٢٨\١\٢٠١٧
کۆبوونەوەی
ئەستانە درێژەی پێشڕەویەکانی روسیایە لە سوریا.

نوری بەشیر
رۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ کانوونی دووەم، نوێنەری
دەوڵەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن بەسەر پەرشتی سێ لایەنی "روسیا، تورکیا و
ئێران" لەشاری ئەستانەی کازاغستان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر دریژەی
وەستانی جەنگ کە لەکۆتایی کانوون یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێکردووە.
ئەم کۆبوونەوەیە بەسەرپەرشتی و تەرحی روسیا کراوە، ئەگەرچی ناوی
سەرپەرشتی سێ لایەنەوە دەبرێتە ڕێوە، بەڵام پایەی ئەساسی روسیایە،
ھەروەک چۆن بەسەرپەرشتی و پێشڕەوی و ھێزی ئاسمانی و زەوی روسیا شاری
حەڵەب بەتەواوی گەڕێنرایەوە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کەبەدوای
سەرکەوتنی روسیا لەئۆکرانیادا لەبەرامبەر ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیدا،
حەڵەب دووەمین سەرکەوتنیەتی و بۆ ئەمەش ھاوپەیمانیەکی ناوچەیی و جیھانی
لەدەوری خۆی وەک تەوازنی ھێز کۆدەکاتەوە، وە دەرکەوتن و قوڵبونەوەو
بەرزبونەوەی کێشەکانی ناو باڵەکانی ئیمپریالیزمی جیھان و دەرکەوتنی وەک
قوتبی مخالف لەبەرژەوەندی جیاواز بۆ بەشی زیاتر لەئاستی جیھان و
ناوچەکەدا، بەتایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئێستا ناوچەیەکی ناجێگیرو
پڕکێشەیە، کەلەبەرامبەریدا دەبێت دەورەیەکی تازە دەست پێبکەن بەتایبەت
بەدوای گۆڕینی تەوازنی ھێزو پێشڕەویەکانی روسیا لەسوریادا.
ئەم کۆبونەوەیەی ئەستانە، زۆربەی لایەنەکانی بەشداربوو لە؛ روسیا،
تورکیا، ئێران، کازاغستان، نوێنەری بەشار ئەسەد ھەتا ستیڤان دیمستۆرا
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵیۆزی ئەمریکا لە کازاغستان
کەبەشداربوون، بەئەرێ وەسفی کۆبوونەوەکە دەکەن، وە ھەرسێ لایەنی "
روسیا، تورکیا و ئێران" سەرپەرشتی ئیدامەی شەڕ وەستانەکە دەکەن. وە
قەرارە ھەینی داھاتوو ژماریەکی زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن لە روسیا لەگەڵ
سەرانی روسیا دا ھەر بۆ گفتوگۆ لەسەر درێژەی شەڕ وەستان و پڕۆژەیەک
کەروسیا خستویەتیە بەردەم بۆ چارەسەری وەزعی سوریا قسەی زیاتر و
ئامادەیی زیاتر بکەن بۆ کۆبونەوەی تری ئەستانەو ھەروەھا قەرارە لە
شوباتی مانگی داھاتوشدا لە جنێف کۆبوونەوە بکرێت لەسەری. ئەلکساندەر
لاڤرینتیڤی سەرۆکی شاندی رووسیا لەدووەم رۆژی کۆبوونەوەکەدا تاکیدی
لەوە کردەوە کە چاوەڕوانی وەڵامی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن بۆ
کۆبوونەوە لەروسیا و بەشداری ھەرچی زیاتری ژمارەیەکی زۆرتری ئۆپۆزسیۆن.
لەم کۆبونەوەیەی ئەستانەدا دەرکەوت، بەجیا لەبەشداری نوینەرانی بەشارو
ئۆپۆزسیۆن و وەزیری دەرەوەی کازاغستان و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و
باڵیۆزی ئەمریکاو ھەروەھا بەسەرپەرشتیاری روسیاو تورکیا و ئێران، بەڵام
دەوری سەرەکی روسیاو بەرنامەیەک کەروسیا دایناوە بۆ سوریا ھەموویانی
لەدەوری کۆ کردۆتەوە، بەڵام ئەمە یەکەم کۆبونەوە نابێت و لەقسەوباسەکان
و تاکیدی دیمستۆرا دەردەکەوێت کەمەسەلەی کۆبونەوەی تری جنێف گرنگە بۆ
بردنە پێشەوەی پرۆسەی گفتوگۆکەو ریکەوتنی زیاتر. بەو دەلیلە
کۆبوونەوەی تری جنێف گرنگە کە ژمارەیەکی زۆر لایەنی تر لەئۆپۆزسیۆن و
وڵاتانی ناوچەکە لەچەشنی سعودیەو قەتەر و ھەتا وڵاتانی غەربی و خودی
ئەمریکا، کە لایەن گەلێکی ترن لەدەخالەتیان لەھەلومەرجی سوریا و
کۆبونەوەکانی جنێفی پێشوودا بوون و لەم کۆبونەوەی ئەستانەدا نەبوون،
زەرورە بۆ بردنە پێشەوەی ئەو پرۆسەیەی کە روسیا و تورکیا و ئێران
دەستیان پێکردوە بەشدار بن و کەتا ئیستا روسیا قسەیەکی پێچەوانەی لەسەر
ئەمە نیە.
ئەوەی بەرچاوە، بەدوای گرتنەوەی حەڵەبەوە، دەوری ئەمریکا لەسوریادا،
جگە لەناوچە کوردیەکان، روو لەپاشەکشەو داشکانەو روسیا روو لەسەرە،
کەئەم کۆبوونەوەیەی ئەستانە تاکید لەوە دەکاتەوە. لەبەرامبەردا ئەمریکا
کاردانەوەکانی زیاتر لەعێراق چڕ کردۆتەوە، لەرێگای دەوڵەتی مەرکەزی و
گرتنەوەی موسڵ و کار لەگەڵ ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی
ھەرێمداو قەرارە کەسەفارەتێکی گەورەی لێبکاتەوە. بەڵام ئەوەی
دەردەکەوێت کەمەسەلەی سوریا کەلە ٢٠١١ وە دەست پێکردوەو زیاتر لە ١١
ملیۆن ئاوارەو نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کوژراو کاولکردنی ئەو کۆمەڵگایە، بووتە
پەڵەیەکی شەرمەزاری بەنیوچەوانی ھەموو دەوڵەتانی سەرمایەداری جیھانی و
بەتایبەت ئەمریکاو ھاوپەیمانە غەربی و ناوچەییەکانەوە، وە بنەبەستیان
لەرێگاچارە بۆ سوریا بەتایبەت ئەمریکا، ئەمە بەزەرور ئەیسەپێنێ بەرسەر
ئەمریکاو روسیا و ھەتا وڵاتانی ناوچەکەش کەھەریەکەیان لە گێژاوێکی
ئەزمەی ھەمەلایەنەدان، کەرێگایەک بۆ کۆتایی ھێنان بەو ھەلومەرجە
بدۆزنەوە.
بەڵام بەھەردەرەجەیەک و بەھەر سیاسەتێکی سەرمایەداری و بۆرژوزایانەوەش
بێت، وەستانی بەڵای ئەو جەنگەی بەرێیان خست و دایانسەپاند بەسەر سەری
خەڵکی سوریادا، بۆ ھەموو خەڵکی سوریا و ناوچەکەش بەسودە، ھەتا خەڵکی
سوریا لەھەلومەرجێکی ئارمدا باشتر دەتوانن بیربکەنەوەو رێگای گونجاو بۆ
ژیانێکی باشتر ببیننەوە وەک لەو جەھەنمەی کەئێستا تێیدا ژیان بەسەر
دەبەن، کەھیچ روخسارێکی کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێوە نەماوە، ھیچ
ئیرادەیەکیان بۆ ئینسانەکان نەھێشتۆتەوە تا بیربکاتەوەو ھێزی خۆی
رێکخراو بکات، وە دەنگێ دەربێت و بەرنامەیان بۆ ئایندەیان ھەبێت.
٢٥\١\٢٠١٧
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|