١٣\٩\٢٠١٠ کۆلێژی هونه‌ره جوانه‌کان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه (مه‌ته‌ڵ) بێ وه‌ڵامه‌که‌ی په‌تاته‌یه.
له ژماره 859ی به‌رواری 1\9\2010 ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاگادارییه‌ک بڵاوکراوه‌ته‌وه که کۆلێژی هونه‌ره جوانه‌کان پێویستی به فه‌رمانبه‌رێکی وه‌ستا هه‌یه بۆ چاککردنه‌وه‌ی سپلێت و کاره‌باییات به‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه که له‌م وێنه‌یه‌دا دیاره . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پێکه‌نینه:
له برگه‌ی دووه‌می مه‌رجه‌کان ده‌ڵێ: ((زیاتر له 15 ساڵ راژه‌ی هه‌بێت)). پاشان له بڕگه‌ی پێنجه‌می ده‌ڵێ: ((ته‌مه‌نی له 25 ساڵ زیاتر نه‌بێت)).
باوکم که له‌ماڵه‌وه باسی ژنهێنانی کردبێت بۆخۆی ، ده‌بێت من له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی دانیشتبم . دوای ئه‌م باسه باوکم ده‌چیته داخوازی دایکم به‌ڵام باپیره‌م که ده‌کاته باوکی دایکم ده‌ڵێ ئه‌م کچه به شوو ناده‌ین چونکه جارێ منداڵه. بۆیه باوکم شه‌ش ساڵ چاوه‌ڕێ ده‌کا تا دایکم گه‌وره ده‌بێت.
تا ئه‌و کاته من قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌که‌م . دوای ئه‌م شه‌ش ساڵه باوکم دووباره ده‌چێته‌وه داخوازی دایکم . ئه‌مجاره‌یان باپیره‌م رازی ده‌بێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مان ساڵ داپیره‌م که ده‌کاته دایکی دایکم کۆچی دوایی کردووه بۆیه باپیره‌م ده‌ڵێ تا سێ (3) ساڵی تر نابێ بیگوازییه‌وه.
بۆیه دوای سێ ساڵ کاتی رۆژی بووک گواستنه‌وه‌ی باوکم دێت هاوکاته له‌گه‌ڵ ته‌واوکردنی قۆناغی ناوه‌ندیم و له ئاماده‌یی پیشه‌سازی وه‌رده‌گیرێم . دوای دوو ساڵ رۆژی له‌دایک بوونه‌که‌م هاوکاته له‌گه‌ڵ ته‌خه‌روجکردنم یان ده‌رچوونم له ئاماده‌یی پیشه‌سازی به‌شی میکانیک و بڕوانامه‌که‌م له‌گه‌ڵ بیان ولاده‌که‌م هاوپێچ ده‌که‌ن و منیش له‌دایک ده‌بم.
دوای پینج ساڵ به‌ته‌واوی فێری قسه‌کردن ده‌بم بۆیه باوکم له‌لای خزمێک که دائیره‌ی هه‌یه دامده‌مه‌زرێنێت. ماوه‌ی ده ساڵ به‌رده‌وام ده‌بم له کارکردن له دائیره‌ی خزمه‌که‌مان ئه‌وکاته ته‌مه‌نم پانزه ساڵانه پاشان درواسێیه‌کمان دائیره‌یه‌کی مۆدێرن داده‌نێت که کۆمه‌ڵێک سپلیتیشی بۆ ده‌کڕێت و بۆیه من چونکه ده‌رچووی میکانیکم و ده‌زانم سپلیت چۆنه و چی یه. خۆم ده‌گوازمه‌وه بۆ ئه‌وێ و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌وێش به‌رده‌وام ده‌بم.
تا ئه‌و کاته ته‌مه‌نم ده‌گاته بیست و یه‌ک ساڵ و شانزه ساڵیشه راژه‌م هه‌یه .
ئه‌و کات مه‌رجه‌کانی کۆلیژی هونه‌ره جوانه‌کان ده‌مگرێته‌وه و خۆم ده‌گوازمه‌وه بۆ ئه‌وێ و مووچه‌ی مانگی یه‌که‌مم ده‌به‌مه بازاڕ و نیو فه‌رده په‌تاته‌ی بۆ مام عه‌لی دراوسێمان ده‌کڕم که زۆری حه‌ز له په‌تاته‌یه.
ئافه‌رین بۆ کولیژی هونه‌ره جوانه‌کان به‌ڕاستی ئاگادارییه‌کانیشتان هه‌ر هونه‌ره .....
|