په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٤

    کلیلدار.

فەتاح حەسەن

بە گەشتنەوەم لە ١/١
بۆ ماڵە ساردوسڕەکەم.
خەمەکانم
بەرزەپێ لەبەرم هەستان و
پێیان وتم:
سەری ساڵی نوێت لێ پیرۆز.
منیش وەکو هاوڵاتییەکی بەئەمەك
بەرامبەر سڵاوی کۆماری،
دەستی راستم بۆ نوقاند و
چەشنی مێخێك
بە شکۆوە لەسەر دڵم دامچەقاند و
بە دەنگی بەرز هاوارم کرد
هاوڕێیانی زێدە ئازیز
( گۆت نوێت ئاوا )
*.
  *   *   *
خەمم هەیە ئاڵ ئاڵ
هەروەك پەردەی پەنجەرەکەم.
زەرد، بە چەشنی لێوبەباران
بچووك، وەکو ژووری نوستنەکەم
گەورە، بە قەدەر مۆنیتەری تیڤیەکەم.
کورت، هێندەی خۆشییەکانی ژیانم
درێژ هەروەك کلیلی سندوقی پۆستەکەم.
خەمەکانم زۆر بە وەفان، جێمناهێڵن.
بۆیە هەروەك ساڵانی تر
بڕیارمدا
کلیلدارم بن.. کلیلدار.
______________________
Godt nytår: بە دانیمارکی واتە ''ساڵی نوێتان بە خۆشیی بێ''.

 

دانیمارک / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک