١\٥\٢٠١٣
کۆبوونەوەکە
ئەرێنیی بوو!

محەمەد ئەحمەد
کۆبوونەوەکە ئەرێنیی بوو، ئەو دێڕەیە کە لە دوای هەموو کۆبوونەوەکانی
نوێنەرانی کورد لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی بەغدا دەوترێت، کە زۆربەی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نازانن ناوەڕۆکی ئەو کۆبونەیانە چییە.
کێشە و گرفتەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا ئەوەندە زۆرن کە
بگاتە ئەو رادەیە هەموو ساڵێک بۆ دەستنیشان کردنی بودجەی هەرێم لەلایەن
حکومەتی مەرکەزی بەغداوە، ئەبێت وەفدێکی هەرێم سەردانیان بکات، ئەمە
جگە لە کێشەکانی "نەوت و غاز و جێبەجی کردنی ماددەی 140 و چەندین کێشەی
تر کە تاکو ئێستا چارەسەر نەکراوە".
لە دواهەمین سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، لە رۆژی ٢٩/٤/٢٠١٣
بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، سەردانی چەندین بەرپرسی
حکومی و حزبی حکومەتی فیدڕالی عێراقیان کرد، لەو کۆبوونەوەیانەدا
تاوتوێی چەندین کێشەی هەڵبەسێنراو کرا کە گرنگترینیان "بودجەی حکومەتی
هەرێمی کوردستان و ئەو کێشە سیاسییەی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا بونی هەیە".
ئەم سەردانەی وەفدە کوردێکە لە پاش پشتگوێخستنی پەرلەمانتارانی کورد
دێت لە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجەی هەرێم و کشانەوەی سەرجەم
پەرلەمانتاران و وەزیرە کوردەکانی ناو حکومەتی مەرکەزی بەغدا.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە پاش دانوستاندن و گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکان،
دوای ماوەیەک هەمان کێشە دووبارە سەر هەڵدەداتەوە و پێویستی بە وەفدێکی
تر ئەبێت بۆ چارەسەر کردنی، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئیتر بەیەکجاری
کێشەکان چارەسەر بکرێن و چیتر پێویستی بە سەردانی وەفد نەبیت؟
وەک دەزانین لە پاش دژایەتی کردنی کورد و دروستبونی شەڕ لەگەڵ حکومەتی
مالیکیدا ئێستا عێراق لە رەوشێکی هەستیاردایە کە لە ناوچە سوونە
نیشنەکان خەڵک بەچەکەوە دژی حکومەتی مەرکەزی بەغدا وەستاون و تەنانەت
گەیشتۆتە ئەو رادەیە هێزەچەکدارەکانی عێراق لە چەندین شار دەربکرێت و
هێزی چەکداری عەشیرەتەکان جێگرییان بکەن، بۆیە ئێستا بە هەلێکی باش
دەزانرێت بۆ گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و
چارەسەر کردنی کێشەکان بە یەکجاری و بڵاوکردنەوەی هێزی پێشمەرگە لەو
ناوچانە بۆ ئەگەری دروست بوونی هەر رووبەرووبونەوەیەک.
چونکە با دووبارە توشی هەمان کێشەی پێشتر نەبینەوە کە لە "رێکەوتننامە
نۆزدە خاڵێکەی هەولێردا" لەپاش ماوەیەک بەهیچ شێوەیەک ئەو
رێکەوتننامەیە جێ بەجێ نەکرا، ئەمەش ئەو گەمە سیاسیەی بەرپرسانی بەغدا
دەسەلمێنێت لەگەڵ وەفدەکانی حکومەتی هەرێم، چونکە لەکاتێکدا توشی
تەنگەشەی سیاسی ببن بۆ خۆدەربازکردن هەموو مەرجێک قبوڵ دەکەن، بەڵام
هەر کە دەربازیان بوو ئیتر هەرکەسەو قسەیەک دەکات و پابەندی
رێکەوتننامەکەیان نابن، هۆی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی
عێراقی بە یەکجار بەرگەی دژایەتی کردنی کورد و عەرەبی سوونە ناگرێت.
بۆیە داواکارم لە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم چیتر باوەڕیان بەو بەڵینانەی
حکومەتە تاکڕەوەێکەی بەغدا نەبێت و توشی هەمان هەڵەی پیشتر نەبن.
خورماتوو
ماڵپهڕی محهمهد ئهحمهد
|