چونکە کاتێک بەناو گۆڕستانەکەدا دەڕۆیشت، پشتى چەمابووەوە. ڕوونتر بینیم، جامانەیەکى ڕەشى ئاڵاندبووە سەرییەوە، کە خاڵى ورد وردى سپیى تێدا بوو. بە دەستێکى فانۆسێکى وەک ئەوەى من و بە دەستەکەى ترى دارێکى درێژى وەک خاکەنازى گرتبوو، یەکسەر ترپەى خێرا و بەرز کەوتە ناو دڵمەوە و جەستەم پڕ لە ترس بوو. لە دڵى خۆمدا گوتم:((ئەو کەسە کێیە؟ بەو شەوە تاریکە لەنێوان ئەو کێل و گۆڕانەدا چى دەکات و بۆ چیى دەگەڕێت؟!)) لە بەردەم گۆڕێکدا نووشتایەوە، سەرى سووڕ دا و سەیرى دەوروبەرى خۆى کرد، لە تیشکى فانۆسەکەى دەستى نزیکتر بووەوە. ئۆو! ئەوە (مەردان)ە، لەسەر ئەو گۆڕە چى دەکات؟! پێش ئێستا گوتم (مەردان) زۆر پیر بووە؟ بەڵێ، کاتێک تیشکە کزەکەم لەسەر ڕووخسارى بینى، لۆچە ئەستوورەکانى دەموچاوی بە جوانى خۆیان نیشان دەدا.


یەکێک لە شەوەکانى سەرەتاى مانگى نۆى (١٩٣٠)ە. منداڵان بە قاووقیژ و داخستنى بەهێزى دەرگاى ماڵەکانیان، بۆ یاریى فڕیوە، گرتن و بەردان و چاوشارکێ دەچنە دەرەوە. هەر کۆمەڵە منداڵێک پێکەوە یاریى دەکەن، هەندێکیان فڕیوە، هەندێکى تریان گرتن و بەردان، دوو منداڵیش بە تەنیا و پێکەوە چاوشارکێ دەکەن. ئەم کچۆڵە و کوڕیژگەیە جیاواز لە منداڵەکانى تر چێژى زۆر لە یاریی چاوشارکێ وەردەگرن و هەر بە تەنیا ئەو یارییەش دەکەن.


کچۆڵەکە پێشنیارێک بۆ یاریى ئەمشەویان دەکات و دەڵێت:


- هەموو شەوەکانى تر تۆ چاوى منت دەبەست و خۆتت لێم دەشاردەوە، منیش جۆم دەکردى. حەز دەکەم ئەمشەو من چاوى تۆ ببەستم و خۆمت لێ بشارمەوە، تۆ من جۆ بکەى، باش؟


- ئاخر من زوو تۆ جۆت دەکەم، حەز ناکەم یارییەکەمان زوو تەواو بێت.


- ئەگەر ڕازى نەبیت، من یارییت لەگەڵ ناکەم و دەڕۆمەوە بۆ ماڵى خۆمان، ئیتر هیچ شەوێکى تریش بۆ یاریی نایەمە دەرەوە و چاوەڕێم نەکەى.


- باش. ڕازیم، بەڵام توند چاوم ببەستە. بۆ شوێنى دووریش مەڕۆ، تەنیا لەو جێگایانە خۆت بشارەوە، کە من خۆم تیا شاردبووەوە.


- باش، دەى کوا پارچەپەڕۆ سپییەکەم بدەرێ.


کوڕیژگەکە دەستى بەناو گیرفانى ڕاستى پانتۆڵە بچووکەکەیدا گێڕا، پارچەپەڕۆکەى (کە هیى کچۆڵەکە بوو.) دەرهێنا و خستییە ناو دەستى کچۆڵەکەوە، بۆ ئەوەى چاوى ببەستێت. (مەهتاب) هەوڵى زۆرى دا، تا توند لە دواوە پەڕۆ سپییەکە گرێ بدا و نەکرێتەوە. چەند جارێک جەختى لێ کردەوە، کە ئایا چاوى دەبینێت، یان نا، دواى ئەوەى دڵنیا بوو کوڕیژگەکە هیچ نابینێت، خۆى شاردەوە و پێى گوت:


- ئێستا چاوت بکەوە!


کوڕیژگەکە چاوى کردەوە، بە هۆى ئەوەى کچۆڵەکە گرێى توندى لە پەڕۆکە دابوو، بە خێرایى چاوى وەک تیشکى مۆمى بەر هەوا دەپرتاند و سەرى بۆ چواردەورى خۆى دەسووڕاند. کەوتە گەڕان بۆ جۆکردنى کچۆڵەکەى هاویارى. زۆر گەڕا، کەلاوە تاریکەکان، کۆڵانە تەسک و شێدارەکانى ئەو نزیکانە، ئەو کۆڵانانەى ماڵەکانیان تەنیا یەک گڵۆپى تێدا دەسووتا، هەتا ئەو ماڵە چۆڵەش گەڕا، کە پێش دوو ڕۆژ خاوەنەکەى جێى هێشتبوو و ڕووى لە شارێکى تر کردبوو، بەڵام لە هیچ یەکێک لەو شوێنانە هەواڵێک لە کچۆڵە نەبوو، ئاخر ئەم تەنیا لەم شوێنانە خۆى دەشاردە و ڕووى لە هیچ شوێنێکى تر نەدەکرد، دەبوو ئەویش هەر واى بکردایە، بەڵام وا دیارە واى نەکردووە. ڕۆیشتەوە بۆ ناو منداڵەکان و بە وردى چاوى بە ناویاندا گێڕا، تا کچۆڵەى هاوڕێى بدۆزێتەوە، کەچى لەناو ئەوانیشدا نەبوو. پرسیارى لە یەک دوو منداڵى هاوڕێى کرد و ئەوانیش بێئاگایى خۆیان لە بینینى (مەهتاب) دەربڕی. هەناسەى سوار و ڕەنگى بزڕکا بوو، کاتێک لاى منداڵەکان قسەى دەکرد، تۆنى دەنگى وەک کوڕە هەرزەکارێک گڕ ببوو. بیرى کردەوە، کە ڕەنگە بۆ ماڵ ڕۆشتبێتەوە، چونکە زۆر شەوى تر، بێ ئەوەى ئەمى جۆ کردبێت، دەڕۆیشتەوە ماڵ و تاقەتى یاریى نەدەما، بەڵام هەرچەندى کرد نەیتوانى بۆ ماڵیان بڕوات و هەواڵێکى (مەهتاب) بزانێت. ئێستا ئەو هەستە تیایدا سەروەرە، کە کچۆڵەکەى ون کردووە، ونکردن وایە، مرۆڤ گەر یەکجار کەسێک، یان شتێک ون بکا، ئیدى هەرگیز نایدۆزیتەوە، گەر ئەو کەس و شتەش ببینێتەوە.


ماوەیەک لە شوێنى یارییەکە مایەوە و چاولەڕێى هاتنەوەى (مەهتاب) بوو، تا بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەى کۆتایى بە یارییەکەیان بهێنن و هەر یەکەیان بۆ ماڵى خۆى بڕواتە‌وە‌، بەڵام کچۆڵەکە بۆ شوێنى یارییەکەش نەگەڕایەوە. نائومێدانە ڕێگاى ماڵەوەى گرتەبەر، دایکى لەسەر سەکۆى حەوشەکە جێگاى نووستنى بۆ ڕاخستبوو، ئەویش بێ قسە و بە دڵێکى منداڵانەى ناسکەوە چووە ژێر جێگاکەی و بیرى لە دیارنەمانى (مەهتاب) دەکردەوە. هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر نییە منداڵێک خەمى هەبێت، لە ناخەوە خۆى بخواتەوە و بە کەس نەڵێت چ خەمێکم هەیە.


لە هەڵدانەوەى گۆڕەکاندا، لە یەککاتدا و بێ ویستى خۆم گومان و چێژ و ترسم تێکەڵ دەبن و بۆم جیا ناکرێنەوە. زۆر ماندوو دەبم، تا خۆڵى سەر گۆڕەکان لا دەبەم، هەڵیاندەستێنمەوە و پشتیان دەدەمە کێلى گۆڕەکەى خۆیانەوە، دایاندەنیشێنم، تا کفنە سپییەکەیان لە بەر دابکەنم. هەرچەندە مردووەکان زیاتر لە زیندووەکان دەمترسێنن، چونکە زۆریان دواى لابردنى خۆڵى سەر گۆڕەکانیان، کاتێک تیشکى فانۆسەکەیان لێ دەدەم، ڕووخسارێکى ترسناک و پێستێکى ڕەق و بێدەنگییەکى دڵلەرزێنیان هەیە، بەڵام چێژى زیاتریشم پێ دەبەخشن. زیندووەکان نامترسێنن، بەڵام ئازارم دەدەن و لە چێژ بێبەریم دەکەن، هەموو چێژێک لەناو ترسى گەورەدایە، من تا نەهاتمە ئەم گۆڕستانە و مردووەکانم بە چاوى خۆم نەبینى، نەمدەزانى چێژ لە کارى مەترسیداردایە. ئەمەى ئێستا خەریکى هەڵدانەوەیم (١٨٢)ەمین گۆڕى مردووە، کە تا ئێستا لەم گۆڕستانە هەڵمداونەتەوە.


دواى قۆناغى منداڵییم ئەمە یەکەمجارمە ئاوا بە شەو بێمە دەرەوە، ماڵەوە و ترسى خۆم تا ئێستا ڕێگرى ئەوەم لێ دەکەن، بە تایبەتى کاتێک ماڵى ئێمە نزیکى گۆڕستانێکى گەورە و ترسناکە. شەوانى هەر چوار وەرزى ساڵ، کاتێک دەچوومە ژێر جێگاى نووستنمەوە، سەرەتا زیندەخەونم بەو کوڕەوە دەبینى، کە هاوپۆلم بوو، زۆر یەکدیمان خۆش دەویست، بەڵام ماڵیان بۆ شارێکى گەورەترى دوور لەم شارە بچووکەى ئێمە گواستەوە و ئیتر هەرگیز نەمبینییەوە. دواى تەواوبوونى زیندەخەونى هەمیشەییم، بیرم لەو نهێنییە دەکردەوە، کە بۆچى (مەردان) نایەڵێ بە شەو کەس بیبینێت. دێمەوە سەر خۆم و جووڵەى (مەردان) دەخەمە ژێر چاودێرى وردەوە، دەبێ چ بکات؟ هەستایە سەر پێ، بە هەردوو دەستى دارى خاکەنازەکەى گرت و کەوتە لابردنى خۆڵى گۆڕێک، ئەوە چى دەکات؟! خۆ ئەوە گۆڕەکەى هەڵدایەوە. واى! مردوویەکى هێنایە دەرەوە، دەستى بۆ کفنەکەى برد و لە بەرى داماڵى، مردووەکە ڕووت بووەوە. لەشم داهێزرا و لە شوێنى خۆم وشک بووم، ئەمە یەکەمجارمە مردوویەکى ڕووت ببینم. لە ڕووخسارى (مەردان)یشدا هەستم بە ترس و شڵەژان نەکرد، پێدەچێت لەگەڵ ئەم پیشەیەدا ڕاهاتبێت، واى! نازانم، بۆ هێندە لە بینینى مردوو دەترسم، لە کاتێکدا زیندووەکان جێى ئەوەن لێیان بترسم. چاوم دادەخەم و دەمەوێ دیمەنى ڕووتى ئەو مردووە نەبینم، بەڵام هەوڵەکەم بێ ئاکام دەبێت، جارێکى تر و بێ ئەوەى خۆم پێى بزانم چاوم دەچێتەوە سەر (مەردان) و مردووە ڕووتکراوەکە. دەمەوێت چاو دابخەم، بەڵام هێزێک لە ناوەوە پێم دەڵێت: (ئەستێرە! نابێت بترسیت. تۆ! ئەمشەو بۆ زانینى نهێنییەک هاتوویت، بڕۆ پێشەوە و پرسیار لە (مەردان) بکە، بزانە بۆچى ئەو گۆڕانە هەڵدەداتەوە؟ بۆچى کفن لە بەرى مردووەکان دادەماڵێت؟ بۆچى...؟!)) ترس ئارەقى زۆرى پێ کردبووم، وام هەست دەکرد لەبەر خۆرى گەرمى هاویندا وەستاوم و سەرم تاوەسووت بووە، وردە وردە چوومە پێشەوە و لەشم نا، دڵم دەلەرزى. (مەردان) سەرێکى هەڵبڕى و گوێى بۆ دەنگێک هەڵخست، زانیم ئەویش ترسى لێ نیشتووە. گەیشتمە لاى و بە دەنگێکى هەڵبزڕکاوەوە سەڵاوێکم لێ کرد، ئەویش بە هەمان دەنگى من و ڕەنگى تاساوەوە سەڵاوەکەى سەندمەوە. ورەم دایە بەر خۆم و گوتم:


- (مەردان)، بۆ ئەو مردووەت لەو گۆڕە دەرهێناوە و کفنەکەى لە بەر دادەکەنییت؟!


- ها؟ نا، ئەوە هیچ نییە، تەنیا کفنەکەى پاک دەکەمەوە!


- نا، ئەوە ڕاست نییە، تۆ دەتەوێ شتێک لەو مردووە بکەى. دەتەوێ تۆڵە لەو مردووە بکەیتەوە؟!


- بەڵێ.


- تۆڵە لە زیندووەکان دەکرێتەوە، نەک مردووەکان!


- تازە تۆ بە هەموو شتێکت زانى. با بچینە ژوورەوە هەموو شتێکت پێ دەڵێم.


کاتێک گوتى (هەموو شتێک)ـت پێ دەڵێم، هەستم دەکرد ئەو نەک هەموو شتێکم پێ ناڵێت، بگرە یەک شتیشم لەو هەموو شتە بۆ باس ناکات، کە بڕیارى دابوو پێم بڵێت. (مەردان) هەستایە سەر پێ و خۆى تەکاند. پێکەوە چووینە ژوورەکەى، کە کەوتبووەوە بەشى ڕۆژئاواى گۆڕستانەکە.


لە ساتى چوونەژوورەوەدا (ئەستێرە) لە دواى (مەردان)ـەوە دەڕۆیشت، بۆ ئەوەى تەواو هەست بەو گۆڕانە لەناکاوە بکات، کە لە ڕووخسار و جەستەى پورزاکەیدا ڕووی دابوو. چوونە ژوورەوە و دانیشتن، (ئەستێرە) بێ ئەوەى چاوەڕێى ئەو بکات، سەیرى دەمارە سەوزەکانى دەستى (مەردان)ى کرد، کە لەبەر تیشکى فانۆسەکە وەک هێڵى لارى سەر نەخشەکانى لێ هاتبوو. دەستى بە پرسیارە زۆرەکانى کرد و گوتى:


- مەردان گیان، ئەمە یەکەمجارمە بە شەو دەتبینم. لە ڕۆژدا گەنجتر دەردەکەوى، بەڵام لە شەودا زۆر پیر دیارى.


بێ ئەوەى ئەو قسەیەى (ئەستێرە)ى بەلاوە گرنگ بێت، گوتى:


- ئەستێرە گیان، خۆت دەزانى ماوەیەکى زۆرە لەم گۆڕستانەدا دەژیم، لە پێناوى یەک شتدا، ئەویش ڕاکردن لە زیندووان. ماوەیەک لەگەلڕ زیندوواندا ژیام، ئازارى زۆرم چەشت، بۆیە بڕیارم دا ئیدى لەگەڵ مردوواندا بژیم. ئەوە ئێوەن لە دوورەوە وا تێدەگەن، کە ئەوانەى لێرەن جووڵەیان نییە و ناتوانن بژین، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، ئەوان جوانتر لە زیندووەکان دەژین، دنیایەکى ئارام و جیهانێکى بێدەنگى پڕ لە ژیانیان هەیە.


(ئەستێرە) کەمێک بێزارانە خۆى نیشان دا و ویستى وەڵامى پرسیارەکەى دەست بکەوێت. جارێکى دى لێى پرسییەوە:


- (مەردان)، پێم بڵێ، کفنى ئەو مردووەت بۆ چی بوو؟! بۆ لە بەریت داماڵى؟! چى لێ دەکەى؟!


- چونکە مردووەکان پێویستیان بە کفن نییە. ئەوان جەستەى ڕووتیان لەگەڵ خاکدا تێکەڵ دەبێت و گەر پارچە قوماشە سپییەکانى بەریان دانەکەنرێت، لەژێر خاکدا دەڕزێن. کفن بۆ زیندووانە، نەک مردووان، کفن بۆ ئەوەیە ناشیرینییەکان بشارێتەوە. مرۆڤ، کە دەمرێت ڕۆحى بۆ ئاسمان و جەستەشى بۆ ژێرخاک دەچێت. کفن بۆ کەسێکە لەسەر خاک بێ و خراپەکانى خۆى پێ دابپۆشێت.


(ئەستێرە) وەک ئەوەى بڕواى تەواو بە قسەکانى پورزاکەى نەکات، سەیرێکى بنمیچى ژوورەکەى کرد، دوو فەردەى هەڵواسراوى پڕ لە شتى سپیى بینى، سەرەتا وایزانى لۆکە، یان پەمووى تێدایە، بەڵام کاتێک وردتر تەماشاى کرد، بینى هەمووى کفنى مردووە. هەناسەى توند بوو، بۆى دەرکەوت، کە بۆچى بە درێژایى ئەم هەموو ساڵە نەیهێشتووە کەس لە شەودا بێتە ئەم گۆڕستانە و بیبینێت، چونکە کفنى زۆرى مردووەکانى ئەم گۆڕستانە لێرەن، لاى (مەردان)، لەبەر ئەوەش نەیهێشتووە لە شەودا کەس بۆ لاى بێت، بۆ ئەوەى ئاشکرا نەبێت. بڵێى لەناو ئەو پارچە قوماشە سپییانەدا بۆ چى بگەڕێت؟ جارێکى تر لە (مەردان)ى پرسى:


- پورزاکەم، هەموو ئەمانەى تۆ دەیڵێیت ڕەنگە ڕاستى بن، بەڵام تۆ وەڵامى پرسیارەکانى منت نەدایەوە. کفنى ئەو مردووانەت بۆ چییە؟ ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسوکاریان بێن و گۆڕەکانیان هەڵدەنەوە، گەر ببینن مردووەکەیان کفنى لە بەردا نەماوە، یەکسەر گومان لە تۆ دەکەن.


- نا، خەمى ئەوەم نییە، هیچ زیندوویەک مردووى خۆش ناوێ. کاتێکیش دێنە سەر گۆڕەکانیان و بۆیان دەگرین، لە ڕاستیدا دەیانەوێ بزانن، کە تا ئێستا دەژین و لە سەر زەوین، جیاوازن لە مردووەکانى ژێرخاک.


- ئەى کاتێک گۆڕەکان هەڵدەدەیتەوە ترس داتناگرێت؟


- مرۆڤ هەموو کارێک بۆ چێژ دەکات، هەموو چێژێکیش ترسى خۆى هەیە، هەر کارێک ترسى نەبێت، چێژیشى نییە. بردنى کفنى مردووەکان بۆ من چێژى زۆرى هەیە، وەک چۆن لەگەڵ داکەندنى کفنى بەر هەر مردوویەک، خەریکە ترس دڵم بۆ خۆى دەبات. ئەم چێژە، یان ڕوونتر بڵێم ئەم کارە تەنیا بۆ گەیشتن بە شتێکى تر، یان بڵێم چێژێکى تر دەکەم.


- ئەو شتە چییە؟


- شتێکە دەمەوێ پێى بگەم.


- تا ئێستا پێى نەگەیشتوویت؟


- نەخێر. ڕاستییەکەى (ئەستێرە) گیان، ئەو کاتەى گەنجێتیى خۆم لەناو مرودووەکاندا پیر کرد، ماناى وابوو منداڵیى خۆم ڕەتکردووەتەوە، کە بریتى بووە لە ژیان لەگەڵ زیندووەکاندا.


- ژیان لە گۆڕستاندا و لەگەڵ مردوواندا چۆنە؟


- یارییەکە، زیندووان ناچارت دەکەن بیکەیت!


دواى ئەو شەوەى کچۆڵەکە یارییەکەى جێ هێشت، ونبوون ڕووی دا و کوڕیژگەکەش زوو گەورە بوو...


فەردەکانى کفنیش کەمێکیان مابوو پڕ بن...


نیسانی ٢٠١٣
ماڵپەڕی کاروان محەمەد فەتاح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک