په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٠

کۆچیدوایی ئەستێرەیەکی گەش و

بلیمەتێکی رێبازی پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان.


سیروان کاوسی    


بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ھاوبیری زانا و دڵسۆزی گەورەی بیری ئازادی وسەربەخۆیی کوردستان، مامۆستا جەلال (رامان) حاجیزادە رۆژی دووشەمە ١٣/١/٢٠٢٠ لەشاری سەردەشت کۆچیدوایی کرد. پرسەوسەرەخۆشیم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی و ھاوبیرسیروان رێناس و ھەموو ھاوبیرانی بیری پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان دەکەملەم دۆخە ھەستیارەی ئیمڕۆکەی کوردستان بەگشتی و رۆژھەلاتی کوردستان بەتایبەتیی، لەدەسدانی مامۆستا جەلال کارەساتێکی گەورەیە و نەتەوەی کورد زانا و نیشتمانپەروەرێکی گەورەی لەدەسچوو.


ناسینی من لەگەڵ مامۆستا جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ی زاینیی، کە لە شاری سەردەشتەوە پێوەندیی گرت و لایەنگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی و بوو بە ئەندامی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان. دوای چەن رۆژێکیش فۆرمی ئەندامەتی خۆی نارد بۆم. ئەوەی کە کاک جەلالی بە لای منەوە زۆر جیاواز کردبوو و پێی سەرسام بووم, بوێری و ئازایەتییەکەی بوو. لەکاتێکدا کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی داگیرکەری ئێراندا بوو تا ئەو ڕۆژەی کۆچیدوایی کرد، بە نووسین و بە دیالۆگ، بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازیی بڵاوکردەوە.


کاک جەلال لەو سالانەی کە خوێندکاری ماستەری زانستە سیاسییەکان بوو لە زانستگەی ئەسفەھان. لە بەڕێوەبردنی کۆبووونەوە فیکری و سیاسییەکان، بۆنە نەتەوەییەکان، سەمیناری زانستی و بابەتییانە لەسەر پرسە نەتەوەیییەکان، ھەر لە ھەڵەبجە و ئەنفال و نەورۆزەوە بگرە ھەتا سەمیناری تایبەت لەسەر پرسەکانی کۆمەڵگەی کوردستانلە زانستگە و لە دەرەوەی زانستگە بە ھاوکاری ئەنجومەنە مەدەنییەکان، دەوری سەرەکیی ھەبوو. چەن جارێک بە ھاوکاریی لەگەڵ نیشتمانپەروەری ناسراو، مامۆستا حەسەن سەلاح سۆران، کە مامۆستای زانستگە بوو لە تاران، لەگەڵ چەند خوێندکارێک و مامۆستای دیکەی نیشتمانپەروەر بە دانانی سەمینار و کۆڕوکۆبوونەوە، کاریگەرییەکی زۆریان بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی بیروھۆشیاریی نەتەوەیی.


لە ماوەی چەن ساڵێکدا کاک جەلال جگە لەوەی خوێندنی زانستگەی سەرکەوتوووانە تەواو کرد و، دوکتۆرای لە بەشی زانستە سیاسییەکان وەرگرت. ھەروەھا چەندین ساڵ بە لێکۆڵینەوەی ورد و فەلسەفی و بابەتانەی پرسی کورد و مێژووی و ھۆکارەکانی مانەوەی کورد لەبندەستیی ماندوو بوو. لەبواری ھزری نەتەوەیی دا بوو بە پسپۆڕ و شارەزا و زانستکارانە لەڕێگەی سەمینار و وتارەکانییەوە بیر و رامانی خۆی پێشکێشی گوێگران و خوێنەران دەکرد. گەلێ وتاری بەزمانی کوردی و فارسی لە سەر ھێڵی ئەینتەرنێت، لە ناو گۆڤارە کوردییەکان و گۆڤارە زانستییەکانی ئێرانژا بڵاو کردەوە.


ئەگەرچی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دوای چەن ساڵێک و لەساڵی ٢٠١٢، ھەرەسیپێھێنرا و بە دوورودرێژیی لە پەرتۆکی (زەلکاو) دواوم لەسەری. بەڵام پێوەندیم لەگەڵ زۆرینەی ھاوبیرانی نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات وەک خۆی ماو و کز نەبوو، ھۆی ئەمەش بە باوەڕی من، بیروباوەڕی پیرۆزی رزگاریی کوردستان، جیا نییە لە رێز و خۆشەویستیی بۆ ھاوبیر و ھاوڕێبازەکانت کە خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بە کردەوە و بە نووسینی راستبێژانە و دڵسۆزانەیان، بوونە بە چرا و رۆناکیی بۆ گەلەکەیان.


ھەزاران سلاو و چەپکەگوڵ پێشکێشی مەزاری بێت.


١٥\١\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک