په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کۆچی نوشست .


   ستار محەمەد قادر   


لەدوای ئەوەی لە دوا سات و رۆژەکانی ساڵی 2007 دا حوکومەتی مالیکی توانی بە یارمەتی سیاسەت و تاکتیکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر شەڕی تیرۆردا قەڵەمباز بکات، پەرچەکرداری ئێراقی نوێ و حوکومەتی مالیکی توانی بەرسڤی داواکارییە تراویلکەییە دەستوورییەکانی سەرکردەکانی کورد بداتەوە، ئەمەش بوو بەهۆی تێکدانی نەزمی سیاسییەکان و ناچاریانی کرد بە شوێنی مژاری دیدا بگەڕێن.


لە دوای ئەوەی ماددەی 140 لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا وەکو خۆی مایەوە و هێڵە سوورەکانیش بە هۆی نەبوونی چۆڕێک ئاسۆ لە لایەن دۆستەکانمانەوە، نەیانتوانی خۆیان بە تەریدەکانی ماددەی"58" نیشان بدەن، بۆیە هێدی هێدی ئاسۆی هەڕەشەی کەسایەتییە تەروەندەکانی کورد لە گەڵ کۆتایی ساڵی 2007 دا گۆڕدرا بۆ راژەکردنی ئەو وڵاتەی کە دەسەڵاتدارانی لە حەژمەتی گرێ بەستییە نەوتییەکانی حوکومەتی هەرێمدا، بە شێوەیەک بارگاوی بوونە، ئەگەر بۆیان بکرێت لە توونمان دەنێن!


لە دوای رووکەشکردنی دواخستنی ماددەی 140 بە یارمەتی هێزی ئەفسووناوی "un "، دەبێت لە مەودوا ئێمەی کورد لە هەوڵی ئەوەدا بین، تا ببین بە تەژییەکی بەهێز تا بۆ جارێکی دی ئێراقی نوێ لە سەر جەستەی شەکەت و ماندووی میللەتێکی ستەمدیدەی ئەنفالکراو، بۆ ئەوان ئاوا بکەین!
لە دوای ئەوەی لە کۆچی سەردەمی جیهانگیریدا، وەکو جاری جاران، لە شوێن هەڵکشان بەرەو ئاسۆ، وا خەریکە بۆ جارێکی دی دادەکشێین بەرەو نوشست، ئێستا تازە بە تازە دەمانەوێت لە شوێنی چوو و، مەچۆدا، بڕۆین!


ئەم هەموو دوا لە دووای یەکانە، ئەو تراژیدییایەن کە ئێمەی کورد ساڵەهای ساڵە بەدەستییانەوە گیرۆدەین و ئێستایش بە هۆی هەڵەی سیاسییەکانمانەوە دەمانەوێت لەسەر هەمان ریتم، بە مافەکانمان شاد ببین!


من لێرەدا دەپرسم: لە دوای ئەوەی بۆ پۆست توولە رێی ناوەندمان گرتە بەر، خودایە تۆ بڵێی بۆ "کورد" بە یەکگرتوویی لە ناوەندی زێدە ئازیز بگەڕێینەوە؟


لە دوای ئەوەی"شاجوان"ی کچم کە لە سپێدەی رۆژی رزگارکردنی کەرکوکدا چاوی بە دونیا هەڵهێنا، هەر هەمان رۆژ بڕیارم دا تا کەرکوک نەگەڕێتەوە سەر هەرێم ناسنامەی بۆ دەرنەهێنم، پاش چوار ساڵ" شاجوان" هاتە زوبان و هەموو رۆژێک یەخەمی دەگرت و دەیگووت:( بابە من ئەمەوێت بڕۆم بۆ پۆلی پەپوولەکان، بۆ ناسنامەم بۆ دەرناهێنیت)؟ ناچار بووم لە کۆتایی ساڵی نوشستدا ئەو پەیمانەی خۆم بشکێنم، تا دڵی ئەو رابگرم!


"شاجوان" بەبێ چوونە باخچە ئێستا دەزانێت ناوی خۆی و من و باوکم بنووسێ و ئاڵای کوردستانیش دەناسێ و زۆر بەستەی نیشتیمانیش دەزانێت، رەنگە لە ناخی ئەو پەپوولەیەدا ئا ئێستا هەستێکی کوردایەتیش بوونی هەبێت، لێ بە داخەوە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، لە زاری سیاسییەکانمانەوە، تەنها گوێمان لە یەک قەوان دەبێت!


لە دوای نوشستی حیزب حیزبێنە، کە بوو بە هۆکاری کووشتنی هەموو ئەو جوانییانەی کە ساڵانێکە ئێمەی کەرکوکی لە رووخسارماندا نەخشابوو، لە دوای کووشتنی ئەو هەستەی کە بەعس بە هەموو ستەمکاری خۆیەوە نەیدەتوانی لە ناخماندا بیکووژێت، ئێستا بۆ چوونێک باوە لە ناو ئێمەدا، لە ناو ناخی ئەو خەڵکانەی بۆ گەڕاندنەوەو کوردستانی بوونی کەرکوک ئامادە بوون هەرچییان هەبوو بیبەخشن، کە باشتر وایە کەرکوک ببێتە هەرێمێکی... سەربەخۆ!


بەڵێ لە دوای ئەوەی ئەمڕۆ حوکومەتی کوردستان بە دەستی کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش رۆژانە گلەیی و گازندەی زۆری ئاراستە دەکەن، لە دوای نەمانی هیچ ئومێدێک بەرەو باشتر، لە دوای کۆمەڵێک پەیمانی وەهمی، لە دوای بێ ئومێد بوونی خەڵک لە دەسەڵاتی کوردی، لە دوا دووای ئەمانەش نەمانی شتێک بەناوی هەستی کوردایەتی، دەبێت بە چ شێوەیەک بتوانین بەرسڤی هەر سەرپێچییەکی مالیکی یان شەهرستانی بدەینەوە؟ من نازانم... رەنگبێت ئێوەش نەزانن... ئەوان خۆیانیش نەزانن... بۆ وامان لێهات...بۆ؟!


لە دوا رابوونی ئەمریکا و رابوونکردنی برایانی عەرەبی سوننە و درووستکردنی"ئەنجوومەنی سەحوە " لە باوە گوڕگوڕدا، دەبێت ئێمەی کورد کەی واز لە شتی شەفەوی بهێنین و بکەوینە هەوڵی وەرگێڕانی قسەکانمان لە شتی سەر زارییەوە بۆ واری... پراکتیکی؟


ئەمانەی سەرەوە پرسیارگەلێکن تا ئەم ساتە وەختە بێ وەڵامن، لە دێرزەمانەوە ئەوەی بە بازووی رۆڵەکانی ئەم میللەتە بەرهەم هاتووبێت، سەرکردەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دایان ناوە، تۆ بڵێی خودایە ئەمجارەیان لە دوای شکستی سەر مێزی گفتوگۆ، تووشی نوشستی لەوە گەورەتر نەبین؟
من لێرەدا ئەوەندە دەڵێم: ئەوەی ئێمە لە دایەلۆگدا بەدەستی دەهێنین، رەنگبێت لە دووتوێی هەڕەشەکاندا ئەوەی هەمانیشە دایبنێین! ئومێدوار بووم لەسەر وەختی چرکە ساتە ناسکەکانی حوکومەتی نوێی ئێراقدا، بە هەموو مافەکانمان شاد ببووینایە، لێ کاتێک بۆ هەموو شتێک چاومان لەدەستی ئەوانە، خودایە لە کاتی یاخی بوونماندا دەبێت جگە لە نوشست چ کۆچێکی دیکە ببێت بە نسیبمان؟!

 

 

Star_qadr@yahoo.com