په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

کوێستان گادانی:

ئێمە ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان سەرەڕای ھەموو جیاوازییەکان،

لە خاڵە ھاوبەشەکانماندا دەتوانین ھاوکار و پشتیوانی یەکتر بین.

دیمانە: کوێستان فتووحی


پ: لەم دوایانەدا دووھەمین کۆنفرانسی ژنانی رۆژھەڵات بەڕێوە چوو. وەک ئەندامێکی بەڕێوەبەریی ئەو کۆنفرانسە، پێمان خۆشە باسێک لەسەر چۆنیەتی و بیرۆکەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ژنانی رۆژھەڵات و مەبەست لە پێک ھێنانی چیە بکەی؟


کوێستان گادانی: ھەر وەک پێشتر لە راگەیەندراو و ئاگادارییەکان و ھەروەھا لە کۆنفرانسی یەکەمی ژنانی رۆژھەلاتدا ئاماژەی پێکراوە مەبەست لە پێکھێنانی ئەم کۆنفرانسانە لێک نیزیککردنەوەی ژنانی رۆژھەلاتی کوردستانە لە ژێر یەک پلاتفۆرمی ھاوبەشدا بۆ تاوتۆی کردنی پرسی ژن و ھاوکات بۆ گەیشتن بە کۆمەلگایەکی یەکسانیخواز لە داھاتووی رۆژھەلاتی کوردستان دایە. لە سەر چۆنیەتیی پێکھێنانی کۆنفرانسی دووھەم دەکرێ بڵێم لە گەل ئەوەیدا کە لە ولاتی سۆئێد و دوور لە رۆژھەلاتی کوردستان بەرێوە چوو، بەو حالەش کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو بوو. مەبەست لە سەرکەوتنی کۆنفرانسێک لە روانگەی منەوە ئەوە نێیە کە لە ھەموو بارێکەوە واتە تێکنیکی و ناوەرۆک بێ کەم و کووڕی بێت، بەلکوو بە ھەلسەنگاندن لە گەل کۆنفرانسی یەکەم و بەو ئیمکاناتەی کە لە بەر دەست داھەبوون دەبێ لێکدانەوەی لە سەر بکرێت کە بزانین ئایا کۆنفرانسەکە ھەنگاوێکی بەرەوە پێش ھەڵێناوەتەوە یان ئەوەی کە کۆنفرانسمان ھەر بۆ ناولێنانی کۆنفرانسی دووھەم گرتوە،کە لە ولام دا دەبێ بڵێم کۆنفراسێکی سەرکەوتوو و پر لە دەسکەوت بوو.


پ: کۆنفرانس ھەر وەک لە ناوەکەیڕا دیارە، بۆ ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستانە. بە بڕوای ئێوە کۆنفرانس توانیویەتی پڕۆژەیەکی کاری دەسنیشان بکا بۆ ژنی کورد لەو پارچەیە؟


کوێستان گادانی: پێش ئەوەی باسی پرۆژە و دەسکەوتی ئەم کۆنفرانسە بۆ رۆژھەلاتی کوردستان بکەم ،پێم خۆش بوو ئەوە بیر بخەمەوە کە ژنانی رۆژھەلات بە ھۆی چالاکی و باکگراوندیان لە سێ شوێنی جۆغرافیی جیاوازدا نیشتەجێن:رۆژھەلاتی کوردستان،باشوری کوردستان و تاراوگە. بە بێ ئەوەی بچمە نێو لێکۆلینەوە و وردبوونەوەی زیاتر، ھەموومان باش دەزانین کە باسی باکگراوندی ژنی رۆژھەلاتی کوردستان دەکەین ئەو ژنانەن کە لە ژێر ستەمی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و ھەروەھا لە ھیندێک شوێن و بنەمالەشدا بە ھۆی داب و نەریتی کۆن دەچەوسێنەوەو ئازادیی کار و بیروڕا دەربرینی راستەوخۆیان نییە. ژنانی رۆژھەلات کە نیشتەجێی باشووری کوردستانن ئەوانیش یان سەر بە ئەحزابی کوردین و تێکۆشان دەکەن (کە بە خۆشییەوە دەبینێن فوکوسی کاریان لەم دوایانەدا زۆر بەرفراوانترە لە چوارچیوەی حیزبایەتیدا) یان ئەوەی کە ئورگانیزە نەکراون و ھەر یەکەو بە شیوەیەک خەریکی ژیانی خۆیەتی و بەشێکیشیان وەک تاک چالاکن و دیارن. لە تاراوگەش ھەر بەو شیوەیە، یان ژنانی تیکۆشەری سەر بە ئەحزابی کوردین یان چالاکانی سەربەخۆن یان ئەوەی کە بە ھەر ھۆیەک بێت تا ئێستا بەو شێوەیە کە دەبێت چالاک نەبوون. کەواتە دەبینین کە لەم پرش و بلاویەدا تۆ ناتوانی چاوەڕوانی میراکل(موعجیزە) کردنت ھەبێت کە دوای دووسال پرۆژەیەکی ھەمەلایەنەت ھەبێت بۆ ژنانی رۆژھەلات بە گشتی. لێرەدا دەکرێ بلێم کە ئێمەش تا ئێستا ھەمان کێشەمان ھەبووە کە حیزبە سیاسییە کوردەکانی رۆژھەلات ھەیانبووە، ئەویش ئەوەی کە لەتبوون و «حیزبی من» و «حیزبی تۆ» ژنانی تووشی سەر لێشیواوی کردوە و ھاوکات دووربوون لە رۆژھەلاتی کوردستان و خەفەقانی نێوخۆی ولات کارەکانمان لێ دژوارتر دەکات. بەلام فەرقێکی کە ژنانی رۆژھەلات ھەیانە لە گەل ئەحزابی سیاسی (چ ژنانی دەرەوەی حیزبەکان چ ژنانی ناو ریزی حیزبەکان) ، ئەوەیە کە ئێمە بەو قەناعەتە گەیشتووین کە سەرەڕای ھەموو جیاوازییەکان کە ھەمانن لە خالە ھاوبەشەکانمدا دەتوانین ھاوکار و پشتیوانی یەکتر بین، ئەم ھاوکاری ویەکێتییە، دەسکەوتێکە کە ئەحزابی سیاسیی کوردی رۆژھەلات ٣٣ سالە بەم ئاستە نەگەیشتوون. لە روانگەی منەوە ئەوە واتە یەکێتی و یەکڕیزی و ھاوکات ناساندنی کۆنفرانس، گەورەترین پرۆژە و دەسکەوتی ئەم دووساڵەی کاری کۆنفرانسی ژنانی رۆژھەلاتە.


پ: تا ئێستا دوو کۆنفرانس پێک ھاتوە، بەڵام وەک من ئاگادار بم ھیچیان بە بەرنامەو و پرۆژیەکی روون و تایبەتەوە پێک نەھاتوون. مەبەستم ئەوەیە ‌ لە کۆنفرانسدا کۆمەڵێک باس لە پێوەندی لەگەڵ ژناندا پێشکەش کراون و ئیدی تەواو. ھەرکەس چۆتەوە بەلای کار و تێکۆشانی خۆیەوە. نەماندی لە لایەن کۆنفرانسەوە بەرنامەیەک، قەتعنامەیەک یان پرۆژەیەک، دەستنیشان بکرێ تاکوو ژنانی چالاک، رێکخراوەکانی ژنان و... بۆ داھاتووی کاریان لەبەرچاوی بگرن. بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکانی داھاتوو بەم شێوەیە نەبن، چ بکرێ باشە؟


کوێستان گادانی: یەکەم ئەوەی کە ھەمیشە وا نییە کە کۆنفرانس دەبێت حەتمەن و ھەمیشە قەتعنامە و پرۆژەی تایبەتی ھەبێت. ھەر وەک لە وەلامی پرسیاری دووھەمدا ئیشارەم پێ کرد بە ھۆی پرش و بلاوی و ھەروەھا ئیمکاناتی لێک کۆ کردنەوە و نەزەر وەرگرتن و رەخنە گرتن و تەنانەت نەبوونی میدیایەکێ سەربەخۆ( کە بەداخەوە لە نێومیدیای کوردی دا بە گشتی میدیای سەربەخۆ زۆر کەمە) ھەمووی ئەوانە ھۆکارن کە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو جۆرەی کە دەبێت بەشداربووان و ھۆگران بۆ لای خۆی رابکێشێ کە بتوانێ پرۆژەیەکی بۆئامادە و تاوتۆێ بکەن. ئەگەر پڕۆژەیەکیش ھەبا لە حالی حازردا ھەر بە دەست ئەو گرووپە ژنانەوە دەبوو کە دیارن و کارەکانیان تا ئێستا بەڕێوە بردوە. لە جۆرە پڕۆژانەشمان زۆر ھەن کە ھەر رێکخراو و حیزبێک خۆی بە شیوەی خۆی چ بۆ ژنان بە گشتی چ بۆ رێکخراوەکەی خۆیان کاری بۆ دەکەن. لە روانگەی منەوە پرۆژەیەکی کە ژنی کوردی رۆژھەلات پێویستێتی ئەو پرۆژە فیکسانە نین کە تا ئێستا ئێمە ھەموو لە گەلی ئاشناین، بەلکۆو پرۆژەیەکە کە دەبێ ھەموو چین و توێژەکانی ژنانی رۆژھەلات بگرێتەوە، بۆ ئەم کارەش لە پێشدا دەبێ بە وردی بە دەردی کۆمەلگاکەت بزانی،باکگراوندە جیاوازەکان وا ئاوێتەی یەکتر بن کە ھەموو لە ژێر چەند خالی ھاوبەشدا یەکتر بە تەواوی قەبوول بکەن جا ئەوکات باس لە پرۆژەیەکی ھەمەلایەنە بۆ ژنی رۆژھەلات بکرێت کە بە بروای من ئەگەر ئەم کۆنفرانسانە کارەکانی خۆیان ئاوا ئیدامە بدەن دەتوانن ئەوە بەرنامەی کاری کۆنفرانسی سیھەمیان بێت.دووھەم سەبارەت بە قەتعنامە،کۆمیتەی بەڕیوبەریی ئەم کۆنفرانسە دوو قەتعنامەی پێشنیاری لە بەرنامەدا ھەبوو یەکیان لە سەر یەکێتی و ئاشتی ودژی ھەر چەشنە گرژییەک لە داھاتووی رۆژھەلات بۆ گەیشتن بە کۆمەلگایەکی یەکسانیخواز و دووھەم دژ بە کۆشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی ناموس. بەلام بە ھۆی کەمیی وەخت، ئێمە نەمانتوانی ئەم قەتعنامانە لە گەل بەشداربووان بێنینە بەر باس. ھەر بۆیە ناتوانین بڵێین قەتعنامەی کۆنفرانسن. بەلام لێرەدا دەتوانین ئیشارە بەوە بکەین کە بەڕێوبەرانی کۆنفرانسی دووھەم رۆلی ئێستا و داھاتووی ژنانی رۆژھەلاتیان زۆر بۆ گرینگ بووە و بیریان لەم کێشانە کردۆتەوە کە ئێستا و لە داھاتوودا دەتوانن بەرۆکمان بگرن.ھەر لەم بەشەدا وەبیر بەرێزان دێنمەوە کە لە پانێلی یەکەمی رۆژی دووھەمی کاری کۆنفراس رێکخراوی ژنی کورد پلاتفۆرمی ھاوبەشی پێشنیار کرد کە ئەمە خۆی دەتوانێ دەستپێکی پرۆژەیەک بێت کە ئەو کەسانەی بە مانای واقع چاوەڕوانییان لەم کۆنفرانسانە ئەوەیە کە بە بەرنامە و پرۆژەوە کار بکەن با لە سەرەتای کارەوە لە گەل بن و ھاوکاریی ئەم رێکخراوەیە بکەن لە پلاتفۆرمێکی ئاوا ھاوبەشدا کە لانی کەم ساڵێکە کاری لە سەر دەکرێت. بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوودا بە ھاوکاریی ھەموومان زیاتر دەولەمەندی بکەین.

پ: پێتان وایە خاڵەڵە بەھێز و لاوازەکانی ئەو کۆنفرانسە چ بوون؟


کوێستان گادانی: ئەرک و بەڕێوەبردنی ھەر کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسێک دەتوانێ بە دووبەشدا خالە لاواز و بەھێزەکانی دەستنیشان بکرێت یەکیان لەرووی کەیفییەت (ناوەرۆک و چۆنیەتیی باسەکان) دووھەم لە رووی مۆدیرییەت و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکە، کە دەتوانم بلێم ئێمە لە ھەر دووک بەشیدا خالی لاواز و بەھێزمان ھەبووە. ئەگەر باس لە باری بەڕێوەبەریی و تێکنیکیەوە بکەم: یەکەم ئەوەی کەوەک ھەموو کۆر و کۆبوونەوەیەکی کوردەواری بە وەخت دەستمان پێ نەکرد و ھاوکات لە ھیندێک لە پانێلەکاندا ھەم ئەم ھاوڕێیانەی کە وتاریان ھەبوو لە وەختی خۆیاندا باسەکەیان تەواو نەکرد، ھەم ئەوەی کە بەشداربووان بە خۆشیەوە ئەوەندە چالاک بوون کە لە زۆر لە باسەکان وەختمان کەم ھێنا کە ئەمە بووبە ھۆی ئەوەی کە لە کۆتایدا بۆ نموونە نەگەینە باس کردنی قەتعنامە پێشنیارییەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانس، ھەروەھا خالێکی دیکە کە لە بەڕێوەبەریدا ئێمە لاوازیمان تێدا بینی ئەویش نەبوونی ئینترنێتی بەھێز کە بتوانێ راستەوخۆ باسەکانی کۆنفرانس بخاتە بەر دیدی ئەو کەسانەی کە نەیانتوانی بەشدار بن و ئێمە رامانگەیاندبوو کە لە رێگای ئینترنێتەوە دەتوانن لە گەلمان بن، کە ئەمە وای کرد بەو جۆرەی کە چاوەروان دەکرا نەمانتوانی دەنگی ئەم کۆنفرانسە بە شیوەی راستەوخۆو چاوەروانکراو بلاو بکەینەوە. رەنگ بێ ھەر لە باری بەریوبەریی و تێکنیکیدا زۆر رەخنەی دیکەشمان لە سەر بێت بەلام بە پیێ ئەو ئیمکانە مالی و راگەیاندنەی ھەمانبوو (ئەوەشمان لە بیر بێت کە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانسی دووھەمی ژنانی رۆژھەلات ھەر وەک یەکەمین کۆنفرانس سەر بە ھیچ رێکخراوەیەک و ھیچ حیزبێکی سیاسی یان رێکخراوەیەکی تەنانەت سنفیش نییە کە بە دام و دەزگا و بودجەی تایبەتیەوە ئەم کۆنفرانسەی گرتبێت تەنیا لە دەرکردنی راگەیەنداوی گشتی دا ھیندێک لە ئەحزاب و رێکخراو و ھیندێک کەسایەتی یارمەتیی ماڵییان داوە) بۆیە رەنگ بێت لە قەدەر ئەو ئیمکاناتەی کە ھەبووە دەبێ رەخنەی لێ بگیرێت. سەبارەت بە ناوەرۆکی باسەکان من پێموایە کە ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە چووین،رەنگ بێ زۆریەک لە ئێوە لە گەل من ھاوڕا نەبن بەلام بە دوو ھۆکار من پێم مۆسبەت بوو یەکەم لە شیوەی پیشکەش کردنی بابەتەکان بە شێوەیەکی مۆدێرن و ئاموزەندە بە سەلماندن و بەلگە ھێنانەوە دووھەم بەرفراوانکردنەوەی باسەکان بوو، واتە لەو کۆنفرانسە کلاسیکیانە جیاواز بوو کە رەنگە ئەگەر پێشی نەگرین بۆ نەوەی داھاتووش وەک روتینی کاری رۆژانەی لێ بێت. ئەو کەسانەی کە بابەتیان پێشکەش کرد تەنیا نوێنەری تایبەت بەتەیفێک نەبوون، تەنیا باگراوەندی شۆرشگیرییان نەبوو، بەلکوو ئاکادیمیسیەن بوون، چالاکی سیاسی بوون، چالاکی مافی مرۆڤ بوون، چالاکی کۆمەڵایەتی بوون، لاو و بەتەمەن و ژن و پیاویشی تێدا بوو بۆ ئەوەی لە تریبۆنی سەربەخۆی خۆمان را بیسەلمێنین کە بروامان بە کۆمەلگایەکی یەکسانیخواز ھەیە. رەنگ بێت لە روانگەی ھیندێک کەسەوە بابەتەکانی کە پێشکەش دەکران لە گەل تێمای کۆنفرانسەکە ھەمخوانی نەبووبێت بەلام ھەر وەک ئیشارەم پێکرد باسەکان بەرفراوانتر بوون لە پێشوو. بۆیە ئەم رەخنانەش تا رادەیەک لە جێی خۆیاندان بەڵام ھەموو دەستپێکێک رەخنەی ھەر دەکەوێتەوە سەر. با لەم بەشەدا ئێشارە بە خاڵێکی لاواز بکەم لە سەر ناوەرۆکی باسەکان کە ئێمە وەک کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەگەر تەواوی باسەکانمان دیتبا نەک ھەر کورتەیەک ئەو کاتە دەمانتوانی داوای ھێندێک باسی تایبەتیی لە ھیندێک کەسی تایبەت و شارەزامان کردبا بۆزیاتر دەوڵەمەند کردنی باسەکانمان. لە کۆی ئەم باسانە دەکرێ بڵێم کە خاڵی لاواز و بەھێزمان ھەبووە بەڵام خاڵە بە ھێزەکانی زیاتر بووە بەو رەنگدانەوانەو بەو تێبینی و باسانەی کە لەسەر کۆنفرانسەکە بە گوێمان گەیشتوونەوەو کە لە ئاخری کۆنفرانسەکەدا بەشداربووان زۆر راشکاوانە تێبینی و رەخنە و پێشنیاری خۆیان ھاوکات خاڵە لاواز و بەھێزەکانیان باس کرد کە ئەوەندی لە ئیمکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دا ھەبوو وڵامیان درایەوەو من ئەم جۆرە بەشداری کردنە و ھەلسانگاندنی کۆنفرانسەکە لەلایەن بەشداربووان بە بەھێزترین خاڵە باشەکانی کۆنفرانس دەزانم کە ھەر ئەم کات بۆمان دەرکەوت کە کاری دوو رۆژی کۆنفرانس چ تەئسیرێکی لە سەر بەشداربووان ھەبووەو بە تێبینی و پێشنیاری خۆیان بۆ داھاتوو دەکرێ بڵێم زیاتر ھیواداری کردین بە گرتنی کۆنفرانسی سێھەم و کەم کردنەوەی ئەم کەمو کوریانەی کە لە کۆنفرانسی دووھەمدا ھەمان بووە.

پ: پێتت وایە بۆ کۆنفرانسی سێھەم چ بکرێ باشە؟


کوێستان گادانی: لە ئەزموونی کۆنفرانسی یەکەم وەک کەسێکی بەشداربوو بە پێشکەش کردنی بابەت و بە بوونم وەک ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی لە کۆنفرانسی دووھەم دەتوانم ئێشارە بە چەند خاڵێک بکەم کە ھیوادارم ھاوڕێیانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانسی سێھەم ئەوەندەی بۆیان دەلوێت لە بەر چاوی بگرن:
ھەلبژاردنی ھەرچی زووتری کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانسی سێھەم و دەست بەکار بوونی،
پێداچوونەوە بە رەخنەو پێشنیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم و دووھەم بۆ کەم کردنەوەی کەم و کورییەکان
ھێنانی مێتۆدێکی تازە بۆ بەریوبردنی کۆنفرانسی سێھەم بۆ نموونە تەنەوعی باسەکان، بە شیوەی وۆرک شۆپ یان ئەوەی کە خۆیان ھێندێک باس داوا بکەن کە تازە بن لە نێو کۆنفرانسەکانی ئێمەدا، کە ژنان خۆیان بتوانن باسی کێشەکانی روحی و جەستەیی خۆیان بکەن و ھاوکات شارەزایان و پسپۆران بتوانن لە کۆتایی باسەکانی ئەواندا پەیام و رێگا چارەیەک بۆ داھاتوو پێشنیار بکەن
کۆنفرانس ھەر وەک تا ئێستا بێ لایەن بێت و تریبونی ھیچ لایەنێکی سیاسی نەبێت و سەربەخۆ ئەرکەکانی بەرێوە ببات بەم شیوەیە ھەمەلایانە دەبێ و سەرکەوتنی زیاتر بە دەست دێنێت.

باسەکان کەمتر بن بۆ ئەوەی بەشداربووان وەختی زیاتریان بدرێتێ، ئەمەش دەتواندرێت بۆ ھەر باسێک ھەر ئەو کات نەتیجەگیری لێ بکرێت و رای ھەر دووک لایەن چ رەخنە چ پێشنیارو چ تێبینی وەربگیرێت کە نەتیجەو پەیامی باسەکە زووترو روونتر بێت بۆ بەشداربووان.
ھەر لە ئێستا را پەیوەندی لە گەل ژنانی ناوخۆ بگیرێت کە بتوانن بۆ ساڵی داھاتوو بە ئاماری تازەو بە خوێندنەوەی وەزعی نێو کار لە سەر ئەم بەشە بکرێت کە بە خۆشییەوە پەیوەندییەکان ھەن و ھیوادارم ئیدامەی ئەم کارە بدرێت.
بە بروای من گرتنی کۆنفرانسی یەکەم و دووھەم ئەم ھەلەیان بۆ کۆنفرانسی سێھەم رەخساندوە کە بتوانێ بە پرۆژەیەکی ھەمەلایانە بێتە کۆنفرانس و ئەمە یەکەم کاری بێت کە ئێستا کۆنفرانسی ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان لانیکەم بۆ ژنانی چالاکی رۆژھەڵاتی کوردستان ناسراوە بۆیە ئێستا زەمینەی ئەم کارە ھەیە و ئەم زەرورەتە ھەیە و دڵنیاشم ئەگەر پرۆژەیەکی ھەمە لایەنە ھەبێت پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت

پ: بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسی دووھەم بیریان لەوە کردوە ناوەندێک پیک بێ بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ئەو کۆنفرانسانە چۆن بگرین. لە کۆنفرانسەکەشدا داوا کرا ھەر کەس پێی خۆشە لەو ناوەندەدا بێ ئامادەگیی خۆی دەرببڕێ تکایە لەسەر ئەو ناوەندە و کارەکانی ھێندێک زانیاری بدەی بە خوێنەرانی «کوردستان».


کوێستان گادانی: لە راستیدا ئەم بیرۆکەیە کە ناوەندێک ھەبێت و ئەرکی گرتنی کۆنفرانسی ساڵانەی ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە ئەستۆوە بێت ھەر لە سەرەتای کۆنفراسی یەکەمیشەوە ھەبووە و ھێندێک لەو ھاوڕێیانەی کە پێشتر لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفرانسی یەکەمدا بوون ئەگەر سۆمبۆلیکیش بێت ھیندێکیان ئەم ئەرکەیان ھەر گێراوە. بەلام بە بێ ئەوەی کە دخالەت لە کاری بەریوبەریی کۆمیتەی کۆنفرانسی دووھەمدا بکەن. زۆربەی ھەرە زۆری ئێمە کە ھەول دەدەین لەم راستایەدا یارمەتیدەری پرسی ژنی کورد بە تایبەت رۆژھەلاتی کوردستان بین پێمان وایە کە ناوەندێکی ئاوا کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی ساڵانەی ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان بێت پێویستە، بەلام وەک ھەموو بوارەکانی دیکە کە دەگەینە ئاست ئەوەی کە کێ لەم ناوەندا دابێت و چۆن کەسەکانی ئەو ناوەندە دەستنیشان بکرێن لانیکەم تا کۆنفرانسی دووھەم مکانیزمێکی بۆ نەدیترابۆوە بەڵام بە خۆشییەوە لە نێو ئێمە ژناندا زۆرتر لە سەر مەسەلەیەک بە توافق دەگەین ئەویش ئەوە بوو کە کۆمیتەیەکی پێنج کەسی دلخوازانە تا مانگی ٩ی زایینی ئەو ژنە چالاکانە کە عەلاقەیان ھەیەو دەیانھەوێت لەو ناوەندە دا چالاک بن ئاگادار بکەنەوە لە گرتنی کۆبوونەوەیەک بۆ پێکھێنان و تاوتوێ کردنی ئەرکەکانی ئەم ناوەندە. ھەرکاتێک ئەم کۆبوونەوەیە پێکھات شێوەی ھەڵبژاردن و میکانیزمی پێکھێنانی ئەم ناوەندە لە کۆبوونەوەیەدا دەستنیشان دەکرێت بۆیە لە ئێستادا ناتوانین بڵێن چۆن دەبێت و لە چەند کەس پێک دێت. ھەمووی ئەوانە پەیوەندییان بە رادەی بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە ھەیە، کە ئەوەندەی من ئاگادار بم لە پاییزی ئەمساڵدا قەرارە بگیریت و تا ئێستا ئەرکی تەنیا بەریوبردنی کۆنفرانسەکانە ئەگەریش لە داھاتوودا وزەی کار ئەوەندە زۆر بێت کە ئەرکی دیکەش لەم ناوەندە دا بە ئەستۆوە بگرن ئەمە جێگای شانازیی ژنی کوردی رۆژھەڵاتە.
______________________________________________
پرۆفایل:
کوێستان گادانی لە سالی ١٩٧٢ لە شاری مەھاباد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا بە ھۆی چالاکی سیاسیی بنەمالەکەی چۆتە ریزی شۆرش و لە گەڵ بنەمالەی پێشمەرگە و ئاوارەیی دا گەورە بووە تا تەمەنی ١٨ سالی لە کاری ھۆنەری و لاواندا چالاکیی ھەبووە و لە تەمەنی ١٨ سالی بووە بە ئەندامی حیزبی دیموکرات و لە رادیو و ئینتشارات،دەبیرخانە و بەشی پەیوەندییەکانی حیزب ئەرکی بەرێوە بردووە . بۆ ماوەی ٣ سال ئەندامی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە و ئێستاش ئەندامی کۆمیسۆنی پارێزگاری لە پەیرەوی ناوخۆی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. لە سالی ١٩٩٢ چۆتە تاراوگە و لەو ماوەیەشدا وێرای دەرس خوێندن درێژەی بە چالاکییە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی داوە. ئێستا ئەندامی فدراسیۆنی کۆمەلە کوردستانییەکان، کۆمەڵەی کلتوری کوردی و ریکخراوی ئاکادمیسێنی کوردان و ھەروەھا زۆر لە رێکخراوە سینفیەکانی دیکەی بیانی ئەندامە و چالاکی ھەیە و ھاوکات لە بەریوەبەری کۆنفرانسی ژنانی رۆژھەڵات و لە کۆمیتەی بەیوبەری کۆنگرەی ئاکادێمیسێنی زانستی نەتەوەی کورد ئەندام و ئێستاش لە کاری توێژەری (لێکۆلەر) لە سەر زانستە پزیشکیەکانە لە زانکۆ لە وڵاتی نۆروێژ.

 

 

info@kurdistanukurd.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک