٢٦\٦\٢٠١٠
کڕنووشێک بۆ
٢٦\٦،
یادى کۆچى ناوادەى (حەسەن زیرەک)،
خوداوەندى هونەرى
گۆرانى کوردى.

هیوا رەش
لە
بوارى هونەرى گۆرانیدا کەسانێک هەڵکەوتوون کە بە پەنجەى دەست
ئەژمێردرێن ، بە تایبەتى ئەوانەى ڕەسەنایەتى گۆرانى کوردییان پێوە
دیارە ، لەو پەنجەى دەستانەش لە نێو بێژەرانى لاوک و حەیران و مەقام و
بەستەو بوارەکانى تردا ( حەسەن زیرەک ) پەنجەى شایەدمانە ، مخابن
بەرامبەر ئەو کەڵە هونەرمەندانە خەڵکانێکى هونەر شێوێن و بازرگان و
موهەڕیجیش هەن کە ژمارەیان زۆر زۆرە و بەردەوام لە کەناڵەکانى ڕادیۆ و
تەلەفزیۆنەوە جاڕس و بێزارمان ئەکەن و کار و پیشەیان خۆ بادانە بۆ
گیرفان پڕ کردن و شێواندنى هونەرى ڕەسەنى کوردى کە بە دەنگى نەشاز و
ئاوازى دزراوى بیانییەوە بە تانوپۆى گۆڕەپانى هونەرى گۆرانى کوردیدا
تەراتێن دەکەن بێ ئەوى لە ئەدا و ئیقاعى مۆسیقى بفامن و بێ ئەوەى ،
ئەوەى ئەیڵێن هیچى بە سەر هیچەوە هەبێت و بێ ئەوەى دەنگیان باى
ئەوەندەى تێدا بێت تا لە ڕوویان بێت خۆیان وەکو گۆرانیبێژ پیشان بدەن ،
ئەمانە میکرۆبى هونەرن بۆیە من قسەم لەسەریان نیە چونکە نەک شایەنى
ئەوە نین قسەیان لەسەر بکرێت بەڵکو پێویستە دەزگا بەرپرسە هونەرى و
ڕۆشنبیرییەکان بواریان نەدەن چى دى ( تەتریک و تەعریب ) ى هونەرەکەمان
بکەن و گێل و نەزانانە قوڕەشێل بکەن ، ئەوە کەى ئەخلاقە یەکێک لەو
گۆرانى تێکدەرانە باس لە موبتەلایى خۆى بکات و ئاستى نزمى خۆى
بگەیەنێتە پایە بەرزیى ( مستەفا خۆشناو ) ى شەهیدى بیرى نەتەوەیى و
خاکى نیشتمان و سیمبولى قارەمانێتى و چەند ڕستەیەکى بێمانا و بێسەروبەر
پێکەوە بلکێنێت و خۆى بە شەهیدى ڕێگەى ( عەشقى ) کچێک بەو شەهیدە
هەمیشە زیندووەى نێو مێژووى نەتەوەکەمان بشوبهێنێت ؟ بێئەوەى بزانێت (
مستەفا خۆشناو ) ى نەمر کێیە و بۆچى شەهید کراوە ! لە پێناو دوو ئانەدا
گەمژانە دێتە مەیدان و دنیاى شەهادەتى گیانى بەرزە فڕى یەکێک لە چوار
ئەفسەرە شەهیدەکەى کورد و کوردستان لە نوێژ ئەبات ، تفوو لەو هونەرە و
لەو ئاستە نزمە هونەرییەى ئەو جۆرە کەسانەى بە خۆبادانەوە خۆیانى بۆ
هەرزانفرۆش دەکەن و دەیانەوێ هونەرى کوردى ئەنفال بکەن ، بۆیە من جگە
لە نەفرەت هیچ قسەم لە سەر ئەو ( هونەرپەند ) انە نیە کە هونەریان بە
پەند کردووە و بەم ڕۆژگارە دەروونمان ئازار ئەدەن ، دەبێت وەزارەتى
ڕۆشنبیرى بە ئەرکى سەرشانى خۆى هەڵسێت و نەهێڵێت بۆ بازرگانى و
خۆدەرخستن چیدى هونەرى کوردى تێکوپێک بشکێنرێت و دەبێت ئەوانە بدرێنە
داگا .
ئەوەى مەبەستمە قسەى لەسەر بکەم هونەرمەندێکى گەورە و مەزن و مامۆستاى
پایەبەرز و ئوستادى بەستە و گۆرانى و هەڵکەوتووى کورد ( حەسەن زیرەک )
ى نەمرە کە لە تەمەنێکى کورتدا بە دەنگى خۆش و چریکەى لە وێنە نەهاتووى
کە لە مێژوودا مەحاڵە دووبارە بێتەوە ، دنیاى هونەرى گۆرانى کوردى
فراوانتر کردەوە و خۆشى لە ئاسمانیدا بوو بە ئەستێرەیەکى بڵند و هەمیشە
درەوشاوە .
حەسەن زیرەکى شاعیر و جوانپەرست ، حەسەن زیرەکى خۆشخوان ، حەسەن زیرەکى
تاڵاو چەشتوو ، حەسەن زیرەکى ڕاوەدوونراو ، حەسەن زیرەکى هەژار و نەدار
، حەسەن زیرەکى خۆشى نەدیو ، حەسەن زیرەکى نەخوێندەوار و بێسەواد ،
حەسەن زیرەکى بێخانە و بێخاوەن و بێنەوا ، حەسەن زیرەکى نەتەوە و
نیشتمانپەروەر ، کە لە چەرمەسەرى ژیان و نەهامەتى ڕۆژگارەوە هەڵقوڵا و
، بوو بە مامۆستا و ئوستاد ، بۆیە هونەرەکەى هەمیشە گەشاوەیە و بە
زیندوێتى ماوەتەوە و ئەمێنێتەوە و بۆتە قوتابخانەیەک بۆ نەوەکانى دواى
خۆى .
حەسەن زیرەک لە کاتى کاردا ، لەکاتى بەندى و زیندانى و ئەسارەتدا ، لە
کاتى ئاهەنگ و بەزم و شایى دا ، لە کاتى حەسانەوە و پشووداندا ، لە
کاتى گەڕان و سنوورداش کردندا ، لە کاتى بێئیشى و بێپارەیى و بێداڵدەیى
و غەدرى ڕۆژگاردا ، چرکە بە چرکەى ژیانى ، لە مێردمنداڵى و لاوى و
سەرەمەرگدا ، بە چریکەى گۆرانى سینەى پەنگخواردووى پڕ لە تاسە و غەم و
ئارەزووى خۆى خاڵى کردۆتەوە ، نە تیپى مۆسیقا و نە ستۆدیۆ و نە پرۆڤە و
نە مۆنتاژ و نە دۆبلاژ و نە مامۆستا و نە ڕێپیشاندەرى گەرەک نە بوو ،
خۆى گۆرانى بێژ و ئاوازدانەر و خۆى خوداى گۆرانى بوو ، خۆى ئوستاد و
مامۆستا و ڕابەر و پێشەنگ و پێشەوا بوو .
حەسەن زیرەک ، ڕۆمانسى و هەست ناسک و بەهرەدار و میهرەبان بوو ، خاوەن
سرووشێکى پەیامبەریى بوو ، عاشقى خاک و گەل و نیشتمان و سرووشتەکەى بوو
، دیمەنى دڵڕفێن و ئافرەتى جوان و شەراب ڕوحیانەتى هونەرەکەى بوون ،
هەر شتێک کارى تێ بکردایە بە گۆرانى وەڵامى ئەدایەوە ، سۆز و خۆشەویستى
دوو کچە جگەرگۆشەکەى ( تاقە گوڵەکەم مەهتابە ، ماچى بۆ من شەرابە – یان
– تاقە گوڵەکەم ئارەزوو ، بۆم ببە بە گوڵ زوو بە زوو ) ى هێناوەتە
بەرهەم ، ئەو کاتەى شۆڕەژنێک بە دەنگى ناسکى مۆسیقا ئاساى بانگى لە
ڕێبوارى کوڕى کردووە ، حەسەن زیرەک گۆرانى ( ڕێبوار و ڕێبوار ، بە
ڕێبوارت بم ) ى پێدا هەڵداوە ، جوتیارێکى ماندووى دەستى ڕەنج سەرنجى
ڕاکێشاوە و ( هۆ کاکى جوتیار ) ى چڕیوە ، کاتێک پارچە ئاوازێکى سەدان
ساڵەى کوردى گوێ لێبووە کردوویەتى بە گۆرانى و ( ئۆخەى ئۆخەى لەو
باڵایە ، هەر ئەڵێى دارى بێ گەڵایە ) ى بۆ ڕێکخستووە ، حەسەن زیرەک بۆ
هیچ شتێک دانەماوە و دەمودەست و بێئامادەکاریى ئەوەى ویستوویەتى
وتوویەتى ، ئەوەى وتوویەتیشى هێندە بە سەلیقەوە دەرى بڕیوە تا دنیا
دنیا بێ کەس ناتوانێ وەکو خۆى بیڵێتەوە و لاسایى بکاتەوە ، بەستە و
گۆرانى لە ئاستى ئەودا کڕنووشیان بردووە ، هۆنراوەى بەرزى دەیان شاعیرى
پایە بڵندى گەلەکەمان وەکو ( نالى و پیرەمێرد و هەردى و هێمن و مەحوى و
سالم و کوردى و ساحێبقڕان و گۆران و بێکەس و حافز و خەییام - - - ) ى
کردۆتە بەستە و مەقام کەچى ئەلفوبێى خوێندەواریشى نەبووە ، حەسەن زیرەک
بابایەکى هەژارى ستەمدیدەى کورد بووە بەڵام لە سەرکردەیەکى سیاسیى ،
کوردپەروەر و ڕاستگۆتر بووە ، هەستێکى پاک و بێگەردى هەبووە بەرامبەر
بە گەل و نیشتمانەکەى و جگە لەوەى کە بەڕێز مام جەلال گەواهى پاکى و
جێمتمانەیى ئەو زاتە بەرز و نەمرەى لە یادەوەرییەکى خۆیدا ئاماژە
پێداوە کە چۆن وەکو پنتێکى دیارى کراو بۆ پۆستى حزبى بەکاریان هێناوە ،
لە هەمان کاتدا لە گۆرانییەکانیشیدا بە هیچ شێوەیەک باوەڕى بە سنوورى
دەسکردى دەستى دوژمنان نەبووە لە دابەش کردنى کوردستانى گەورەدا ، بۆیە
بە جەستە و بە بەستە ئەمدیودیوى کردووە و ژیان بۆ ئەو لە هەر پارچەیەکى
کوردستاندا هاوچەشن بووە و لەو پێناوەشدا گرتن و زیندانى کردن و
ڕاوەدوونان و نەهامەتى زۆرى چەشتووە ، لە گۆرانییەکانیدا گوڵ و ڕەز و
باخ و گوند و شارۆچکە و شار و چیا و دۆڵ و گەرمیان و کوێستانى
کوردستانى گەورەى پێکەوە بەستۆتەوە و ئەشکەنجە و دەربەدەرى و گرتن و
زیندانیى کۆڵى پێ نەداوە .
حەسەن زیرەک ، بلیمەتێکى لە وێنە نەهاتوو بوو ، بە زەوق و شەوق و
بەهرەدار بوو ، مرۆڤێکى دەگمەن و کەموێنە و عاشقێکى شەیداى سروشت و
جوانى بوو ، قوتابخانەیەکى بێڕووبەر و بێسنوورى هونەریى بوو ، حەسەن
زیرەک کوردێکى بیغەل و غەش و دڵدارێکى سەوداسەر بوو ، لووتکەى بڵندى
هونەر بۆ ئەو پێدەشت بوو . حەسەن زیرەک هادەمى مەى و بادە بوو ، تا بە
خەیاڵ تەونى هونەرێکى باڵا بهۆنێتەوە و دەرد و ئازار و مەینەتى خۆى
بڕەوێنێتەوە ،
حەسەن زیرەک لێبوردە و بە خزمەت بوو ، هونەرمەند بوو ، هونەرمەندێکى
گۆرانى بێژ و بەستەزان بوو ، مۆسیقا لە بەردەمیدا بەستەزمان بوو ،
گۆرانیبێژێکى دەنگخۆش بوو ، دەنگخۆشێکى خۆشخوان بوو ، خۆشخوانێکى بە
سەدا بوو ، سەداى پڕ لە ئاواز بوو ، ئاوازى پڕ لە میهر و ڕاز بوو .
حەسەن زیرەک ، ئەو زیرەکەى نازناوەکەى خۆى تێپەڕاندووە ، تا ئێستا بە
قەد دۆستێکى سەدام حوسێنى سەرۆکى ئەنفالچییانى وەکو موعەممەر قەزافى بۆ
نەکراوە ، ڕاڕەوێک ، هۆڵێک ، گوزەرێک ، کوچەیەک ، کۆڵانێک ، ڕێگایەک ،
شەقامێک . فولکەیەک ، خوێندنگەیەک ، باخچەیەک ، پارکێک ، چوار ڕێیانێک
، لاکۆڵانێک ، ستۆدیۆیەکى هونەرى ، شانۆیەک ، گالێرى ، هیچ شوینێک و
هیچ شتێک ، تەنانەت باخچەیەکى ساوایانى بەناوەوە نەکراوە ، ئیتر نازانم
ئەم حکومەت و حزبانە چۆن و بە چ ڕوویەک و بۆچى شەرم ناکەن لەوەى هەموو
جەژنێکى نەورۆز بە سەدا و چریکەى ( حەسەن زیرەک ) بە سروودى نەورۆزى
هەرگیز وەکو ئەو نەووتراو و نەبیستراو پێشوازى لە جەژنى نەورۆز ئەکەن ،
جا ئەگەر ڕێزێکیش لە هونەرە ڕەسەنەکەى ( حەسەن زیرەک ) یش نەگرن !
دەبوایە لەبەر خاترى ئەو سروودە نەمرەى کە کەس نەیتوانیوە و ناتوانێت
وەکو ئەو ڕوحى بە بەردا بکات و لە نەورۆزى هەموو ساڵێکدا کە لە بەندەنى
ووڵاتدا لێ دەدرێت ، دواى سى و هەشت ساڵ لە ماڵئاوایى ئەو نەمرە ، ئەو
هەمیشە درەوشاوە و زیندووە ، لایەک لە ڕێزلێنانى بکەنەوە و هیچ نەبێت
لە کەرنەڤاڵێکى هونەریدا ، لە فیستیڤاڵێکى گۆرانیدا ، لە مەراسیمێکى
ڕێزلێناندا ، تەنها خەڵاتێک ، خەڵاتێک و بەس ، هیچى تر نا ، بە ناوى
ئەو جوامێرە مەرد و شۆڕەسوارەى هونەرى کوردییەوە ناو بنێن ، کە شایەنى
زۆر لەوە زیاترە و پێویستە لە پەیمانگا و کۆلێژە هونەرییەکان بەحس و
لێکۆڵینەوە و دیراسەى لە سەر بکرێت و بە باشترین و جوانترین و
بەهادارترین پەیکەرى ئەو زاتە بەرزە سەنتەرى شارەکانى کوردستان
بڕازێنرێتەوە .
حەسەن زیرەک لە دایک بووى ساڵى هەزار و نۆ سەد و بیست و شەش بوو ، لە
بیست و شەشى شەشى هەزار و نۆ سەد و حەفتاو دوو لە تەمەنى چل و شەش
ساڵیدا جێى هێشتین ، هەرچەندە چیانى پڕ لە شەش بوو بەڵام هەتا مرد هەر
مۆرى هەڵدا و بە تەماى دوو شەش بوو ، کەچى حەریف لێى گرتبوو شەش خانى
ئومێدى .
بە پشتى کۆماوەوە دەست لە سەر سنگ دا ڕائەوەستم و سەر دائەنەوێنم بۆ
مەزارگەکەت ئەى مێرخاسى ئاواز و بەستە بەزێنى نێو دنیاى گۆرانى کوردى ،
یادت پیرۆز .
* * * * * * * * * * *
زیرەک تۆ نەمرى.
کە بادە لێک دەدرێت و دەزرنگێتەوە
پێک لە دواى پێکدا بۆ لێوان دەبرێتەوە
لێوان لێو مەى لە بادە دەچۆڕێتەوە
من ئا لەو کاتەدا کڕنووشت بۆ دەبەم
ئا لەو کاتەدا ناَڵەشکێنەیە قیبلەم
کە شەنگە بێرى بەرەو ماڵێ دێتەوە
گۆزە لە شان لە کانى دەگەڕێتەوە
من گۆرانى ( لۆرکێ لۆرکێ ) بیر دێتەوە
بۆیە نا غافڵ نابم و سوجدەت بۆ دەبەم
لە باتى قیبلە ڕوو لە بۆکانێ دەکەم
ئەو کاتەى ڕێژنە دەکا و دەبارێ باران
جووڵەیان دەکەوێتێ عاشق و دڵداران
توند توند یەکتر دەکەنە ئامێز لە جێژوان
من سەرى نەوازشت بۆ دادەنەوێنم
شایەدومان بە بلیمەتى تۆ دەهێنم
لەبەر ڕوناکى و ڕەونەقى مانگە شەو دا
لە کاتى حەوانەوە و لە نێو جێخەودا
لە حاڵەتى ڕامووسانى نیوە شەو دا
هەزار کەڕەت پێم بڵێن مولحید و کافرى
دەڵێم : تۆ لە عیبادەت بۆ من چاکترى
ئەو کاتەى عاشق لێوى مەعشوق دەمژێ
گۆناى یارى بە پەنجەکانى دەگوشێ
سەرى کوڵم و ڕوومەتان بە گاز ئەڕووشێ
ئەمن ئەوسا زیاتر تۆ پەرستم حەسەن
لەبەر چاوم ئەبیت بە پەرستگا و خواوەن
زیرەک تۆ زیندووى و نەمردووى و ماوى
زیرەک تۆ واى لە دڵ و ناخ و هەناوى
زیرەک تۆ شیرینتر لە بیلبیلەى چاوى
بۆیە هەتا ماوم هەر تۆ ئەپەرستم
ئەى مامۆستاى پایە بڵند و خۆشەویستم.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|