په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

  کۆچکردنت لێدەپرسم.*

 

 

  نزار قەبانی

و: جەلال دەباغ

کۆچکردنت لێدەپرسم
کەمێک لەیەکتر دابڕێین..
بۆ چاکەی ئەم ئەشقە، خۆشەویستم!
بۆ چاکەی هەردوکمان..
کەمێک لەیەکتر دابڕێین..
چونکە من دەمەوێ
زۆرتر یەکترمان خۆشبوێ
دەمەوێ کەمێک ڕقتلێمبێ
توو هەقی ئەوەی هەمانە..
بۆ باسی ئەو نرخدارەی لەسەر هەردوکمانە..
توو هەقی خۆشەویستییەکی قەشەنگ
کە هێشتا لەسەر دەممان نەخشکراوە
هیشتا لەسەر دەستمان هەڵکەندراوە..
توو هەقی ئەو نامانەی بۆ منت نووسیون..
ڕووخساریشت وەکو گوڵێک لە ناخمدا چێندراوە..
خۆشەویستیت کە لەسەر قژو پەنجەکانم ماون
توو بیرەوەریەکانمان
خەمی جوانمان و زەردەخەنەمان
خۆشەویستیمان کە ئێستاکە لە پەیڤینمان
گەورەترە
لە لێوانمان مەزنترە
توو جوانترین چیرۆکی خۆشەویستیی ژینمان
لیتدەپرسم کە کۆچ بکەیت
با بەخۆشەویستی لێکجودابینەوە..
مەلەکان لەهەموو وەرزێکدا..
بەرزاییەکان جێدەهێڵن..
خۆرەکەیش، ئەی خۆشەویستم..
ئەو کاتە جوانتردەبێت کە هەوڵی ئاوابوون دەدات
لە ژینمدا ببەرە گومان و ئازار
جارێک ببە بە داستانێک..
.. جارێکیش ببە بە تراویلکە
پرسیارێکبە لە زارمدا
کە وەڵامەکە نازانێت
لەپێناو ئەشقێکی قەشەنگدا
نیشتەجێی ناو دڵ و برژانگمانبێ
بۆ ئەوەی هەمیشە هەر جوانبم
بۆ ئەوەی تۆش زۆرتر نزیکمبی
لێت دەپرسم کە بڕۆیت
دوو ئاشقبین.. لێکدابڕێین..
وێڕای هەموو خۆشەویستی و دڵۆڤانی
لەیەکتری جیابینەوە
خۆشەویستم من دەمەوێ
لەناو فرمێسکەوە بمبینی
لە ئاگر و دوکەڵەوە
من ببینی..
با بسوتێین..دەبابگرین خۆشەویستم
زۆر دەمێکە
بەرەکەتی گریانمان بیرچۆتەوە
دەبا لێکجیا ببینەوە..
تا ئەشقمان نەبێتە راهاتنێکی ئاسایی
تاسەمان نەبێتە خۆڵەمێش.. گوڵەکان هەڵوەرێنە ناو گوڵدان..
ئەی گچکەکەم با دەروونت دڵنیابێ
ئەشقەکەی تۆ هێشتا پڕی چاوانم و ویژدانمە
هێشتا بە ئەشقە گەورەکەت گیرۆدەبووم
هێشتاهەر خەون دەبینم، تۆ بۆ منبی..
ئەی سوارەکەم تۆ، ئەی میرەکەم
بەڵام من.. بەڵام من..
لە هەستی سۆزم دەترسێم
لە هەستەکەم دەترسێم
دەترسێم لە تاسەمان بێزارببین
لە پێکگەیشتنمان دەترسێم..
لە ئامێزگرتنمان دەترسێم
جا بەناوی ئەشقێکی قەشەنگەوە
وەکو بەهار لە قوڵاییماندا گوڵدەگرێ..
وەک خۆر لە چاوەکانماندا ڕۆشنایی پرشنگدەدا
بەناوی خۆشترین چیرۆکی ئەشقەوە لەم ڕۆژگارەماندا
پرسیاری کۆچت لێدەکەم..
تا ئەشقمان هەر بە جواني بمێنێتەوە
تا تەمەنی درێژتربێ
پرسیاری کۆچت لێدەکەم.

_____________________________________________
* ئەم شیعرەی نەزار قەبانی، لە لایەن چەندان هۆنەرمەندی دەنگخۆشەوە وەک: نەجات سەغیرە و هۆنەرمەندانیتر چەند کۆپڵەیەکی بە گۆرانی گوتراوە لە ئاوازی محەمەد عەبدولوەهاب و ئاوازدانەرانیتر. ئەمەش تەواوی ئەم شیعرەیە کە کردوومانە بە کوردی.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک