١٩\١٢\٢٠١١
کوا ساحێبت؟
بەهار نەسرەدین
بە گواستنەوەی ژیان و نیشتەجێ بوون لە ئهورپا کە ببووە هۆی کەم
رەنگبوونەوە و وردە وردە لە بیرکردنی هەندێک لە چەمکەکانی کولتووری
کوردی، بەڵام بە بینینی خەسوی هاوڕێیهکم کە لە کوردستانی ئێرانەوە بە
میوانی هاتبوو بۆ ماڵیان، پاش هەندێک گفتوگۆ لێی پرسیم: (بۆ بە تەنها
هاتوی ئەی کوا ساحێبت؟) ههمووم بە بیر هاتەوە. لە وەلام دا گوتم، نەنە
گیان من بێ ساحێبم و ساحێبم نییه. گوتی: (ئەی چۆن دەبێ ژن بێ ساحێب
بێت!! دەبێ یەکێک هەبێ ئاگای لێ بێت و بیپارێزێت، ئیتر باوک و برا بێت
یان مێرد). بروا و سور بوونی ئەو ژنە بە تەمەنە لە بوونی ساحێبێک بۆ
پاراساستنی ژنان، دەگەرێتەوە بۆ خودی ئەو باوەرە پیاوسالارییه
سەپێندراوە کە خودی پیاوانیش بە هەمان شێوە یەکێکن لە قوربانیانی ئەو
کولتوورە ئیسلامیەی زاڵ بەسەر میلەتی کورد دا.
بە بیستنی ئەم وشانەی وەک ساحێب، تێدەگەین کە زمان بەیانگەری کولتوور و
گفتوگۆ کردن و تێگەشتنی مرۆڤەکانە لە یەکتر. مرۆیی منداڵ هاوکات لەگەڵ
فێربوونی زمان بیروبۆچونی ئەو کۆمەڵگایە هەڵدەگرێ کە تێیدا بە دونیا
هاتوە و پەروەردە دەبێت و بروای پێ دێنێت. لەم پەیوەندیەدا دین
کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر کولتووری قسە کردن و جۆری بەکارهینانی
وشەکان و واتای چەمکەکان. شوێنەوار و کاریگەری دینی ئیسلام بە شیوەیەکی
زەق و حاشا هەڵنەگر بەدی دەکرێ لە سەر زمانی وڵاتە ئیسلامییەکان بە
گشتی و زمانی کوردی بە تایبەتی. بیستن و بەکارهێنانی برێک لە واتاکان
کە رەنگدانەوەی ئاینی ئیسلامە و بوە بە بەشێک لە پێکهاتەی زمانی کوردی
و تێیدا ئاستی بیرو بۆچون و کولتووری کۆمەڵگای کوردی دەخاتە روو، مرۆڤ
سەرسام و نیگەران دەکات، بە تایبەتی کاتێک کە لە بابەتێکدا بەکار
دەهێنرێت کە دوررە لە واتای راستەقینەی وشەکە و بە پێچەوانەی
چەمکەکەیەتی. میللەتی کورد بە هۆی ژێردەستە بوونی و نامۆ بوون بە زمانی
عەرەبی، بۆ نمونە وشەی ساحێب واتە خاوەن کە لە ئەساسدا وشەیەکی عەرەبیە،
بە بێ لێکدانەوە وەری گرتوە و بە هۆی بەردەوام وتنەوەی و بەزۆر
سەپاندنی لە لایەن رێبەرانی ئیسلامی و مەلاکانی پەرەپێدەری جەهل و
خورافە، بەداخەوە ریشەی هەم لە زمانی کوردی و هەم لە بیرو بۆچونی
میلەتی کورد دا داکوتاوە.
رۆژانە هاوکات لە گەڵ بڵاو بوونەوەی هەر خەبەرێکی نوێی کوشتاری ژنان لە
لایەن باوک و برا و مێردوە، یان خۆسوتاندنی کچیک لە کوردستان، وتەی ئەو
ژنە بە تەمەنەم بیر دەکەوێتەوە و مات و سڕ و کاس دەبم لەو بروا
نامرۆییەی خەڵک کە گۆیا پیاوان (ساحێب) ئاگایان لە ژنانە و دەیان
پارێزن.
وشەی ساحێب، بە واتای وشە دژ بە سەربەستی و ئازادی و مافی مرۆڤە، چونکە
ههموو کەس بە گوێرەی سروشتی و بە پێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ ئازادە و
خاوەنی خۆیەتی و هیچ کەس خاوەنی کەسێکی دیکە نییه. چەمکی وشەکە زۆر
واتا دەگرێتە خۆی لەوانە بایەخ پێدان، خۆشویستن، ئاگا لێبوون و
پاراستنە. بۆ نمونە، ماڵ و موڵک هەمیشە بەنرخ و شیرینە و جێگای بایەخی
ههموو کەسێکە. ههموو کەسێک ماڵ وموڵکی خۆی بە ههموو شێوەیەک و بە
پێی توانا و دەسەڵاتی خۆی دەیپارێزێ و رێگا نادا بە هیچ کەسێک زیانی پێ
بگەیەنێت. دەوڵەت و دەسەڵاتیش بە هەمان شێوە بایەخی زۆر بە ناوی
میلەتەوە بایەخی زۆر دەدات بە وڵات و بە یاسا وئاسایش و سزای دیاری
کراو، وەک ماڵ و موڵکی حکومەت دەیپارێزێت. شەریعەتی ئیسلامی هەروەها،
بایەخی ئێجگار زۆری بە ماڵ وموڵک و موڵکایەتی تایبەتی داوە. بۆ
پاراستنی تەنانەت تەنها یەک هێلکە کە کەسێک بیدزێت بۆ تێر کردنی
منداڵێک، بە تاوانێکی گەورەی لە قەڵەم داوە و سزای برینەوەی دەستی بۆ
دیاری کردوە. بەڵام کە باس لە ژنان دەکرێت و گۆیا بەشێکە لە موڵکی پیاو
و دەبێ بە هەمان شێوە جێاگای بایەخ بێت وهەوڵی پاراستنی بدرێت،
بەپێچەوانەوە ژنان نە لە لای ساحێب و نە لە لای حکومەت نە لە لای
ئیسلام نرخی یەک هێلکەیان نییه. پیاوان کە ئەبنە ساحێبی ژنان بە
پشتگریی یاسا و شەریعەت، ههموو جۆرە ئەشکەنجەی روحی و جەستەیی ژنان
دەدەن و زیانی زۆریان پێدەگەینن و تەنانەت ژیانیشیان لێ دەستێننەوە بە
بێ دیاری کردنی هیچ سزایەک بۆیان، شەریعەتی ئیسلام یاسا و کولتوور و
کۆمەڵگا و خێزانی کردوەتە جەلادی ژنان. لە هەمان کاتدا ههموو رێگایەکی
بۆ هەتا هەتایی لە ههموو لایەنەکان گرتوە لە ئەگەری بەرنگاربوونەوە و
دیفاع کردن لە ژنان. لە کاتێکدا کە قورئان هەڵەی زانستی و گراماتیکی
زۆری تێدایە، بەڵام لە شەریعەتە دژ بە مرۆییەکەی و بەتایبەتی دژ بە
ژنان، بە شێوەیەکی ئێجگار پوخت دارێژراوە کە بە هەڵەش خاڵێکی تێدا بەدی
ناکرێت. هەروەها یەک خاڵیشی تێدا نییه کە لە بەرژەوەندی ژناندا بێت،
تا لایەنێک بتوانێت سودی لێ وەربگرێت و بەکاری بهێنێت بۆ پاراستنی ژنان.
بە پێی تەفسیری ابن کەسیر بۆ ئایەتی ٦ی سورەتی التحریم، دەڵێ، ئەی
پیاوان خۆتان و ژن و منداڵتان لە ئاگری جەهەنم بپارێزن و بە فهرمانی
خودا فهرمان بە ژن و منداڵتان بکەن ئیتاعەتی خودا بکەن و بیپەرەستن،
وە ئەگەر گوی رایەڵتان نەبوون، ئەوا دەبێ زەجریان بدەن و لێیان دەن
تاوەکو ملکەچی فهرمانەکانتان دەبن کە فهرمانی خودایە.
لە کاتێکدا کە موسوڵمانان دەڵێن خودا بە توانایه و ههموو شتێک بە
دەست خۆیەتی، بەڵام لێرەدا دەردەکەوێ کە ناتوانێت راستەو خۆ ئاڵوگۆرێک
بەسەر هەست و هەڵوێستە سرەوشتیەکانی مرۆڤدا بهێنێت، بۆیە دەسەڵاتی
تەواو دەدا بە پیاوان بۆ جێبهجێ کردنی فهرمانەکانی. بەشێک لە
فهرمانەکانی خودا کە پیاوانی بەرپرس کردوە لە جێبهجێ کردنیان کە گۆیا
بۆ پاراستنی ژنانە لە ئاگری جەهەنم و دەبێ ژنان ملکەچ بەو فهرمانانە
بن، بریتین لە کوشتار و سووکایەتی و لێدان، هاوسهرگیریی بە زۆر و بە
منداڵی بە شودان، خەتەنە، منداڵ لێ سەندندنەوەی پاش تەڵاق، تەعەدای
جنسی، بەردەباران و لوت برین و... کە لە خۆیدا جەهەنەمی راستەقینەییە
بۆ ژنان. هەروەها ئەوپەری دڕندهیی و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی کوشتنی
هەستی بەزەیی، ویژدان و خۆشەویستی لە ناخی پیاواندا و دڕەندەیی بوەتە
ڕەوشتی ئاسایی پیاوانی موسوڵمان.
سەرەڕای حەڵال بوونی ئەشکەنجە کردن و لێدانی ژنان لە ئیسلامدا، بەڵام
زۆر کەس بە ناهەقی زانیوە و رەدیکردوەتەوە و نارەزایەتی خۆیان دەربریوە.
بە هەڵوێست گرتن و ئیش کردن هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی ژنان لە پیاوانی
ستەمکار. بۆ رێگرتن و پێش گرتن لەم جۆرە هەڵوێستانە و زیاتر رێگا خۆش
کردن بۆ تەعەدا کردنی پیاوان لە ژنان، عومەری کوری خەتاب حەدیسێکی
پێغەمبەر دەگێرێتەوە و دەڵێ: پێغەمبەر گوتی:
( لایسأل الرجل فیم ضرب زوجتە)
یانی، نابێ لە پیاو بپرسن لە
سەر چی لە ژنەکەی دەدات.
کاتێک لێدان و ئازاردانی ژنان دەبێتە بەشێک لە فەرزەکان و پرسیار کردن
قەدەغە دەکرێت، ئیتر بە کارێکی ئاسایی تەماشا دەکرێت و هیچ کات بەو
هۆیەوە پیاو ناکەویتە ژێر رەخنە و لێپرسینەوە. تەنانەت هیچ پرسیارێک
دروست ناکات لە هۆکاری پەنا بردنی پیاوان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی
بەرامبەر بە کچ و خوشک و ژنیان. برێک لە حاڵەتەکانی توندوتیژیی بە
دەستی کەسانێک ئەنجام دەدرێت کە لە ئەساسدا نەخۆشی دەرونیان هەیە و
ناتەواون کە پێویستیان بە چارەسەرکردن و چاوەدێریی پزیشکی هەیە.
ژنانێکی زۆر ئەشکەنجە دەکرێن و ئازار دەکێشن بە دەست پیاوانی شێت و کەم
ئەقڵەوە، بەڵام ئاسایی بوونی ئازاردانی ژنان لە کۆمەڵگادا و قەدەغە
بوونی دەست تێوەردان و لیپرسینەوە بوە بە رێگرێک هەم لە پاراستنی ژنان
لە پیاوانی شێت و نەخۆش، وە هەم لە دەست نیشان کردن و ناسینەوەی پیاوە
نەخۆشەکان و چارەسەرکردنیان.
ژنان لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا تەنها وەکو ئامرازێکی سێەکسی چاوی لێ
دەکرێت. کاتێک باس لە پاراستنی ژنان دەکەن، مەبەستیان تەنها پاراستنی
ئەندامی مێینەیەتی نەک کەرامەت و کەسایەتی و ژیانیان. موسوڵمانان دەڵێن،
ئیسلام تەنها ئایینێکە کە حەیا و حورمەتی ژنانی پاراستوە. بەڵام وەزعی
نا مرۆیی ژنان و ئاماری ژنانی کوژراو لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا
پێجەوانەی ئەم ئیدعایە دەسەڵمێنن. ئیسلام نە ئەندامی مێینە و نە حورمەت
و ژیانی ژنانی پاراستوە. خودا هیچ بایەخێکی بە بوونی ژنان نەداوە، نە
بە ئەندامی مێینە و نە بە کەرامەت و ماف و ژیانیان. لە قورئاندا بە هیچ
شێوەیەک ئاماژە بە چۆنیەتی پاراستنیان نەکراوە، تەنانەت دەستدرێژیی
سێکسی کە گەورەترین تاوانە و کاریگەرترین زیانی دەرونی دەگەیەنێت بە
ژنان و شەرەفی پیاوانی موسوڵمانی پێ لە ناو ئەچێت، خودا بە گوناە لە
قەڵەمی نەداوە و هیچ سزایەکی بۆ دەستدرێژیکەران دیاری نەکردوە و نییه.
پیاوان بە دزیوە دەتوانن تەجاوز بە ژنانی یەکتر بکەن، بە بێ ئەوەی کە
لە باری شەرعییەوە هیچ لێپرسینەوەیەکیان لە سەربێت نە لە دونیا و نە لە
قیامەت.
شەریعەتی ئیسلام کەرامەت و حورمەت و ژیانی ژنانی لە کۆمەڵگادا خستوەتە
ژێر مەرحەمەتی پیاوانی موسوڵمانەوە کە پەیرەوی ئێدۆلوجیای ئیسلامین. بە
پێی ئەم ئیدۆلوجیایە هیچ جیاوازیەک لە رەوشتی پیاوی شێت و نەخۆش و
ژیردا نابینرێت بەرانبەر بە ژنان. ههموو بە هەمان فکر و بە هەمان
شێواز رەفتار لە گەڵ ژنان دەکەن. ژنان ئەو راستیە دەزانن و دڵنیان
لەوەیکە ژیانیان بەندە بە خۆ نەفی کردن و هەناسە لە رێگای ملکەچ بوون و
کۆیلایەتی خۆیانەوە هەڵدەمژن، نەک لە بەر ئەوەی مرۆڤن و ژیان کردن مافی
رەوای ئەوانە و پاراستنی ژیانیان ئەرکی یاسایە.
رزگاربوونی کۆمەڵگای مرۆیی بە تایبەتی ژنان لەم ههموو نەهامەتیە،
تەنها لە رێگای هەڵوەشاندنەوەی شەریعەت و بە سەندنەوەی دەسەڵات لە
پیاوان و مەلاکان، وە بنیات نانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا سیستەمێکی مرۆیی
عادل حاکم بێت. عەدالەتی مرۆیی دەتوانێ بوون و مافە مرۆییەکانی ژن
دەستەبەر بکات! نەک پیاوسالاریی و حکومەتی مەلاکان و هەر مەلایەک
حکومەتێک بێت بۆ خۆی و بە ئارەزوی خۆی باوەرە ژەهراویەکانی خۆی بڵاو
بکاتەوە. هەروەها ئاژاوە هەم لە ناو خێزان و هەم لە ناو خەڵکدا بنێتەوە.
بە هەڵوەشاندنەوەی پیاوسالاریی و دەسەڵاتی مەلا، یاسای کوشتن بە ناوی
شەرەف و ناموسیش هەڵدەوەشێتەوە.
بۆ لە بیرکردن و لە ناو بردنی ئەم جۆرە چەمک و واتا و وشە دژ بە
مرۆییانە، وە پاک کردنەوەی مێشکی خەڵک لەم بیر و باوەرە ژەهراوییە،
دەبێ ههموو ئامرازەکانی راگەیاند و مەنبەرەکان بە کار بهێنرێن بۆ
وتنەوە و باس کردن لە خۆشەویستی، رێز و مافی مرۆیی تا خەڵکی رابێن و
بەرێوەی بەرن. هەروەها وانەکانی باخچەی منداڵان و قوتابخانە دەوڵەمەند
بکرێت بە واتا مرۆییەکان و نەفرەت کردن لە توندوتیژیی بەرامبەر بە مرۆڤ
بە تایبەت ژن. دەبێ منداڵان بە واتای خۆشەویستی و ئازادی پەروەردە
بکرێن و زمانی پێوە بگرن بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا بە هەمان پەروەردەی
نوێی مرۆیی کۆمەڵگا بەرێوە ببەن.
١٤\١٢\٢٠١١
ماڵپهڕی بههار نهسرهدین
|