په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠١٢

کوێستان گادانی:

کۆنفرانسی دووهەمی ژنان تەرخان دەکرێ بۆ باس لەسەر تایبەتمەندی بزووتنه‌وه‌ی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان.


دیمانە: کوێستان فتوحی


کومیته‌ی ئاماده‌کاری کۆنفرانسی ژنانی رۆژهه‌ڵات به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی راگه‌یاندراوێک ئاگاداری داوه‌ که‌ له‌ کۆتایی مانگی مه‌ی (بانه‌مه‌ڕی ١٣٩١)دا له‌ شاری ستۆکهۆڵمی سوئێد دووهه‌مین کۆنفرانسی ژنانی رۆژهه‌ڵات پێک دێنێ. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ وتووێژێکیان له‌گه‌ل خاتوو کوێستان گادانی که‌ له‌ وڵاتی نۆروێژ ده‌ژی و یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌ندامانی کومیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌و کۆنفرانسه،‌ پێک هێناوه‌.


کوێستان فتوحی: ئایا باشتر نه‌بوو ئه‌و کۆنفرانسه‌ له‌ کوردستان پێک هاتبا، بۆچی له‌ ده‌ره‌وه‌؟


کوێستان گادانی: بە بروای من پێکهێنانی کۆنفرانسێکی باش بەستەگی بە شوێنی گرتنی کۆنفرانس نییه‌ بەڵکو بە شێوە و مەحتەوا و دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەیە، هاوکات دەکرێ بلێم کە کاتێک تایبەت بە بابەتێک یان بە گرۆپێکی تایبەت کۆنفرانسێک دەگرین رەنگ بێ وا باشتر بێت کە لەو شوێنە کۆنفرانس بگرین کە بابەتەکە یان گروپەکە زیاتر لە و شوێنەدا خۆی دەبینێتەوە بەڵام ئەگەر چاوێک لەتێمای کۆنفرانسەکە بکەین « تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان» دەبوو ئێمە ئەم کۆنفرانسەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتبا کە هەر وەک هەموومان دەزانین بۆمان ناگۆنجێت . ئەگەر پرسیار ئەوەیە کە بۆ لە باشووری کوردستان پێکی ناهێنن راستی ئەوەیە کە ساڵی ٢٠١١ لە سلێمانی ئەم کۆنفرانسە پێکهات و هەر ئەوکات لەگەڵ هیندێک گلەیی رووبەڕوو بووینەوە کە بۆچی لە دەرەوەی وڵات پێک نەهاتووە. لە دەرەوەی وڵاتیش هیندێک کەس هەبوون کە بە هەر هۆیەک بێت مەجالی گەرانەوەیان بۆ کوردستان نەبووە. بەداخەوە بەهۆێ بارودۆخی ئێستای کوردستان ژماره‌ی دانیشتوانی نەتەوەی کورد بە گشتی و کوردەکانی رۆژهەڵات بە تایبەتی لە هەندەران زۆرن کە رەنگ بێت گرتنی ئەم جۆرە کۆنفرانسە بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت لە وڵاتی سۆئێد کە تەقریبەن وەک وڵاتێکی ناوەندی چالاکیی کوردەکانی رۆژهەڵات بە ئەژمار دێت وەک خاڵێکی پۆسێتیڤ چاوی لێ بکرێت و ئەو کەسانەی کە ساڵی رابردوو نەیاتوانیوە، ئەم ساڵ بتوانن بەشدار بن و هەروەها خالێکی دیکەی پۆسیتڤ دەتوانی ئەمە بێت کە بە گرتنی کۆنفرانسەکان لە وڵاتە جواروجۆرەکاندا ئاسان کاری بکرێت بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکان وەک ئەرکی خۆیان بە دوای تاکەکان و بابەتاکان دا بگەڕین و لەو شوێنە جیاوازانە زیاتر فوکۆسی کاریان کراوەتر بێت و بەشداربووانی زیاتر بە باکگراوندی جیاواز لە کۆنفرانسەکان بن کە بتوانن کۆنفرانسەکە دەولەمەند بکەن. شتێکی دیکەی کە جێگای خۆیەتی ئاماژەی پێ بکرێت ئەویش بەرێوبردنی بریاری کۆنفرانسی یەکەم بوو کە لە رۆژی ئاخری دا راگەیەندرا کە کۆنفرانسی دووهەم لە وڵاتی سۆئێد پێک دەهێنرێت کەواتە کۆمیتەی بەریوبەریی کۆنفرانسی دووهەم لە راستیدا بریاری لە سەر شوێنی گرتنی کۆنفرانسی دووهەم نەداوە بەڵکو بریاری کۆنفرانسی یەکەمی بەرێوە بردوە.


خاڵێکی لاواز لە پەیوەندی لەگەڵ گرتنی ئەم کۆنفرانسە لە ولاتی سۆئێد کە دەتوانێت هەبێت ئەویش کۆسپی سەر رێگای بەشداری کردنی حزووری کەسانی بە توانا و ‌لێهاتوون کە رەنگ بێ بە هۆی ویزا وەرگرتن و کاروباری ئیداری هاتنیان بۆ دەرەوەی وڵات نه‌گونجێت .


کوێستان فتوحی: ئه‌م کۆنفرانسه‌، ئایا پلان و به‌رنامه‌ی بۆ دیاری کراوه‌؟ گرنگی کۆنفرانسی دووهه‌م له‌ چ دا ده‌بینی؟


کوێستان گادانی: بڕوا ناکەم کەس یان کەسانێک لە هیچ شوێنیک راگەیەنداروێک بڵاو بکەنەوە کە کۆنفرانسێک دەگرن بەڵام بەرنامە و پلانیان بۆی نەبێت، ئەوەی کە ئەم بەرنامە و پلانە چەندە سەرکەوتوو دەبێت و ئەم کۆنفرانسە چ نەتیجەیەکی دەبێت ئەمە ئەرکی لە یەکەم مەرحەلەدا بەرێوبەریی ئەم کۆنفرانسەیە لە هەلبژاردنی بابەت و رێکخستن و بەریوبەری خودی کۆنفرانسەکەدا و هەروەها ئەرکی بەشداربوانی کۆنفرانسە کە بە توانایی و هاوکاری و چالاک بوونیان چ رەنگدانەوەیەک دەدەن بە رووی ئەم کۆنفرانسە و چەندە چاوەروانیەکان لەم کۆنفرانسە لە رێگای بریاردان و بەریوبردنی بریارەکان و ئەنجام دانی پلانی بە کردەوە لە داهاتوودا، کۆی هەموو ئەوانە گرینگیی کۆنفرانسەکە دەردەخات .


گرینگی ئەم کۆنفرانسە هاوکات دەتوانێ هەر وەک کۆنفرانسی یەکەم کۆکردنەوەی ژنانی رۆژهەڵات بێت کە بە بروای من یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی کۆنفرانسی سێهەمیش‌ هەر دەتوانێ و دەبێت ئەوە بێت، یەکریزی و یەک دەنگی ژنانی رۆژهەلات لە پێناو خواستی هاوبەشی ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان بێت. خالێکی کە بە لای منەوە زۆر گرینگەو هیوادارم کاری زیاتری بۆ بکەین، ئامادە بوون ئامادە کردنی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ داهاتوو؛ هەروەک لە راگەیه‌ندراوەکەماندا هێناومانە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گرینگیان لە پێشدایە هەر بۆیە ڕۆلی ژنان و خەباتی ژنان وەک فاکتەرێکی ئەسلی و چارەنووس ساز سەیری دەکرێت و پێویستی بە لێکدانەوە و وردبینیی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە قورساییەکی زیاتر بەشداری لە چارەنووس و سیستمی دیمۆکراتیکی داهاتووی کوردستاندا بکات، پێویستی بە ئامادە بوون و یەکدەنگی و یەکریزیی زیاتر هەیە کە بە لای منەوە ئەمە دەبێ یەکێک لە گرینگترین و یەکەمین هەنگاوی کۆنفرانسی دووهەمی ژنان بێت کە وێرای باس و بابەتاکانی رابردوو کە وەک ئەزموون دەبێ کەلکیان لێ وەرگرین، هاوکات دەبێ هەنگاو بۆ پێشەوە هەلێنینەوە کە لە هەل‌ومەرجی چاوەروانکراوی داهاتوو دا ئێمە بێ بەرنامە و پلان نەبین.


کوێستان فتوحی: کۆنفرانسی یه‌که‌م هه‌نگاوێکی باش بوو بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات له‌ ده‌وری یه‌ک. له‌ کۆنفرانسی یه‌کدا زۆر ته‌ئکید له‌سه‌ر کاری هاوبه‌ش له‌ پێناو خه‌باتێکی هاوبه‌شدا ده‌کرا، بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌کان هه‌موو یه‌کده‌نگ له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی ژنان کۆک بوون، به‌ڵام کۆنفرانس پلانێکی بۆ کاری داهاتوو دانه‌نا، پێتان وایه‌ کۆنفرانسی دووهه‌م چۆن ده‌بێ؟ هه‌ر وه‌ک کۆنفرانسی یه‌که‌م کۆمه‌ڵێک که‌س باسه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن و ئیتر کۆتایی دێت؟


کوێستان گادانی: گرتنی کۆنفرانس وئەو کۆرو کۆبوونەوانەی کە هەرکەس بابەتی خۆی پێشکەش بکات و کۆتایی دێت بۆ ئەم جارە تا جارێکی دیکە، دیاردەیەک نیه‌ تایبەت بە کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانی ژنان بەلکو دیاردەیەکە کە بە داخەوە نەتەوەکەمان بە دەستێوە دەنالێنێ. زۆر ئاسان نییه‌ کە دوای چەندین سال کۆنفرانسێکی بۆ ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان بگری کە هەر تاکەو سەر بە ئەحزابێکی سیاسی و ئیدۆلۆژییه‌کی جیاوازە.هەتا چەند سال لەو پێش بێجگە لە خۆمان کەسی دیکەمان نەدەناسی و هەموو خۆمان پێ لەئەوی تەنیشتمان پێ باشتر بوو و هاوکات رێکخراوی ژنانیشمان بوو بە سەکۆی تەبلیغاتی ئەحزابی مەوردی عەلاقەمان( بە داخەوە ئێستاش کەم نین ئەم جۆرە کەسانە و ئەم جۆرە رێکخراوانە). لە وەزعێکی ئاوادا و هاوکات لەگەڵ پرش و بڵاوی ژنانی رۆژهەڵات بە باکگراوندی جیاواز لە نەبوونی رێکخراوێکی سەربەخۆو هەمەگیر و هاوکات بێلایەن، ئێمە دەتوانین چ چاوەروانییه‌کمان لەوە زیاتر هەبا لە کۆنفرانسی یەکەم. هەر ئەوەی کە خۆتان باستان کرد کۆ کردنەوەی ژنانی رۆژهەڵات سەرەرای ئەم پرش و بڵاوییە خۆی هەنگاوێکی گەوروە بووە بۆکۆنفرانسی یەکەم. درێژەدان و بەرنامە دانان بۆ گرتنی کۆنفرانسی دووهەم هەنگاوێکی دیکەی بەره‌وپێش چوونە. کەواتە ئێمە ئەم خاڵانە وەک دەسکەوتێکی سەرەتایی چاو لێبکەین و دامەزراندنی تۆری ناسین و لە یەک تێگەیشتن وەک سەرەتای کارەکان و ئەرکەکانی داهاتوومان بە ئەژمار دێنین.


سەبارەت بە چاوەروانی و بەرنامەی کۆنفرانسی دووهەم هەر وەک لە ولامی پرسیاری دووهەمدا ئیشارەم پێ کردوە بەرنامەی تایبەت کە هەیە بەڵام لە دوای کۆنفرانس چۆن ئەرکەکانمان بە جێ دەگەیەنین و کۆنفرانس چ بریار دەدات و چۆن بەرنامە و پلان بۆ داهاتوو دادەرێژێ ئەوە کەوتووتە سەرشانی بەشدار بووانی کۆنفرانس بەلام هەر ئەوەی کە گرتنی کۆنفرانسەکان ئیدامەی هەیە و نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەلێک ژنی چالاک هەن کە بە دوا داچوون دەکەن و بەرنامەرێژی دەکەن. لێرەدا جێی خۆیەتی کە سپاس لە کۆمیتەی بەریوبەریی کۆنفرانسی یەکەمی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە گرتنی ئەم کۆنفرانسە بوو بە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی پتەوی ژنی چالاکی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئاکامەکەشی پێکهێنانی ناوەندێکی سەربەخۆیە کە ئەرکی بەڕێوبردن و گرتنی کۆنفرانسی ساڵانەی ژنانی رۆژهەلاتی کوردستانی لە ئەستۆیە و هەر ساڵە کۆمیتەیەک لە ژنانی چالاک ئەرکی بەڕێوبردنی ئەم کۆنفرانسە بە ئەستۆوە دەگرن بە بێ ئەوەی لایەنێک یان حیزبێکی سیاسی لە پشت بێت لە گەڵ ئەوەی دا کە چاوەروانی لە هەموو لایەنەکان دەکرێت کە یارمەتیدەر بن لە گرتنی ئەم کۆنفرانسە. لێرەدا دەبینن کە کۆنفرانسی یەکەم بێ نەتیجە نەبووە بەڵام دەستکەوتەکانی جارێ ساوایە و پێویستی بە یارمەتیدان و کار لە گەل کردن هەیە بۆ ئەوەی زیاتر سەرکەوتن بە دەست بێنێت. لە لایەن کۆمیتەی بەڕێوبەریی کۆنفرانسی دووهەم دڵنیاتان دەکەم کە کۆنفرانس ته‌نیا لە سەر بابەت پێشکەش کردن و موناقشە کردن دا خولاسە نابێتەوە بەلکۆ بە هاوکاریی ئێوە بەرێزانی بەشدار هەول دەدەین کۆنفرانسێکی باش و سەرکەوتوو بگرین بەو مانایە کە هەر کەس بیهەوێت بتوانێ لە ژێر خواست و هەدەفێکی هاوبەش لە ژێر یەک چەتر هاوکاریی یەکتر بین تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان، ئەم کۆنفرانسانە ئیدامەیان دەبێت و سال بە سالیش چاوەروانیی زیاتری لێ دەکرێت بەرەو پێشتر دەچێت و دەسکەوتی باشتری دەبێت ئەگەر هەموومان بە هیخۆمانی بزانین و هاوکاریی یەکتر بکەین.


کوێستان فتوحی: ئه‌گه‌ر له‌ کوردستان ژنان بیانه‌وێ به‌شداری له‌ باسه‌کاندا بکه‌ن، چۆن ده‌بێ؟ هێندێک زانیاریمان بده‌یه‌....


کوێستان گادانی: ئیحتمالی بەشداری نەکردنی حزووریی هاوڕێیانی کوردستان رەنگ بێ خاڵێکی لاوازی گرتنی ئەم کۆنفرانسە بێت لە دەرەوەی وڵات. ئێمە وەک کۆمیتەی بەڕێوبەریی کۆنفرانسی دووهەم، هەر بابەتێکی کە لە هاورێیان لە کوردستان را بە دەستمان بگات هەر وەک هەموو بابەتەکانی دیکە هەلیدەسەنگێنین و بە زووترین کات هاورێیان ئاگادار دەکەینەوە کە بزانین لە چ ئاستێک دا ئێمە دەتوانین یارمەتیان بدەین لە هاتن و بەشداریی حزورییان لە کۆنفرانسدا و هاوکات بۆ ئەو کەسانەش کە بە هەر هۆیەک هاتنی حزورییان ئیمکانی نیه‌ بەڵام بابەتەکەیان پەسەند کراوە لە رێگای پەیوەندیی ئینترنێتەوە هەلێکی وا دەرەخسێنین کە هاورێیان بتوانن بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن. ئێمە وەک کۆمیتەی بەڕێوبەریی هەولی تەواوی خۆمان دەدەین کە لە هەموو ئەو کاناڵانەی کە توانای هاوکارییان هەبێت لە ئاستی کاری ئیداریەوە بۆ دابین کردنی ویزا کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی بە وەخت بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، بەلام هەر وەک هەموو لایەک شاره‌زای کاری ئیداریی وڵاتانی دەرەوە هەن هیچ زەمانەتێک ناکرێت و ناتوانین قەولی هێنانی هیچ هاورێیەک بدەین بەڵام نائۆمێدیش‌نین لە بەشداری کردنی هاورێیانمان لە کوردستان را. پێشنیاری من ئەوەیە کە هاوڕێیان لە کوردستان را و لەو ولاتانەی کە دەبێ ویزایان هەبێت بۆ هاتنیان بۆ سۆئد بە وەخت بابەتەکانیان بنێرن و بۆ ئەوەی ئەگەر بابەته‌کانیان پەسەند کران بە زووترین کات پەیوەندییان لە گەل بگرین بۆ ئامادەکاریی پێویست تا ئەو ئاستەی لە توانای کۆمیتەی بەڕێوبەری دابێت.

 

کومیته‌ی ئاماده‌کاری کۆنفرانسی ژنانی رۆژهه‌ڵات

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک