په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٩

كوێ‌ كێشەی هاوردەی كوێ‌ كردوە؟


ئەرسەلان مەحمود  


وەك ئەوەی كورد هەر لەئەزەلەوە، مافی چجۆرە خاوەندارێتیكردنێكی لەخاك و خۆی وەك پێكهاتە مرۆیی و نەتەوەییەكەی نەبووبێ‌ و نەبێت، سەدان ساڵە خاك و نیشتمانی كورد، ئاشكرایە بەبێ‌ ڕەزامەندی خۆی، بەهەر هۆیەك بووبێت كراوەتە دیاری دەست دەوڵەتانی ناوچەكە، سەدان ساڵیشە ئەم دەوڵەتە ڕۆژئاوایی پێدراوانە، بێگومان لەبری هێنانە ئاراوەی چارەسەری كێشەی كورد تەنانەت لەناو ئەم چوارچێوە سەپێندراوە دەستكردانەیشدا، فاشیانەو دوژمنكارانە كار لەسەر سڕینەوەی شوناسەكەی دەكەن و، دەشڵێن نابێ‌ كێشەت هەبێ!!

دەی كەواتا ئێستا ئەمە كوردە كێشە هاوردەی ئانكاراو تاران، دیمەشق و بەغدا دەكات یا ئەوە خودی ئەم دەوڵەتە فاشیانەن بەنیازی فراوانخوازی و بەئامانجی داگیركاری لەنێوان خۆیاندا، تۆپتۆپێن و بازرگانی بەكوردو كێشەكەیەوە دەكەن؟! دەی ئایا ئەمە كوردە نایەوێ‌ كێشەكەی لەناو ئەم دەوڵەتانەدا بگاتە چارەسەر، یا ئەوە خودی ئەم وڵاتانەن بەردەوام دەیانەوێ‌ كێشەی كورد وڵاتبەدەر بكەن؟! ئایا ئەمە حیزب و حیزبی كوردییە لەناوخۆی ئەم وڵاتانەدا نایانەوێ‌ بسازێن، یا ئەوە ئەم دەوڵەتانەن ئەمانیان بەكوردو كێشەكەیەوە هەڵداوەتە ئەودیوی سنورەكانی خۆیان و ناشیانەوێ‌ فززە بكەن؟! ... هتد.

كێشەی كورد لەڕاستیدا، نە پەیوەندی بەكورتەك و نە بەشنگال و نە بەشیلادزێ‌ و نە بەگەرمیان و نە بەكوێستانیشەوە هەیە، هەروەك چۆن نە بەخوڵقاندنی كوشتارگەیش لێرەو لەوێ‌ بەكۆتا دەگات، ڕەگ و ڕیشەی كورد بەدەست خۆفرۆشەكانیەوە نیە، لەدڵی نیشتمانەكەیدایە، كێشەكەی ئەزەلی و لەگارەو ئاویەرو قەندیلەوە نەهاتووەو نایەت، سەرچاوەكەی، هۆكارەكەی، بێباكگەرایی ڕۆژئاواو لەئانكاراو تاران و بەغداو دیمەشقە، لەوێوەیە بێچارەو وڵاتبەدەر كراوەو دەكرێت، بەڕێژەی ڕەها ئەمە حیزبە كوردییەكان نینە بیانووی هێرش و پەلامارو كورد كوژی نەك هەر لەناوخۆی ئەم دەوڵەتانەدا، بگرە لەدەرەوەی سنورەكانی ئەم وڵاتانەیش ئەدەنە دەست حكومەتەكانی بەغداو ئانكاراو تاران و دیمەشق، ئەوە ئەم دەوڵەتانەن لەبری هێنانە ئاراوەی چارەسەر، بەدوای خولقاندن و دیزاینكردنی بیانوودا دەگەڕێن تا لەڕێگەیەوە كورد وەك هەمیشە پێكدادەنەوە لەبۆشایدا، بیخولێننەوە لەهیچدا، بەمەیش هەم ئەوەی هەیە لەباری بەرن، هەم ڕەوایەتی هەمیشەیی و بەردەوامی بدەنە هەنگاوە دژو دوژمنكارییە فراوانخوازی و داگیركارییەكانیان. نەك هەر نیشتمانفرۆشان، خۆیشیان لەمە باش تێدەگەن.

هەن وەك ئەوەی دەڵێن: ڕەوا نیەو نابێت لەباشورو چیاكانی باشورەوە بەرەنگاری چەكداری گەریلاو پێشمەرگەی كورد بەرامبەر بەدەوڵەتانی ناوچەكە بنوێندرێ‌ و بەكار ببرێت، ئەی ڕەوایەتی داگیركاری و پەلاماردان و بۆردومانكاری ئاسمانی و ڕێسمانی ئەمان بەسەر خاك و خەڵكەكەی باشوری كوردستاندا چییەو لەچییەوەو كوێووە سەرچاوەی گرتووە؟! بنەمای كێشەكە چییە؟ كوێ‌ كێشەكانی هاوردەی كوێ‌ كردوەو دەكا؟

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک