٢٢\٢\٢٠١٣
کۆبوونەوەی سێ کۆی
یەک لە نێوانی گومانکردن و متمانەدا؟!

ستار محەمەد قادر
هەر چەندە گومان مافێکی شەرعی هەموو کەس و هێزێکی سیاسیە، لێ نابێت
بەردەوام لە ناخاماندا پەروەردەی بکەین، رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان
ئەوە لە هەموو هێزە سیاسیەکان دەخوازێت، بەدیدێکی نوێ لە یەکتری
بڕوانن و بە میکانیزمێکی نوێوە بەشداری لە
بڕیار و پرۆسەی سیاسی و چاکسازیی
بکەن، لە بەر ئەوە زەمەن رەحم بە هیچ میللەت و هیزێکی سیاسی ناکات،
چونکە قەرەبوو ناکرێتەوە! ئەمڕۆ دەرفەتێکی باش و هەلومەرجێکی بابەتی بۆ
میللەتی کورد رەخساوە، بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەم
رەوشە نوێیەدا بکەین، دەبێت زادەی واقیعی ئەمڕۆ بین!
سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمێکە جیاوازی ئاسمان و رێسمانی هەیە لە گەڵ
رابردوودا، دەبێت ئێمەیش مامەڵەیەکی واقیع بینانەی لە گەڵدا بکەین، لە
رابردوودا بە هۆی ئەقڵیەتی
رەتکردنەوە و ناشیرینکردن و بەکافرکردنی
ئەویترەوە باجی گەورە کەوتە سەر شانی میللەتی کور، هەموومان درک بە
هەستیاری قۆناغەکە دەکەین، گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە هەڵگری کۆمەڵێک
پەیامن، رەنگە دوای کەوتنی رژێمی سوریا،
شەپۆڵی گۆڕانکاریەکان پەرێزی عێراقیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی هەڵەی
رابردوومان نەبێت بە هۆکاری لەباربردنی خەونەکانمان، دەبێت بەرژەوەندیە
کەسی و حزبیەکان بخرێنە پەراوێزەوەو کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە
باڵاکانی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە بکرێت!
کۆبوونەوەی هەرسێ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و
دوایش لەگەڵ هەردوو بەڕێزان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر
بەرهەم ساڵح، هەنگاوێکی بوێرانە و
موژدەبەخشە بۆ ئەوەی بە ستایلێکی نوێوە لە پێشوازیی
رووداو و پێشهاتەکاندا ببین، کردنەوەی دەرگای دانوستان و لێکگەیشتن و
داخستنی دەرگای یەکتری نەفیکردن و سڕینەوەی ئەویتر، پێداویستی ئەم
سەردەمەیە و وامان لێدەخوازێت، پارتە
سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە پێویستە میکانیزمی نوێ بکەن بە
مژاری دەستیان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی
تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە و
بەشداری پرۆسەی سیاسی و بەرگری لە مافە رەواکانی میللەتەکەیان بکەن.
بێ گومان لە رابردوودا پەتای پارتایەتی لە کوردستاندا ساڵانێکی زۆری
کرد بە قوربانی لە پێناو شەڕێکی خۆ کووژیدا، وەکو بینیمان دەرەنجامی
شەڕ بوو بە هۆکاری درووستکردنی بۆشایی و چ کارەساتێکی لێ کەوتەوە؟!
ئایا پارتە ئیسلامیە توندڕەوەکان لە درزی ئەو بۆشاییە سیاسیەوە
بەرجەستە نەبوون؟!
ئەمڕۆ بمانەوێت یان نا، تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەموو پارتە سیاسیەکاندایە،
چونکە هەر هەموویان لە ئایندەی ئەم میللەتە بەرپرسیارن، چ دەسەڵات و چ
ئۆپۆزسیۆن دەبێت دەسبەرداری تێکەڵاوکردنی لاپەڕەکان ببن، دەبێت پرسی
دیمۆکراتی و پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی لێک جودا بکرێنەوە، هێزە
بەرهەڵستکارەکان مافێکی رەوای خۆیانە بەردەوام
گوشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی ببێت بە خزمەتکارێکی
راستەقینەی میللەت و بە کارنامەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، ئەمە کاری هێزی
بەرهەڵستکارە لە واقیعدا، بۆی هەیە ئاماژە بە کەموکوڕیەکانی حکومەت
بکات، نیشانەی پرسیار بخاتە سەر زۆر پرس، دەبێت دەسەڵاتیش ئەوەی پێ
هەرس بکرێت، چونکە سیستمی دیمۆکراتی بێ هێزی
بەرهەڵستکاری کاریگەر خوێندنەوەی تری بۆ دەکرێت!
بە حەقیقەت دانیشتن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکان، گوزارشت لە وێنەیەکی جوانی دونیابینی و تێگەیشتنێکی تەندروست
و واقیع بینانەی ئۆپۆزسیۆن دەکات، پێداویستیەکانی ئەم سەردەمە رێگا بە
هیچ هێزێکی سیاسی نادات کار بۆ رەشکردنەوەو رەفزکردن و رەتکردنەوەی
ئەویتر بکات، هەر چەندە تا ئەم چرکەساتە زۆربەمان لە ژێر کاریگەری ئەو
جۆرە بیرکردنەوانەداین، بەڵام دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەم سەردەم و قۆناغە
نوێیەدا رابهێنین!
بەراستی کاتی ئەوە هاتووە پارتە بەرهەڵستکارەکان، زیاتر لە پارتە
دەسەڵاتدارەکان خۆیان بە خاوەنی دۆزی کورد و
پرسی دیمۆکراتی و هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بزانن، سەرۆکی
هەرێمیش وەکو سەرۆکی بڕیاری سیاسی پێویستی بە راوێژ
و پاڵپشتی و هەماهەنگی ئەوان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر
بەرگری لە دەسکەوت و مافە رەواکانی کورد بکات؟!
کۆبوونەوەی سێ کۆی یەک ئەگەر لە گۆشەیەکی ترەوە تەماشای بکەین،
ئاماژەیە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی و
پارتایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە کردنەوەی دەرگای دایەلۆگ و
لێکگەیشتن زۆر باشترە لە داخستنی، بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیەش بە دەردی
کۆبوونەوە پێنج قۆڵیەکە نەچێت، پێویستە بەر لەوەی میکانیزمی چۆنێتی
چارەسەرکردن بدۆزنەوە، بە روانینی متمانە و
باوەڕەوە لە یەکتری بڕوانن!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|