په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١\٢٠١٠

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و دادگای باڵای تاوانەکاندا.


عەلی مەحموود محەمەد

- بەشی یەکەم و دووەم -


کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئەو چرکە ساتەیە کە ژیانی دانیشتووانەکەی و هەموو خەڵکی کوردستانی گۆڕی، لەحزەیەکە نەک چووە نێو مێژووی کورد بگرە چووە مێژووی مرۆڤایەتیەوە.
سیاسەت هەموو دەم بە رەخنە دەژێت و نوێ دەبێتەوەو گەشەو نەشونما و باڵا دەکات، لە چەوتی و لەرزین و هەژان و هەرەس ڕزگاری دەبێت، بۆ ئەوەی دەریای خوێن بەخشیینەکانمان لە مێژوودا بەهەدەر نەچێت، ئەو دیرۆکە سامان و موڵکی هەموانە، گشت پێکەوە خاوەنداری لێدەکەین، بۆیە هەموو بۆمان هەیە قسەی لەسەر بکەین و پرسیاری جدی لەسەر یەکبەیەکی لەحزەو سا ت کات و بڕگەکانی بکەین، نابێت ڕێگە بدەین کەلێن و قڵشت لە نووسینەوەیدا هەبێت و بکرێت، بۆ خۆی ترسنۆکییە بازدان بەسەر مێژوودا و پەڕاندنی بڕگەکانی و شێواندنى ، تەنانەت چەندە چکۆڵەیش بێت، بۆیە باش و خراپی رابردو ئێمە خاوەنین ، چاکەکان مافی پاداشت و دەستخۆشى و رێزلێنانى هەیە و خراپەکانیش لێپرسینەوەو لێپێچینەوەو سزا ، هیچ کەسێکیش چەندە پلەو پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتى بەرز بێت بۆی نییە رێگە لە پرسیارو دەربڕینە دروستەکان بگرێت ، رێگرتن لە پرسیارو بۆچونەکان مانای ترسانە لە گوتنی ڕاستییەکان. کە پێویستە بە وردی بە دوای حەقیقەتەکاندا بگەڕێین لە نووسینەوەی مێژوودا ،بۆیە بەربەست درووستکردن لە بەردەم پشکینینی ڕاستییەکان تۆقینە لە هەڵە و تاوانباری. لێ ناکرێت نووسینەوەی مێژوو لەم سەردەمەدا خاڵی بێت لە هەڵە و کەموکوڕی ؟ .


سەرانی کورد بە توانان لە خۆ کوێر و کەڕ و لاڵکردن، کاتێک نۆرەی هەڵەو کەموکڕی و تاوانەکانى خۆیان دێتە سەر باسکردن، دەبنە نەتەوەیی خواز و هەزار و یەک پاساوی دیماگۆگیانەى بۆ دەهێننەوە، جارێک لە جاران و لە بڕگەیەکی مێژوویدا سیاسیەکمان نەبینی بە دگمەن نەبێت دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت و پاساوی بۆ نەهێنێتەوە. ئەوان پێیان وایە سەرتاپای مێژوییان پڕ لە جوانى و سەرکەوتن و پاکیزەییە و هیچ ناشرینی و شکست و ئاشبەتاڵ و لە پەڵیەکى بەسەرەوە نییە . دیارە باسکردنی هەڵەکان و پەنجە خستنە سەر تابۆکان ئازایەتی و دەستپێشخەری دەوێت .
ئەو تاوانانەی بەسەر گەلەکەمان هاتووەو بەرامبەری ئەنجامدراوە هەمیشە کۆن نابن و بە زیندویى دەمێننەوە، چونکە بەشێکن لە مێژوییەک ئێستاو ڕابردوو و دوا ڕۆژمان بەوەوە بوونی هەیە ، ژیانی ئایندەمان بەوەوە بەندە ، هەموو دەم یادو شوێنەوارەکانیان لە گەڵماندا دەژێن ، خەونی مرۆڤی کوردی ڕزگاربووی پاش کارەسات ، بۆنی مەرگی چرکە ساتەکانی ئەو عەیام و کات و سات و سەردەمەیان لێ دێت ، بۆیە تا ئەو برینە وەک خۆی چۆن بووە و ڕوییانداوە نەخوێنینەوەو وێنای نەکەین ناتوانین برینەکانی لە داهاتوودا ساڕێژ بکەینەوە، وەک چۆن 21 ساڵە نەمان توانی ، لە ئێستادا خەونی پەمبەیی بە ژیانەوە ببینیین و ڕزگارمان بێت لە ئەنفالێک کە لە هەموو چرکە سات و دەمێکدا لەگەڵماندا دەژێت .


15 ساڵ بوو ترسێکی قوڵی مەزن لە سەدام دایگرتبوین ، خوێندنەوەی ئەو تاوانانەمان بە سەرکەوتنی سەدام و شکستی خۆمان دەزانی، دێوەزمەی بونی ئەو ڕێگەى دەربڕینی پرسیارەکانی لێدەگرتین ، هەموو تاوانەکەمان دەخستە ئەستۆی ئەوێکی دوور لە خۆمان کە لە هەرەسی کات و ساتدا بوو، کەچی ئەوانەی دەبوایە بەشێک لە ڕەخنەکانمان ئاراستەیان بکردایە و کارەکتەرێکبون لە سیناریۆکە، هەموو دەم ئامادەی دەست لە ملانێی بوون، هەموو کات ئامادەی گەڕانەوەی سەرشۆڕانە بوون بۆ ئامێزى و هەر قسەکردنێک لەو تاوانانەمان بە قازانجی ئەو دەزانی ، زاتى ئەوە نەدەکرا قسەی جدی لەسەر ئەو تاوانانە و لایەنە شاراوەکانی و نهێنییەکانی بکەین، تەنانەت ئەرشیفی دڵە غەمگینەکانیشی بۆ نەخرابووە سەر پشت، لە گێڕانەوەى چیرۆک ئاساو فرمێسک ڕشتن وەدەرى بنێین و پەنجەى راستى و حەقیقەت بخەینە سەر هۆکارەو ئەنجامدەرانى ، روخانی سەدام و دەسەڵاتەکەى ئەم دەرگایەی بۆمان خستە واڵا کرد، وەلێ لە سێدارەدانی بەو پەلەپەلە بەشێک لە میژووەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە ، هەنووکە لەگەڵ ڕوخانی ئەو دەسەڵاتە هەموو مەحرەمەکانمان بۆ حەڵاڵ بووە ، دەبا ئێستا بێترس لە دۆزەخ تامی دەربڕینی ئەو ڕاستییانە بنۆشین ،با بوخچەی ئەو ڕاستیانەی چەندین ساڵە نەگوتنی ئازارمان دەدات بۆ هەمووان بکەینەوە.. تەنانەت سەدام لە کوردستانیش هاوکارانی خۆی لە لێپرسینەوە دەپاراست ، مانەوەی ئەو زەمانەتی دەنگ نەکردن بوو لەگەڵیان ، مانەوەی سەدام زامنی ژیانی سەدان ئەنفالچی بوو کە قارەمان و ڕاوچی بە کۆمەڵی ئەم گەلە و رۆڵەکانى بون، ئێستاش عەقلیەتەکەی کردومانیەتی بە گەلێکی بێ زاکیرەی زەبوون ، دەبێت ببین بە گەلی خاوەن زاکیرەو کەرامەتی نەتەوەیی ، تاوەکو کۆمەڵکوژییەکان لە یاد بکەین لە کەرامەت و زاکیرەوە دەیان فرسەخ دوورین، تا ڕاستییەکان وەک خۆی نەگێڕینەوەو یاداشت نەکەین درۆ لە گەڵ قوربانیان و گۆڕە بە کۆمەڵەکان و یاداوەرییەکانیان و وێنەکانیان دەکەین، درۆ لە گەڵ عومەر خاوەرەکان و خۆمان ویژدانماندا دەکەین .
ئەوان یاداشت و بابەتەکانیان بە هەستێکی غەمگینی ناسیۆنالستی سۆزاوی دەنووسنەوە، وا نیشانى دەدەن لە ڕابردودا هەڵە نەکراوە، ئەوان ترسیان هەیە دان بە هەڵەکانى رابردوودا بنێن، لە ئەرشیفەوە وێنەو فێلمی تاوانەکان و قوربانییەکان دەردەهێنن و لە کەناڵەکانیان نمایشی دەکەن و خۆیانی پێ جوان دەکەن و رەوایی دەدەن بە مێژوو و ئێستای خۆیان .


هێنانی ئێران هەرچەندە خۆیانی وردو خاشکرد و کۆتایی پێیان هێنا، هاوکات لەوە زیاتر پێگەی بزووتنەوەی سیاسی کوردیشی لە ئاستی جیهانی لاواز و ناشرینکرد.
مافی خۆمانە گومانمان لە هەموو ئەو رابردووە هەبێت و بپرسین ، ئەو تاکتیکە هەڵەیە بۆ کرا؟ بۆچى کوردستان کرا بە بەشێک لە بەرەی شەڕ؟ پرستان بە کێکرد سوپای ئێرانتان هێنایە سەر سفرەی ئەو خەڵکە بێتاوانە؟. چەندە بیرتان لێکردەوە؟ ئەنجامی چیبو چى لێکەوتەوە؟ ئایا سەدامتان وەکو خۆی دەناسی کە پێشتر دەست لە ملانێی بوون و وێنەکانتان تا ئێستا وەک پەڵەیەک لە ئارشیفەکاندا ماوە؟ ئایا بیرتان لە ژیانی ئەو خەڵکە و پاراستنی گیان و سەروەت و سامانەکەی کردبوەوە؟ بەرنامەو ستراتیجى هەمو ئەو کارانەتان چیبو؟ ئەمەو دەیان و سەدان پرسیاری بێ وەڵامی دی کە تا هەنووکەش یاساغە بکرێن.. خەڵکیش هەر لە چاوەڕوانی وەڵامەکانیاندایە! ئایا ئەوەی دوێنێ بە تاکتیکی هەڵەو کرداری نابەرپرسانەی گوێ نەدان بە ژیان و سەروەت و سامانی خەڵک قوماری بە چارەنووسیانەوە کرد(لای هەندێک سیاسەت قومارە)، چۆن دەتوانن ئەو هەڵانە لە داهاتوودا دووبارە نەکەنەوەو جارێکی دیکە بەهەمان ڕێگاو ئاقاردا نەمانبەنەوە؟!.
بەڵێ ئەو جەنگە هاوبەشەی (( ئێران- پێشمەرگە )) ئەنجامیان دا ، کە چەندین ناوی لێنراو پیرۆز کرا، زۆرێک ناسنامەو ئامانجیان بۆ داتاشرا ، جگە لە مەرگ هیچ ئەنجامێکی دیکەی بۆ گەل نەهێنا، واژۆکەران و جێبەجێکەرانی لە ئاست ئەو مێژووە پێویستە دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و لە بەرامبەر وتنی ڕاستیەکان هەڵنەیەن. ئەو تاوانانەی ئەو تاکتیکە چەوتانە بەرەو ئەو ئاکامەی بردن گەورەترین وێستگەی تراژیدیایانەی ژیانی کوردە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوویدا .


ئەمڕۆ مافی خۆمانە لە هۆکار و چۆنییەتی شەهید بون و مردنەکانی ئەو سەردەمەی کەسوکارمان و گەلەکەمان بکۆڵینەوە، لە ئێش و ئازارەکانمان ورد ببینەوە، بە قوڵی تێیڕابمێنین، قسە لە کۆمەڵکوژییەکانمان بکەین، پرسیار لە هۆکاری لە دەستدانی ئازیزانمان بکەین، پێویستە بە سەرجەم یادەوەری ڕابردودا بچینە ناخی خوارێ و پرسیارە گەورەکان ئاراستەی کەڵە سیاسیەکانی ئەو کات و قەڵەم بەدەستانی سەر مێزی مۆرکردنی پەیماننامەکانی ئەو دەم بکەینەوە.
مێژوو ئاوێنەی کردارەکانە، پڕە لە سەرکەوتن و شکستی، کەوتن و هەڵسانەوە، جوانی و ناشرینیی، دیرۆک جوانی و ناشرینییەکانى ژیان هەردووک پێکەوە دەنوسێتەوە، بەڵام هەمووی بەیەک رەنگ تۆمار ناکات، ناشرینی و جوانی لە هیچ بڕگەیەکی ژیان قەت تێکەڵ بەیەک نابن و ئاوێتەی یەکدى نابن، هەر چەندە مێژووی هەموو مرۆڤ و بزووتنەوەو پارت و .... پڕە لە کۆکتێلی جوانی و ناشرینی ، بەڵام هەریەکەی لە ڕیزێکدان، هەر بەشەی ڕەنگێکی تایبەتی خۆی لە دەفتەوەری بیرەوەری و لاپەڕەکانی مێژوودا هەیە، رەنگێکی وا هەرچی توانای جیهان هەیە ناتوانێت یەک وشەی ماکیاژ بکات، تەنانەت لەکەیەکی ناشرینی جوان بکات، ئەوەیشی بکرێت دوا ڕۆژ ئاشکرا دەکرێت.


سەرکردە سیاسییەکانی کورد، دەبوایە وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان پێش ئەنجامدانی ئەو کردە سەربازییە هاوبەشەیان لەگەڵ ئێران پۆلین بکردایەو بدایەتەوە، دەبو خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ساز و ئامادە بکردبایە، ئاسانە بە جیهاز و لە دووری دەیان و سەدان کیلۆمەتر، بێ ئامادەیی کەسوکارت بڕیاری قورس وماڵوێرانکەر بدەیت!! بڕیارێک یەکێک لە گەورەترین کارەساتی مرۆڤایەتی لە نیو سەدەی ڕابردوی مرۆڤایەتی خولقاندبێت، تۆش پەنجەت بە ئاوی شلەتێندا نەکردبێت، ماڵ و مناڵەکانیشیان هەموو لە خۆشترین وڵاتی ئەوروپابن، دەبوایە بیانزانیبا قومارکردن تەنها بە ماڵ و منداڵ و سەروەت و سامانی خۆیانەوە دەکرێت (هەرچەندە ئەوەش تاوان و ناڕەوایە و ناکرێت)،نەوەک بە نیشتمان و بزووتنەوەی سیاسی و سامانی وڵات و جەماوەرەوە.. بیهێننە پێش چاوی خۆتان عومەر خاوەربن و نەمردبێتن؟!.
دەبو لە خۆیان بپرسیایە ئەو جەنگە بەرەو کوێیان دەبات؟ بەرەو بەهەشت و سەرکەوتن یاخود دۆزەخ و کاولستان و سەر زەوی مەرگ؟ ئەوان بەو بڕیارەیان تەنها لەبەر دەسکەوتێکی سەربازی و دارایی گەلیان لە کارەساتێکەوە بۆ یەکی زۆر مەزنتر و گەورەتر پەلکێشکرد، کارەساتێک ئەوەندە قوڵ، خاڵی کۆتایی نەبوو، ئێستاش رێگا بە پرسیاری قوربانییەکانیش نادەن، چۆن دوێنێ ڕێگەی دەربازبوونیان پێ نەدان، ئەمڕۆش ڕێگای پرسیار کردنەکانیان دەگرن.


21 ساڵە ئەو پرسیارانەى لە پەیوەند بە هێنانی پاسدار و نهێنییەکانی لە ناوەوە دەمانخوات، پرسیارێک بەردەوام دەمانەوێت بیکەن و ترس دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر، تا تاڵەبانی بۆ خۆی لە ناچاری وەک شەریکە بەش کردی، ئێستا پێویستی بە وەڵامدانەوەی جدی هەیە.
نابێت لە ئەبەدییەتی ترسان لە پرسیاردا ژیان بەرینە سەرو ماکیاژی هەڵەکان بکەین، دەبێت سەرەداوی هەموو پرسیارەکان بکەینەوە، هەزاران پرسیار بە هەزاران ئاواز و سەمفۆنیاوە لە گەروماندا چاوەڕوانی دەرچونە دەرەوە دەکەن، هەر مەرگێک لەو 182000 و 8000 و 5000 ە، پرسیارێکیان بۆ سیاسییەکان هەیە، هەر یەکەیان خەون و چیرۆکێکیان هەبوو، هەر یەکەیان لە دوای خۆیان بەسەرهاتێکی ئازیزانیان هەیەو لە ناخیاندا قەتیس ماوە، پێویستە دەرگا بۆ پرسیارە زۆر و زەبەندەکانیان بکەینە سەر پشت.. پێشکەوتن لە ڕێگای وەڵامی ئەم پرسیارانەوە دەبێت، لە ڕێگەی ئازادکردنی پرسیارەکانەوە دەبێت و لە رێگەی وەڵام بە ڕەخنەکان و خواستی جەماوەرەوە دەبێت.


دەبوایا لە دۆسیەی هەڵەبجەدا لە پاڵ عەلی کیمیاوی هەموو ئەمانە دانیشتنایە:
-ئەوانەی ڕێگایان گرت لە دەرباز بوونی خەڵک(بە بارمتە گرتنی خەڵکی سڤیل بۆ خۆ پاراستن، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە، لە هەڵەبجە سەدان شایەدی وا هەیە).(( پاراستنی خەڵکی مەدەنی بنەمایەکی سەرەکی یاسای مرۆڤدۆستیی نێو دەوڵەتییە بە یاساکانی جەنگیش دەناسرێت و سەرچاوە سەرەکیەکانی هەرچوار رێککەوتنامەکەی جنێفی ساڵی1949یە(( کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە ل109.)).
- دزینی و بە تاڵانبردنى ماڵی خەڵکی تاوانی جەنگە.
- دزینی بانکی هەڵەبجە و دەیان شوێنی گشتی دیکە وەک پەرتووکخانەی شار .... .
-بە کوشت و ئیعدامدانی دەیان پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات(ئیعدامی دیلی شەڕ تاوانی جەنگە).
لە هەموو دادگاییەکدا تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەولێدوانیان وەردە گیرێت، هەموو ئەوانەی لەو چرکە ساتەی ئەنجامدانی روداوەکەدا ئامادەییان هەبووەو زیانیان هەبووە یان ڕۆڵیان لە ڕوداوەکەدا هەبووە.
ئەگەر سەیری سەدەی ڕابردوو بکەین، بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵکوژییەکان جیهان، بە هۆکاری پەیوەندی ئەو وڵاتانە لەگەڵ وڵاتی بێگانە ئەنجامدراون.


جەنگی جیهانی دووەم دەیان ملیۆن مرۆڤی لە بەرداشی خۆیدا هاڕی، چەندین وڵاتی کرد بە خەرابە، وەلێ تەنها هیرۆشیما و هۆلۆکۆست لە یاداوەری بابەتی مشتومڕو گفتوگۆدا لە پاش بە جێما، شۆڕشە نوێکانی گەلەکەمان بەوەی یەکێتی و گوڵانیشەوە لە ساڵی1988 تەنها هەڵەبجە و ئەنفال و8000 بارزانی لێ بەجێما.
راستی چەندە ون بکرێت، لە کۆتاییدا ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە. چەندە قەڵەم بە دەستانی چەواشەکار بە بەرژەوەندی سیاسی و رێکخراوەیی و خۆیان بیانەوێت روی دەرخستنی راستییەکانی بشێوێنن، لە ئەنجامدا بەشیان هەر هەرەسە، کەسی ڕاستگۆ هەرگیز لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو ناسڵەمێتەوە، وتنی هەموو ڕاستیەکیش سەرەتا باجی قورسی پێویستە. چ دەزگاو لێکۆڵەرێکی بێگانەی شارەزاو وردبین هەیە، کاتێک باسی ئەو تاوانانەی باسم کردن بکات، ڕۆڵی بەشداری ئێران لە خودی تاوانەکان ناهێنێتە پێشەوە.


لە دادگای بازرگانی چەکی کیمیاوی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانرات کاتێک بریندارە پاسدارەکان و هاووڵاتییە بریندارە هەڵەبجەییەکان پێکەوە لە تەنیشت یەکتر ڕادەوستن و لە شوێن و رۆژێکدا زامدار دەبن، ئەمە وادەکات تەنانەت لەلایەن داواکاری گشتی دۆسیەکەشەوە کە هەموو هەوڵێکی بۆ بە جینۆساید ناسینی ئەو تاوانانە بوو بە تایبەت هەڵەبجە، نەتوانێت تەنانەت ئاماژەیەکیش بە تاوانی هەڵەبجە وەک جینۆساید بدات.
بوونی پاسدار لە پاڵ دۆسیەکانی بارزانی و هەڵەبجەو ئەنفال راستیەکی هاشا هەڵنەگرە، هەر دادگایەکی ئازاد و سەربەخۆ کە بیەوێت لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە بکات ناتوانێت بە بان ئەو وردە کاریانەدا هەنگاوێک بهاوێت. ئەگەر لە دادگای ئێراقدا ئەوە نەکراو شایەدکار و سکاڵاکەری جۆراوجۆر نەهێنرایە پێشەوە، ئەوە دادگاییکردنی دۆڕاوەکان بوو، براوەکان لەهەموو تۆمەتێک بێبەری کران، هەر ئەمەش وایکرد ئەو بڕیارە گرنگەی لەسەر دۆسیەی ئەنفال درا ،لە ئاستی نێو نەتەوەیی ئەو گرنگیەی نەبێت و نەتوانرێت وەک دۆکۆمێنتێکی مێژوویی چاوی لێبکرێت.
کێ هەیە بتوانێت بڵێت ئێران بەشێک نییە لەو دۆسیانە، ڕاستە سەدام و بەعس تاوانباری سەرەکی تاوانی هەڵەبجەن، ئەی مەگەر ئێرانیش نەبوو هەر لەو هەڵەبجەیەدا 72 پێشمەرگەی (کۆمەڵە)ی بە کۆمەڵ کوشت و بە دیلی لە سێدارەی دان. مامەڵە نەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ بە پێی پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکان و تاڵان و بڕۆی خەڵک و بە بارمتەگرتنی خەڵکی سڤیل لە شارەکە نەهێشتنیان لە دەرچن و رزگاربون لە مەرگ هەموو دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەکانەوە، ئەو تاوانانەی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کۆن بونیان نییە و ڕۆژێک هەر پەنجەرەیان لێدەکرێتەوە.
ئەو چوار شەممە نەگریسەی لە جەرگەی فەجری 10دا هەڵەبجەی تێدا کرا بەو شارەی کە سەرانی (ینک) زۆر جار شانازی دەکەن کە بە جیهانی ناساند، یەکێک لە رەشترین ڕۆژەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە.


لە پیلینۆمی (ینک) لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی2009، بەڕێز تاڵەبانی کۆمەڵێک تۆمەتی خستە پاڵ بەڕێز نەوشیروان مستەفا بە تایبەت لەمەر کیمیابارانکردنی شارى هەڵەبجە، کە بەشێکیان دەچنە پای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگەوە، لە ناو ئەو هەموو تۆمەتەدا من تەنها ئەو بەشەی تایبەتە بە دۆسییەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە هەڵدەبژێرم و هەڵوەستەیەک لەسەر وتەکانی هەردووک بەڕێزیان دەکەم.
دیارە ئەگەر دادگای باڵای تاوانەکان دادگایەکی جدی بوایا، هەر پاش ئەو وتانە، هەردوو بەڕێزیانی بانگدەکرد بۆ دادگاو دۆسیەی بۆ دەکردنەوە، بە تایبەت وتەی کەسێک سەرۆک کۆماری ئێراقەو واژۆی لەسەر پێکهێنانی خودی دادگاکە کردووە.

تاڵەبانی لە پیلینیۆم چی گوت؟

پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە 21 ساڵ بەسەر تاوانی هەڵەبجەدا، دواى ئەوەی لە چەندین بۆنەو کاتی جاجیادا کە پێشتر لێدوانی پێچەوانەی داوەو داکۆکی سەرسەختانەی لە هاوپەیمانی نێوان (ی.ن.ک) و سوپای پاسدارانی ئێران کردووە و واژۆی لەسەر ئەنجامدانی چالاکی سەربازی هاوبەش کردووە، لە کۆتاییدا سیاسەت تێکەڵ بە راستییە مێژووییەکان بوو و ماری بە دەستی هاوڕێکەی گرت و خۆی بێبەریکرد لە بەشێک لە هەڵەترین کاری ژیانی سیاسی خۆی، تاڵەبانی لە پلۆنۆمی (ینک) دا سەبارەت بە کیمیابارانی هەڵەبجە وتی:‌ "نه‌وشیروان مسته‌فا به‌بێ‌ ئاگاداری‌ سکرتێر له‌گه‌ڵ پاسداراندا هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌رچه‌نده‌ رژێمی‌ عێراق پێشتر ئاگاداری‌ کردبووینه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پاسدار بهێننه‌ سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌ک به‌چه‌کی‌ کیمیاویی‌ لێیانده‌دات" ( ئاوێنه‌ پوختەی قسەکانی تاڵه‌بانی‌ ده‌رباره‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوده‌کاته‌وه‌ 3-11-2009).
هەر لە چوارچێوەی ئەو وتانەدا، بەڕێز فوئاد مەعسوم تەسکییەی ئەو وتانەی تاڵەبانی کرد کە بڵاو کراونەتەوە و وتی: مام جه‌لال باسی‌ موعاناتی‌ خۆی‌‌و یه‌کێتی‌ کرد، به‌ڵام راگه‌یاندنه‌که‌ی‌ پلینیۆم باسی‌ بڕیارو هه‌ڵوێستی‌ داهاتووی‌ یه‌کێتی‌ کرد. وتاره‌که‌ی‌ مام جه‌لال مێژووی‌ موعاناته‌که‌ بوو، ئه‌و موعاناته‌ به‌درێژایی‌ ئه‌و مێژووه‌ که‌ڵه‌که‌ بووه‌و چیتر ته‌حه‌مول نه‌کرا، جا ئه‌و باسی‌ له‌و موعاناته‌ی کرد. (فوئاد مه‌عسوم: ئه‌وه‌ی‌ مام جه‌لال ‌ له‌سه‌ر کاک نه‌وشیروان وتویه‌تی‌ موعاناتێکی‌ مێژوویی‌ که‌ڵه‌که‌ بووە‌،ئا: ئاوێنه4-11-2009).


بەڕێز عومەر فەتاحیش پێشتر هەمان بۆچوونی هەبووە، کاتێک لەگەڵ یۆست هلتەرمان چاوپێکەوتنی کردووە ئەمەی درکاندووە((عومەر فەتاح: شەوکەت راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتییەوە هەبوو(لە دۆڵی جافایەتییەوە نەوشیروان سەرکردایەتی دەکرد) کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە ل161 ))(مەبەستی شەوکەتی حاجی مشیرە کە بەشی شیری سکانداڵەکە لە ملی ئەو ساغ بوەوە).
گۆڤاری لڤینی نزیک لە کاک نەوشیروانیش لە ڕێپۆرتاژێکدا دەنووسێت: ((بەرپرسێکی ینک دەڵێت:کاک نەوشیروان بە برووسکە پێیوتین گەر پەلە نەکەن لە دەستپێکردنی هێرشەکەدا، ئەوا هێزەکانی ڕژێم ئێمە لە دۆڵی جافایەتی هەڵدەکەنن، ئەم بەرپرسە دەڵێت: مژدەی نزیکبونەوەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەم بە لاسلکی گەیاندە سەرکردایەتی، دەمزانی ئەنساتی عێراقی گوێیان لێدەبێت، ئەمەم بۆ سوککردنی هێرشەکەی سەر سەرکردایەتیمان کرد-یاسین ڕەسوڵ عوسمان-لڤین، ئەو هەڵە ستراتیژییەی کیمیابارانی لێکەوتەوە).
وەلێ شەوکەت حاجی مشیر دەڵێت : (لە نێوان قەڵادزێ و هەڵەبجە و حاجی ئۆمەران سەرکردایەتی لەسەر هەڵەبجە گیرسایەوە) (کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل 148).لێرەدا ڕۆڵەکە دراوە بە سەرکردایەتی ینک، وە ئەوانیش بڕیاری گرتنی هەڵەبجەیان داوە، لایەنەکانى دیکە کە بەشداریش بوونە بە پێی ئەم وتەیە بڕیار بە دەست نەبوونە، تەنها هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەکراوی (ینک).


ئیتر ئەوە نەزانراوە ئەو سەرکردایەتییەی ئەو بڕیارەی داوە لە چەند کەس پێک هاتووەو و کێ بووونە؟! ئایا واژۆیان لەسەر چ بڕیارێک کردووە؟ دۆکۆمێنتەکانی ماون و دەتوانرێت توێژەر و لێکۆڵەرەوەکان کەڵکی لێ وەربگرن بۆ نووسینەوەی مێژووی تاوانی هەڵەبجە!.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، چۆن بووە بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە نووسین و یاداشتەکانی پێشوویدا، باسی زۆر لە بڕگەکانی ژیانی سیاسی خۆی بە لێدانی نەوتەکەی کەرکووکەوە دەکات، وەلێ کەم و زۆر نایەتە سەر هەڵەبجەو باسی رۆڵی خۆی لەو جەنگەدا ناکات؟!.
سەرەتا پَیویستە هەڵوێستەیەک لەسەر وتەکانی ڕێزدار تاڵەبانی بکەین، ئەوجا بەدوای وەڵامەکەی کاک نەوشیروان بکەوین.. دیارە هەموو کات قازانج باوکی زۆرە و شەڕە لەسەر دوورینەوەی دەسکەوتەکانی، زەرەریش هەتیووەو بێ باوکە کەس خۆی ناکات بە خاوەنی، بێ وەفاترین هاوڕێش ئەوەیە لە زیان شەریکت بکات و قازانجیش بۆ خۆی بدورێتەوە، دیارە ئەم دوو هاوڕێ دێرینە هەر یەکەیان بەش بە حاڵی خۆی ئەوەی بەرامبەر ئەوی تر کردووە.


ئەوەی لە هەڵەبجە رویدا، هێزەکانی ینک و پدک و سۆسیالست و بزووتنەوەو مەجلیس ئەعلا بە پێشەنگی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر شارەکەو گرتیان، واتە تەنها هێزەکانی ینک نەبوون، ئەمە لاوازترین خاڵە بۆ تۆمەتەکانی تاڵەبانی بە تاوانبارکردنی لە هێنانی پاسدار بۆ سەر هەڵەبجە تەنها لە لایەن کاک نەوشیروانەوە، چونکە کاک نەوشیروان ئەگەر خاوەند ئەو دەستپێشخەرییە بێت بۆ ینک، خۆ هەر ئەویش پێشەنگی لایەنەکانى دیکە نەبووە؟ ئەو هەڵە مێژووییەى کراوە جگە لە ینک چوار لایەنی دیکەش بەشێکبوونە لە کردە سەربازیەکە، ئەگەر وەک ینک بەشداریان کاریگەر نەبووە ئەوە پەیوەندی بە قەبارەی هێزەکانیان و ئەزموونی رابردو و ئاستی جەسارەتی هێزەکان و توانای لۆجستیکی سەربازی و ئیستخباراتی و شارەزایی مەیدانی و پشتیوانی جەماوەرییەوە هەیە. هەر لایەنێکیش بە یەک چەکدار بەشداری کردبێت، مانای ئەوەیە لە گەڵ مەبدەئی کارەکەدا بووە لایەنکرى کردەوەکەبوە، لە قازانج و زیانیشدا شەریکە بەشە.


بۆیە تۆمەتبارکردنی بەڕێز نەوشیروان مستەفا بە هۆکاری سەرەکی ئەو تاوانە و خستنی هەموو ئۆبەڵەکان بۆسەرى، هۆکارە کوردییەکان کە خۆی لە هێنانی ئێران و هەندێک کاری ترسناک وەک (بڕینی بانکی هەڵەبجە، رێگە گرتن لە دەربازبونى خەڵک، دزینی سەروەت و سامانی خەڵکی، ئاگادار نەکردنەوەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دیموکرات و حشع...هتد) دەبینێتەوە، هەوڵ و تۆمەتێکى نەزۆکە، کە زۆریان دەچنە پای تاوانە مەزنەکانەوە بە ستانداردی دادوەری جیهانی، نەوشیروان مستەفا نە راستەوخۆ لە هەڵەبجە بووە، ئەگەر ئەو لە بەشی ینک بڕیار دەریش بێت لە دورەوە، لە کۆی پرۆسەکە بڕیاری دەری هەموو لایەنەکان نەبووە.. هاوکات تاڵەبانی لە لێدوانەکانی پێشودا داکۆکی لە پەیوەندی نێوان ینک و ئێران کرددووە، کە لە ساڵی1986ەوە بەردەوام بوو.. با بزانین مام جەلال لە ڕابردوو چی گوتووە:( رۆژنامه‌ی de Volkskrantی هۆڵه‌ندی له‌ ژماره‌ی رۆژی 25/4/1987 نوسینێکی رۆژنامه‌گه‌رێکی رۆژنامه‌که‌ی بڵاو کردۆته‌وه‌ به‌ ناونیشانی "عێراق به‌چه‌کی کیمیاوی په‌لاماری کورده‌کان ده‌دات". رۆژنامه‌نوسه‌که‌ ده‌ڵێت:
سه‌رکرده‌یه‌کی یه‌کێتی‌ نیشتمانیی کوردستان که‌ نه‌یویست ناوی ببرێت و ئێستا له‌سه‌ردانی ئه‌وروپایه‌ وتی: "ته‌نها له‌ گوندی بالیسان 130 که‌س کوژراو و بریندارن، زیاتر له‌ نیوه‌ی قوربانیه‌کان پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتین و ئه‌وانی تر دانیشتوی گونده‌که‌ن و زۆربه‌یان منداڵ‌ و ژنن. بالیسان ته‌نها گوند نیه‌ به‌ کیمیاوی لێی دراوه‌، گونده‌کانی هه‌ڵه‌دن، جارگاجو، کانیتو، ئاواجێ و چناره‌ش له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچکه‌ی دوکان به‌ کیمیاوی لێدراون و ده‌یان که‌س بونه‌ته‌ قوربانی". له‌وه‌ڵامی پرسیارێک بۆچی سوپای عێراق ئێستا چه‌کی کیمیاوی به‌رامبه‌ر به‌ کورد به‌کارده‌هێنێت، ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی یه‌کێتی‌ وتی: "له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی دواییدا هێزی پێشمه‌رگه‌ هێرشی کردۆته‌ سه‌ر سوپای عێراق و چه‌ند ناوچه‌یه‌کیان گرتۆته‌ ده‌ست، له‌وانه‌ شاخه‌ ستراتیجه‌ گرنگه‌کانی گۆیژه‌ و ئه‌زمه‌ڕ له‌ نزیک شاری سلێمانیه‌وه‌".


(تێبینی: کە لە گوندی شێخ وەسانان درا بارەگای پاسدار لە گوندەکە بوو لە پاڵ بارەگای لقی2پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر شەڕێکی هاوبەشیان ئەنجامداوە دژ بە هێزەکانی ئێراقی لە ناوچەکە، واتە لەمەشدا بوونی ئێران غائیب نەبووە لە هاوکێشەکەدا، هەروەها لە شەڕی ئەزمڕیش پاسدار بەشدار بووە-نووسەر).


(رۆژی 24/3/1988 رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی دو وتاری به‌ناونیشانی "چه‌کی تیرۆری عێراق" و " پێکهاته‌ نهێنیه‌کانی مردن له‌ هه‌وادا" که‌ له‌لایه‌ن Vahe Petrossian و David Fairhall نوسرابون بڵاوکرده‌وه‌.


سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی که‌ له‌ له‌نده‌نه‌ و به‌نیه‌ته‌ سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپی بکات، ده‌ڵێت که‌ نزیکه‌ی 1،5 ملیۆن کورد له‌ گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنی راگواستنی زۆره‌ ملێی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ده‌گوازێرێنه‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ ئه‌رمێنیایه‌کی تازه‌یه‌، ئه‌مه‌ جینۆسایده‌". تاڵه‌بانی و پارتی و چه‌ند گروپێکی بچوکی کوردی تر هاوپه‌یمانیه‌کی گونجاویان له‌گه‌ڵ‌ ئێران سازداوه‌ و چه‌کی قورس و تازه‌ وه‌رده‌گرن و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ ده‌که‌ن. دوێنی تاڵه‌بانی وتی: "پێشمه‌رگه‌ کورده‌کان له‌ گرتنی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی مارتدا یارمه‌تیده‌ر و ئاسانکه‌ر بون". باره‌گاکانی تاڵه‌بانی زۆرتر له‌ خۆرئاوان، له‌ 27 شوباته‌وه‌ شه‌ڕ تێدا له‌نێوان یه‌کێتی‌ و 20.000-30.000 له‌ هێزه‌کانی عێراق به‌رده‌وامه‌. عێراقیه‌کان شه‌ڕی سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌جێهێشتوه‌. تاڵًه‌بانی وتی که‌ عێراقیه‌کان گوندی سه‌رگه‌ڵویان گرتوه‌ پاش قه‌سفکردنی کیمیاوی 2.000 دانیشتوانی گونده‌که‌.).((کۆکردنه‌وه‌ و ئاماده‌کردنی: چیا عباس-رۆته‌ردام 23/11/2009 -هه‌ڵه‌بجه‌ و راسته‌یه‌کان له‌چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌کی مێژودا).


بە پێی وتەی ئەم بەڕێزە کاک حەمە زاهیر دۆزی هەڵەبجە، لە کۆنگرەی یەکەمی ینک مشتومڕی لەسەر کراوە، گوایە بە فەرمانی دەستە جەمعی سەرکردایەتی ئەنجامدراوە، دیارە یەکێک لەوانەی سەرکردایەتی کە بڕیاریان لەسەر داوە بەڕێز نەوشیروان مستەفایە، هەرچەندە لەناو ینک هەمیشە سەرکردایەتیەکان توانای بڕیاریان نەبووە، ئەو بڕیارە ئەگەر گڵۆپی سەوزی لە سکرتێری گشتی و جێگیرەکەیەوە بۆ دانەگیرسایە ئەوا سەرکردایەتی توانای بچووکترین بڕیاریان نەبووە، وەلێ بۆ ئەوەی ئۆباڵی شکستەکەی بخەنە سەریان لەمەدا شەریکە بەش دەکرێن ((بەڵام دۆسیەی هەڵەبجە لە سەر داوای شەهید شەوکەتی حاجی موشیر ساڵی 1992 لەکۆنگرەی گشتی ینک ساغ کرایەوە وەلێپرسراوە باڵاکانی ئەوکاتەی یەکێتی ووتیان بەڵی لەسەر داوای ئێمە کاک شەوکەت ئەو ئۆپەراسیونەی بەهێزی موتەفەریقەی پێشمەرگە بۆسەر هەلەبجە ئەنجامداوە، هۆکەشی بۆ کەم کردنەوەی فشاری سوپای عیراقی بوو کە لەوکاتەدا سەرەتای هەڵمەتی ئەنفالی سەرکردایەتی ینک دەستی پێکردبوو، وە لەو کۆنگرەیەدا بەئامادە بوونی خودی سکرتێری ینک کەس نەیووت بە فەرمانی تاکە کەسێک ئەنجام دراوە بەڵکو ووتیان بەفەرمانی سەرکردایەتی بووە ئەم باسەش لە کۆنگرەدا لە پەناو پساردا نەکرا بەڵکو بەئامادەیی سەدان کادیری یەکێتی کران کەهەر هەمویان ئەندامی کۆنگرەبوون بە بەڕێز کاک (چیا عەباس) یشەوە . هەر شادبن . حمە زاهیر ئەندامێکی کۆنگرەی ناوبراو ـ سوید)).

وەڵامی کاک نەوشیروان و هاوبیرانی بۆ تاڵەبانی.

لە کاتێکدا تاڵەبانی دڵسۆزترین و نزیکترین هاوڕێکانی ڕابردوی خۆی تۆمەتبار دەکات بە کۆمەڵێک تاوان، کە هەندێکیان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە وەک کوشتنی دیل، هەندێکی دیکە تاوانی نەتەوەیین وەک ستایشکردنی سەدام، یاخود هەندێکیان بەشدارییە لە تاوانی جەنگ وەک کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە.. کەچی کاک نەوشیروان لە بری ئەوەی وەڵامی ئەو بڕگە مێژوویانە بداتەوە، باسی ساڵەکانی کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزار دەکات، کە هیچ برگەیەکی گرنگی لە ژیانی سیاسی کوردستاندا تێدانییەو و دوور و نزیک پەیوەندیان بەتۆمەتەکانی تاڵەبانییەوە نییە، بەڕێز مستەفا بەوە ناسراوە کەسێکە بە بەڵگە وەڵام دەداتەوە، ئێستا پێویستە وەڵامێکی قەناعەت پێکەر بە نەبوونی رۆڵی لە هێنانی پاسدار بۆ هەڵەبجە بداتەوە، دیارە پشتیوانی د. فوئاد مەعسوم و عومەر فەتاح و گۆڤاری لڤین لەسەر زاری ئەندامی سەرکردایەتییەکی ینک لە وتەکانی تاڵەبانی، بە شایەدی زیندوو دێنە ئەژماردن زیاتر پێویستی بە وەڵامدانەوەی جدی دەکات، لە هەموو گرنگتر بەڕێز تاڵەبانی لە پایزی تەمەنیدایە وەڵام نەدانەوە لە کاتی پَویستدا بە قازانجی مستەفا نییە، دوای ئەو یەک ملیار وەڵام و بەڵگە بە عانەیەک، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت ئەم سەرکردانەو بارودۆخە سیاسیەکە دەڕۆن، وەلێ هەڵەبجەو دۆسیەکانی وەک خۆی دەمێننەوەو پرسیارەکانیش بەردەوام دەبن.. لە وەڵامی تۆمەتەکانی تاڵەبانی بەڕێزی سەرپێیانە و بێگرنگی پێدان بەو دۆسییە گرنگە ئاوا وەڵام دەداتەوەو دەڵێت: من یه‌که‌م هه‌واڵه‌کانی، که‌ به‌ من گه‌یشتوه‌ هی ده‌ستی دوه‌مه‌ یه‌عنی له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ‌و له‌ ده‌می ئه‌م ‌و ئه‌وه‌وه‌ بیستومه‌ته‌وه‌، من خۆم نه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆندا گوێم لێبوه‌ چی باس کردوه‌ و نه‌ به‌ نوسینیش خوێندومه‌ته‌وه‌ چی باس کردوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ بیستومه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ رۆژنامه‌کاندا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ بیستومه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌وانه‌ی له‌و پلنیۆمه‌دا به‌شدارییان کردوه‌ به‌ده‌م بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه‌ و یاخود که‌سی سێیه‌م بۆی گێڕاومه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ شتێکی له‌سه‌ر بینا ناکرێت تاوه‌کو بڵێیت ماده‌ به‌ ماده‌ خاڵ‌ به‌خاڵ‌ ‌و ئیتیهام به‌ ئیتیهام جوابی‌ بده‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ هی یه‌که‌مه‌ هی دوه‌میش به‌ڕاستی من به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ کابرایه‌ک به‌شی هه‌ره‌ زۆری ته‌مه‌نی مه‌سئول بوبێت مه‌سئولی یه‌که‌می جوڵانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی‌ وه‌کو جوڵانه‌وه‌ی کورد بوبێت به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ بڕوات پاکانه‌ بکات بۆ حیزبی به‌عس، پاکانه‌ بکات بۆ سه‌دام حسێن تاوانی کیمیابارانکردنی‌ شارێکی گه‌وره‌ی کوردستان، که‌ ئێستا بوه‌ به‌ ره‌مز بۆ جوڵانه‌وه‌ی کورد له‌باتی ئه‌وه‌ی‌ بیخاته‌ سه‌ر نیزامی به‌عسی‌، بیخاته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی که‌ ئێستا له‌ دادگاکاندا مه‌حکه‌مه‌ ده‌کرێن، بیخاته‌ سه‌ر هاوڕێکانی خۆی من زۆر به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌وه‌.(( نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌شێک له‌هه‌مواری‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن به‌زیانی‌ کورده‌- Tuesday، November 17، 2009- سازدانی‌ هۆشیار عه‌بدوڵا)).


دیارە لە جیاتی ئەوەی بەڕێزی بۆخۆی بێت خاڵ بە خاڵ وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە، هەندێک کادیری رەوتەکەی ئەو ئەرکە بە ناتەواوی دەگرنە ئەستۆ بێ ئەوەی بەڵگەیەک پێشکەش بکەن!! بە ئارایشت و شێوازێکی دیکە وتەکانی بەڕێزی دوبارە دەکەنەوە، سەرجەمیان ئەوە دەرەخات قسەکردن لەسەر ناڕەوایی هێنانی ئێران حەرامە، یەکێک لەوانە کاک هەڤاڵ کوێستانییە : هه‌ر له‌و به‌رنامه‌ی تۆمه‌تبارکردنه‌ی کاک نه‌وشیرواندا که‌ باس دێته‌ سه‌ر کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ر به‌ تۆمه‌تبا‌رکردنی یه‌کێتیه‌وه‌ ناوه‌ستێ و به‌ڵکو یه‌کێتی و هێزه‌کانی دی و هه‌مو کوردیش له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا خه‌تابار ده‌کا و، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌دام و رژێمه‌که‌ی بێگوناح. به‌ وته‌ی مام جه‌لال بێ، سه‌دام گوناهی نیه‌ چونکه‌ پێشتر هۆشداری داوه‌ته‌ هێزه‌ کوردیه‌کان و پێی وتون (له‌ هه‌ر چالاکیه‌کدا پاسدارتان له‌گه‌ڵ دابێ، به‌ کیمیایی له‌و جێیه‌ ده‌ده‌ین ). به‌ قه‌ولی عه‌ره‌بیش (به‌خشراوه‌ ئه‌وه‌ی هۆشداریت ده‌داتێ ).


((با‌ش بو ئه‌م راپۆرته‌ی مام جه‌لال زۆر دوای ده‌ست پێکردنی دادگایی کردنی سه‌رانی به‌عس هات له‌ کێشه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، ده‌نا دور نه‌ده‌بو که‌ پارێزه‌رانی تاوانبارانی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌م راپۆرته‌ی مام جه‌لالیان، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی گرنگ بۆ بێگوناحی تۆمه‌تباران به‌کار هێنابا.))
((جه‌لال له‌ هه‌موان باشتر په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان یه‌کێتی و هێزه‌کانی تری ناو به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ پاسداراندا ده‌زانێ. ده‌شزانێ زۆر پێش هه‌ڵه‌بجه‌، په‌یمانی ستراتیژی له‌ نێوانی یه‌کێتی و سوپای پاسدارانی ئێرانیدا ئیمزا کرابو. ده‌شزانێ هه‌ر له‌ دوای ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیه‌وه‌ به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێرانیدا ده‌ستی پێکردبو. هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا بو که‌ زۆر به‌ر له‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، مه‌فره‌زه‌ی پاسداران له‌ زۆر ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا ده‌بینران و پلانی هێرشی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حوکمه‌تی عێراقی داده‌ڕشت. ده‌شزانێ زۆر پێش هه‌ڵه‌بجه‌ش، حوکمه‌تی عێراقی، به‌ چه‌کی کیمیاوی له‌ هاوڵاتیانی چه‌ندین ناوچه‌ی داوه‌. وه‌ک ناوچه‌کانی دۆڵی جافه‌تی و، کانی تو و، شێخ وه‌سانان و زۆری تریش. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ئاکامی ئه‌نفاله‌کاندا، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان ده‌رنه‌په‌ڕێندرایه‌و دواتریش سه‌دام خۆی گیرۆده‌ی شه‌ڕی کوێت نه‌کردایه‌، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر ناوچه‌و شاری تریش به‌ر هێرشی کیمیایی ده‌که‌وتن)). ((ئه‌و دیوی ئه‌و مێژوه‌ی که‌ مام جه‌لال باسی ده‌کا-هه‌ڤاڵ کوێستانی-رۆژنامه‌ی هاوڵاتی)).


لە مێژە قسەکردن لای کاک نەوشیروان بەم شێوەو ئاراستەیە حەرام و بڤەبووە، بەڕێزی هەموو گفتوگۆیەک لەسەر رۆڵی هێنانی ئێران لە پڕۆسەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەو تاوانی ئەنفال بە خزمەتکردنی بەعس زانیووە، قسەکەرانیشی لە ریزی بەعسییەکان داناوە، بە لە کۆڵکردنەوەی تاوانەکە لە ئەستۆی بەعسی زانیووە.
کاک نەوشیروان بەهەمان ئەم ئاوازەی ئێستا کە وەڵامی تاڵەبانی دەداتەوە، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت، لە بەرامبەر ڕۆشنبیرانی ڕەخنەگریشدا هەمان ئاوازو ریتمی بەکار هێناوەو وتویەتی :( ئازادکردنی هەڵەبجە بوو بە کارەساتێکی نەتەوەیی ، نەک هیچ گوشارێکی لە سەر شەڕەکانی ئەنفالی سوک نەکرد، بەڵکو خەم و پەژارەی زیاتر کردن و کاری سەلبی کردە سەر ورەیان، لەویش خراپتر بوو بە بیانوو بە دەس تاقمێ داخ لە دڵەوە بۆ ئەوەی سەروەرییەکانی شۆڕشی کوردی پێ بێنرخ و تاوانەکانی دوژمنی پێ بشۆنەوە. هەندێ لەو بەناو (( ڕۆشنبیر!)) و ((کورد پەروەرانە؟)) ئەڵێن :


- ئەگەر یەکێتی ئێرانی نەبردایەتە هەڵەبجە ، سەدام بۆمبارانی کیمیایی نە دەکرد!.
- ئەگەر یەکێتی هاوکاری لە گەڵ ئێران نەکردایە، سەدام گەرمیانی ئەنفال نەدەکرد!.
- خۆ ئەگەر سەرانی یەکێتی دوای ئاشبەتاڵ دەستیان بە شۆڕش نەکردایەتەوە، ئەوا نەکەس دەکوژراو، نە هیچ ئاواییەک تێک ئەدرا، نە هیچ کوردێ زەرەری پێ دەگەیشت!.
- هەر بەم لۆژیکە، ئەگەر مستەفا بارزانی و سەرانی پارتی شۆڕشی ئەیلولیان دەست پێ نەکردایە، ئەوا کوردستان تووشی ئەو هەموو کوژران و وێرانییە نە دەبوو!.

بێگومان ئەمە لە باشترین حاڵەتدا نیشانەی بێهۆشی نەتەوەیی و بەڵگەی نا ڕۆشنبیری ئەوانەیە، لە خراپترین حاڵەتیشدا نیشانەی نا دڵسۆزییانە، چونکە مێژوو وەها نانوسرێتەوەو رووداوەکان وەها هەڵناسەنگێندرێ و ناگێڕدرێتەوە") ((خولانەوە لەناو بازنەدا- نەوشیروان مستەفا - ل147-148 ")).


واتا دوێنێ و ئەمڕۆ قسە و پرسیار کردن لەسەر پرسی هێنانی ئێران بۆ سەر هەڵەبجە لای کاکە نەوشیروان لە حەرامە گەورەکان بووە، بێ ئەوەی خۆی تەفاسیلی پێ بێت بۆ داکۆکی لە ئەنجامدانی ئەو کردە سەربازییەی وەک بەڕێزی بە کارەساتی نەتەوەیی ناوزەدی دەکات، ئاژەڵێک کە دەکوژرێت لێکۆڵینەوە دەکرێت، ئیتر بۆ رەوا نەبێت لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی شارێک بکرێت؟؟؟ بۆ رەوا نەبێت لەمەدا شەفافیەت هەبێت و زانیارییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵک و کەسوکاری قوربانیان ئاشکرا بکرێن!!.


لە کاتێک کاکە نەوشیروان بەحەرامی دەزانێت قسە لەسەر رۆڵی هێنانی ئێران لە تاوانی هەڵەبجەدا بکرێت، بزانین خۆی سەبارەت بە ئەنفالکردنی 8000 بارزانی چیمان پێ دەڵێت: گیرانی بارزانییەکان ئەوکاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدک بە ئاشکرا هاوکارییان لەگەڵ هێزەکانی ئێران ئەکرد دژی جەیشی عێراقی. کۆکردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەکانی و ، چاوساغی و رێبەری هێزەکانی ئێران و ، هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێکی کەمی ئەو هاوکارییە ئاشکرایە بو. لە هێرشەکانیشدا ئەوان وەکو هێزی یارمەتیدەر و خەریککەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون.
بەڕێزی بەردەوام دەبێت لەسەر بۆچونەکەی و دەنووسێت: بەشداربونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەکانیان لە هێرشەکانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا، لە لای ێەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا، بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێکردن ئەژمارد. (( پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن، لە دیوی ناوەوەی روداوەکانی کوردستانی عێراق 1979-1983 ل321 ، نەوشیروان مستەفا )).


پرسیارێکی بێوەڵام لە کاک نەوشیروان دەکەم، ئەگەر پێی وایە، دێدەوانی و چاوساغی پارتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران خیانەت و دەستبڕین بێت وەک بەڕێزی ئاماژەی پێدەکات، ئەی گرتنی شارێکی وەک هەڵەبجە و هێنانی سوپایەک بۆ سەر چاڵە نەوتەکانی کەرکووک دەبێت بە هەمان پێوەری بەڕێزی لە خانەی خیانەتی خیانەتەکان نەبێت؟! وابزانم ئەم چەند دێرەی بەڕێزی بەسە لەسەر سفرەکەی دابنرێت بۆ وەڵامی خۆی و لە وەڵامی پرسیارە زۆرو زەبەنەکانی خەڵکدا. وەلێ تاوانەکەی لەوە زیاترە، کاتێک لە پاش بێسەرو شوێنکردنی 8000 بارزانی و کیمیابارانکردنی شێخ وەسانان و سەردەشت و یەکماڵەو زێوەو .... ئەوجا هەمان تاکتیک دوبارە بکەیتەوە؟؟ قومار بەخەڵکێک بکەیت خۆت لە دوری دەیان و سەدان کیلۆمەتر بیت و یەک بنەماڵەی بەرپرسانی تێدا نەبَت، هێزەکانی خۆشت هەموو ماسکی کیمیاوی لە مل و ئەنترۆپین لە گیرفانیان بێت، شۆڕشێکی نوێی سەیرە!!!.


منیش پشتیوانی لە بەشێک لە وتەکانی کاک نەوشیروان دەکەم، لەوەی هێرشی حاجی ئۆمەران سەرچاوەی ئەنفالکردنی 8000 بارزانی بووە، با پێکەوە سەیر بکەین و بزانین سەبارەت بە هێنانی ئێران بۆ حاجی ئۆمەران و ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە لایەن پسپۆر و بیانییەکان چی وتراوە: ((کوردەکان هەمیشە فورسەتخواز بوون، کاتێکیش جەنگی ئێراق-ئێران دەستیپێکرد، هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی کورد بونە هاوپەیمانی ئێران. لە ساڵی 1982 دا یەکێک لەم لایەنە سەرەکیانە (لایەنگری بارزانی) یارمەتی هێزەکانی ئێرانیان دا بۆ گرتنی شارێکی سنووریی، بە ناوی حاجی هۆمەران. هێزەکانی ئێراق بە شینەیی تۆڵەیان کردەوە نزیکەی 8000 پیاوی کوردی سەر بە خێڵی بارزانیان دەستگیرکرد، لە ناویاندا 315 منداڵ هەبوون، تەمەنیان لە نێوان هەشت و حەڤدە ساڵاندا بوو. سەدام گوتی :خیانەتیان لە وڵاتەکەیان و لە یاسا کرد، ئێمەش سزایەکی تووندمان بۆ بڕینەوە و چوونە بۆ دۆزەخ."- بەشی 3 ئەمەریکا و ئانفال".
((هەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باس لەم شەڕە هاوبەشەی پارتی و ئێران دەکەن، بەم شێوەیە لەسەر قڕکردنی بە کۆمەڵی بارزانی یەکان دەنووسن : KDP ئەو دەمە یەکێک لە کوڕانی بارزانی، کە مەسعود بوو، سەرکردایەتی دەکرد و هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ تاراندا زیندوو کردبوەوەو لە ساڵی 1983 دا دەستەکانی KDP یارمەتی هێزەکانی ئێرانیان دا لە گرتنی شارۆچکەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنوور .


تۆڵەی ئەمەش خێراو کتوپڕی بوو! لە عەمەلیاتێکی لە ناکاودا بۆ سەر ئەو کۆمەڵگایەی بارزانییە راگوێزراوەکانیان تێدا نیشتەجێ کرابوو، هێزەکانی عێراق لە نێوان پێنج بۆ شەش هەزار نێرینەیان ڕا فڕاند کە تەمەنیان لە دوانزە ساڵ وەبان بوو. ئەوانە جارێکی تر هەرگیز نەبینرانەوە بە زۆری وا پێدەچێت کەوا پاش ئەوەی چەندین مانگ بە دەستبەسەری ماونەتەوە، هەموو کوژراون (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد، وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە، چاپخانەی خاک - ل53 )) .
((عەمەلیاتی ساڵی 1983 ی بارزانییەکان دەسپێکی ئەو تەکتیکە بوو کە لە مەودوا بە ئەندازەیەکی هێجگار گەورەتر لە سەردەمی پەلاماری ئەنفالدا بەکارهات (( جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد ،وەرگێڕانی سیامەند موفتی زادە، چاپخانەی خاک - ل53 )) .


((یەکەمین تۆمارکردنی هێرش و پەلامارەکانی گاز بە شێوەیەکی ورد و تۆکمە، لە تەموز و ئابی ساڵی1983دا بوو، کاتێک هێزەکانی ئێران و عێراق کەوتنە شەڕێکی سەختەوە لە چیاکانی سەروی حاجی ئۆمەرانەوە، کە شارۆچکەیەکی سەر سنوورە لە کوردستانی عێراقدا، شەڕەکە، بێجگە لە هێرشی وەلفەجر دووی ئێرانی، بەشێوەیەکی سەرەکی مەبەستی دەرپەڕاندنی یاخیبووە کوردە ئێرانیەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان(حدکا)ی سەر بە عەبدالڕەحمان قاسملوو بوو، پاشان جێگیربوون لەو شوێنەدا کە یاخیبووان چۆڵیانکردو بۆ ناو عێراق پاشەکشەیان کردبوو، لەم هێرشەدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق دایانە پاڵ هێزەکانی ئێران و بەرچاوترینیان (پ.د.ک)ی مەسعود بارزانی بوو، لەگەڵ هەندێ تاقمی تازە پەیدا بووی فەیلەقی بەدر و میلیشیای چەکداری سەر بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، کە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی شیعە بوون، ساڵی1982 لەسەر دەستی ئێران درووست بوون و بنکە و بارەگاکانیان لە تاران بوو، لەملاشەوە نەک تەنها (حدکا) پاڵپشتی هێزەکانی ئێراقی دەکرد، بەڵکو ئەو کوردە ئێراقیانەی ناوچەکەش کە ناحەزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و بە تایبەتی هێزێکی عەشیرەتی برادۆستی کەوا سەرۆکەکەی کەریم خانی برادۆستی موستەشار بوو، دواتر سەددام چەندین جار مەدالیای ئازایەتی پێ بەخشی (کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل38-39))).


((پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجارێ عێراقییەکانی نیگەران کردبوو، لەپاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (کە لە مەلا مستەفاوە چووبووە لای ئیدریس و مەسعودی کوڕی) بە ئاوارەیی لە ئێران دەژیا، دەستدرێژی عێراق، هیوای بە (پ.د.ک) پەیدا کردەوەو لە ساڵی1983 دا پاڵپشتییەکی چالاکانەی شەڕی هێزەکانی ئێرانی دەکرد وەک رێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەکان، بە تایبەت لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی کە هاوسنوور بوون لە گەڵیان، یارمەتییەکی گەورەبوو بۆ ئێرانییەکان، کە توانیان لە کۆتایی تەمووزدا حاجی ئۆمەران و دەوروپشتی بگرن، کوردۆسمان واگنەر راپۆرتی ئەوە دەدەن کەوا ئێرانییەکان لەو کاتەدا نزیکەی دە میل هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەک، بەرزاییە سەرەکییەکان و بنکەکانی تۆپخانە لە ناوچەکەدا، نزیکەی 43 گوندی کوردنشین، بنکەیەکی سەرەکی حدکا و زۆربەی کەلوپەل و تفاقی جەنگیی حدکایان گرت " کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنەل39 )).


((روداوەکانی حاجی ئۆمەران سێ دەرەنجامی گرنگی لێکەوتەوە، بۆ سزادانی (پدک) لەبەر ئاسانکاریی کردنی بۆ سەرکەوتنی ئێرانیەکان لە حاجی ئۆمەراندا، رژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەر بە عەشیرەتی بارزانی ڕاپێچکرد، کە زۆریان لە پاش هەرەسی ساڵی 1975ی شۆڕشى بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی کۆمەڵگاکانی دەورو پشتی هەولێر کرابوون، لە30 تەموزدا لە نێوان 5000 تا 8000 پیاوی بارزانی، کە ژمارەی راستەقینەیان بە تەواوی نازانرێت-گیران و ڕاپێچکران و هەرگیز جارێکی دیکە نەبینرانەوە، دوو مانگ دوایی سەدام حوسێن لە وتاردانێکدا بێ سێ و دوو وتی:" ئەوانەی خیانەتیان بە نیشتمان و پەیمان کرد و ئێمە بە سزای سەختمان گەیاندن و رەوانەی دۆزەخمان کرد". ئەم تۆڵە سەندنەوەیە، بۆ ئاگادارکردنەوەیەکی هاوشێوەی میتۆد و ئەنجامی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی 1988ی تێدا بوو، کوشتاری بارزانیەکان بۆ رژێم رۆڵی راهێنان و خۆ ئامادەکردنیبینی بۆ کوردیش خۆی تامکردن و چەشنێکی بچووک بوو بۆ ئەوەی کە دواتر روویدا. ل41-42 )). ((حاجی ئۆمەران بوو بە وەچەرخان بۆ ئێراق لێرەوە بوو بە کیمیا وەشێن- کارێکی ژەهراوی-یۆست هلتەرمان، وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق-کۆمپانیای ئاوێنە ل42)).


خولاسەى ئەم برگەیە بە یەک پرسیار کۆتایی پێ دەهێنم: ئەگەر هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجام نەدرایە؟ ئێستا هەموو ئۆباڵی ئەنفالکردنی 8000 بارزانی، ناخرایە ئەستۆی پارتی و بارزانی؟؟ تۆمەتی رێکەوتن لەگەڵ بەعس بۆ پاکردنەوەی عەشیرەتی بارزانی لەنەیارانی نادرایە پاڵ سەرکردەکانی؟ ئێستا هەموومان شایەدمانمان بۆ ئەو بڕگە نووسینەی کاک نەوشیروان نەدەبرد لەسەر رۆڵی ئێران لە کردەی جینۆسایدی بارزانیەکان؟.


منیش دەڵێم رۆڵی هێنانی ئێران و چاوساغیکردن بۆی چۆن بووە لە هەڵەبجە و ئەنفال؟ بە هەمان شێوەش لە شوێن بزرکردنی 8000 بارزانیدا، ئەمانە سێ تاوانن لە سێ پڕۆسەی جیاجیای هاوشێوەو هاو هۆکاری وەک یەکدا ئەنجامدراون، خەڵکەکەی بوونە بە قوربانی هەڵەیەکی سیاسی و قوربانی دەست رژێمێکی دڕندەی فاشی بوونە، باسکردنی هەڵەکان لە دڕندەیی فاشیەکان کەمناکاتەوە.