په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٠

کوا مافى دڵشادى ناشادى پێشمەرگەى دێرینى شیوعى ؟!



هیوا ڕەش   

 

لەو دەمەى دا ، بەعسییەکان پێکى سەرکەوتنە ڕووکەشییەکان هێندە سەرمەستى کردبوون مارشى سەربازى بووبووە سەمفۆنیاى خۆشەویستییان و ئەو ڕۆژەى پتر خوێنیان دەڕشت ئەو ڕۆژەیان بەلاوە ڤالانتاین بوو .

لەو دەمەى دا ، یەکێتییەکان پێکى سەرکەوتنە ڕووکەشییەکان هێندە سەرمەستى کردبوون ( پەرێزتان پاک بێت ) یوویووە گۆرانى مەرگ و گوێچکەى شیوعییە دیلەکانى بەردەستیانى ئەلەراندەوە و خوشکە – ئەحلام – خوێنى تێکەڵ بە خوێنى هاوڕێکانى دەبوو .

لەو دەمەى دا هێزى پێشمەرگەى شیوعى وەکو پوورەى هەنگ شێوابوون و پێکدا دەهاتن و دەچوون خەنجەرە ژەهراوییە دوودەمەکە ووڕوکاسى کردبوون ، لایەک یەکێتى نیشتمانى بێ ڕەحمانە کەوتبوە وێزەیان و کونى زیاترى دەخستە جەستەیانەوە ، لە لایەکى ترەوە گیانى سازش و خۆبەدەستەوەدانى سەرکردایەتییەکەیان جێگەى بە گیانى تۆڵە لێژ کردبوو و سەرقاڵى وەرگرتنى دەمانچە و بەیان دەرکردن و ڕێککەوتننامەى شەرمەزارى بوون .

لەو دەمەى دا دوو بەیاننامەى پڕ خەجاڵەتى ناوزەنگ و دێوانە پێشمەرگە شیوعییەکانى ناچارى چەک دانان دەکرد .

لەو دەمەى دا ، داڕمان و ناڕەزایەتى و بێزاریى پێگەى حیزبى شیوعى داوەشاندبوو و پێشمەرگەکانى چى تر بەرگەى هەڵوێستە نامەبدەئییەکانى نابەرپرسەکانى سەرکردایەتییەکەیان نەدەگرت و بە دڵى شکاوەوە ڕیزى خەباتى چەکدارییان جێدەهێڵاو سەنگەریان چۆڵ دەکرد - - - لەو دەمەدا و ڕێک دواى نیمچە ئاشبەتاڵى کارەساتە خوێناوییەکەى پشتاشان لاوێکى دەموچاو بە گەندەموو کەمێک ڕەشەوە بوو ، کوڕە زەحمەتکێشێکى گەروو پڕ لە نەعرەتە ، هەرزەکارێکى دڵگەرم و دڵڕەش بەرامبەر ستەم و ناعەدالەتى ، دڵشادێکى دڵشاد بەوەى توێشووى غەمەکانى میللەتى نابووە سەرشان و بڕیارى دابوو لە ڕیزەکانى هێزى پێشمەرگەى حیزبى شیوعى دا لە دنیاى پڕ لە چەوسانەوەى چینایەتى یاخى ببێت و پەرە بە تێکۆشانێکى سوور ئەمما دوور بدات .

لەو دەمەى دا ، ئەنفالى بەدناو چاوى بەعسى سوور کردبوو .
لەو دەمەى دا 182000 مرۆڤى بێتاوان ڕاپێچى دۆزەخى بەعسییان کرابوون .
لەو دەمەى دا 4500 گوندى کوردستان وێران و خاپوور و لەگەڵ زەوى دا تەخت کرابوون .
لەو دەمەى دا نزیکەى 300000 جاش لە دەربارى سەدام حوسێن دا خۆیان هەڕاج کردبوو .
لەو دەمەى دا کە حیزبە کوردستانییەکان خەونیان بە شڕە ئۆتۆنۆمییەکەوە دەبینى .
لەو دەمەى دا لە برى پاداشت وەرگرتن خوێنى خۆت دەکردە پاداشت بۆ گەل .
لەو دەمەى دا سەرکردایەتى حیزبەکان چنگ لە سەرشان خۆیان گەیاندە سنوورەکان .

بەڵێ ئا لەو دەمەدا هاوڕێ – دڵشاد – لە بنارى چیاى کۆسرەت دا بە بریندارى لە بەڕەنگاربوونەوەى ئەو سەرەک جاشانەدا بوو کە ئێستا دیوەخانانەکەیان سەد هێندەى مووچەکەى ئەوە .

بەڵێ - عەبدوڵا عەباس ئەحمەد – ناسراو بە هاوڕێ – دڵشاد – لە دایکبووى 1968 ى گوندى شاخەپیسکەیە و لە خێزانێکى هەژاردا گەورە بووە و لە تەمەنى 16 ساڵى دا چەکى نەبەردى پێشمەرگایەتى دەکاتە شان و لە دواى ئەنفالەکان بە پارتیزانى لە گەڵ چەندین هاوڕێى ترى دا لە قوڵایى ناوچەکانى کۆیە و ڕانیە و قەڵادزە و دوکان و خەلەکان دا پەرە بە خەباتى نەپساوە دەدەن و لە ساڵى 1989 دا و لە شەڕێکى نابەرامبەردا لە چیاى کۆسرەت بریندار دەکرێت ، لە ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلەکەمان لە ساڵى 1991 بە هەمان هەناسەى خەباتەوە ڕۆڵێکى بەرچاو و قارەمانانە دەگێڕێت لە پەلاماردان و تەفروتونا کردنى دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانى بەعس دا . ناوبراو ئێستا لە شارى هەولێر بە عەرەبانەیەک و فرۆشتنى کێک و ساردى و پیپسییەوە لە خەبات دایە و سەرى بەرزى وەکو جاران هێندە بڵندە دەمى نابات بۆ هیچ دەستێ و بە شان و بازووى خۆى لە خانوویەکى تەجاوزدا لە گەڵ هاوسەرەکەى و 4 مناڵە چاوگەشەکەى دا دەژیت و ڕۆژانە بە ڕەنجى شانى خۆی بژێوى و گوزەرانیان دابین دەکات .

مخابن ، ئەوەى لە هەموو نەهامەتییەکانى ژیان زیاتر ماندووى دەکات ڕەفتارى ناعەدالەت و گەندەڵکارانەى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانە کە پێشمەرگەیەکى خاوەن مێژوویەکى پرشنگدارى وەکو ئەو بە بڕى 300000 دینار خانەنشین دەکات و جاشێکى خائین و ڕووڕەش بە چەند ئەوەندەى مووچەکەى ئەو .

مخابن ، ئەوەى زیاتر نیگەرانى دەکات بڕى مووچەکەى ئەو ناکاتە خەرجیى هەفتەیەکى مناڵى ئەندام سەرکردایەتییەک .

مخابن ، لە جێى شێران ڕێوى دەکات گێران !

ئەى ئەوانەى خۆتان کردبوو بە دەمسپى لیستى – ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى _ ئەگەر ئەمە ئازادى و عەدالەتتان بێت نەفرەت لە ئازادى و عەدالەتى وابێت ، ئەگەر ئێوە نەتوانن لە نێو حیزبێکى چەند سەد کەسى دا ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى ئەنجام بدەن ئەدى ئیتر ئەبێت میللەت چ دڵێکى پێتان خۆش بێت و چۆن لە ڕووتان بێت تەکلیفى دەنگدانیان بۆ خۆتان لێ بکەن ؟ ! تۆ بڵێى مەبەستتان لە ئازادى و عەدالەتى ئەو دنیا بێت بۆ هاوڕێکانتان و هى ئەم دنیاش بۆ خۆتان ؟ !

دەبا بەس بێت فەتواى بێ بنەماى بەناو سەرانى شیوعى لە دامەزراندنى دنیایەکى بێ چین و چەوسانەوە و یەکسان کە خۆیان لە نێو خودى حیزبەکەى خۆیان دا شایەدمانى پێ ناهێنن .

دڵشادى شیوعى ئێستا زۆر ناشادە لە هەڵسوکەوتى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى شیوعى ! و دڵنیان هێندە نیگەرانە لە وونبوونى بەهاکان - - - ئەگەر ڕەووشت بوونى هەبێت ئەوسا ویژدان دەبێت و ئەگەر ویژدانیش ببێت ئەوسا ناعەدالەتیش یەکجار بەو شێوەیە لە جەستەى حیزبێک نادات کە خۆى بە شیوعى بزانێت ! نازانم ئەوە چ ویژدانێکە تەمەنى لاوى مرۆڤێک بە خەبات و پێشمەرگایەتى و لە تەمەنى بەرەو پیرى چوونیش دا بە عەرەبانە پاڵ نان بگوزەرێت ؟ بە مەرجێک زۆرن ئەوانەى لەسەر خەباتى پێشمەرگەى دێرین ئێستا دەخۆن و دەخۆنەوە لە سەر سفرەى زێڕین !

 


07701309524

Hewarash1@yahoo.com