په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠٢٤

کۆلۆنیالیزم و کولتوور.

ھەڵۆ محەمەد       

١- داگیرکەرانی کوردستان.


زەینەب بۆز، شوێنەوارناس / ئارکۆگێکی تورکە و لە پیشەکەیدا زۆر سەرکەوتووە لەسەر داخوازی خۆی دەزگەیەکیان بۆ دژایەتی قاچاغی کولتوور لە وەزارەتی کولتووری تورکیا بۆ دروست کردووە.
خۆی سەرۆکە و تیمێکی٣٠ کەسی پسپۆڕ و شارەزا هاوکاریی دەکەن، کە زۆرینەیان ژنن.
دەڵێن هەر فرۆکەیەک کە لە تورکیا دەنیشێتەوە زەینەب بۆز لە پێشوازیدایەتی و بەهیوای ئەوەیە کەلوپەل و کەرەسەیەکی نوێی دزراو، تاڵانکراو یان فرۆشراوی تورکیای تێدا بێت و دۆزرابێتەوە و بهێنرێتەوە بۆ تورکیا.
ناوبراو ماوەیەک لە دەزگەی دژی قاچاغی کولتووری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشیش کاری کردووە و جێی دەستی سەرکەوتنی دیارە.
ئەوەی سەیروسەمەرەیە وەک زۆرینەی ڕەهای زانستکار و ئاکادیمیست و مێژوونووس و هەموو ئەوانی تر، ناوبراو باوەڕی بەوەیە هەرچی لە تورکیا براوە هی تورکە! کەچی لە بانگاشەکەیدا بۆ گێڕانەوەی کەلوپەلەکان لە جیهاندا دەڵێ: ئەوانە موڵکی ئەنادۆڵن. جا با بۆ ٣-٤ هەزارساڵ پ ز بگەڕێتەوە.. هیچ گوێ بە مێژوو نادات کە ئەوکات تورک لەو دەڤەرەدا هەر نەبووە. کاتێکیش شتێکی بەنرخی دەست دەکەوێت یەکسەر مۆری تورک و تورکیای لێ دەدات..
بەم پێیە ئەم ژنە شوێنەوارناسە هەرچی لە تورکیاوە و ئەوەیشی لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە براوە دەکاتە موڵکی تورک.. کورد یان ئەرمەنی و لاز و چەرکەس کە لەو وڵاتەدا دەژین بوونیان نییە و خاوەنی هیچ نەبوون.ئێستا بەس مۆرە تورکییەکەی بەدەست ئەوەوەیە دەخوات .. دنیا ئەوە دەبینێ و دەسەڵات و سەرکەوتن بەو جۆرە مێژوو دەنووسێتەوە
تورکیا لەساڵی ١٩٧٤ دا داوای پارچەیەکی کولتووریی بەنرخی (Sphinx)ی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی هێتی کردووە لە ئەڵمانیا ی رۆژهەڵات و ساڵی ٢٠١١ گێڕاندییەوە بۆ تورکیا و یونسکۆ ئەم ماڵەیەیەی پێخۆش بوو .

ئەمە دۆخی کوردە بەدەستی یەکێ لە داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەوە!.. سامان و شوێنەوار و کەلەپوور و ناسنامەی لێ زەوت دەکرێ و مۆرێکی تورکی، فارسی یان عەرەبی لێ دەدرێ! بە کوردی و پەتی داگیرکەرانی کوردستان ئێستا زیاتر لە جاران گەرمتر کار لەسەر داگیرکاریی و توانەوە و لەناوبردنی کورد و مێژوو و فەرهەنگ و کولتووری دەکەن. باوەڕیش وایە کە لە مەحاڵ مەحاڵترە رۆژێک بێت بە خواستی خۆیان دەستبەرداریی ئەم دوژمنایەتییە بن و مافی کورد بسەلمێنن.
ئێستا لە مۆزەخانەکانی جیهان بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا سەدان پارچە شتی بەنرخ هەن هی کوردن بێ خاوەن یان بە هی تورکیا و ئێران و سووریا و عیراق ناسێندراون .لە باشترین حاڵەتدا بە هی سۆمەر و میزۆپۆتامیا و ئێرەوئەوێ دێنە هەژمارکردن و ناساندن.
دیارە لە مۆزەخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا هیچ شوێنێ بۆ کولتوور و مێژوو و شوێنەواری کورد نییە.. کورد ئێستا نکۆڵی لە بوونی بکرێ و بکوژرێ و نیشتمانی تاڵان و سوتماک بکرێ، ئیدی داگیرکەر و دوژمن چ ڕێز و بایەخێکی بۆ ڕابووردووی دەبێت.!؟
کەواتە پێویستە کورد و دەزگە و کەسانی پەیوەندیدار بەم بوارەوە هوشیار بن و نەهێڵن ئەو سامان و شکۆ نەتەوەییان بفەوتێ و هەرچی لە دەستیان دێ بیخەنەکار بۆ ڕێگییکردن لەم هەڵمەتە داگیرکارییانە و نەهێڵنن بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕێ...

 

٢- کۆلۆنیالیزمی ئەوروپایی.

دوای خنکاندنی (جۆرج فلۆید)ی ڕەشپێست لە لایەن پۆلیسێکی ئەمەریکییەوە لە ٢٥.٥.٢٠٢٠ وەرچەرخانی نوێ لە مێژووی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپادا ڕوویدا.. لەو چرکەساتەوە هەتا بێت دەنگی داخوازی پێداچوونەوەی مێژوو و سیاسەتی کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بەرزتر دەبێتەوە.
توێژێکی باش لە سیاسی و ئاکادیمیست و ڕۆشنبیر و رۆژنامەوان و مێژوونووسان و مامۆستایانی زانکۆ لە تەواوی وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا پێکهاتووە کە ناڕەزایی بەرانبەر مێژووی ناشیرین و قێزەونی کۆلۆنیالیزم دەدەبڕن و داوای گێڕانەوە شکۆ دەکەن بۆ میللەت و دەوڵەتانی قوربانی دەستی کۆلۆنیالیزم.
یەکێ لەو هەوڵانەی کەوتۆتە سەرپێ بانگەوازی گێڕانەوەی هەموو کەرەسە و کەلوپەلی کولتووری بەنرخی میللەتانە کە بە تاڵانی براون و دزراون و کڕدراون! بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
خاتوو پرۆفیسۆری مێژووی هونەر (بێنێدیکت ساڤۆی) کە وانەبێژە لە زانکۆی تەکنەلۆژیای بەرلین داوا دەکات ٤٠،٠٠٠ هەزار کەرەسە و پارچەی کولتووری بەنرخ لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا بگەڕیندرێتەوە بۆ وڵاتی کامیرۆن.
بەپێ بۆچوونی ئەو ئەم پارچە کولتوورییانە لە بەریتانیا ١٤٠٠ هەزار پارچە و لە فەرەنسا ٨٠٠٠ هەزار و گوایە لە ئەڵمانیا ٤٠،٠٠٠. هەیە . هەروەها دەڵێ: بێ هیچ گومانێک ئاگامان لە ١٠،٠٠٠ هەیە.
هەموو ئەو شتانەی ناپلیۆن ساڵی ١٨١٥ لە نەمسا و پراسیا و ئیتالیا فلانلاند و هۆڵەندە بردیی خرایە ناو مۆزەخانەی بەناوبانگی لۆڤەرلۆئوڤرە ەوە هەمووی گەڕێندرایەوە و بەشێکی ئەوانەی میسر و مۆزەمبیق و میزۆپۆتامیاش چاوەڕوان دەکرێ بدرێتەوە.. ئەگەرچی هەموو دەزانین مۆزەخانەکان تینووی ئەم شتە کولتوورییە بەنرخانەن
لە ڕۆژئاوا ئاڕاستەکە بە پێچەوانەوەیە و هێزی کۆلۆنیالی تاڵانچی دەیەوێ ڕووی خۆی سپیی بکاتەوە خۆی لەو گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییە ڕزگار بکات، هەرچی پەیوەندی بە کۆلۆنیالیزمەوەیە بە چاوێکی ترەوە هەڵسەنگێندرێ و هەق و هەژماری لەگەڵ بکرێ..
پێش چەند ساڵێ ئەڵمانیا بە فەرمی داوای لێبووردنی لە سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی خۆی کرد لەو وڵاتەدا و بۆ قەرەبووکردنەوە زیاتر لە یەک ملیارد یۆرۆی داوە و بەردەوامیش پرۆژەی نوێ دەخاتە کارەوە بۆ خزمەتی ئەو وڵاتە لە بواری فێربوون و گەشەکردن و پیشەسازی دا.
پاشای هۆڵەندە و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای ١٥٠ ساڵ لە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم لە ١.٦.٢٠٢٣بە ئاشکرا داوای لێبووردنی لە سیاسەتی کۆیلایەتی لە وڵاتانی ئەفەریقا و باشووری ئەمەریکا کرد.
بە کورتی لێرە خاوەن ماڵ موڵکەکەی خۆی بەدەست دێنێتەوە و قەرەبووی مادیش دەکرێتەوە..
ئەڕێ بۆ کورد هەزارقات باشتر نەبوو ڕاستەوخۆ کۆلۆنی بندەستی وڵاتێکی ڕۆژئاوا بوایە/ بێت؟!
 

١٤\٤\٢٠٢٤

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک