په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١٢

کرێنشینانی کوردستان لەم کابینەیەش بێ ئومێدن.


حەمەی ئەحمەد رەسوڵ  


کرێنشینی، حاڵەت و دۆخێکی ناوازەیە لە زۆرێک لە کۆمەڵگا و وڵاتەکانی دونیادا بەدیدەکرێت، زیاتر ئەو خێزانە و چینە ھەژارانە دەگرێتەوە کە توانای دەرامەتی و داھاتیان ئەوەندە کەمە کە تەنیا بەشی تێرکردنی بژێوی رۆژانەیان دەکات، بە جۆرێک کە نەتوانن پاشەکەوت بکەن و خانویەکی سادەو خنجیلانە بۆ خۆیان بکڕن... یان لەڕێگەی میراتەوە لە باوانیانەوە خانوویەک یان پارچە زەوییەکیان بۆ بمێنێتەوە، یان لە ھەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە کە حکومەت پلانی کۆنکریتی و ساڵانەی نەبێت و داوەرانە بتوانێت خانووی سادەی حکومی بۆ کارمەند و مووچەخۆرەکانی خۆی دابین بکات.


ئەوەی جێی سەرنج بۆ راکێشانە ئەوەیە کە لە وڵاتەکەی خۆماندا و لە سەردەمی حکومڕانی بەعسی فاشیشدا، پلان بۆ دابەشکردنی خانوی حکومی ھەبوو کە بەبێ جیاوازیو بەپێی ساڵانی خزمەت بەسەر کارمەند و مامۆستا و کرێکاری کارگەکانی حکومیدا خانوو دابەش دەکران، ھەر بۆ پاسادانی قسەکانمان لە شارێکی وەکو سلێمانیدا چەند گەڕەک دروستبوون کە وەختی خۆی لەو سەردەمەدا حکومەت بە تایبەت ئەو گەڕەکانەی بۆ مووچەخۆری خۆی دروستکرد و مەرجی بوونە بەعسیشیان تێدا نەبوو... وەکو گەڕەکەکانی خانوی مەعمەل کە تایبەت بو بۆ کرێکارە ھەژارەکانی کارگەی جگەرەی سلێمانی، گەڕەکی ئیسکان کە تایبەت بوو بە موچەخۆرانی فەرمانگەکان، گەڕەکی شەھیدانی ئازادی کە تایبەت بو بەو خێزانانەی سەرۆکی خێزانەکانیان شەھید بووبوون جا بە ھەر ھۆکارێک بوو بێت و ھەیانبوو دژی حکومەت خۆی شەڕی کردبوو شەھید بووبوو...


بەڵام گرفتی سەرەکی لە دوای راپەڕینەوە دەست پێدەکات کە تاوەکو ئەم چرکەساتەش بەردەوامە و حکومەتی کوردستان ھیچ جۆرە پلانێکی کۆنکریتی نییە کە ئیش بۆ نەمانی ئەو دیاردەیە بکات کە پێیدەوترێت کرێنشینی! دوای دەستگرتن بەسەر کورسی حوکمدا لە کوردستان (یەکێتی) دەستیبەسەر خاک و زەوی و ئاووھەوای پارێزگای سلێمانیدا گرتوە بە ھەمو شار و شارۆچکە و گوندەکانییەوە، (پارتی)یش لە ھەولێر و دھۆک و سۆراندا ھەمان رەفتاری کردوە... داگیرکردنی زەویوزار و خاکی ھەرێم و نیشتمان بۆ ئەوەیە کە خزمەتگوزاری و خزمەتی میللەتەکەتی پێوە بکەیت، نەوەکو بە ھەواو ھەوەسی حیزبییانەو بە واسیتە و بە حیزب حیزبێنە و مەحسوبییەت و خزمخزمێنە زەویبە لێشاو دابەش بکرێت، ھەر بۆ ئەوانەش سولفەی عەقار بکرێتەوە، بە واتای ئەوەی تەنیا دەستەبژێرێک لە قەوم و خزم و ھەوادارانی حیزبێک سودمەند بن لەم خاک و نیشتمانەی ھی ھەمومانە، نەوەکو تەنیا کۆمەڵێک ھایلایڤ بژین و زۆرینەی خەڵک و ھاونیشتمانیانیش بە مەمرەو مەژی ژیانی  پەراوێزبوون ھەناساردانە، بە برسێتی و بە بێکاری و بە نەخۆشی و سەرەڕای ئەوانەش بە کرێچێتی ژیانی کولەمەرگی بژین.


حکومەتیکوردستان کە حکومەتیدو حیزبیتاکڕەو و نیمچە بۆرژوان، حیزبیدەوڵەمەندەکانیکوردستانن و خۆیان بێبەریکردوە لە زۆرینەیزۆریھەژار و کەمدەرامەتەکانیئەم کوردستانە،ھەمومان پێکەوە شۆڕش و تێکۆشانمان بۆ کردوە و بریندارو شەھید و ئەنفالمان بۆ داوە، دەربەدەریو ئاوارەییو خوێن و فرمێسک و ئەشکەنجەیزیندانە رەشەکانیبەعسیدیکتاتۆرییەتمان بۆ بەخشیوە، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوانەیلێیدەخۆن و لێیسودمەندن و ھایلایڤانە بەسەریاندا دەفڕن، کۆمەڵێکیکەمن و زۆرینەکەش بێبەش و فەوتاو و کۆیلەیدەستیگرانیو کرێنشینین.


شایانی وتنە ئەو کۆمپانیایانەی بە ئیمتیازێکی زۆرەوە چەندان پرۆژەی دروستکردنی خانو یان شوقەیان پێدراوەو بنیاتیان ناون، ئەوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ قازانجی زێدەبەدەر ئەو پرۆژانەیان وەرگرتوەو مەیسەریان کردوون، نەوەکو بۆ چاوی کاڵی ھەژاران بوبێت. زۆرینەی ئەو شوقە و خانووانەی لەم سێ شارەی کوردستاندا دروست کراون بۆ چینی دەوڵەمەند بوون، بۆ ئەو سودەمەندانە بون کە نزیکن لەو دو حیزبەوە، خانوویەکی دوو سەد مەتریبە شەش سەد یان حەوت سەد ھەزار دۆلار بفرۆشرێتەوە بە خەڵکی، کەی کارمەندێک یان مامۆستایەک دەتوانێت و لە توانایدا ھەیە بیکڕێت!؟ لەکاتێکدا ئەو خانووە یان شوقەیە تەنیا سێ تا سێو نیو دەفتەر دۆلاری تێچووەو ئەو کۆمپانیایانە بە دوو قاتی دەفرۆشنەوە و کەسیش نییە سزایان بدات، یان لێیان بپرسنەوە. چونکە ئەم دوو حیزبە بە شێوەیەک لە شێوەکان ھاوکار و ھاوبەشن لەو قازانجانەدا و ھەر بەرپرسەکانن کە خەریکی ئەمجۆرە پرۆژانەن...!


رۆژ دوای رۆژ کرێنشین زۆرتر دەبێت، چونکە خێزانەکان کوڕ و کچیان گەورەتر دەبن و ھاوسەرگیری دەکەن و جیادەبنەوە، دەیانەوێت سەربەخۆ بژین و لەو حاڵًەتەشدا کە ئەوان تازە ھاوسەرن و دەرامەتیان سنوردارە ناتوانن و نییانە کە خانوو یان شوقە بکڕن، بۆیە دەبنە کرێچی، لەم باریەشەوە ھیچ یاسایەک ھەموار نەکراوەتەوە کە مافیکرێچیو خاوەن خانوو بپارێزێت، ساحێبیخانوو داوای پێشەکییەک یزۆر لە کرێچی دەکات و کرێی مانگانەیەکی زۆریشی لەسەر دادەنێت و ھیچ یاسایەک و رێسایەکیش نییە لەم بارەیەوە کرێیەکی سنوردار و بەپێی مەتر کرێی خانوەکە دابین بکات، لەکاتێکدا ئەم دۆزە دەمێکە لە وڵاتانی  دەرودراوسێشماندا یەکاڵابۆتەوە و پەرلەمانەکەی ئێمە یاسایەکانی لە دژی ھەژارانە و لەبەرخاتری دەوڵەمەند و چینە نزیکەکەی دۆستی خۆی کۆدەبنەوە، پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکەش (کە ئومێدی زۆرینەمانن) کەمینەن و ناتوانن بڕیارەکان بەلای خەڵکی ھەژاردا بشکێننەوە!


دیاردەیەکی دیکەی زۆر ترسناکیش بەڕێوەیە کە ھەر سێشارەکەی کوردستانی گرتۆتەوە و ھیچ پلانێک یان عەقڵێک لە پشت ئەم دیاردە نوێیەوە لە ئارادا نییە، ئەویش بریتییە لەوەیکە زۆرێک لە عەرەبیناوەڕاست و باشوور و ھەروەھا تورک فارس و تورکمانەکانی کەرکوکیش دێنە شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆکەوە، لەم شارانەی کوردستاندا خانو یان زەویدەکڕن، لەناوجەرگەی شارەکاندا، لە شارۆچکەکاندا، خانوو یان شوقەیان کڕیووە و لە کوردەکە باشتر دەژین و کۆمپانیا دروست دەکەن و کاریباشیان دەست دەکەوێت، ئەمەش لە ساڵانیداھاتودا دەبنە گرفت و ئەم سێشارە وەکو کەرکوکیان لێدێت و دەبێت یاسایەکی١٤٠ی نوێیان بۆ دەربکەنەوە، کە ئەوانیش داوای ئەم سێشارە دەکەنەوە... بەڵام پەیوەست بە بابەتەکەی خۆمان، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەیکە ژمارەو رێژەی کرێنشین لەم سێشارەدا زۆرتر ببن و بنەبڕ نەبن...


لەم ماوەیەدا گوایە پەرلەمان چەندانجار بڕیاریانلەسەر مەسەلەی کرێنشینی دەرکردووە کە گوایە حکومەت خۆی خانوو یان شوقە بۆ کەمدەراتەکان و کرێنشینەکانی کوردستان دروست بکەن، لە ماوەیەکی درێژدا قەرزەکەی حکومەت بدەنەوە، بەڵام گومان لە شێواز و میکانیزمیدا بەشکردنی فۆرمەکان ھەیە کە ھەمو کرێنشینەکان بە بێ جیاوازی و بەوپەڕی عەدالەتەوە، ناویان تۆمار بکرێت و لەو بڕیارانەی پەرلەمان بێبەش نەبن... بەڵام لەبەرئەوەی بەدرێژایی ئەم بیستویەک ساڵەی حکومڕانی ئەم دو حیزبە، تاکیکورد، گومان و بێ متمانەیی لە لا دروستبوە، بە ئاستەم بڕوا بە بڕیار و کارەکانی ئەم حکومەتە ناکات، چونکە ئەم دوو حیزبە دەوڵەمەندپەرستە، لەپشتی ھەموو جومگەیەکی کارەکانیەوەیەتی و بە جۆرێک ئیفلیجی کردوە کە بەتواناترین کەسیش بیبات بەڕێوە، ناتوانێت خزمەتگوزاری بگەیەنێتە دۆخی سەردەمی ئەو بەعسەی خزمەتگوزارییەکانی بێوێنە بوو. ھەروەک چۆن خوێنمژینەکەشی بێ ھاوتا بوو.


دوا بڕیاریش ئەوەیە کە ئیدی ئەمساڵ ٢٠١٢ حکومەت قەرز بەو کەسانە نادات کە شوقە یان خانوو لەو کۆمپانیایانە دەکڕن و بوودجەی ئەمساڵیش ھیچی بۆ کرێنشنینان تەرخان نەکردووە، بۆیە ئەم کابینەیەش کە دەھۆڵی زۆری بۆ کووتراو ئومێدی زۆری بەسەر چینی ھەژاراندا بەخشیەوە، بەڵام بەپێچەوانەوەو بە تەواوەتی کرێنشینان و کەمدەرامەت و ھەژارانی کوردستانە زۆر دەوڵەمەندەکەمانی بێئومێد کردەوەو ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە ھەرگیز ناتوانن ئومێد بە ھەژاران و کەمدەرامەت ببەخشن، چونکە دوو حزبی بۆرژوان و کار بۆ سەرمایەداریەکی تاقەت پرووکێن دەکەن.. ئەم دوو حزبە بیستویەک ساڵە، دەوڵەمەندەکان وەکو دابەستە قەڵەوتر و مل ئەستوورتر دەکەن.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک