په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٦\٢٠١٩

کرێکار و راوێژکار دوو نموونە لە کۆمەڵگای بێ یاسا.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


کۆمەڵگایەک ئەگەر یاساو دەستوری نەبوو ئەبێتە ھۆێ پاشاگەردانی و ھەر تاکێک بە تایبەت بەرپرسان بە گوێرەی توانا بۆ خۆیان و کەسەکارو خێزانەکانیان کار ئەکەن و ھەوڵئەدەن بۆ ئەوەی زیاتریان دەستبکەوێت و زوربەیان لە ‌ بەرامبەر پارەو دەستکەوت لاواز ئەبن و روو لە دزی و گەندەڵی ئەکەن.

مووچەی کرێکارێک بەبراورد لە گەڵ مووچەی پەرلەمانتارێک یان راوێژکارێک وەک شەوو رۆژە ، کرێکارێک بە درێژایی تەمەنی رۆژانە ھەشت کاتژمێر کار ئەکات بۆ ئەوەی بژێوی خۆی خێزانەکەی پەیدا بکات و، بۆ نموونە لە پاش ٣٥ ساڵ خزمەت بە (٤٠٠) ھەزار دینار خانەنشین ئەکرێت بەڵام پەرلەمانتارێک یان راوێژکارێک لە پاش ماوەیەکی کورتدا بە شەش تا ھەشت ملیۆن دینار خانەنشین ئەکرێت و، ھەندێکیان بەباشی ناچن بە سوراخی کارەکەیان.

با وازلە پەرلەمانتار بێنین چونکە ئەو نوێنەری خەڵکەو، بۆ کیرفان کار ئەکات و، ھەندێکیان بێشەرمانە بە فەتواو مەتوا ئەو پارەیە ( حەڵال) ئەکەن و، پەرلەمانتاری وا ھەیە لە ژیانیدا رۆژێک کارینەکردووە و، ھەندێکیان دەم ھەراش بوون و ئەیانوت: ئێمە دژی گەندەڵی و دزین و، کار بۆ خۆشی وپێشخستنی گۆمەڵگا ئەکەێن ، بەڵام کاتێک دەمیان چەور بوو، پارەیان بینی کرکەوتن ونقەیان نایەت.

باز بازین و تەراتێن لەناو حیزبەکانی کوردستان درێژەی ھەیەو، بۆ ئەو مەبەستە پارەو دۆلار رۆڵی گەورە ئەبینێ و، حیزبە گەورەکان دەستی باڵایان ھەیە لە دامەزراندنی یاخیبووی حیزبەکانی ترو، بە باشترین شێوە دایانئەمەزرێنن و، ئەگەر زانا بێت یان نەفام، بروانامەی ھەبێت یانەبێت بە راوێژکار دەستبەکار ئەبێت و، لە پاش چەند مانگێک یان ساڵێک بە ھەشت ملیۆن دینار خانەنشین ئەکرێت.

لەمرۆدا راوێژگار زۆرەو، کەسانێک لە حیزبێک بازیانداوە بۆ حیزبێکی ترو، کراون بە راوێژکارو، کەسانی دیکە وازیان لە پەرلەمان ھێناوەو بوونە بە راوێژکارو، تەنھا لە پەرلەمانی کوردستان و، لە ماوەی ٣ ساڵدا ٤٥ کەس بە پلەی راوێژکار خانەنشین کراون.

لە کوردستان حیزب خاوەنی دەسەڵاتە نەوەک حکومەت ، تەنانەت گەر حکومەتەکە ھی خودی حیزبەکە بێت و، ژمارەی راوێژکار ئەوەندە زۆرە ھەمووتەمەنەکانی تەنیوە، راوێژکاری لاوی بێ تواناو، راوێژکاری کەسای بە تەمەن، بەڵام ھەردووکیان لە پاش مانگێک خانەنشین کراون بە بێ ئەوەی خاوەنی بروانامەی شایستە بن.

بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان ناتوانن دێرێک بنووسن و، ھەروا، بەشێک لە راوێژکاران بروانامەی شایستەیان نییە و، لێرەداپێویستە ئاماژە بدەێن بەوەی ئەگەر پەرلەمانتارو راوێژکار نەخوێندەوار بن، چۆنچۆنی ئەتوانن یاسا دابنێن و پەسەندی بکەن و، بمانەوێت یا نەمانەوێت یاساکان بەبێ شک بە کەموکوری کاریان پێوەئەکرێن.

شایانی باسە پارەی پەرلەمانتاران و راوێژکاران بەری رەنجی کرێکارو ھەموو زەحمەتکێشانە، پارەی گەلە، پارەی قوتابیانی دەرچووی پەیمانگاو زانکوکانە کە بێکار لە ماڵەوە دانشتون ، دیارە ئەو پارە زۆرەی ئەدرێت بە پەرلەمانتارو راوێژکاران بەشی دامەزراندنی زوربەی دەرچووان ئەکات.

لە کۆتاییدا پەرلەمانتارو راوێژکاران کە (٤ یان ٨ مانگ یان ساڵێک) خزمەتیان ھەیە بە ٨ ملیۆن خانەنشین ئەکرێن و، چۆن تەماشای کرێکاران ئەکەن کە بە ٤٠٠ ھەزار دینار خانەنشین ئەکرێن؟ و، چی ئەتوانن بە کۆمەڵگا بڵێن؟

ھاوڵاتیان بە پرۆشەوە چاوەرێی یاساو دەستورن، بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان توێژەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکرێت و، چیتر حیزب خاوەنی ھەموو شتێن نەبێ.


٢٢\٦\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک