٢٥\٦\٢٠١٣
کۆکتێل.

فەتاح حەسەن
لە دیواری زیندانی
(ئەبوغرێب)ەوە:
بمخەنە کورە و دوژمن بمدا جۆش
ئەوجا، کوردستان
ناکەم فەرامۆش.
* * * * *
لەدەمی زیندانییەکی، قەسابخانەی (موسڵ)ەوە:
تۆ بڕوانە
بەپەتی سێدارە رازییە
گەر، ملی بە پەت رانەگا
ئامادەیە
بەسەر پشتی، جەلادێکدا
بڵندی کەن.
بەو مەرجەی کە
گۆرانی لێ یاساغ نەکەن.
چەند ئاسوودەن، مرۆڤەکان
کە بەدەم، گۆرانییەوە دەمرن.
* * * * *
نووسراوی سەر، قۆنداغی بڕنەوێک:
نەفرەت لەوەی لە شەڕی براکوژییدا، تەقەم پێدەکات
باخەوان، خەون
بە بەرهەمی
باخەکەیەوە دەبینێ
تینو، بە ئاو
دیل
بە ئازادبوونی، لە زیندان
تۆی، پێشمەرگە
بە رزگاربوونی کوردستان.
* * * * *
کۆکتێل.
لە وڵاتە مۆمیاکاندا
موبێلەیەک.. قاپێک ویسکی
گرانترە، لە بەنرخترین (مایە)*
کە مرۆڤە
لەو دەمەدا، کرێکاران،
بەرەو مەیدان خۆ کێش دەکەن
مەزرا و کێڵگە،
چاوەڕوانی، جوتیار دەکەن.
رەنجبەرەکان،
خوێن، و ویسکی، تێکەڵ دەکەن.
_____________________
*
مایە:
کورتکراوەی (سەرمایە)یە.
دانیمارک - ڤالبی
fhesen@yahoo.com
|