١۴\٨\٢٠١٠
کتێبەکان
دەسووتێن.
شاخهوان برایم عهبدوڵا
پێشکەشە:
بە هەموو ئەو دایکانەى کە هەمیشە لە چاوەڕوانى
گەڕانەوەى کوڕەکانیاندان، لە بەرەکانى جەنگدا.
کۆڵانەکانى شار بۆنى کوشتن و خوێنیان لێدەهات، ڕەنگ و ڕووى مرۆڤەکان
ئاسایى نەبوو، لەشیان لە نێو جلى تایبەت بە جەنگ پێچابۆوەو گروپ گروپ
بە نێو کوچەو کۆڵانەکانى شاردا بڵاو ببوونەوە، سروودە خوێناویی و
ئاگرینەکانى جەنگیان دەچڕى، هەر گروپەو سروودێکى جیاوازى لەوانى دیکەى
دەگوتەوە، هەندێجاریش گوللەیان بەیەکەوە دەناو یەکتریان دەکوشت.
دەرگاى حەوشەى داخست و چووە ژوورەوە، هەندێ لە شتەکانى ژوورەوە وردبۆوە،
پاشان دەستى بۆ گیرفانى بردو شقارتەیەکى دەرهێنا، مۆمێکى داگیرساند،
پەردەى پەنجەرەکەى دادایەوە، لەسەر ڕەفەى کتێبخانەکە، کتێبێکى هێنایە
خوارەوە، ماوەیەک خەریکى خوێندنەوەى بوو. یەکێ بەتوندى لە دەرگاى
حەوشەیدا، دووبارە لێیدایەوە، لەبەر خۆیەوە گوتى:
دەبێ کێ بێت؟ لەم هەرێمە نایەڵن مرۆڤ کەمێک بە ئارامى بیر بکاتەوە، خۆ
کێشەکانیش هێندە زۆرن، مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانى بەسەریاندا زاڵ بێت.
منداڵى هاوسێکەیان بوو، چاوەکانیان بەرانبەر یەک مۆڵەق وەستان، دواى
بێدنگییەک بەهەر شێوەیەک بوو توانى چەند قسەیەکى لەگەڵدا بکات.
فریامان کەوە، خێرا بگەرە هانامان.
بۆ ڕۆڵە چى ڕوویداوە؟
دیارە نەتزانیوە، هەر کەمێک بەر لە ئێستا، تەرمى براکەمیان هێنایەوە،
دوو هاوڕێى خۆى بوون، فڕێیاندایە بەر دەرگـــاو دواتر بە خێرایى ڕۆیشتن.
هەر کە منداڵەکە ڕۆیشت، ئەویش تەواوى دەرگاکانى داخست و بەرەو ماڵى
هاوسێکەیان کەوتە ڕێ، لەم سەرى کۆڵانەکەیاندا دەنگى تەقە دەهات،
جاروباریش لە نزیکیدا گوللەکان بەر شەقامەکە دەکەوتن، هەر چۆنێک بوو
خۆى گەیاندە سەر تەرمەکە، کەمێک لێى ورد بۆوە، لە نێو ئاگردا سووتاو و
ڕەش هەڵگەڕابوو، بەتەواوى نەدەناسرایەوە، هەر ئەودەم چەند کەسێکى بوێر
تەرمەکەیان شۆردو پاشان لە نێو پارچە پەڕۆیەکى سپى تەنک بۆ ئەبەد
پێچایانەوە، ئینجا خستییانە دواوەى ئۆتۆمبێلێکى کۆن و دووى تریش
بەدوایانەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێکەوتن.
کاتێ گەیشتنەوە شەو بەنیوە ببوو، دیسانەوە دەنگى تەقەى بەر گوێ کەوتەوە.
جەنگاوەرەکانیش سەرى کۆڵانەکانیان گرتبوو، هەندێکیان لەبەر دەرگاى ماڵى
ئەوان کۆببوونەوە. وەکـو مێروولە بە هەموو جێگایەکى ئەم شـارەدا
بڵاوببوونەوە، بەرەو ماڵ گەڕایەوە. ویستى قسەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام
هەرچەندى کردى و هێزى دایە بەر خۆى نەیتوانى! کەمێک بەوردى تەماشای
کردن، پاشان دەرگاکەى لە داوى خۆیەوە داخست و بە بێدەنگى چووە ژوورەوە.
بە هێواشى خۆى خزاندە نێو پێخەفەکەیەوە، ماوەیەک ڕۆچووە نێو خەیاڵەوە،
ئاوێزانى بیرکردنەوەیەکى قووڵ بوو، هەستى بەوە دەکرد جەستەى خاو دەبۆوە،
خەو هێزى لەبەر بڕیبوو، کەوتبووە نێوانى خەو و بێدارییەوە، پاشان هۆشى
لەسەر خۆى نەماو کەوتە نێو خەوێکى قووڵەوە.
دونیا بەرەو ڕووناکى دەچوو، دواتر ڕووناکى لەژێر پەردەکەوە هاتە نێو
ژوورەوەکەیەوە، بێدار بۆوە، چاوى بەنێو ژوورەکەدا گێڕاو لەسەر
کتێبخانەکەى مۆڵەق وەستا، بیرى دەکردەوە، بۆ دوایین جار بڕیاریدا ئەم
شارە جێبهێڵێت و لەبەر خۆیەوە ئەم چەند قسەیەى کرد:
مرۆڤ بەدەست خۆى نییە کە جارى وا هەیە بڕیارى ئاستەم دەدات، ئەگەرچى
دەزانێت کە گرانترین و ناخۆشترین بڕیارێکە داویەتى، بەڵام هەر لەسەرى
سوور دەبێت، ئاستەمترین بڕیاریش ئەوەیە مرۆڤ بەناچارى و بەهۆى ترسەوە
ماڵ و شارو هەرێمەکەى خۆى جێبهێڵێت و لە تەنیایى و نامۆییدا ژیان
بەسەربەرێت.
هەرکە جەنگ هەڵدەگیرسێت، مرۆڤ وێڵى دواى هەناسەیەکى کورتى ژیان دەبێت،
هەموو بیرکردنەوەیەکیشى بۆ مانەوەى لە ژیان تەرخان دەکات بۆ ئەوەى
کەمێکى تر هەناسە بدات.
هەندێ کتێب و چەند پێنووس و دەفتەرى نەنووسراوی خستە نێو جانتایەکەوە،
لە مۆمەکە وردبۆوەو پاشان کوژاندییەوە، پەردەکەى وەک خۆى هێشتەوەو
جانتاکەى گرتە دەست و بە نابەدڵییەوە لە ژوورەکەى دەر چووە دەرەوە،
دواتر دەرگاکەى کلۆمداو ڕێگاى دەشت و بیابانى گرتەبەر.
لەشار دوور کەوتەوە، بۆ دوایین جار ئاوڕێکى دواوەى دایەوە، تەنانەت
وێنەى هیچ باڵەخانە و خانووێکى بەرچاو نەدەکەوت، لە جاران خێراتر ڕێگاى
گرتەوەبەر. بەدەم ئەندێشەى سەیرەوە ڕێگاى دەبڕى، بیرى لەو کەسانە
دەکردەوە کە یەکترى دەکوژن، نازانم بۆ ئەوانە ڕێز لە یەکترى ناگرن؟! چ
بێ ویژدانى و تاوانێکە مرۆڤ کەسانى دیکە بەکەم بزانێت و مافى ژیانى پێ
ڕەوا نەبینێت!
لەم دونیا جەنجاڵەدا، هەزاران کەس ڕۆژانە بەدەستى یەکترییەوە دەکوژرێن
و لاشەکانیان فڕێدەدرێنە نێو خەرەند و ئۆقیانووسە قووڵەکانەوە.
مرۆڤەکان خۆشیان نازانن بۆچى یەکترى دەکوژن و سووکایەتى بەرانبەر بەیەک
دەکەن.
جەنگ و خوێن ڕشتن سەراپای شارى گرتبۆوە، هیچ چارەیەکى دیکەم لەپێشدا
نەمابوو جگە لە دوور کەوتنەوەم نەبێت، نەمدەتوانى چیتر لە نێو ئەو
هەموو ئاشووب و خوێن ڕشتنەدا بژیم، ویژدان ئازارى دەدام هەر کە دەبینى
مرۆڤ هەوڵى سڕینەوەى ژیانى کەسانى دیکەى دەدا.
لەدوورەوە دوو مرۆڤى ڕەشپۆشى بینى، لەوەى دەکرد لەگەڵ یەکتریدا خەریکى
شەڕکردن بوون، لێیان نزیک بۆوە، دوو پیرەژن بوون، بە دیار تەرمێکەوە
شەڕیان دەکرد، ئاگایان لە کەس نەبوو، یەکێ لــــە ژنەکان دەیگوت:
ئەو تەرمە هى کوڕەکەمە، وەیش چاوم کوێرایی دابێت، ڕۆڵە چەندم پێگوتى
مەڕۆ بۆ ئەم جەنگە نەفرەتییەوە. بەڵام بەقسەى نەکردم و بەدڵێکى پڕ لە
ڕقەوە ڕۆیشت.
پیرەژنەکەى تریش تەرمەکەى بە کوڕى خۆى دەزانى، بەشێوەیەک تەرمەکە
شێوێندرابوو، تەنانەت نزیکترین کەسى خۆشى نەیدەناسییەوە! هیچ
گیانلەبەرێک وەکو مرۆڤ نییە هەرکە دەمرێت، دواى چەند لەحزەیەک ئیدى
ڕەنگ و ڕووى دەشێوێت و بۆگەن دەبێت، خۆ ئەگەر بێت و تواناى قسەکردنى
هەبێت ئەوا هاوار دەکات:
هۆ خەڵکینە، لە پێش چاوى زیندووە دەروون نەخۆشەکان دوورم خەنەوە، من
تازە بە کەڵکى هیچ نایەم، بۆ پووچى و ونبوون باشم، دڵنیام لەوەى کە لە
ژێر خاک وشک و دەبم بەهیچ!
بەدیاریانەوە وەستا، ئەوان هێشتا نەیاندەزانى کە کەسێک لە نزیکى ئەوان
وەستاوە. بۆیە لەگەڵیاندا کەوتە قسەکـردن، سڵاوى لێکردن، ڕاچڵەکین،
خەریک بوو بەهۆى ترسەوە لە هۆشخۆیان بچن، تەماشایەکى کردن، ئەوانیش
تەماشاى ئەویان کردەوە، چاوەکانیان بەرانبەر یەکترى مۆڵەق وەستان.
نەرم نەرم ئاو بەچاویاندا دەهاتە خوارەوە، خۆى بۆ نەگیرا، دواتر ئەویش
وەک ئەوان فرمێسکى بەچاودا هاتە خوارەوە، ماوەى چەند خولەکێ بە بێدەنگى
و بە چاوى پڕ لە فرمێسکەوە لە یەکترییان ڕووانى و پاشان بەگریانەوە
گوتى:
پێویست بەم شەڕکردن ناکات، ڕاست بڵێن ئەو تەرمە کوڕى کامتانە؟!چونکە من
دەمێکە گوێم لێ گرتوون، هەردووکتان ئەو تەرمە بە کوڕى خۆتان دەزانن، خۆ
ناکرێت ئەو تەرمە دوو دایکى هەبێت! بۆى هەیە هەر بە شێوە لە کوڕەکانى
ئێوە بچێت! زۆر لە مرۆڤەکان هەر بەشێوە لە یەک دەچن، کێ دەڵێت کــوڕى
کەسێکى دیکە نییەو ئێوە نایزانن!
یەکێ لە پیرەژنەکان بەبێزارییەوە هاتە وەڵام:
دڵنیام لەوەى کە ئەو تەرمە کوڕەکـەى منەو ئەو ژنە دەیەوێت لێمى زەوت
بکات. چەند ڕۆژێک بەر لە ئەمڕۆ لەگەڵ کوڕەکەى بۆ جەنگ ڕۆیشتن و چیتر
بەزیندوویى نەمان بینینەوە، ئەوەتا پاش ئەو ماوە زۆرە لێرەدا دۆزیمەوە.
پیرەژنەکەى تریش بە تووڕەییەوە وەڵامى پیرێژنەکەى دایەوە:
ئەو قسانەى لە بارەى ئەم تەرمەوە دەیکات، ڕاست نین، بە هەڵەداچووە، من
کوڕەکەى ئەو باش دەناسمەوە، بە هەڵە دەیەوێت تەرمى کوڕەکەم بکات بە
تەرمى کوڕەکەى خۆى.
ئەویش خۆى پێ ڕانەگیراو دەستى کرد بە گریان، هەردوو پیرەژنەکەش لەگەڵ
ئەودا دەستیان کرد بە گریان.
تەماشاى چواردەورى خۆى کرد، کۆمەڵە سەگێک لە نزیکیان وەستابوون،
پێدەچوو سەگەکان لە چاوەڕوانى ئەوە دابن ئەو ناوە چۆڵ بێت و دواتر بێنە
سەر تەرمەکەوە.
ماوەى چەند خولەکێ بە بێدەنگى لە یەکتریان رووانى، دواتر ئەو
بێدەنگییەکەى نێوانیانى شکاندو گوتى:
ئێوە هەردووکتان ئەم تەرمە بە کوڕى خۆتان دەزانن، بۆ ئەوەى هیچ
لایەکتان نائومێد نەبێت، من پێم باشە هەر یەکەتان لە لاى خۆیەوە ئەو
تەرمە بە کوڕى خۆى بزانێت. هەر ئێستا بڕۆن گۆڕێکى بۆ هەڵکەنن و بینێژن.
ئینجا زوو زوو بڕۆنە سەردانى، هەر کاتێکیش تەرمەکەى دیکەتان دۆزییەوە
ئەوسا نهێنیی ئەو تەرمەتان بۆ ئاشکرا دەبێت و دەزانن کوڕى کامتانە!
من دڵنیام ئێوە بۆ ناسینەوەى ئەو تەرمە بەڵگەیەکى تەواوتان لەبەر
دەستدا نییە، ئەگەر ئەو نهێنییە ئاشکرا نەبێت، بۆى هەیە لە ئاییندەیەکى
زوودا هەرچى دایکانى کوڕ بزربووى ئەم هەرێمە هەیە ئەوانیش ئەو تەرمە
بەکوڕى خۆیان بزانن! باشترین شتیش ئەوەیە هەر یەکەتان لە لاى خۆیەوە بە
کوڕى خۆى بزانێت، دڵگران مەبن، ئەوە کوڕى هەموو دایکانى کوڕ بزر بووى
ئەم هەرێمەیە.
هیچ کامێک لە پیرەژنەکان بەرانبەر قسەکانى ناڕەزاییان دەرنەبڕى،
پێدەچوو ئەوانیش لەسەر ئەوە کۆکبووبن کە هەردووکیان تەرمەکە بەکوڕى
خۆیان بزانن.
تەرمەکەیان هەڵگرت و بەرەو شار گەڕانەوە، بۆ دوایین جار بوون بەدوو
تارمایى و لەچاو ونبوون.
تەواوى کتێبەکانى خوێندەوە، بڕیاریدا هەندێ کتێبى دیکە بهێنێت، ڕێگاى
شارى گرتەبەر، نزیکى گۆڕستانەکەى لێوار شار بۆوە، هێندەى پێنەچوو
گەیشتە نێو گۆڕستانەکە، لە نێو کێڵەکاندا دوو مرۆڤى ڕەشپۆشى بینى،
کەمێک لێیان وردبۆوەو دواتر زانى کە هەمان پیرەژنەکانى ئەو رۆژە بوون
کە لەسەر تەرمەکە بەشەڕ هاتبوون، ئێستا لەسەر گۆڕێک دەگریان، بەئاسپایى
بەلاى گۆڕستانەکەدا تێپەڕى، بەڵام پیرەژنەکان هەستیان بەهاتنى ئەو
نەکردبوو، بۆ دوایین جار ئاوڕێکى نێو گۆڕستانەکەی دایەوە، پیرەژنەکان
هێشتا بەدیار گۆڕەکەوە بوون. دیسانەوە ڕێگاى گرتەوەبەر، دەنگى تەقەى
دەهاتەوە گوێ، ئاسمانى شار بەهۆى دووکەڵى چەکە زۆرکوژەکان ڕەش دەچۆوە.
خۆى گەیاندەوە نێو کۆڵانەکانى شـار و ئیدى بەرەو ماڵ گەڕایەوە،
بەشێوەیەکى سەیر خەڵکى تەماشایان دەکرد، سڵاوى لە هەر کەسێک دەکرد
بەساردییەوە وەڵامییان دەدایەوە، دەرگاى حەوشەکەى کردەوەو چووە
ژوورەوە، دڵى داخوورپا، دەرگـاى ژوورەکەى بەکراوەیى بینى، لەبەر خۆوە
کەوتە قسە کردنەوە:
دەبێ کێ ئەو دەرگایەى کردبێتەوە؟ خۆ من بەچاکى کلۆمم دابوو. چووە
ژوورەوە، پێخەفەکانى بەشێوەیەکى ناشیرین بەنێو ژوورەکەدا بڵاوببوونەوە،
هەرچى شووشە کریستاڵییەکانیش هەبوو هەموویان بەشکاوى لەم ناوەدا
کەوتبوون.
بە پەلە پروزێ چووە ژوورەکەى دیکەو بەرەو کتێبخانەکە ڕۆیشت، هەموو
کتێبەکانى سووتێندرابوو، دڵى تەنگ بوو، بەدیار کتێبە سووتاوەکان ئەژنۆى
داچەماندەوە و چاوەکانى پڕ بوون لە فرمێسکى خوێناویى، لە هۆشخۆى چوو،
کاتێ بەئاگاهاتەوە لە کۆڵان دەنگى جەنگاوەرەکان و تەقە دەبیسترا!
ماڵپهڕی شاخهوان برایم عهبدوڵا
|