١٥\٣\٢٠١١
کۆبەندى
چەپەکان و ئەرکە هەنووکەییەکانیان.

هیوا رەش
لە دواى داڕمانى بەعسەوە کەشێکى فەراهەمتر لە جاران بۆ دەنگ بەرز
کردنەوە بە ڕووى ستەمى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان هاتە کایەوە ، بە
سۆنگەى ئەو نەهامەتییە مەرگاوییانەى لەسەر دەستى پاوانخوازیى هەردوو
زلحیزبى ( پارتى و یەکێتى ) و شاگردە دەمچەورەکانیان دووچارى گەلەکەمان
هاتبوو ، چەندین جار بۆ بەرجەستە کردنى ناڕەزایەتییەکان هێزى چەپ
هاتۆتە مەیدان و شیلگیرانە داکۆکى لە بێمافى و بێنانى و بێکارى و
بێداڵدەیى و بیدەرامەتى و بێئاوى و بێخزمەتگوزاریى خەڵک کردووە ، بەڵام
دەسەڵاتداران بە هێزى پۆلیس و ئاساییش سەرکوتیان کردوون ، لە ڕابردوودا
دەنگە ناڕەزایەتییەکان سنووردار و چەپەکانیش کاڵتر خۆیان نواندووە ،
دیارترینیان لە ژێر چەترى ( هاوارى خەڵک ) دا بوو کە لە لایەن پارتى
چەپ و حیزبى کۆمەنیستى کرێکارى و پارتى چارەسەریى دیموکراتى و یەکێتى
کۆمەنیستەکان و دەستەى داکۆکى لە مافى زیندانییە سیاسییەکان و چەند
ڕێکخراوێکى کۆمەڵگاى مەدەنى بەڕێوە چوو ، وەلێ بار و دۆخى ئەو دەمەى
ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان نەگەییشتبووە ئاستێک فراوانتر بکرێ و
بەردەوامیی پێ بدرێ ، هەرچەندە چەپەکان لەو سەروبەندەدا دڵنیا بوون لە
پێویست بوونى گۆڕانى ڕیشەیى لە سیستمى ئیدارى کوردستان و دروشمى (
ئەگەر حکومەت نەگۆڕێ ، ئەدۆڕێ ) یان بەرز کردبۆوە ، لە هەمان کاتدا
دەسەڵاتدارانیش لە هێزى خۆیان دڵنیا بوون کە ئەتوانن باڵانگژى ئەو
بزاوتە سیاسى ، ئابورى و کۆمەڵایەتییە ببنەوە ، بۆیە بێوەڵام و بە فشار
و گرتن و ڕاوەدوونان سەرکەوتنى کاتییان بەدەست هێنا لە گرتن و زیندانى
کردن و پەرت و بڵاوە پێکردنیان ، لە بەرامبەردا چەپەکان بە چاوێکى
کراوەتر لە جاران ، کۆبوونەوەکانیان چڕتر کردەوە و بۆ فراوانتر
کردنەوەى ئەڵقەى کۆبەندییان پەرەیان بە کارەکانى خۆیان دا .
لە 11 ى ئازاردا بە دەستپێشخەرى چەند دڵسۆزێک و غەمخۆرى خەڵکى
بەشمەینەت ، بە بانگەوازێک بۆ کۆکردنەوەى چەپەکان لە دەورى یەکتر ،
چەندین حیزب و گروپى سیاسى و ڕێکخراوى مەدەنى و کەسایەتى چەپ و
دیموکرات لە نووسەران و ڕۆشنبیرانى سەربەخۆ بەپیر بانگەوازەکەوە چوون و
کۆبوونەوەیەکى جۆریى ئەوتۆیان گرێ دا ، ئەکرێت بڵێین نموونەیى بوو
چونکە :
1 – بە گیانێکى قوڵى یەکتر قبوڵکردنەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتردا کرد
.
2 – بەرژەوەندى باڵا خرایە سەرووى بەرژەوەندى تایبەتەوە .
3 – ئەڵقەیەیەکى فراوانتر و توانایەکى مەزنترى پێوە دیار بوو .
4 – وەکو یەک قەوارە ، گفتۆگۆ لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان کرا .
5 – بڕیارى یەکدەنگیى بۆ پاڵپشتى خۆپیشادانە جەماوەرییەکان درا .
وێڕاى هەموو ئەمانەش دەستەیەکى ڕاپەڕێنەرى پێکهاتوو لە هەموو دەنگ و
ڕەنگەکان پێک هێنرا بۆ بەرنامەڕێژى و بەدواداچوونى کارەکانى داهاتوو
ئەمەش هەوڵێکى دڵخۆشکەرانە بوو بۆ ئاییندە ، لەویش دڵخۆشتر ئەوەیە
بازنەکە کراوەیە بۆ هەموو کەس و گروپ و حیزبێک کە کۆک بن لەگەڵ بۆچوونە
جیاوازەکانى ناو کۆبوونەوەکە کە هەموو بۆچوونەکان ئەڕژێنە ڕووبارى
خزمەتى جەماوەرى بەشمەینەتى ناڕازیى لەو سیستمە ئیدارییەى ئێستاى
باشورى کوردستان کە گەندەڵى و نادادپەروەرى و قاچاغچێتى و دزى و
تاڵانیى بڕستى لێ بڕیوە .
دەبا هەموومان دەنگەکانمان یەک بخەین بۆ گەییشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانى
خەڵک.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|