په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٨

کۆمەڵە بابەتێک سەبارەت بە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر.

 

مەنسوور جیهانی

 

فیلمی کوردی "ئێل کلاسیکۆ" لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر نمایش دەکرێ.

 


فیلمی بڵیندی سینەمایی "ئێل کلاسیکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ھەڵکەوت مستەفا" لە بەشی "زەنگی حەوتەم"ی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە تاران نمایش دەکرێ.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، بەشی "زەنگی حەوتەم" سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە نمایش کردنی حەوت فیلمی بڵیندی سینەمایی و چوار کورتەفیلم کاری خۆی دەست پێدەکات و لەم بەشەدا، فیلمە گەلێکی شیاو لەگەڵ تەمەن و سەلیقەی قوتابیانی ئێرانی نمایش دەکرێ. بەشی "زەنگی حەوتەم" ھەلێکە بۆ ئەوەی کە قوتابیان لەگەڵ شێوازە سەرەتاییەکانی رەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلم ئاشنا ببن و پاشان دەتوانن بە نووسین و ناردنی رەخنەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ لە رکابەری کردن بۆ وەرگرتنی خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی باشترین نووسینی رەخنە بەشداری بکەن.

فیلمی "ئێل کلاسیکۆ" بەرھەمی وڵاتانی عێراق و نەرویج، یەکێکە لە بژاردە سەرنجڕاکێشەکانی لیستی فیلمەکانی بەشی "زەنگی حەوتەم" کە چیرۆکی "ئالان" و براکەی دەگێڕێتەوە کە لە کوردستانی عێراقەوە بەرەو ئیسپانیا وەڕێدەکەوێ بۆ ئەوەی کە یاریزانی خۆشەویستی خۆی "کریس رۆناڵدۆ" ببینێ. ئەو فیلمە بە تێمێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی لاوێتی دەتوانێ یەکێک لە بژاردەکان بێ، بۆ ئەوەی کە بینەران بۆ بینینی ئەو فیلمە پشتی پێ ببەستن.

بیرۆکەی ئەو فیلمە لە سەفەرێکدا بۆ شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستانی عێراق ھاتە زەینی ھەڵکەوت مستەفا. کاتێک کە لەبەر داربی یانەکانی رێئاڵ مەدرید و بارسێلۆنا نیوەی خەڵکی شارەکە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و وەھا بێسەروبەرەیی بەسەر شاردا باڵ دەکێشێ کە ئەو ناتوانێ لەو ھۆتێلە بچێتە دەرێ کە لەوێدا نیشتەجێیە. ئەو دوای گەڕانەوەی بۆ نەرویج بلیتێکی فڕۆکە و بلیتێک بۆ ئێل کلاسیکۆی دواتری کڕی و چوو بۆ ئیسپانیا.

ئەو دوو برا کوردەی کە دەورە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە دەگێڕن، لە کاتی یەکەمین نمایش کردنی فیلمی "ئێل کلاسیکۆ" لە شاری ئۆسلۆ بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی خۆیاندا پێیان نایە ھۆڵی سینەما. ھەڵکەوت مستەفا ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ ئەم دوو برایە ژیا کە بەردەوام خەریکی دەمەقاڵە لەسەر یانەکانی خۆشەویستی خۆیان بوون؛ بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانێ لەگەڵ ھەڵکشان و داکشانی ژیان و ھەستە راستەقینەکانی ئەوان لە نزیکەوە ئاشنا بێ و تێبگات کە مرۆڤە کورتەباڵاکان لە سووچێکی تێڕوانین بە بەرزایی ٩٠ سانتی مەتر، چلۆن دونیا و دەوروبەری خۆیان دەبینن.

ھەڵکەوت مستەفا سیناریۆی فیلمی ئێل کلاسیکۆی بە ھاوکاری "ئاندرێس فاگرھۆڵد" لە ماوەی دوو ساڵدا نووسیوە. نوسخەی یەکەمی سیناریۆکە تێمی عاشقانەی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە ھەڵکەوت لەگەڵ خەونی ھاوبەشی زۆربەی مرۆڤە کورتەباڵاکان ئاشنا دەبێ، بڕیار دەدات نێوئاخنی عیشق بە چیرۆکەکەی زیاد بکات. "خەونی ھاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی باڵابەرز" رەنگە بەو ھیوایە کە بەختیان بۆ ھەبوونی منداڵی بە باڵای ئاسایی زیاتر بێ.

ھەڵکەوت مستەفا لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیتوانی وەکوو زۆربەی دەرھێنەرەکان، فیلمەکەی لە وڵاتانی ئەردن یا مەراکیش دروست بکات، وڵاتی عێراقی ھەڵبژارد بۆ ئەوەی کە فیلمەکەی رەسەنایەتی و بایەخێکی زیاتری ھەبێ. بۆ دوو حەوتە فیلم ھەڵگرتن لە بەغدا ناچار بوون، دیکۆری شار و گشت بازاڕی بەغدا دروست بکەنەوە. لەبەر ئەوەی کە بۆردومانە یەک لە دوای یەکەکان و بە تایبەت ھێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی ١٩٨٨ شتێکی وای لە بەغدای پێش جەنگ نەھێشتبووەوە.

فیلمی "ئێل کلاسیکۆ"ش وەکوو "دڵی سوور" یەکەمین فیلمی بڵیندی ھەڵکەوت مستەفا باسی بابەتی گروپە کەمینەکان دەکات. بەم جیاوازییەوە کە دڵی سوور بە توندی فیلمێکی سیاسی بوو، بەڵام ئێل کلاسیکۆ پەیامێکی سیاسی راستەوخۆی نیە. یەکێکی دیکە لە وێکچوونەکانی ئەم دوو فیلمە کەڵکوەرگرتن لە ماتۆڕسیلکێت لە فیلمی یەکەمدا و چوارتەگەری لە فیلمی دووھەمدایە.

"ھەڵکەوت مستەفا" لەو بارەیەوە دەڵێ: "من پێم خۆشە کەسایەتییەکانم شتێکیان ھەبێ، بۆ ئەوەی کە بەو شتە بەرەو پێشەوە بڕۆن و ماتۆڕ زیاتر لە ترۆمبێل کە چوارپاڵوویەکی سەربەستراوە، ھەستی رزگاری و ئازادی وەبیردەھێنەتەوە.".

فیلمی "ئێل کلاسیکۆ" نە لە چیرۆکدا قسەیەکی تازە دەکات و نە لە فۆڕمدا. فیلمێکی کلاسیکی جادەیی بە تێمی عیشقی گەڕان و بەدواداچوون و بە پێش زەمینەی تۆپێن و ھاندەرانی دڵخوازی ئەستێرەیەکی وەرزشی. بەڵام ئەو شتەی کە ئێل کلاسیکۆ بەرجەستە دەکاتەوە، وێنە گرتنی عێراقی ھاوچەرخ و تەنزی زاڵ بەسەر فیلمەکەدایە. لەبەر ئەوەی کە ھەمووی ئەو فیلمانەی کە بەر لە ئێستا لەم ناوچەیەدا و سەبارەت بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دروست کراون، چیرۆک گەلێکی خەمناکن بە تەوەری زوڵم لێکراویی خەڵکی ئەم ناوچە جوگرافیایە.

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم فیلمە مۆنتاژی "ئینگ لیزلانگفێڵت"ـە کە کورتەباڵابوونی کەسایەتییەکانی فیلمەکە بەردەوام بەرجەستە ناکاتەوە. ئەو فیلمە بەر لەوەی کە قەیرانی کورتەباڵابوون وەبیر بەردەنگ بھێنێتەوە، زیاتر سەرنجەکان دەخاتە سەر ھەوڵی کەسایەتییەکان بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان و بەم خاڵەی کە لەگەڵ ھەموو شتێک، ژیان بەردەوامە. لەگەڵ ھەبوونی جەنگ و بۆمب و چەک و تیرۆر و تیرھاوێژیی بەردەوام، پێکەنین ھێشتا لە ژیاندا بوونی ھەیە و خەڵکی بەردەوام بە جۆش و خرۆشەوە، یاریی نێوان یانەکانی خۆشەویستی خۆیان دەبینن و ئەو یاریزانانە ھان دەدەن.

سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.
 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 


 

گۆرانی گڕانیت" نوێنەری ئیرلەندا لە ئۆسکاری ٢٠١٨ لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

 


درامی ژیاننامەیی "گۆرانی گڕانیت" لە دەرھێنانی "پێت کالینز" کە ساڵی رابردوو وەکو نوێنەری ئیرلەندا بە ئۆسکاری ٢٠١٨ ناسێندرابوو؛ لە بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر رکابەری دەکا.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، فیلمی "گۆرانی گڕانیت" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧ی ئیرلەندا و کەنەدا لە زومرەی بەرھەمە بەشداربووەکانە لە بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

درامی ژیاننامەیی "گۆرانی گڕانیت" لە دەرھێنانی "پێت کالینز" ساڵی رابردوو وەکوو نوێنەری فەرمیی سینەمای ئیرلەندا بە بەشی ئۆسکاری باشترین فیلمی زمانی بیانی ٢٠١٨ ناسێندرا. دەرھێنەری ئەو بەرھەمە؛ کە ژیانی جۆو ھینی یەکێک لە گەورەترین گۆرانیبێژەکانی "شێوازی قەدیمی" سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە، کاتێک کە فیلمەکەی بە ئۆسکار ناسێندرا لە ئاخاوتنێکدا گوتی: "جۆو ھینی ھێشتا یەکێکە لە گۆرانیبێژەکانی بێ ھاوتای سەردەم و لە شێوازی خۆیدا. پێم وایە ئەو لە ھەڵبژاردنی وەھا فیلمێکدا وەکو نوێنەری سینەمای ئیرلەندا لە رکابەرییەکی نێونەتەوەییدا وەکوو ئۆسکار یەکجار دڵخۆش دەبوو."

ئەم فیلمە کە یەکەمین نمایشی جیھانیی خۆی لە فێستیڤاڵی SXSW تێپەڕاند، ھەروەھا لە پێکھاتەکەیدا لە وێنەگەلی بەڵگەفیلمی ھینی کەڵکی وەرگرتوە. "گۆرانی گڕانیت" دووھەمین فیلمی بڵیندی چیرۆکی "پێت کالینز" لە دوای درامی "بێدەنگی" (ساڵی ٢٠١٢) کە لە فێستیڤاڵی فیلمی دۆبلینی ھەمان ساڵ و خەڵاتەکانی فیلم و تەلەڤیزیۆنی ئیرلەندا ٢٠١٣ وەرگیرا و چەندین سەرکەوتنیشی بەدەستھێنا.

کالینز کە چالاکییە سینماییەکانی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٢ و بە چێکردنی بەڵگەفیلم دەستپێکرد، بە فیلمە نوێیەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ چووە فێستیڤاڵەکانی فیلمی ھامبۆرگ و گاڵ وێی (کە خەڵاتی باشترین فیلم ھەڵگرتنی تێیدا براوە بوو). ‌

"ئستیون داڵتۆن" رەخنەگری "ھالیوود ریپۆرتەر" سەبارەت بە درامی یەک میلیۆن و سێسەد ھەزار یۆرۆیی "گۆرانی گڕانیت" وەھای نووسیوە: "ئەگەر ئاندرێ تارکۆفسکی" لە ناوچەگەلی گوندنشینی ئیرلەندا گەورە ببووایە، رەنگە درامێکی ژیاننامەیی جوانی وەکوو ئەم فیلمە دروست دەکرد.

چیرۆکی فیلم بەو شێوەیەیە: جۆو ھینی زۆر کەس بە یەکێک لە گەورەترین گۆرانیبێژەکانی "شێوازی قەدیمی" (یا لە بنەڕەتدا) سەدەی بیستەم دەیزانن؛ ئەو ھونەرمەندەی کە لە ناوچەکانی کەناراو و دوورکەوتووی کانێمارا لە پارێزگای گاڵ وێی گەورە بوو و لەبەر بەھرەکەی لە ھونەری موزیکدا بۆرسییە کرا و لە شاری دۆبلین درێژەی بە خوێندن دا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو لەبەر کەم ڕوویی تا دەیەی سێھەمی ژیانی پێشکەش کردنێکی گشتیی نەبوو.

ھینی لە تەمەنی گەورەساڵیدا ژیانێکی پڕ لە ھەوراز و نشێوی ھەبوو و بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن لە شارەکانی لەندەن و گلاسکۆ کرێکاری کرد و لە درێژەی ئەم سەردەمەدا بوو کە ھاوسەر و بنەماڵەکەشی بەجێھێشت، بەڵام لە دوای ئەوەی کە بۆ پێشکەش کردن لە فێستیڤاڵی نیۆپۆڕت فۆک لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری رۆد ئایلەند بانگھێشت کرا لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوو و لە دوای دەرکەوانی لە شاری نیۆیۆرک سیتی وەکوو مامۆستای کۆلێژێک لە ویلایەتی کێنێتیکێت دەستی بە کار کرد.

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

لە فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر خەڵاتی ئاشتی بە "رەیتی پان" بەرھەمھێنەری "ئانجێلینا جۆلی" دەبەخشرێ.

 

 

"رەیتی پان" دەرھێنەری ناسراوی کامبۆجی کە لە فیلمی "سەرەتا باوکمیان کوشت" لەگەڵ "ئانجێلینا جۆلی" ھاوکاری کرد؛ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لە سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بەشداری دەکات.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "رەیتی پان" دەرھێنەر و بەرھەمھێنەری تەمەن ٥٣ ساڵەی کامبۆجی کە لە زومرەی ستایش کراوترین سینەماکارانی بەڵگەفیلمی سینەمای جیھان و ناسراوترین دەرھێنەری سینەمای کامبۆجە، بە مەبەستی وەرگرتنی "خەڵاتی ئاشتی" لە سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر ئامادە دەبێ.

ئەم دەرھێنەرە کامبۆجیە لەبەر ھۆکاری چێکردن و بەرھەمھێنانی فیلم گەلێک کە پرژاوەتە سەر کۆمەڵکوژی خێمەرە سوورەکان لە کامبۆج، ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کرد. ئەو لە زۆربەی فیلمەکانی خۆیدا، سەرنجی داوەتە پێویستیی ھەبوونی ئاشتی لە جیھاندا.

"رەیتی پان" لەدایکبووی ١٨ی ئاپرێڵی ساڵی ١٩٤٦ لە پنۆم پێن لە وڵاتی کامبۆجە. باوکی ئەو ماوەیەک جێگری وەزارەتی فێرکاری، سێناتۆر، مامۆستای قوتابخانە و پشکێنەری قوتابخانە سەرەتاییەکان بوو. بنەماڵەی پان لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە لایەن رژێمی خێمەرە سوورەکان لە پایتەختی کامبۆج وەدەر نران و سەختی و دژوارییەکی زۆری بەسەردا سەپێندرا. پان لە دوای ئەو بارودۆخەی کە چاوەری رەنجی باوک و دایک، مەرگی کەسانی نزیکی بنەماڵەکەی لەبەر بەدبژیوی و کەموکووڕی لە خۆراک یان کاری زۆرەملی و بێگاریدا بوو، لە ساڵی ١٩٧٩ ھەڵات بۆ وڵاتی تایلەند و ماوەیەک لە ئۆردووگای پەنابەران دەژیا.

ئەو پاشان بۆ شاری پاریس لە فەڕەنسا کۆچی کرد و لە حاڵێکدا کە لە قوتابخانەیەکی تەکنیکی و پیشەیی خەریکی فێربوونی پیشەی دارتاشین بوو، ھۆگری بە سینەما پەیدا کرد. پان دواتر لە دامەزراوەی خوێندنەوەکانی سینەمایی دەرچوو، ئیدی گەڕایەوە بۆ کامبۆج، بەڵام شوێنی سەرەکیی ژیانی ئەو شاری پاریسە.

"وێستگەی ٢" لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی یەکەمین فیلمی بەڵگەیی پان بە بابەتی پەنابەرانی کامبۆجی لە ئۆردووگایەک لە دەیەی ١٩٨٠ی زایینی، بووە براوەی خەڵاتی گەورەی بەڵگەفیلمی لە فیستیڤاڵی ئامینی. فیلمە بڵیندەکەی ئەو بە ناوی "برینجکارەکان" (ساڵی ١٩٩٤) لە مێژووی سینەمای کامبۆج یەکەمین فیلمە کە بۆ رکابەری کردن لە بەشی باشترین فیلمی زمانی بیانی ئۆسکار بە ئەکادێمی زانستەکان و ھونەرگەلی سینەمایی ناسێندرا.

"برینجکارەکان" کە بە ستایل و شێوازی بەڵگەفیلم گێردراوەتەوە، بە وردی دەپرژێتە سەر ھەوڵەکانی بنەماکەیەکی خەڵکی گوند بۆ درێژەپێدانی ژیان لە دوای نەمان و کۆکردنەوەی دەسەڵاتی خێمەرە سوورەکان لە کامبۆج. ئەو فیلمە ھەروەھا لە بەشی رکابەریی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە کانی ساڵی ١٩٩٤ وەرگیرا.

بەڵگەفیلمێکی دیکەی ئەو "وڵاتی رۆحە سەرگەردانەکان" لە سالێ ٢٠٠٠ی زایینی دیسان بەسەرھاتی ھەوڵەکانی بنەماڵەیەکی کردۆتە کاکڵ و ناوەرۆکی خۆی و ھاتنی خەڵکی کامبۆج بۆ دونیای مۆدێرن نمایش دەکات. بەڵگەفیلمی "ئێس ـ ٢١: مەکینەی رەشەکوژیی خێمەرە سوورەکان" لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی سەبارەت بە بەندیخانەی "تیۆل ئیسلەنگ"ـە کە تیایدا بەندکراوە قەدیمییەکان لەوانە ھونەرمەندێک بە ناوی "وان ناس" و زیندێنەکان و زیندانەوانەکانی پێشووی ئەوانە بەرەوڕووی یەکتری دەبنەوە، بۆ ئەوەی کە مێژووی پڕ لە توند و تیژیی وڵاتی کامبۆج بکەوێتە بەر رەخنە و لێکۆڵینەوە.

رەنگە گرینگترین و بەناوبانگترین بەڵگەفیلمی "رەیتی پان"، فیلمی "وێنەی ونبوو" بێ، ئەم بەڵگەفیلمە لە ساڵی ٢٠١٣ بە نوێنەرایەتیی وڵاتی کامبۆج بە ئەکادێمی زانستەکان و ھونەرگەلی سینەمایی ناسێندرا و بووە پاڵێوراوی ئۆسکاری باشترین فیلمی زمانی بیانی. فیلمی "وێنەی ونبوو" کە گێڕانەوەیەکی تاکەکسییە لە سەردەمی مەترسیدار و تۆقێنەری دیکتاتۆریی "پۆل پۆت" لە کامبۆجی دەیەی ١٩٧٠ی زایینی، لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ئەو ساڵە بووە براوەی خەڵاتی سەرەکیی بەشی جۆرێک روانین. پان فیلمی "وێنەی ونبوو"ی بە پێی کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناونیشانی "وەلانان" بەرھەمھێنا. ئەو لەم فیلمەدا ئەزموونەکانی بنەماڵەکەی خۆی لە سەردەمی حکومەتی خێمەرە سوورەکان لە کامبۆج کە بووە ھۆی مەرگی باوک و دایک و خوشکەکەی، خستۆتە بەر وێنە لەسەر پەردەی سینەما. فیلمی "وێنەی ونبوو" بە کەڵک وەرگرتن لە
وێنەگەلی ئەرشیڤی و ھەروەھا بووکەڵە گڵینەکان بەرھەم ھێنرا.

"رەیتی پان" ھەروەھا یەکێکە لە بەرھەمھێنەرەکانی فیلمی "سەرەتا باوکمیان کوشت" لە دەرھێنانی "ئانجێلینا جۆلی" کە ساڵی پار بووە نوێنەری وڵاتی کامبۆج لە بەشی فیلمی زمانی بیانی نوەدەمین خولی خەڵاتەکانی ئۆسکار و بووە پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی بەفتا.

ساڵی رابردوو بەڵگەفیلمی "دوورخستنەوە" لە دەرھێنانی پان لە بەشی نمایشە تایبەتەکانی "بەرھەمە ھەڵبژێردراوەکانی گەورەکانی سینەما" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر نماش کرا. ئەم بەڵگەفیلمە باسی سەردەمی دوای کۆمەڵکوژیی خێمەرە سوورەکان لە کامبۆج دەکات. فیلمی "دوورخستنەوە" ھەروەھا لە بەشی نمایشە تایبەتەکانی شەست و نۆھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کان بەشداری کرد.

کە سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

"ئۆلیوێر ئستۆن" دەرھێنەری ناوداری ئەمەریکایی دێ بۆ فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.
 


"ڕەزا میرکەریمی" دەبیری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر گوتی: "ئۆلیوێر ئستۆن" سینەماکاری بەرجەستەی ئەمەریکایی میوانێکی تایبەتی دیکەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجرە. ئەو ھیوای خواست کە لە فێستیڤاڵدا بەرنامەیەکی ھەبێ و ئێمە داڕێژەیەکی تێروتەسەلمان بۆ ئەو چنیوە.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "ئۆلیوێر ئستۆن" دەرھێنەر، نووسەر و بەرھەمھێنەری ئەمەریکاییە. ئەو لە رێگای دەرھێنانی زنجیرە فیلمێک کە سەبارەت بە جەنگی ڤیتنام دروست کرابوو، ناوبانگی پەیدا کرد و تا ئێستا دوو جار توانیویەتی خەڵاتی ئۆسکار وەربگرێ. ئەو باوکی "شان ئستۆن" ئەکتەری ھالیوودە.

"ئۆلیوێر ئستۆن" لە ساڵی ١٩٤٦ لە نیۆیۆرک سیتی ویلایەتی نیۆیۆرکی ئەمەریکا لە دایک بوو. دایک و باوکی "ژاکڵین گۆدێت" و "لوئیس ئستۆن" بوون. ئۆلیوێر زانستگای ییلی بەجێھێشت بۆ ئەوەی کە وەکوو سەرباز بچێ بۆ جەنگی ڤیتنام. ئەو لەبەر ئازایەتی و جەنگاوەرییەکانی لە جەنگدا مەدالیای برۆنزی گاڵانتاری و مەدالیای دڵی بنەوشیان بەو پێشکەش کرد. لە دوای ئەوەی کە لە جەنگ گەڕایەوە بۆ درێژەپێدانی خوێندنەکەی بۆ زانستگا نەگەڕایەوە. یەکەمین فیلمێک کە دروستی کرد فیلمێکی خوێندکاری بە ناوی "دوایین ساڵ لە ڤیتنام" لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی بوو. پاشان بە شێوەی جیددی دەستی بە فیلمسازی کرد و ھەروەھا سیناریۆگەلێکی یەکجار زۆری وەکوو "شەمەندەفەری نیوەی شەو" و "دەموچاوی برینداری" نووسی.

ئستۆن بۆ فیلمی "شەمەندەفەری نیوەی شەو" یەکەمین خەڵاتی ئۆسکاری خۆی بەدەستھێنا و ئەمە تازە دەستپێکێک بۆ چەندین ساڵی کاری ھونەری پیشەیی بوو. ئستۆن دوو جار ئۆسکار و چوار جار خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی بەدەستھێناوە. ئەو ئەمڕۆکە بۆتە یەکێک لە فیلمسازانی خاوەن شێواز لە سینەمای دونیادا. ئەو پێشتر دەرھێنەرێکی یەکجار پڕکار بوو و تەنانەت لە ماوەی ١٠ ساڵدا، ٩ فیلمی چێکردووە، بەڵام سروشتییە کە بە چوونەسەرێی تەمەنی وردە وردە لە خێرایی فیلم چێکردنەکەی کەم بووەوە. بێجگە لە دەرھێنان و سیناریۆنووسی ئەو بەرھەمھێنانی زۆربەی فیلمە گرینگەکانی سینەماشی لە ئەستۆدا بووە.

ئەو یەکێکە لە دەرھێنەرەکان کە زۆربەی رەخنەگرانیش ھۆگرییان بەو ھەیە و زۆربەی فیلمەکانی رەخنەی پۆزەتیڤیان بەدەستھێناوە و ناوی باشی ئەو لە بواری دەرھێناندا تاوەکوو ئەمڕۆ بەجێ ماوەتەوە. بێ گومان ئیستۆن پێگەی لە نێوان دەرھێنەرانی ئەفسانەیی ھالیووددا پەیدا کردووە.

سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی ئەپرێڵی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.
 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

ڕەزا میرکەریمی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر:
فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر یەکێکە لە کۆنترین فێستیڤاڵەکانی کیشوەری مێژوویی ئاسیا.

 


تاران ٢٤ نیسان (ZNA) ـ کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە شیکردنەوە سەبارەت بە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵ، ئامانجەکان و بەرنامەکان و ناساندنی فیلمە ئێرانییەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان و دادوەرانی فێستیڤاڵ بەڕێوەچوو.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، کۆنگرەی رۆژنامەوانیی "سەید ڕەزا میرکەریمی" دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر و بەڕێوەبەرانی بەشەکانی فێستیڤاڵ لەگەڵ نوێنەرانی راگەیاندنە جۆراوجۆرەکان لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵی فیلمی فەجر یەکێکە لە کۆنترین فێستیڤاڵەکانی کیشوەری ئاسیا.


لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "سەید ڕەزا میرکەریمی" دەبیری فێستیڤاڵی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، گوتی: فێستیڤاڵی فیلمی فەجر یەکێکە لە کۆنترین فێستیڤاڵەکانی کیشوەری مێژوویی ئاسیایە کە ئێستاکە گەیشتۆتە سی و شەشەمین خولی خۆی و ئەمساڵ چوارەمین خولی سەربەخۆی فێستیڤاڵی جیھانی لە بەشی نەتەوەییمان ھەیە.
ئەوەشی راگەیاند: فێستیڤاڵ لەم خولەدا ھەوڵیدا بەربڵاوییەکی باشی ھەبێ و من بەرپرسایەتیی ئەم کارە بە پشتیوانیی تیمێکی باش و بەئەزموون کە لە بواری نێونەتەوەییدا کاریان کردووە؛ ئەنجام دەدەم. وێڕای ئەوەی کە ئامانج دانانی ئێمە بەڕێوەبردنی رووداوێکی ھاوتەریبی ناوبانگ و ناسناوی سینەمای ئێران بوو.
دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، گوتی: ئێمە لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە دوای ئەوەوەین کە بەو وڵاتانە و سینەماکارانەی کە ئامانج گەلێکی ھاوبەشیان لەگەڵ ئێمە ھەیە، سەرنج بدەین. ھەروەھا ئەو سینەمایەی کە تێێدا ئەخلاقیات، بایخەکان و کەراماتی مرۆڤایەتی لەبەر چاو گیراوە، لەم فێستیڤاڵەدا لەبەر چاو دەگیرێ.

دۆزینەوەی دۆست بۆ سینەمای ئێران.


میرکەریمی بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە بە دوای دۆزینەوەی دۆست بۆ سینەمای ئێرانین، رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەشدا کە بە سنوورێکی جوگرافیایی تایبەت گرینگی نادەین و پێمان خۆشە لە ھەموو جێگایەکی جیھانەوە بەرھەم گەلێکمان ھەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ھاودینی ئێمە بن، ھاوکارییەکی زیاترمان ھەیە.
دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: سینەمای ئێران دەڤرایەتییەکەی زۆری ھەیە، بەڵام کەمتر لەوە کەڵک وەرگیراوە و ئێمە دەبێ لەم بوارەدا زیاتر سەرمایەگوزاری بکەین و لە بنەڕەتدا ھەر چەشنە سەرمایەگوزارییەک لەم بەشەدا باشە.

ئاڵوگۆرەکانی سینەمایی ئێران لەگەڵ ناوچەکە و جیھان.


میرکەریمی وێڕای ئەژماردنی ئامانجەکانی فێستیڤاڵ رایگەیاند: سروشتییە کە فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجریش وەکوو فێستیڤاڵەکانی دیکەی جیھان، خاوەنی ئامانج گەلی نەتەوەییە و وردبوونەوەی ئێمە لەسەر ئەم بابەتەیە. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا سەبارەت بە روانگەی فێستیڤاڵ قسەگەلێکی زۆرم کردووە کە ئاڵوگۆرەکانی سینەمایی ئێران لەگەڵ ناوچەکە و جیھان لە زومرەی ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە دێتە ئەژماردن.

ناساندنی بەرھەمەکانی سینەمای جیھان.

 
میرکەریمی رایگەیاند: ھەبوونی باشترین پێگەی فەرھەنگی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کەم مەودا و ئاسیای میانە لە نێوان مەودا، ناساندنی بەرھەمەکانی سینەمای جیھان بە ناوەرۆکە ئەخلاقییەکانەوە کە لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکانی فەرھەنگی ئێمە ھاورێگا بن، بردنەسەرێی ئاستی زانیاریی گشتیی جیھان سەبارەت بە سینەمای ئێران، پەرژانی نێوان بەشەکانی لێکۆڵەران لە بەشەکانی زانستە مرۆییەکان بە پشت بەستن بە توێژینەوە زانستییەکان و جووڵانەوە لە رێگای دیپلۆماسیی گشتیی وڵاتدا و ئاراستە کردنی وێنەیەکی روون لە ئێران لە زومرەی ئامانجەکانی دیکەی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجرە.

جێژوانی بڕیارگەلی پیشەیی سینەماکارانی جیھان لە تاران.

 
دەبیری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە ئاماژەدان بە رەزامەندیی میوانەکانی ناوخۆیی و بیانی، گوتی: تێچووی بانگەشەی ئێمە بۆ ناساندنی جێگایەکی پیشەیی بۆ جێژوانی بڕیاردانەکانی پیشەیی سینەماکارانی جیھان زۆر ھاتۆتە خوارێ؛ لەبەر ئەوەی کە سینەماکارانی بیانی بۆخۆیان لەم ساڵانەی دواییدا تێچووی ئامادەبوون و بەشداریی لە فێستیڤاڵیان داوە. ئەمە شانازییەکە کە بە ھەوڵ و دڵسۆزیی ھەموو ئەو کەسانەی کە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بۆیان گرینگ بووە، ھاتۆتە گۆڕێ.

سەردانی نوێنەرانی فیاپ لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.


میرکەریمی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: ئەمساڵ چەندین میوانی گرینگ لە فێستیڤاڵدا ئامادە دەبن. ھەڵبژاردن و پەخش کردنی فیلم لە زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھانەوە کارێکی ساکار نییە و ئەو کەسانەی کە فێستیڤاڵیان بەڕێوە بردووە دەزانن کە چ کارێکی قورس و گرانە.
دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە ئاماژەدان بە سەردانی نوێنەرانی فیاپ لە فێستیڤاڵ لە ساڵی رابردوودا، گوتی: ئێمە ساڵی رابردوو داوامان لە فیاپ کرد ھەموو بەشەکانی فێستیڤاڵ بخاتە ژێر چاودێری و وردبینییەوە. ئەوان لە کۆمەڵەکەیان کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان بەڕێوەچوو و نوێنەری ئێمەش لەوێ ئامادە بوو، رایانگەیاند کە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر دەتوانێ "گرەیدی A" فێستیڤاڵەکانی جیھان بەدەست بھێنێ و دەتوانێ لە زومرەی ١٥ باشترین فێستیڤاڵی جیھان بێ و ئەمە یانی زۆربەی بەربەستەکان کە دەیتوانی لە بەردەم بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی راستەقینەی جیھانی لە ئێران بێ، لابردراوە.
میرکەریمی سەبارەت بە شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵ ئەوەشی خستە ڕوو: پەردیسی سینەمایی چارسوو وەکوو کۆشکی فێستیڤاڵ لە ساڵی یەکەمەوە ھەڵبژێردراوە، بەڵام وەھا فێستیڤاڵێک پێویستیی بە شوێنێکی ھەمیشەیی و گەورە ھەیە. رێژەی زۆری پێشوازیی لە یانەی ھەوادارانی فێستیڤاڵ و بە تایبەت بەشداریی چینی زانستگایی و خوێندکاران بە ڕادەیەک زۆر بووە کە دەبێ فیکرێکی جیددی بۆ دروست کردنی کۆشکێکی گەورە بۆ فێستیڤاڵە گەورەکانی لەم چەشنە بکەینەوە کە لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ شارەوانیی تاران چەندین دانوستانمان ئەنجام داوە.

تەیار کردنی بەشی کتێبخانەی ڤیدیۆیی.


دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر ئاماژەیدا بە تەیار کردنی بەشی کتێبخانەی ڤیدیۆیی فێستیڤاڵ و گوتی: ساڵی رابردوو ئەم بەشە لەگەڵ پێشوازییەکی زۆر بەرەوڕوو بوویەوە و ئەمە یارمەتیی ئێمەی دا کە لە تەنیشت نمایش کردنەکانی نێو ھۆڵی سینەما، نمایش کردنێکی تاکە کەسیمان بۆ میوانە بیانییەکان و مشتەرییەکانی فیلمەکانمان ھەبێ. ئەمساڵ کتێبخانەی ڤیدیۆییمان تەکمیل کردووە و لەم بەشەدا ئێمە سەرنجێکی تایبەتمان ھەیە بۆ کورتە فیلمەکان، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشێن و لەسەر داخوازیی میوانەکانی فێستیڤاڵ، نمایش کردنی فیلمەکان لە بازاڕدا، ٢ جار دەبێ.

بەشداریی پڕ ئەژماری راگەیاندنە بیانییەکان.


میرکەریمی بە جەخت کردنەوە لەسەر گرینگیی کاری راگەیاندنەکان لە فێستیڤاڵدا ئاماژەیدا بە بەشداری و ئامادەبوونی پڕ ئەژماری راگەیاندنە بیانییەکان لەم خولە لە فێستیڤاڵ.
ئەم نووسەر و دەرھێنەرەی سینەمای ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ھۆگریمان بەو فێستیڤاڵانە نییە کە مافوورەی سووریان ھەیە و ئەوانە بۆ سینەمای خۆمان بەکارھاتوو نازانین؛ زیاتر لایەنە زانستییەکانی فێستیڤاڵمان لێکدایەوە. ساڵی رابردوو فیاپ لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە رێژەی وۆرکشۆپەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی فێستیڤاڵی ئێمە جێگای ستایش کردن بووە و ئەمساڵیش لە مامۆستایانی پلە یەکی جیھان بۆ ئەم بەشە بانگھێشتمان کردووە.

ناردنی زیاتر لە ١٦٠٠ فیلم لە سەرتاسەری دونیا.


میرکەریمی لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا رایگەیاند: ئەمساڵ بۆ ناونووسی کردن رامانگەیاند ئەو کەسەی کە دەیھەوێ فیلمەکەی بۆ فێستیڤاڵی ئێمە بنێرێ، دەبێ بڕێک پارە بدات. ئەمە سیمبولی فێستیڤاڵە گەورەکانی دونیایە و ھەر بەم سیمبولە زیاتر لە ١٦٠٠ فیلم بەشدارییان کرد و بۆ بەشداریی فیلمەکەیان لە فێستیڤاڵدا ٢٠ دۆلاریان پارە داوە. ئەم خاڵە نیشان دەدات کە خوازیاران بە ڕاستی ھۆگرییان بە بەشداریی لە فێستیڤاڵدا ھەیە و ئامادەن تێچووەکەی بدەن. ھەروەھا ئەم کارە بۆتە ھۆی ئەوەی کە ئێمە لە رۆژژمێری فێستیڤاڵە پڕبایخەکانی سینەمای دونیادا جێگیر بین.

بە رێژەی ١٧٠ میوان و ٤٧ کڕیار لە بازاڕی فیلمی فێستیڤاڵ.


میرکەریمی ئەوەشی راگەیاند: لە بازاڕی فیلمدا بە رێژەی ١٧٠ میوانمان ھەیە کە ئەمساڵ ریزبەندیی یەکەم بە کڕیارەکانە و بە رێژەی ٤٧ کڕیار دێن بۆ بازاڕی فیلمی فێستیڤاڵ. ساڵی رابردوو پێشوازییەکی زۆر لەم بەشە کرا و ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئەوان بەرژەوەندییان لێرە ‌ھەیە کە تەنانەت ئامادە دەبن، بلیتی فڕۆکەی خۆیان ھەر بۆ خۆیان بیکڕن، بێن بۆ ئێرە و ژوورێکیان ھەبێ و ئەمە نیشانەیەکی باشە بۆ ئێمە کە بازاڕی فیلم جیددی تر بگرین. ئێمە خەریکین ھەوڵ دەدەین لە جیاتی ئەوەی کە رێژەی فرۆشیارەکان زیاد ببێ، رێژەی کڕیارەکان زیاد ببن و ئەمساڵ بەو ٤٧ کڕیارەی کە دێن بۆ بازاڕێ فیلم، ئێمە ریکۆردی خۆمان دەشکێنین. بۆ ئێمە بازاڕی ناوچەکە یەکجار گرینگە و بازاڕی ئێمە بۆتە شوێنێک بۆ فیلمەکانی ناوچەکەش.

بە رێژەی ٣٠٠ میوان لە ٧٨ وڵاتی جیھان.


میرکەریمی ھەواڵیدا: ئەمساڵ بە رێژەی ٣٠٠ میوان لە ٧٨ وڵاتی جیھانەوە دێن بۆ وڵاتی ئێران کە ٥٥ کەس لەم جەماوەرە پەیوەندییان ھەیە بە بەشی دارولفنوون لە فێستیڤاڵدا. ئەمساڵ لە ھەموو پارێزگاکانی وڵاتەوە و لە نزیکەی ٣٠ وڵاتی بیانییەوە میوانمان ھەیە کە کارگەی فێرکاری و ۆورکشۆپ گەلێکی باشمان بۆ ئەوانە لەبەر چاو گرتووە.

نمایش کردنی ١٢٠ فیلمی بیانی لە ٥٤ وڵاتی جیھان لە فێستیڤاڵ.

 
میرکەریمی بە ١٢٠ فیلمی بیانی وەرگیراو لە ٥٤ وڵاتی جیھان ئاماژەیدا و گوتی: ئەو فیلمانەی کە ھەڵبژێردراون، فیلم گەلێکن کە بایخ گەلی سینەمایی لەواندا دیار و بەرچاوە و ئەمە پێوەری یەکەمی ئێمە لە ھەڵبژاردنی فیلمەکان بوو. جۆربەجۆریی ژانر و بابەتیشمان لەبەر چاو گرت، لەبەر ئەوەی کە سینەمای ئێمەش پێویستیی بە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سووژەکان و ژانرە نوێیەکان ھەیە. لەم نێوەندەدا سەلیقە و پێداویستیی بەردەنگیش لەبەر چاو گیراوە. لە تەنیشت ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان پێدرا، ھەڵبژاردنی باشترین فیلمەکانی رۆژی جیھانیش لەبەر چاو گیراوە. مافی پەخش و بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمانە بۆ نمایش کردن لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر دراوە و رەنگە ئیدی نەتوانن ئەو فیلمانە لە بەرنامەی نمایش کردن لە ئێران ببینن.

١١ بەشی جۆراجۆری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.


دەبیری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم رووداوە سینەماییەی بەم شێوەیە ناساند: "سینەمای سەعادەت"، "دیمەنی روانگەی رۆژھەڵات"، "فێستیڤاڵی فێستیڤاڵەکان"، "زەنگی حەوتەم"، "زەیتوونە بریندارەکان"، "پێداچوونەوە بۆ سینەمای گورجستان"، "پێداچوونەوە بۆ سینەمای ئیتاڵیا"، "کورتە فیلمەکانی ئەڵمانیا"، "نۆژەنکردنەوەی فیلمە کلاسیکەکان"، "بەڵگەفیلم لەژێر گەورەبین"، "لەنتەری خەیاڵ" و چەندانی دیکە لە بەشەکانی فێستیڤاڵی ئەمساڵن.
میرکەریمی ئەوەشی زیاد کرد: نۆژەنکردنەوەی فیلمە کلاسیکەکانی سینەمای جیھان و ئێران کارێکە کە لە ساڵی رابردوودا دەستی پێکردووە و لەگەڵ پێشوازییەکی زۆریش بەرەوڕوو بۆتەوە و ئەمساڵیش ئەمە بەشەمان ھەیە. باشترین بەڵگەفیلمەکان دەتوانن لە بەشی "بەڵگەفیلم لەژێر گەورەبین"دا بەدواداچوونی بۆ بکەن و پێتان رادەسپێرم فیلمەکانی ئەم بەشە ببینن و بە تایبەت ئەوەی کە فیلم گەلێکی ئێرانی باشمان لەو بەشەدا ھەیە. لە بەشی "زەیتوونە بریندارەکان" فیلم گەلێکی گرینگ سەبارەت بە پرسەکانی فەلەستین و ناوچەکە نمایش دەکرێن. ‌
خۆشحاڵم کە فیلم گەلێکی جوان و باشمان لە فەلەستین و سووریا ھەیە و ھەروەھا دوو فیلم سەبارەت بە یەمەن و میانمار نمایش دەکرێن کە ئەم دوو فیلمە لەم بەشەدا پەردەیان لەسەر لادەردرێ.

نمایش کردنی تایبەتی باشترین فیلمەکانی ناسێندراو بە ئۆسکار.


میرکەریمی رایگەیاند: نمایش کردنەکانی تایبەتی ئێمە ئەمساڵ بریتییە لە باشترین فیلمەکانی وڵاتان کە بە ئۆسکار ناسێندراون. ھەڵبەت زاتی ئۆسکار بۆمان گرینگ نەبوو، بەڵکوو ئەمە گرینگ بوو کە باشترینەکانمان ھەبێ و ھەلێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی کە فیلم بینن. ساڵی رابردوو بەشی "سینەمای ترس و وەحشەت"مان ھەبوو کە لەگەڵ پێشوازییەکی باش بەرەوڕوو بوویەوە و ئەمساڵ کارێکمان کرد کە ژانرەکان و چەشنە جۆراوجۆرەکان لە بەشێکدا جێگیر بن و ئەوانەمان بە "لەنتەری خەیاڵ" ناودێر کرد.

سەرنجدان بە سینەمای کاریگەری دانەری ئیتاڵیا.


دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر سەبارەت بە سەرنجدان بە سینەمای ئیتاڵیا لەم خولە لە فێستیڤاڵدا رایگەیاند: ئەمساڵ پێداچوونەوەیەکمان بەسەر سینەمای ئیتاڵیادا ھەیە، لەبەر ئەوەی کە ئەم سینەمایە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سینەمای جیھان و ئێران ھەیە و ئێمە دەمانوسیت لە حاڵ و رۆژی ئەمڕۆی سینەمای ئیتاڵیا ئاگادار بین، ھەر لەم رووەشەوە میوانان و فیلم گەلێکی بەرجەستەمان ھەیە.

سینەمای گورجستان لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.


میرکەریمی ئەوەشی راگەیاند: ھەروەھا سینەمای گورجستان ئەمساڵ لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ، لەبەر ئەوەی کە سینەماکارانێکی گەورەی ھەیە. لەبیرمە ساڵی رابردوو لێکدانەوەمان کرد بۆ سینەمای باڵتیک و کۆریا و پاشان وڵاتانی ئەورووپی سەرنجیان بەو بەشە دا. رووداوێکی خراپ ئەمەیە کە ئێمە ئاسیاییەکان خۆمان لە ئەورووپا دەناسین، واتە سەرەتا دەبێ ئەو دەرھێنەرە لە ئەورووپا خەڵات وەربگرێ، دواتر ئێمە ئەو کەسە بناسین و لە بنەڕەتدا فێستیڤاڵە ئاسیاییەکان کەمتر دەست دەدەنە دۆزینەوە، ھەر بەم ھۆیە ئێمە ساڵی رابردوو ‌لەسەر سینەمایەک فۆکوسمان کرد کە کەمتر سەرنجی پێدەدرا.

بەشی "زەنگی حەوتەم" بە ٢٥ ھەزار قوتابی.


دەبیری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر سەبارەت بە بەشی "زەنگی حەوتەم" گوتی: بە ھاودەنگی لەگەڵ شارەوانیی تاران و وەزارەتی فێرکاری و پەروەردە لە بەشی "زەنگی حەوتەم"دا بە رێژەی ٢٥ ھەزار قوتابی فیلم گەلێک لە فێستیڤاڵ دەبینن و ھەروەھا دیارییەکی پێکھاتوو لە پاکەتێک بە ٤ بلیت کە بتوانن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بڕۆن بۆ گەشتێکی فەرھەنگی، بۆ ژمارەیەک لە قوتابیان لەبەر چاو گیراوە.
میرکەریمی رایگەیاند: ئێمە ئەمساڵ سەبارەت بە ژینگە بێ ھەڵوێست نەبووین و فیلم گەلێکمان سەبارەت بە پیسبوونی کەشوھەوا ھەیە. ھەروەھا سەبارەت بە دونیای وەرزش بێ ھەڵوێست نەبووین و فیلمێکی گرینگمان بە بابەتی تۆپی پێ ھەیە کە پەیوەندیی بە جامی جیھانیی تۆپی پێ ھەیە.

کردنەوەی کۆڕ و کۆبوونەوە و ۆورکشۆپەکان لە زانستگاکانی تاران.

 
میرکەریمی ھەواڵیدا: ئەمساڵ چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و ۆورکشۆپمان لە زانستگاکانی تاران، شەھید بەھەشتی، عەلامە تەباتەبایی، سوورە و ئەو زانستگایانە ھەیە کە ساڵی پار میوانداری فێستیڤاڵ بوون.

کۆنسێرتی "نیکۆلا پیووانی" ئاوازدانەری ناوداری ئیتاڵیایی.


میرکەریمی لە بەشێکی دیکە لە کۆنگرەکەدا وێڕای ناساندنی دادوەران و میوانانی فێستیڤاڵ لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی تایبەت بە میوانەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژی ٥ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٢٥ی ئەپڕێڵی ٢٠١٨ی زایینی لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران بە ئامادەبوونی "نیکۆلا پیووانی" ئاوازدانەری ناوداری ئیتاڵیایی ھەواڵیدا کە ئەم کۆنسێرتە بە ھاودەنگی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێ.

دادوەرانی سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.


ئەو ناوەکانی دادوەرانی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجری بە شێوەیە راگەیاند: دادوەرانی بەشی "نێونەتەوەیی": "یۆئانا کۆز ـ کراوزە" (سینەماکار) لە پۆڵەندا، "میلچۆ مانچفێسکی" (سینەماکار) لە مەقدوونیە، "دیمیتریس ئاتانیتیس" (سینەماکار) لە یۆنان، "ئادۆر گۆپالا کریشنان" (سینەماکار) لە ھیند، "جیووانی ئیسپانیۆلی" (رەخنەگر و وانەبێژ) لە ئیتاڵیا، "مەحموود کەلاری" (فیلمھەڵگر) لە ئێران و "مێریلا زارعی" (ئەکتەر) لە ئێران. دادوەرانی بەشی "دیمەنی روانگەی رۆژھەڵات": "عەمار جەماڵ" (فیلمھەڵگر) لە عێراق، "فەرھاد ئەسڵانی" (ئەکتەر) لە ئێران، "سالۆمە دیمۆریا" (ئەکتەر) لە گورجستان، "ئەحمەد بۆیاجی ئۆغڵوو" (رەخنەگر و بەرھەمھێنەر) لە تورکیا و "سۆھان پانشا" (بەرھەمھێنەر) لە مالیزی. دادوەرانی بەشی "نێتپەک": "ئاندریاس ئۆنگربۆک" (رەخنەگر) لە ئۆتریش، "رامان چاولا" (بەرنامەداڕێژی فێستیڤاڵ) لە ھیند و "حەبیب ئەحمەدزادە" "نووسەر" لە ئێران. دادوەرانی بەشی "نێوان ئایینەکان": "والێری دێمارناک" (رەخنەگر) لە فەڕەنسا، "تۆماس کرۆڵ" (وانەبێژ) لە ئەڵمانیا و "حوجەتولئیسلام وەلموسلمین محەمەدڕەزا زائیری" (وانەبێژ) لە ئێران.

پاڵپشتیی تایبەتی رێکخراوەی سینەمایی و وەزیری فەرھەنگ و ھونەر.


دەبیری فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە پاڵپشتیی تایبەتی سەرۆکی رێکخراوەی سینەمایی و وەزیری فەرھەنگ و ھونەری ئێران سوپاسی کرد و گوتی: خۆشحاڵم کە بێجگە لە بەشی وەزارەتی فەرھەنگ و رۆشنبیری، بەشەکانی دیکەش ھاوکاری و ھاودڵییەکی زۆریان ھەبوو.
"ڕەزا میرکەریمی" لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: فێستیڤاڵی ئەمساڵ ھاوکات لەگەڵ جەژنەکانی شەعبانیەیە و ئەم بابەتە یارمەتی ئێمەی داوە بۆ ئەوەی کە دڵخۆشییەکی کۆمەڵایەتی وەیبھێنین و کۆمەڵگاش لەگەڵ ئەو شادی و دڵخۆشییە ھاوڕێ بکەین.

کردنەوەی فێستیڤاڵ بە "ئەوبەری ھەورەکان" بەرھەمی مەجید مەجیدی.


میرکەریمی سەبارەت بە فیلمی کردنەوەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، گوتی: من شانازی دەکەم کە "مەجید مەجیدی" سینەماکاری ناوداری ئێرانی توانیویەتی بە سەرمایەگوزاریی وڵاتێکی خاوەن شێواز لە سینەمادا وەکوو ھیند، فیلمێکی ستاندارد چێبکات، تا ئەو جێگایەی کە وەزیری فەرھەنگەکەیان لە رێوڕەسمی کردنەوەی فیلمەکەدا لە شاری بەمبەئی ئامادە دەبێ و دەڵێ ئێمە بە ھاوکاریی ئێرانییەکان شانازی دەکەین کە یارمەتی دەدەن ئاستی سینەمای ھیند بەرز بێتەوە. ھەر بەم ھۆیە ئێمە لەم سینەماکارە ناودارەی خۆمان تکامان کرد کە فیلمی "ئەوبەری ھەورەکان" وەکوو فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ نمایش بکەین.

١٢٠ ساڵ ئەزموونی سینەمای ئێران.


میرکەریمی سەبارەت بە پۆستەری فێستیڤاڵ و پێشوازیی یەکجار زۆر لە دیزاینەکەی گوتی: ئێمە ئەم پۆستەرانەمان بە پێی شوناسی نەتەوەییمان دیزاین کرد بۆ ئەوەی کە ھەموو جیھان بزانن فەرھەنگ لە وڵاتی ئێمە چ ئەزموونێکی ھەیە. لە ھەموو جێگایەک بە دوای ئەوەوەن کە مێژوویەکی کۆنتر لە خۆیان نمایش بکەن. ئێمە ١٢٠ ساڵ ئەزموونی سینەمامان ھەیە کە بە جیاوازیی ٥ تا ٦ ساڵ لەگەڵ سینەمای جیھان دەستی پێکردووە و دەبێ شانازی پێوە بکەین.

ماڵپەڕی دایرەتولمەعارفی سینەمای ئێران بە زیاتر لە ٤٧٠٠ فیلم.


میرکەریمی سەبارەت بە ماڵپەڕی دایرەتولمەعارفی سینەمای ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە لە یەک ساڵی رابردوودا بە پێی ھەوڵی گرووپێک لە لێکۆڵەران یەک دەیتا بەیسی بەھێز دابین کراوە، گوتی: ھەموو ناوەرۆکی سینەمای ئێران بە زیاتر لە ٤٧٠٠ فیلمی سینەمایی و ژمارەیەکی زۆر کورتە فیلم بە زانیاری و وردەکارییەوە لەم ماڵپەڕەدا گرد و کۆکراوەتەوە و پەردەلادان لەم ماڵپەڕە لەم خولەی فێستیڤاڵدا ئەنجام دەدەین.

نمایشکردنی بەرھەمە تایبەتەکان لە بەشی "جامی جیھان نوێن".


میرکەریمی سەبارەت بە بەشداریی باشترین بەرھەمەکان لە فێستیڤاڵدا گوتی: ساڵی رابردوو رێژەی ئەو کەسانەی کە باشترین بەرھەمەکانیان لە سینەمادا ھەبوو، یەکجار بێ وێنە و نموونەیی بوو. ئەمساڵ سینەماکارانی گەورەی جیھان، کەمیان فیلم ھێنایە بەرھەم، بەڵام ئێمە ھەوڵمان داوە کە باشترین بەرھەمەکان ھەڵبژێرین. بۆ وێنە بۆ بەشی "جامی جیھان نوێن" ھەموو ئەو فیلمانەی کە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکاندا خەڵاتیان بەدەستھێناوە. ھەڵمانبژاردووە.

نمایش کردنی ٢٠ فیلمی بیانی بۆ یەکەمین جار لە جیھان.


دەبیری سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە فیلمە بەشداربووەکان لە فێستیڤاڵدا، بەرھەم گەلێکی باشن لە بواری سینەمادا، گوتی: ئیمە ٢٠ فیلمی بیانی بێجگە لە ٩ فیلمی ئێرانیمان لە فێستیڤاڵدا ھەیە کە بۆ یەکەمین جار نمایش دەکرێن و فیلم گەلێکی دیکەشمان ھەیە کە تەنیا لە وڵاتی خۆیان نمایش کراون.

لەگەڵ "ئەسغەر فەرھادی" ھاوکارییەکی باشمان ھەیە.


نمایشی فیلمەکەی "ئەسغەر فەرھادی" لە فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بابەتێکی دیکەی ئەو کۆنگرەی رۆژنامەوانییە بوو کە میرکەریمی لەو بارەیەوە گوتی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی فیلمەکە قسەمان کرد، بەڵام گوترا کە فیلمەکەی بەڕێزیان بە کاتی نمایش کردن لە فێستیڤاڵەکەی ئێمە ناگات و تەنانەت بۆ نمایش کردن لە فێستیڤاڵی کان بە سەختی و دژواری ئامادە دەبێ. ئێمە ھاودەنگی و ھاوکارییەکی باشمان لەگەڵ بەڕێز فەرھادی ھەیە و رەنگە لە خولی دواییدا لە پێگەی دادوەر لە وجوودی بەڕێزیان کەڵک وەربگرین.

نمایش کردنی فیلمی سینەمایی "بە کاتی شام" بۆ کۆمەڵگای کەڕولاڵەکان.


میرکەریمی بە پێشوازیی کردن لە داخوازیی نوێنەری کۆمەڵگای کەڕولاڵەکان بۆ دۆبلە کردنەوەی فیلمی سینەمایی "بە کاتی شام" لە فێستیڤاڵدا بۆ ئەم کۆمەڵگایە ڕوونیکردەوە: کۆمەڵگای کەڕولاڵەکان بانگھێشت دەکەین کە لە یەک سانسی تایبەتدا ئامادە بن.

ھاوکاریی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لەگەڵ فێستیڤاڵ.


میرکەریمی سەبارەت بە ھاوکاریی وەزارەت کاروباری دەرەوەی ئێران بۆ ئامادەبوونی میوانە بیانییەکان گوتی: وەزارەتی کاروباری دەرەوە ھاوکارییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئێمە ھەبووە و ھەیەتی و تەنیا لە چەند خاڵدا نیگەرانیمان ھەیە کە ھیوا دەخوازین ڤیزای ئەم کەسانەش بەم زووانە دەربچێ و ھەموو میوانەکانی ئێمە بێن بۆ ئێران.


سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک