٢٤\١\٢٠١١
چیڕۆک:
کۆڵانه‌که‌مان.
تابلۆ حه‌سه‌ن
سه‌رسامی کۆڵان و کووچه‌که‌ی لای ماڵی خۆمان بووم، من و کۆڵانه‌که‌مان
ببوینه چاره‌نووسی یه‌ک، من بۆ ئه‌و ده‌دوام و ئه‌ویش یاده‌وه‌رییه‌کانی
پیشان ده‌دام، رۆحی کۆڵانه‌که‌مان بێده‌نگ بوو، کاتێک که ده‌هاتمه سه‌ر
سووچی کۆڵانه‌که‌ی لای ماڵی خۆمان ده‌که‌وتمه ناو خه‌یاڵێکی ئه‌فسووناویی
ڕه‌نگاوڕه‌نگی بۆنخۆش روحمیان پڕده‌کرد له بۆنی گوڵ و گوڵزار و نه‌سرین
و وه‌نه‌وشه و شه‌وبۆ و په‌نجه‌خانم.
کۆڵانه‌که‌مان هه‌میشه پڕ بوو له یاده‌وه‌رییه‌کانم، دره‌ختی ناو
کۆڵانه‌که‌شمان هه موو کات بریق و باقیان بوو به تایبه‌تی که خۆر زه‌مینی
وه‌ک دولبه‌رێک له باوه‌ش ده‌گرت و به‌ر لقی دره‌خته‌کان ده‌که‌وت،
که شه‌ماڵێکیش به‌ر رۆحی چڵ و گه‌ڵاکان ده‌که‌وت ئاوازێکی دڵفڕێن ده‌هاته‌به‌ر
گوێم، جار به‌جاره‌ش شه‌ماڵێک ده‌هاتوو به ده‌سته نه‌رمه‌کانی ده‌ستی
ده‌خسته ملم و ده‌یخستمه ناو یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیی و هه‌ست و
سۆزه‌کانی ئه‌شقمه‌وه...
منیش هه‌ر وه‌ک فریشته‌یه‌کی به‌جێماوی ئاسمانیی که باڵه‌کانی لێ سه‌ندرابێته‌وه
له ناوه‌ڕاستی کۆڵانه‌که‌ماندا چه‌قیبووم، خه‌مه‌کانم هینده گه‌وره
بوون که هه‌ستم زامابوو، چاوه‌کانم پڕ ببوون له ووشه، هه‌ستم ده‌کرد
ده‌روونم به‌جێی هێشتووم، هه‌ستم داوای فرمێسکێکی مرواری لێ ده‌کردم،
فرمێسکه‌کانم هه‌ر وه‌ک دره‌ختێکی ئه‌فسسوونیی که هه‌زاره‌ها لق‌وپۆپی
لێ ده‌بۆوه به‌سه‌ر وومه‌تی شووشه‌ییمدا ده‌که‌وتنه خواره‌وه و ده‌بوونه
چیڕۆکیک، ژیانی خۆمم به نامۆی ده‌بینیه‌وه و هه‌ستم ده‌کرد که خواوه‌ندی
ئه‌شقیشم لێ تووڕه‌یه، جار به جارێکیش پرسیارم له خۆم ده‌کرد..
بۆ هه‌ستم وا دڵ ته‌نگه و ده‌گری !؟
چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌م؟
له و‌کاتانه‌ی که هه‌زاره‌ها بۆشایی هه‌ستمیان پڕ نه‌ده‌کرده‌وه و
گوڵستانی هه‌ستم ببووه خه‌یاڵیکی مه‌ست وهه‌ر وه‌ک په‌پووله‌یه‌کی
ماندوو که به‌سه‌ر لێوی گوڵه‌کاندا خه‌ویان لێ ده‌که‌وێت و کاته‌کانیش
که زۆر به خێرای رێ‌یان ده‌گرته‌به‌ر، له پڕ گوێم له ناوی خۆم بوو
که دایکم به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه بانگی ده‌کردم.. هه‌ر له‌و کاته‌شدا
یاده‌وه‌رییه‌کانم له‌ناو هه‌ستمدا ته‌فروتوونا بوو...
ماڵپه‌ڕی
تابلۆ حه‌سه‌ن
|