٢٠\٤\٢٠١٨
کۆچی دوایی
رۆماننووسی عێراقی "سەعد محەمەد رەحیم".
بە
داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممەی رێکەوتی
٩/٤/٢٠١٨ رۆماننووس و چیرۆکنووسی ناوداری عێراقی (سەعد محەمەد رەحیم)
لە نەخۆشخانەی سلێمانی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
ئەم رۆماننووسە میوانی بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی روناکبیریی گەلاوێژ
بوو، لە رۆژی دووەمی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا ٦/٤/٢٠١٨ لە تەوەری
(وەرگێڕانی ئەویدی لە رووی رۆشنبیرییەوە - ترجمة اڵاخر ثقافیا) بە
بابەتێک بەشداریی کرد بە ناونیشانی (وەرگێڕانی ئەویدی و ساتی
ئامادەنەبوونی رۆشنگەری - ترجمة اڵاخر ولحظة التنویر الغائبة)، بەڵام
رۆژی یەک شەممە ٨/٤/٢٠١٨ لەکاتێکدا خۆی ئامادە کردبوو لە رێگەی
فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە سەفەری بەغدا بکات و بگەڕێتەوە بۆ ناو
خێزانەکەی، تەندروستیی تێکدەچێت و جەڵتەی دڵ لێیدەدات، دواتر لە
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە ٩/٤/٢٠١٨ لە نەخۆشخانەی بووژانەوەی دڵ لە
سلێمانی کۆچی دوایی دەکات. کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە رێورەسمێکدا بە
بەشداریی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژو ھەندێ لە نووسەرانی تر و کەسوکاری
کۆچکردوو، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ زێدی خۆی. شایانی باسە ناوبراو
پێشتر لە بەغدا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو.
"سەعد محەمەد رەحیم" لە ساڵی ١٩٥٧ لە شاری بەعقوبە لەدایک بووە، لە
ساڵی ١٩٨٠دا بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابوریدا بەدەست ھێناوە،
پاشان بووە بە مامۆستای ئامادەیی و وانەی ئابووری وتۆتەوە، بەڵام خەمی
سەرەکیی سەعد محەمەد رەحیم ئەدەب و رۆمان و رۆژنامەگەری بوو. بۆیە
ژمارەیەک پەرتووکی لە بواری چیرۆک و رۆمان و لێکۆڵینەوەو رەخنەدا چاپ
کردووە، لەم دواییەدا پتر بە رۆمانی (کوژرانی پیاوە پەرتووکفرۆشەکە -
مقتل بائع الکتب) ناوبانگی دەرکرد و لە ماوەی ساڵێکدا دە جار
چاپکرایەوە، بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی کوردی کە
وەرگێڕی بە توانا سەباح ئیسماعیل کردوویەتی بە کوردی.
گرنگترین پەرتووکەکانی بریتین لە:
"سەركەوتن بەرەو بورجی دووانە" - كۆمەڵە
چیرۆك (الصعود إلی برج الجوزاوء. قصص ١٩٨٩. بغداد).
"سێبەری تووە سوورەكە" - كۆمەڵە چیرۆك (ظل التوت اڵاحمر.. قصص ١٩٩٣.
بغداد).
"ئەو و دەریا" - كۆمەڵە چیرۆك (هی والبحر.. قصص ٢٠٠٠. بغداد).
"كازیوەی لەقلەقەكان" - رۆمان (غسق الكراكی.. روایە ٢٠٠٠. بغداد).
"وێستگە دوورەكان" - كۆمەڵە چیرۆك (المحطات القصیە.. قصص ٢٠٠٤. بغداد).
"هاندان" - چیرۆك (تحریض. قصص ٢٠٠٤. دمشق).
"گوڵی بادەم" - كۆمەڵە چیرۆك (زهر اللوز.. قصص).
"سێبەری جەستە" - رۆمان (ظلال جسد، روایە ٢٠١٥).
"ئەو رۆشنبیرەی لووت لە هەموو شتێك دەژەنێت" - لێكۆڵینەوە (المثقف الذي
یدس أنفه - دراسات- ٢٠١٦).
"كوژرانی پیاوە پەرتووکفرۆشەكە" - رۆمان (مقتل بائع الكتب ٢٠١٧).
"گێڕانەوە بە مێژوو خۆی دەنوێنێت" - لێكۆڵینەوە (السرد ینكل بالتاریخ -
دراسات - ٢٠١٧).
"بوارێك بۆ شێتبوون" - رۆمان (فسحة للجنون - روایە، ٢٠١٨).
بە ناوی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژەوە ھاوخەمیی خۆمان بۆ سەرجەم ئەدیبان
و نووسەران و ناوەندە کوردی و عەرەبییە رۆشنبیرییەکان و خوێنەرانی
رۆماننووسی کۆچکردوو رادەگەیەنین.
بنکەی روناکبیریی
گەلاوێژ
سلێمانی
|