په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٢

کڕین و فرۆشتنی خۆراکی بەسەرچوو ھەڕەشەیە بۆ ژیانی خەڵک و

بە تیرۆرێکی شاراوە دادەنرێ!

شوان سدیق          

 

محەمەد عەلی، پیاوێکی پرچ ماشوبرنجیە، لەناو یەکێک لەمارکێتەکانی ھەولێر لەگەڵ ھاوسەرەکەی سەرقاڵی کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی ماڵەوە بوون، بەوردی سەیری بەرواری خواردەمەنییەکانی دەکرد "سیقەم نییە ئەگەر سەیری بەروارەکەیان نەکەم بیان کڕم".


محەمەد کە پیشەی فەرمانبەرە، باس لەوە دەکات، ناکرێت خەڵک کاڵا بە کاڵا، یان خواردەمەنییەکان ھەموویان سەیری بەروارەکەی بکەن، چونکە نیوەی زیاتری بە فارسی و تورکی و عەرەبی نووسراون، خەڵکیش تێی ناگات، "بەڵام ئەرکی حکومەتە چاودێربێت، بەسەر بازرگان و دوکاندارەکان، بۆ ئەوەی کەس فێڵ نەکات".


ھاوڵاتیان ترسیان لەخواردنی خراپ و ماوەبەسەرچووە، چاودێرانی تەندروستی و کاروباری ئابوریش ھۆشداری دەدەن و بەمەترسییەکی گەورەی ناوزەد دەکەن، ھەروەک پسپۆڕێکی ئابوریش پێی وایە ھێنانی کاڵای خراپ بۆ ناوەوەی کوردستان، وەک تیرۆرێکی شاراوەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵات رووبەڕووی ببێتەوە.
دوکاندارەکانیش ھەمان موعانات و کێشەیان ھەیە بەدەست خراپبوون و بەسەرچوونی خۆراک، بەڵام ھەندێکیان باس لەوە دەکەن، کە ھێنانی کاڵای زۆر بۆ دوکانەکانیان دەبێتە ھۆی خراپبوونی "چونکە نا فرۆشێت، ئەگەرھاتوو لەناو نەبرێت. بەڵام دوکاندار ھەیە دەیفرۆشێتەوە، دوکانداریش ھەیە لەترسی حکومەت فڕێی دەدات".


محەمەد سلێمان، یەکێک لەو دوکاندارانە، کە ماوەی ١٦ ساڵە لەھەولێر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ھەموو جۆرە خواردەمەنیەکی ھەیە، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمڕۆ ترس لەخۆراکی بەسەرچوو، بووە بەبابەتێکی گرنگ لای ھاوڵاتیان، بەبڕوای محەمەدی دوکاندار زۆربوونی خۆاکی بەسەرچوو لەدوکانەکان بەشێکی پەیوەندی بەچاودێری ھەیە، یان زۆر لەدوکاندار و خاوەن مارکێتەکان کاڵا و خۆراکی زۆر دێنن بۆ مارکێت و بازاڕەکانیان، بەڵام کە رەواجی نەبێت، "ھەندێک دوکاندار فڕێی دەدەن، دوکانداریش ھەیە دەیفرۆشێتەوە".


ھەر وەک پێشتر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی لەڕاگەیەنراوەکەیدا، ئاشکرای کرد، ٢-١-٢٠١٢ تا ٢٥-٤-٢٠١٢ لەھەر دوو بازگەی (تاسڵوجە-سلێمانی)‌ و (کەڵەوانان-سلێمانی) زیاتر لە ٥٤ تۆن زاھی پاککەرەوەو خواردنی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.


بەگوێرەی راگەیاندنی ئاسایشی گشتی لەپارێزگای سلێمانی بازگەکانی سەر بە ‌بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش دەستدەگرن بەسەر بڕی (٧٩) کارتۆن شەربەتی بەسەرچوو، ھەروەھا (١٤) تۆن و (٧٨٠) کیلۆ زاھی پاککەرەوەی بەسەرچوو، (٧٣) کارتۆن ماسی، (٨٠) کارتۆن ئاوجۆی جۆری کاسم برو، (٢٠) پارچە تایتی جۆری (yetis) ھەشت تۆن برنجی بایەعی بەسەرچوو، (٣٠٠) کارتۆن چکلێتی بەسەرچوو، (٦١٦) کیلۆ ماسی گیراو کە بە ڕێگای قاچاغ ویستراوە بھێندرێتە ناو شار، ١٠‌ تۆن کێک کە وادەی بەسەرچوونیان پێوەنییە".


لەو راگەیاندراوەی ئاسایشی گشتی سلێمانیدا، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە (٣٥٠) فەردە ئارد کە وادەی بەسەرچوونیان پێوەنییە، لەگەڵ (١٥٠٠) کارتۆن شەربەتی ڕانیی بەسەرچوو، ھەروەھا (١٠٠) کارتۆن خواردنەوەی گازی لەجۆری فانتا و سپرایت، (٢٤٠) شامپۆ لەجۆری ڤیلۆتۆنیرۆ کە وادەی بەسەرچوونیان پێوە نەبووە. (٢٢) تۆن گۆشتی گوێرەکەی بێ مۆر، دەستیان بەسەردا گیراوە، کە سەرجەم ئەو کەل‌وپەل ‌و شمەکانەش رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر".


بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە دەست "سڤیل" کەوتوون، لەپارێزگای ھەولێریش لەچوار مانگی رابردوو زیاتر لە (٩٤٣٨٥) کیلۆ گرام خواردن لەناو براون، جیا لەوەش (١٧٣١) لیتر خواردنی دیکە لەناو براون، ئامارەکانیش بەم شێوەیەن، لەمانگی یەک (٢٩٥١) کیلۆ گرام خۆراک لەناوبراوە، مانگی دوو (٨٨٩٠.٨) کیلۆ گرام لەناو براوە، ھەروەھا لەمانگی ئازار و نیسان واتە سێ و چوار (٢٥٣٤) کیلۆگرام خۆراک لەلایەن ھۆبەی چاودێری تەندروستی ھەولێر لەناو براون. ھۆبەی چاودێری تەندروستی ئەوەشی خستۆتەڕوو کە لەمانگی یەکی ئەم ساڵدا (١٦٤٣.٣) ھەروەھا لەمانگی ئازاریش (٨٨) خواردنی دیکە بەلیتر لەناو براون.


ھەر لەچوار مانگی رابردوو لەشاری ھەولێر (١٦٦٠٢) شوێنی پەیوەست بەچاودێری تەندروستی ھەبوون، ھەروەھا (١٦٦٥٦) سەردان ئەنجام دراون، لەبەرامبەریشدا لەھەر چوار مانگی رابردوو (١٠٧) شوێن داخراون لەھەولێر، بەڵام بەپێچەوانەی خواردنی دەست بەسەرگیراو سزادان کەمە بۆنموونە لەچوار مانگی رابردوو تەنیا بە بەھای (٥٦٢٥٠٠٠) دینار لەبەر نەبوونی مەرجی تەندروستی شوێن سزادراون.


دکتۆر قادر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ھۆبەی چاودێری تەندروستی ھەولێر رایگەیاند "لەگەڵ گەورەبوونی شار و زۆربوونی شوێنی خواردن و خواردنەوە و حەوانەوە، سەرپێچیش زیاد دەبێت، بەڵام موستەحیلە خواردنی بەسەرچوو رێگای پێبدرێ بێتە ناوەوەی کوردستان، بەتایبەتی باس لەمەرزی حاجی ئۆمەران دەکەین".


وەک بەرپرسی ھۆبەی چاودێری تەندروستی گوتیشی "ئێمە ھۆکارەکەی زیاتر بۆ ئەوە دەگێڕینەوە، کە دوکاندار و بازرگانەکان خواردەمەنی زۆر دێنن دواتر نافرۆشێت، زۆرجاریش لەگێلی خۆیانە نەیان زانیوە خواردنەکان ماوەی بەسەرچووە".


ئەو ئامارانەی ئێستا لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردووش، خۆراکی بەسەرچوو، مەترسیدارترین شت بووە بۆسەر ژیانی ھاوڵاتیان، بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی ٢٠١١ کە وەزارەتی تەندروستی ئامادەی کردووەو کۆپیەکیشی لای "سڤیل"ە لە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان (٥١٧. ٥) تەن خۆراکی بەسەرچوو لەناو براون. ھەروەھا کۆی گشتی خواردنی گەڕاوە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر (٩٤٨٩) تەن بووە، واتە لە ھەرسێ پارێزگاگەی کوردستان (١٦. ٥٥٥.٤) تەن خواردەمەنی لەو ساڵەدا لەناو براون و گەڕێندراونەتەوە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر.


چاودێری ئابوری و مامۆستای زانکۆ ئیدریس رەمەزان، ئەوە بە تیرۆرێکی لەسەرخۆ بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتیان دادەنێ و دەڵێت "یەکێک لەبنەماکانی پێشکەوتنی ژیانی ھاوڵاتیان، بەئاسایشی خۆراکەوە گرێدراوە، ئەوەی کە دەیبینین، ئێمە وەک میللەتێکی بەکاربەر پەیوەست بووین بەوەی ھەر چاوەڕێی خواردنی دەرەوە بکەین"، رەمەزان، کە لەکۆلێژی کارگێڕی و ئابوری زانکۆی سەلاحەدین مامۆستایە، ئەوەشی گوت بەھۆی خراپی ئەو خواردنانە مەترسییەکی یەکجار خراپ لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان دروست بووە، بۆیە پێویستە لە "خاڵە پشکنینەکاندا ھیچ جۆرە دەرفەتێک بە خۆراکی ماوەی کەمی و یان بەسەرچوو نەدرێت".


ھەرچەندە لە ١/٤/٢٠١٠ ئەرکی چاودێریکردنی خۆراک خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی لەسەر کۆنترۆڵی جۆری نەماوە، بەڵام ئەو چاودێرە ئابورییە رەخنە لەکۆنتڕۆڵی جۆری دەگرێ و دەڵێت ھەرێمی کوردستان بووە بە "ساغکردنەوەی خواردنی بەسەرچوو و خراپی وڵاتان"، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی "بازرگانەکان لێکۆڵینەوەی باشیان لەگەڵدا نەکراوە، ھەروەھا لێژنەی بازرگانی و کۆنتڕۆڵی جۆری حکومەتی ھەرێمیش کەمتەرخەم بوون، بە ئەرکی خۆی ھەڵنەساوە، ئەمەش کاریگەری زۆر زۆرخراپی دەبێت بۆسەر ژیانی ھاوڵاتیان، دەکرێت بە تیرۆرێکی شاراوە ناوی ببەین".


لەبەرامبەردا دکتۆر موئەید عەبدولڕەحمان، بەرپرسی دەستەی کۆنتڕۆڵی جۆری ھەرێم، باس لەوە دەکات، کە چاودێریکردنی خۆراک یەکێک لەئەرکەکانی ئەوان بووە، بەڵام بۆ دووساڵە وەزارەتی تەندروستی چاودێری خۆراک و دەرمان دەکات. بەرپرسی دەستەی کۆنتڕۆڵی جۆری ئەو رەخنانە رەت دەکاتەوە کە ئەوان لە بەرامبەر چاودێریکردندا کەمتەرخەمبووبن.


موئەید عەبدولڕەحمان گوتیشی "لە رابردوودا ھەموو ئەو بەرنامانەی کە ھەبوون، بەباشی کارمان لەسەری کردووە، بۆ چاودێری زیاتریش لە ١٥/٤/٢٠١٢ ھەموو ئەو کەلوپەلانەی کەدێنە ناو ھەرێمی کوردستان، بەھاوکاری چاودێری نێودەوڵەتی پشکنینیان بۆ دەکەین، جگە لەخۆراک و دەرمان نەبێت".
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک