٢٨\١٠\٢٠٢١
کۆمەڵێک بابەت
سەبارەت بە
سی و ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران.
مەنسوور جیھانی
ھەڵبژێردراوانی سی و ھەشتەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران و
کورتە فیلمی "کەپسوول" بە ئۆسکاری ٢٠٢٢ دەناسێندرێ.
ھەڵبژێردراوانی
بەشی کێبڕکێی "سینەمای نێونەتەوەیی" و بەشی کێبڕکێی "سینەمای ئێران"ی
سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران
ناسێندران و کورتە فیلمی "کەپسوول" لە دەرھێنانی "ئەمیر پەزیروفتە" بە
ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی دەناسێندرێت.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، رێوڕەسمی کۆتایی سیوھەشتەمین
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە پێشکەشکاریی "محەمەد
سلووکی" لە کتێبخانەی "جوندی شاپوور" لە "کۆمەڵگەی ئێران ماڵ"
بەڕێوەچوو کە کلیپێک لە رەوانشاد "فریشتە تائیرپوور" بەرھەمھێنەری
کۆچکردووی سینەمای ئێران بۆ یادکردنەوە و رێزلێنانی ئەم سینەماکارە
پەخش کرایەوە.
"محەمەد خەزاعی" بریکاری وەزیری رۆشنبیری و سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی
ئێران لە رێوڕەسمی کۆتایی سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی سینەمای ئێران رایگەیاند: لە ھیچ جۆرە تێکۆشان و ھەوڵدانێک
بۆ پاڵپشتی و بەھێزکردنی سینەمای کورتە فیلمی داھێنەرانە، ئازایانە،
پشکێنەر، پابەند بە ئەخلاق و لایەنگری بنەماڵە درێغی ناکەین.
"ئێران ماڵ" بە بەڕێوەبردنی رووداوێکی نێونەتەوەیی شانازی دەکات.
لە درێژەدا "مەجید شایستە" بەڕێوەبەری گشتی ئێران ماڵ کە پاڵپشتی
دارایی و ئابووریی فێستیڤاڵەکەیە، لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا گوتی:
کۆمەڵگەی "ئێران ماڵ" پەیوەند و ئاوێتەبوونی ئەدەب و فەرھەنگ و مێژوو
بە ئاسانی بە بەڕێوەبردنی یەک فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بە خەڵکی جیھان
نیشان دەدات و ئەم پێکھاتەیەی ھێمای شارستانییەت وەکوو گەورەترین
باڵەخانە و بینای ئێران شانازی بە خۆی دەکات و باڵ دەگرێت. بە
کۆمەڵگەیەکی یەکجار بەپێز و بلیمەتەوە دڵخۆشم لە سیوھەشتەمین
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە خزمەت ئێوە سینەماکاران و
ھونەرمەندان و خۆشەویستاندا بووینە.
ھونەری ئێران شایستەی پەسندکردنی ئەکادیمیای ئۆسکار بوو.
"سەیدسادق مووسەوی" دەبیری ئەم فێستیڤاڵە گوتی: بەر لە ھەر شتێک
ئەوپەڕی قەدرزانی خۆم لە ھەموو ئەو کەسانەی کە راستگۆیانە کاریان کرد،
رادەگەیەنم. دەبێ سەبارەت بە پەسند کردنی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە
فیلمی تاران لە لایەن ئەکادیمیای ئۆسکار قسە بکەم. ئەم کارە گرینگە کە
بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێراندا روویداوە، نیشانەی گرینگ
بوونی کورتە فیلم و سینەمای ئێمەیە. من لەو باوەڕەدام ئەم فێستیڤاڵە،
گرینگترین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلم لە ناوچەی رۆژئاوای
ئاسیایە؛ لەبەر ھۆکاری بەشداریی گرینگترین کەسایەتی و روخسارەکانی
سینەمایی جیھان لە دەیەکانی رابردوو تیایدا، ئێمە دەتوانین بۆ ئەم خاڵە
ھەنگاو بنێین و بە راستیش ئێمە شایستەی ئەم دەستکەوتە گرینگە لە بەشی
رۆژئاوای ئاسیاین کە بە دەسەڵاتدارێتی ئایینی ئیسلام لە ناوچەکەدا،
مێژوویەکی درەوشارە و ھونەرمەندانێکی کەم وێنە و فەرھەنگ و کەلتوورێکی
گرانبایی ئێمە دەبێ مافی خۆمان بستاندبوایە کە بەختەوەرانە ھاتە دی.
مووسەوی وەبیری ھێنایەوە: لە نێوان ٦٤٠٢ بەرھەمی بیانی لە وڵاتانی
جیھان، تەنیا کەمتر لە سەدی یەکی بەرھەمەکان ھەڵبژێردراون و بۆ یەکەمین
جار چەندین ئیمەیلمان بۆ ھات کە بۆچی بەرھەمەکەی ئێمە لەم فێستیڤاڵەدا
ئامادە نەبووە. ئەو شتەی کە گرینگە ھەمدیسان بە سەرچاوە بوونی وڵاتی
ئێمە لە پیشەی سینەما دایە. لە ناوچەکەدا لە دوای وڵاتانی میسر و
تورکیا ئێمە سێھەمین وڵاتین کە فێستیڤاڵێکی ئۆسکارکۆوالیفاید ھەمانە و
ھونەری ئێران شایستەیی ئەم سەرکەوتنەی ھەبوو. لە بەڕێز خاتوو
تەباتەبایی بریکاری نێونەتەوەیی و ھەموو کارگێڕانی فێستیڤاڵەکە سوپاس
دەکەم. وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لەبەر ئەوەی کە بۆ خۆی
پشتیوانی ھونەرە، قەدرناسی ئەم رووداوە بوو؛ بەڵام ئومێد دەخوازین ئەم
دەستکەوتە بۆ ئێمە بمێنێتەوە. ئەم ھەل و دەرفەتە بۆ سینەماکاران
رەخساوە و ئەگەر فیلمێک لە ئۆسکار وەردەگیرێت و ئێمە پێی خۆشحاڵ دەبین.
ئەم جارە رووداوێکی گرینگتر ھاتۆتە ئاراوە و ئێمە رووداوێکی
ھەمیشەییمان ھەیە کە ھەموو ساڵێک یەک بەرھەم بە ئۆسکار دەناسێنێت.
بە "وێنەی خۆمان" بەشێکمان لە دەسەڵاتی فەرھەنگی و سینەمای جیھاندا
دەبێ.
"محەمەد خەزاعی" بریکاری وەزیر و سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران گوتی:
فێستیڤاڵی کورتە فیلم دەستکەوتێکی پڕبایخە کە دەرئەنجامی ھەوڵدانی
خۆشەویستانێکی یەکجار زۆر لە ساڵەکانی یەک لە دوای یەکی رابردوودا بووە.
لەم ڕووەوە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم لە ھەموو ئەو کەسانەی کە لە
گەشەپێدان و باڵکێشانی نەمامی سینەمای لاو، دەستیان لەسەر ئاگرەکە بووە،
قەدرزانی بکەم. ھەروەھا لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم خولەی فێستیڤاڵ
پێزانین و سوپاس دەکەم. ھەروەھا لە باڵیۆزەکان، راوێژکارانی کەلتووری و
سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر کە لەم رووداوە سینەماییەدا بەشداریان
کردووە، سوپاس دەکەم.
ئەوەشی راگەیاند: لە راوێژکارانی ھەڵبژاردنی بەرھەمەکان و ئەندامانی
دەستەی ناوبژیوان و لە ھەموو سینەماکاران و لاوانی داھێنەر و
ھونەرمەندیش سوپاس دەکەم. چ ئەو کەسانەی کە بەرھەمەکانیان لە
فێستیڤاڵدا بەشداری کرد و چ ئەو سینەماکارانەی کە لەبەر پێوەر و
تایبەتمەندییەکانی فێستیڤاڵەکە و سەلیقەکانی گروپەکانی ھەڵبژاردنی
فیلمەکان، لە بەشی کێبڕکیدا ئامادە نەبوون. لە ساڵانی دوور و درێژەوە
لە بیرمە کە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران ھەمیشە بە چالاکی و جۆش و
خرۆش و ھەستێکی تایبەتەوە بەڕێوەچووە و ھەر بەو شێوەیەش درێژەی ھەیە.
ھەر ئەم ھەست و گوڕ و تینە و ناڕەزایەتییەکان و داخوازییەکان دەبێتە
ھۆی ئەوەی کە جۆری ئەم فێستیڤاڵە، جیاوازتر لە فێستیڤاڵەکانی دیکە بێت.
پرسیار کردن و داواکار بوون، رێگا بۆ زیندوویی و ژیانەوە و باڵگرتنی
سینەما خۆشتر و ھەموارتر دەکات. لەو باوەڕەدام لێرە، داھاتووی سینەمای
ئێران دەنووسرێت و دادەڕێژرێت و بەستێنی شین بوونی بەھرە نوێیەکانە.
پاش چوار دەیە، سینەمای ئێران پێویستی بە تازەگەری، بووژانەوەی
شۆڕشگێرانە، گەنج بوونەوە و ئاڵۆگۆڕە.
بریکاری وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی رایگەیاند: پێداویستییەکان و
نیازەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆ "ھونەر ـ پیشەی سینەما"ی تووشی گۆڕانکاری
کردووە و ھاوکات بە درێژایی ئەم گۆڕانە، دەبێ نەوەکانی نوێ بە توانایی
و دەفرایەتی، بۆچوون و قووڵ بوونەوە، روانگەی تازە و ئەزموون گەلی نوێ
بێنە نێو رێگاکەوە و بە پشت بەستن بە میراتی رابردووان، پێشەنگ و
پێشڕەوی رەوتە نوێیەکان بن. بێ گومان، سینەما لاوان پێگەی ھەڵقوڵانی
رەوتناسی و رەوتسازیی نوێی سینەمایە.
ئەوەشی خستەڕوو: تا ئێستا، سینەمای ئێران و بە تایبەت، "کورتە
فیلمەکانی ئێرانی" لە فێستیڤاڵەکانی جیھانی چەندین شانازییان
بەدەستھێناوە و ھەموو ساڵێک لە بارەی شانازی و سەرکەوتنەکانی ئەم
سینەمایە چەندین جار دەبیستین. ئەمە رووداوێکی باشە. بەڵام لەو
باوەڕەدام پێویستیمان بە گۆڕانی روانگە و بۆچوون و سەمبول و ئولگوو لە
بواری فەرھەنگ و کەلتووری جیھانیدا ھەیە. ئێمە پێویستیمان بە
ستڕاتیژییەکی نوێ لە سینەمادا ھەیە. بەشی سینەمای ئێران لە روانگەی
کەلتووری جیھانیدا لە کوێیە؟ ئێستا، لە "سەردەمی وێنەی جیھان"دا دەژین؛
بەو رادەیەی کە "وێنەی خۆمان" چێ بکەین، بەشێکمان لە دەسەڵاتی کەلتووری
و سینەمای جیھاندا دەبێت. بە ھەموو ئەو بازدان و راپەڕینەکانی جار و
بار؛ باوەڕم وایە کە ھێشتا لە وێنەسازیی کەلتووری جیھانیدا بەش و
ھاوبەشییەکمان نیە.
پێویستیی سینەمای ئێران بە دیپلۆماسیی گشتی بۆ ئاراستە کردنی وێنەیەکی
راستەقینەتر بە جیھان.
خەزاعی رایگەیاند: بە داخەوە لەگەڵ ھەبوونی کەلتوورێکی دەوڵەمەند،
ئەدەبیاتێکی بەشکۆ، مێژوویەکی پڕ لە شانازی و ھێزێکی مرۆیی گەورە و ھتد،
ئێمە لە رێگای وێنەکان و فیلمەکانمانەوە تەنیا، نمایش کردنێکی مرۆڤناسانەی
ساکار بۆ رۆژئاوا بووینە. ئێمە نەمانتوانیوە ئەم ھەموو دەوڵەمەندیی
کەلتووری، بایخەکانی ئەخلاقی، ئوستوورە و ئەفسانەکان و پاڵەوانەکانی
نەتەوەییمان بە جھان بناسێنین. سینەمای ئێمە ئەمڕۆکە پێویستیی بە
دیپلۆماسییەکی گشتی بۆ ئاراستە کردنی وێنەیەکی راستەقینەتر بە جیھان
ھەیە. کاتی ئەوە گەیشتووە کە شۆڕشێکی سینەمایی بکرێت. دەبێت نەخشە
رێگامان ئەمە بێت کە لە سینەمادا بێجگە لە "تەکنیک" بیر لە "ناوەرۆک"یش
بکەینەوە. ئێوە خۆشەویستان ئاگادارن کە ئیدی سینەما، تەنیا، ئامرازێکی
رابواردن و خافڵاندن نیە، بەڵکوو کەشوھەوا و شوێنی بیرکردنەوە و "ئەندێشە
و ھزراندن"ـە.
ئەوەشی روونکردەوە: پێویستە لە مۆدێلی سەمبول و ئولگوو وەرگرتن و
بەکارھێنانی ساکار و ئاسایی و ڕواڵەتیی بەرھەمەکانی سینەمای جیھان
خۆمان بە دوور بگرین و وێنەی خۆمان بۆ جیھان ئاراستە بکەین. وێنەیەک لە
جوانییەکان، ئوستوورەکان و مێژووی پڕ لە ھەوراز و نشێوی وڵاتەکەمان.
وەکوو بەرپرسی سینەمای ئێران لە خولی تازەدا، بە ڕاشکاویی رایدەگەیەنم،
بۆ نۆژەنکردنەوە و نژیارڤانیی نوێی سینەما پێویستیمان بە بەشداری کردن
و ئامادەبوونی ئێوە گەنج و لاوەکانی سینەماکاری بەرپرسیار و باوەڕمەند
بە کەلتووری ئێرانی و ئیسلامی و دەفرایەتییەکانی تازە دەرکەوتووانە
ھەیە. ھەر لەم پێناوەدا، لە ھیچ جۆرە تێکۆشان و ھەوڵدانێک بۆ پاڵپشتی
کردن و بەھێزترکردنی سینەمای کورتە فیلمی داھێنەرانە، ئازایانە،
پشکێنەر، پابەند بە ئەخلاق و و نیشاندەر و لایەنگری بنەماڵە درێغی و
کەمتەرخەمی ناکەین.
سەرۆکی رێکخراوی کاروباری سینەمایی ئێران لە کۆتاییدا رایگەیاند: من
وەکوو خۆم لەو بڕوایە دام کە ئەم چەشنە سینەمایە لەوپەڕی مەبەست و
ئامانجەکانی ئەزموونیی خۆی و تایبەتمەندییەکانی فێرکاریی کە ھەیەتی،
لەو ڕووەوە کە دیل و ئەسیری کڵێشە دیاری کراوەکان و نیاز و
پێداویستییەکانی جەستەی پێکھاتەی سینەما نیە؛ داھێنەرترە، بەو مەرجەی
کە داخوازی و داواکارییەکانی راستەقینەی خەڵکی و پێداویستییە
کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا تێیدا لەبەر چاو بگیرێت.
ھەڵبژێردراوانی بەشی کێبڕکێی سینەمای نێونەتەوەیی.
باشترین فیلمی ئەزموونیی ئەم رووداوە سینەماییە "دیاری کردنی پێناسە"
لە دەرھێنانی "ژان فرانسوا کامینز" لە فەرەنسا ناسێندرا.
باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن بە "پێ بنێ بە نێو رووبارەوە" Step into the
river لە دەرھێنانی "ما ویجیا" Ma Weijia بەرھەمی ھاوبەشی چین و
فەرەنسا پێشکەش کرا.
ھەروەھا "یاسر تالبی" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بۆ "بە تەنیا
نامێنمەوە" I Will Not Be Alone لە ئێران وەرگرت.
خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکی بە "رۆژ، لەوپەڕی ژیانی ئاسایی رۆژانەیە"
Beyond is the day لە دەرھێنانی "دامیان کوکۆر" Damian KOCUR لە
پۆڵەندا پێشکەش کرا.
خەڵاتی گەورەی ئەم بەشە کە بە ئۆسکاری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی دەناسێندرێت،
بە کورتە فیلمی "کەپسوول" لە دەرھێنانی "ئەمیر پەزیروفتە" لە ئێران
پێشکەش کرا.
پێشکەش کردنی مەدالیای ئیسفا (ایسفا).
ئەنجومەنی کورتە فیلمی ئێران ئیسفا (ایسفا) وێڕای رێزگرتن لە "دێ میدێل"
و "ماشوم" مەدالیای ئیسفای بە "ویار" بەرھەمی "حورا تەباتەبایی" پێشکەش
کرد.
بانگھێشت کردنی سینەماکاران بۆ فیلمساز کردن لە "ئێران ماڵ" .
ھەروەھا "عەلی ئەنساری" خاوەنی کۆمەڵگەی "ئێران ماڵ" لە درێژەی
رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند: بە بۆچوونی من کورتە فیلم، نمایش کردنێک لە
ترس و خۆفەکان و ھیواکان و ئاواتەکانە. ھەموو ئەو شتانەی کە بە کورت و
پوختەیی باسی لێوە دەکرێت، ئەنجامەکانی باشتر دەبێت؛ ھەروەھا کورتە
فیلم وەھایە. بە تێجوویەکی کەم و لە دەرفەتێکی کورتدا، ساز دەکرێت و
دێتە بەرھەم، بەڵام دەرئەنجامەکانی باشترە. ھیوا و ئومێد دەخوازم ئەم
کارە ھونەرمەندانەیە رۆژ لە دوای رۆژ پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت. لە
دەرھێنەرەکان داوا دەکەم لە ئێران ماڵ و ئەو شتەی کە لێرە رووی داوە،
کورتە فیلم دروست بکەن بۆ ئەوەی کە خەڵکی بزانن ئەم بینا گەورە و
پێکھاتەیەی ھێمای شارستانییەت لە لایەن ھونەرمەندانی ئێرانی ساز کراوە.
ھەڵبژێردراوانی بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران .
خەڵاتی باشترین دەنگی فیلم بە "ئەمیر عاشق حوسێنی" و "زوھرە عەلی
ئەکبەری" بۆ فیلمی چیرۆکی "ھرگز گاھی ھمیشە" واتە "ھەرگیز، جاری وایە،
ھەمیشە" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین مۆنتاژ بە "حوسێن جەمشید گەوھەری" بۆ فیلمی چیرۆکی "آخرین
لالایی در تھران" واتە "دوایین لای لایە لە تاران" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین وێنەھەڵگرتنی فیلم بە "ئارمان فەیاز" بۆ فیلمی چیرۆکی "ارفاق"
واتە "یارمەتی" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆی دەقی وەرگیراو بە "محەمەد وەحدانی" بۆ فیلمی
چیرۆکی "آخرین لالایی در تھران" واتە "دوایین لای لایە لە تاران"
پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلم بە "شادی کەرەم وێردی" بۆ فیلمی چیرۆکی "ھرگز
گاھی ھمیشە" واتە "ھەرگیز، جاری وایە، ھەمیشە" پێشکەش کرا.
دیپلۆمای شانازی باشترین دیزاین و داڕشتنی دیمەن و جیلوەکانی بینراو بە
"مێھدی شیرکەت مەعسووم" بۆ فیلمی ئەنیمەیشێنی "گژشتە" واتە "رابردوو"
پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی فیلمی ئەنیمەیشێن بە "حەمید محەمەدی" بە
فیلمی "رابردوو" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە بەشی فیلمی ئەزموونی بە "عەرشیا زەینعەلی"
بۆ فیلمی "چگونە منتڤر گودو باشیم" واتە "چۆن چاوەڕوانی گۆدۆ بین"
پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە فیلمی بەڵگەییدا بە "ئەمین
پاک پەروەر" بۆ بەڵگە فیلمی "میر و مار" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنانی فیلمی بەڵگەیی بە "محەمەدباقر شاھین" بۆ
بەڵگە فیلمی "ێندلی" واتە "کورسی" پێشکەش کرا.
دیپلۆمای شانازی باشترین دیزاین و داڕشتنی سەحنە بە "رێحانە
ئیسماعیلیان" بۆ فیلمی چیرۆکی "مورس" پێشکەش کرا.
دیپلۆمای شانازی باشترین ئەکتەر و دەورگێڕی فیلم بە "بێھزاد دەورانی"
بۆ فیلمی چیرۆکی "زوزە" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە بەشی چیرۆکی بە "رووناک جەعفەری" بۆ فیلمی
"مورس" پێشکەش کرا.
لە بەشی باشترین فیلم بە ناوەرۆکی پێناسەی نەتەوەیی و زیاد کردن و
بەرزکردنەوەی سەرمایەکانی کۆمەلایەتی، تەندیسی فێستیڤاڵ و خەڵاتی نەغدی
پارە بە "ئەمیرھووشەنگ موعین" بۆ فیلمی ئەنیمەیشێنی "آینە خیس" واتە "ئاوێنەی
خووساو" پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلم بە "محەمەد یووسفی" و "ئەمیرحوسێن عینایەتی"
بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی "مورس" پێشکەش کرا.
خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوان لە بەشی فیلمەکانی چیرۆکی یا ئەزموونی
بە "سوھەیلا پوورمحەمەدی" بۆ فیلمی چیرۆکی "جان داد" واتە "گیانی سپارد"
پێشکەش کرا.
سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە
دەبیری و بەرپرسایەتی "سەیدسادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی
سینەمای لاوانی ئێران؛ کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێراندا
وەکوو خاوەنی ھەل و مەرجەکانی پەسندکردنی ئەکادیمیای ئۆسکار ناسێندراوە؛
لە بەشی کێبڕکیی "سینەمای نێونەتەوەیی" و بەشی کێبەرکێی "سینەمای ئێران"
بە شێوەی ئامادەبوونی سینەماکاران و پەخشی ئۆنڵاین و بە نمایش کردنی ٦٤
فیلم لە دەرھێنەرەکانی ٣٢ وڵاتی جیھان و ھەروەھا ١٢٥ کورتە فیلم لە
دەرھێنەرانی ئێرانی لە رۆژانی ١٩ تا ٢٤ی ئوکتۆبەری ٢٠٢١ لە پەردیسی
سینەمایی "ئێران ماڵ" لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
"کڵاوس ئیشتاینێک" دەرھێنەری ئەڵمانی: خاڵی بینینی خودا چییە؟ نابێ
ھەستەکان پشت گوێ بخەین.
کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی مەجازیی "٣٨ـ٢٠" بە ئامادەبوونی "کڵاوس
ئیشتاینێک" بە تەوەری سینەمای بەڵگەیی لە سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە پەردیسی سینەمایی "ئێران ماڵ"
بەڕێوەچوو.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، "کڵاوس ئیشتاینێک" بەڵگەفیلمسازی
ناوسراوی ئەڵمانی لە کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی مەجازیی "٣٨ـ٢٠" لە سیوھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران رایگەیاند: پرێسپێکتیو
یا خاڵی بینینیش لە یەک فیلمدا گرینگە، لەم بابەتە دەکرێ کەڵکی زۆرتر
وەربگیرێت، ئەو کەسانەی کە بۆیان گرینگە لە خاڵەکانی بینینی جۆراوجۆر
کەڵک وەربگرن، فیلمەکەیان وەکوو یەکەیەکی تەواو و کامڵ، باشتر کار
دەکات. یەکێکی دیکە لە لایەنە باشەکانی پرێسپێکتیو ئەمەیە کە بە کەڵک
وەرگرتن لەوە دەکرێ شێوازە جۆراوجۆرەکانی ھەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتێک
وێنەی بگیرێت. دوو جۆر خاڵی بینین دەتوانرێ لەبەر چاو بگیرێت؛ خاڵی
بینینی یەکەم، خاڵی بینینی نووسەر و دانەرە کە لە بنەڕەتدا گشتگیرە و
ھەندێک جار لەمە وەکوو "خاڵی بینینی خودا" یادی لێ دەکرێت. ئێستاش بە
دەرکەوتنی پەھبادەکان چەند نموونەیەک لەم خاڵی بینینەی نووسەر لە
فیلمەکاندا دەبینین، پرسیارێک کە دێتە ئاراوە، ئەمەیە کە ئەم خاڵی
بینینە، خاڵی بینینی چ کەسێکە؟ جێگرەوەیەک کە بۆ خاڵی بینینی دانەر و
نووسەر بوونی ھەیە، خاڵی بینینی تاکە کەسییە.
ئەو لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەی پسپۆڕانەیەدا گوتی: ھەندێک جار
پرسیارێک کە دێتە ئاراوە، ئەمەیە کە بۆ فیلمێکی بەڵگەیی، ئیزنی
خولقاندن و بەرھەمھێنانمان ھەیە؟ لەم بارەیەوە وڵامی من ئەرێنییە. بۆ
وێنە لە بواری دەنگەکانی ئامبیانس ھەندێک جار لەوانەیە کە دەنگەکان
ئیستعاری واتە وەرگیرا بن، بۆ وێنە جاری وایە بە دەنگی یەک ماتۆر،
دەنگی نەعرەتەی شێر، زیاد دەکرێت و ئەم دەنگە، وەرگیراوە. ھەندێک جار
ئەم بابەتە دێتە ئاراوە کە بەڵگە فیلم، دەبێ ھەر فیلمی بەڵگەیی بێت،
بەڵام ھەندێک بابەتیش دەکرێت دەستوەردانی تێدا بکرێت، بەڵام دەکرێت
چەند بەشێک لە یەک راستەقینە کۆپی بکرێت و دووپاتە نیشان بدرێتەوە.
واتە دەکرێت لە لایەنی خولقاندن و لایەنی دووپاتە کردنەوە کەڵکی
لێوەربگیرێت.
ئەوەشی راگەیاند: ھەڵبەت ئێمە دەبێ لە تەنیشت ئەم بەسەرھاتە ئاگادار
بین کە لە ژیانی راستەقینەشدا ساختەکاری ھەڵبەستراوی زۆر ھەیە. لە
کۆمەڵگادا زۆربەی خەڵکی تەنیا بە چوارچێوە و گۆڕینی روخسارەوە دەبینین
و دوور کەوتنەوە لە راستەقینە بە شێوەی رۆژانە لە ھەموو وڵاتەکان روو
دەدات، بەڵام دەبێ بتوانین دیاریی بکەین کام یەک لە قسەکان درۆیە و کام
یەک دروست و راستەقینەیە.
ئیشتاینێک جەختی کردەوە: ھەندێک کەس داخوازی ئەوە دەکەن کە فیلمی
بەڵگەیی دەبێ تەنیا باسی خودی راستەقینە بکات کە ئەمە شتێکی بێ مانایە،
لەبەر ئەوەی کە گەیشتن بە راستەقینەی تەواو نامومکینە، نمایش کردنی کە
ئیدی با بمێنێتەوە. ھەڵبەت ئەم کارە بە مانای ئەوە نیە کە بەڵگەفیلمساز
کاری بە راستەقینە نیە، ئامانجی سینەماکاری بەڵگەفیلم دەبێ گەیشتن بە
راستەقینە و نزیک بوونەوە لەو بێت؛ ئەمە ئەرکی بەڵگەفیلمسازە. ھەڵبەت
ئەمەش بە واتای ئەوە نیە کە لەم فیلمانەدا خولقاندنێک ئەنجام نەدراوە؛
بەڵام بەڵگەفیلمساز دەبێ لە راستەقینە نزیکتر بێتەوە.
ھەروەھا ئەوەشی خستە ڕوو: لە چوارچێوەی ئەرکەکانی دەرھێنەریدا دەبێ بە
رێنوێنی کردنی بەردەنگ و بینەرەکان سەرنج بدەین؛ لە ھەندێک لە
فیلمەکاندا، سەرنجدانی بەردەنگ بە فیلمی کراوەیە، بەڵام ئەگەر بڕیار
وایە کە فیلمی بەڵگەیی توند و چڕ و پڕ بێتە بەرھەم، یەکێک لە خاڵە
گرینگەکان ئەمەیە کە دەرھێنەر بتوانێت سەرنجی بەردەنگەکان کۆنتڕۆڵ و
رێنوێنی بکات. وێنەگریی فۆتۆگرافی و شێوەکاری چەندین ئستڕاتیژی
جۆراوجۆریان بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و رێنوێنی کردنی "سەرنج"ی بینەر ھەیە،
بەڵام بە شێوەیەک کە ھەندێک جار بەردەنگ دەتوانێت لە وێنەدا ھەنگاو
بنێت و بۆ ھەرچی دڵی ویستی، سەرنج بدات. ھەروەھا وێکچوو و ھاوشێوەی ئەم
بابەتە لە فیلمی بەڵگەییشدا دەتوانێت بوونی ھەبێت، ھەرچەندە کۆنتڕۆڵ
کردنی دەرھێنەر لە رێنوێنی کردنی سەرنجی بەردەنگ زیاتر بێت، کاریگەریی
دەرھێنەر لە دوای بینینی فیلمەکەش توند و چڕ و پڕتر دەبێت.
ئەم دەرھێنەرە ئەڵمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: کامێرا
واتە دووربینی فیلم ھەڵگرتن ئامراز و کەرستەگەلی جۆربەجۆری لەبەر
دەستدا ھەیە، وەکوو زووم بۆ دوور و نزیک کردنەوە، تڕاوڵینگ و ھتد و
ئامانج لە کەڵک وەرگرتن لەم کەرستە و ئامرازانە رێنوێنی کردنی
وردبوونەوەی بینەرە.
ئەو ھەروەھا گوتی: خاڵێکی دیکە پێکھاتەی فیلمەکەیە. ھونەرەکان لەسەر
بنەمای پێکھاتەن. بەڵگەفیلمیش بەم چەشنەیە کە پێکھاتەی ناوەوەی ھەیە؛
ھەرچەندە ئەم پێکھاتە ناوخۆییە کەمتر پێچراو و دژوار بێت و سادەتر
دەربڕدرێت، فیلمی بەڵگەیی بەھێزتر دەبێت. فیلم دەبێ بتوانێت بۆ بەردەنگ
شیاوی وەرگرتن و تێگەیشتن بێت، ئەگەر وا لەبەر چاو بگرین کە پێکھاتەی
ناوەوەی بەڵگەفیلم وەکوو یەک زنجیر یا یەک مارپێچ بێت، بینەر بۆ ئەم
پێکھاتە ناوخۆییە رێگا پەیدا ناکات.
ئیشتاینێک رایگەیاند: خاڵی دوایی بەربەستەکانن، دەبێ بەو پێچەڵاوپووچی
و دژوارییانەی کە لە ناوەرۆکدا بوونی ھەیە، ئاگادار بین، لەبەر ئەوەی
کە بەردەنگ دەبێ سەرنجی بداتێ و ئاگاداری بێت و نابێ ئەو ئێنێڕژییەی کە
لەو بەربەستانەدا بوونی ھەیە، فەرامۆش بکەین.
ئەم بەڵگەفیلمسازە بەئەزموونە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: رەوتی سروشتی
و ئاسایی گوتار لە فیلمیشدا لە خاڵەکانی دیکەیە؛ ئەم بابەتە ھەر مرۆڤێک
دەتوانێت بە ئاسوودەیی لێی تێبگات، ئەگەر گوتاری فیلم زۆر راستەوخۆ و
خەتی بێت، جاری وایە باش نیە. رەوتی سروشتیی گوتار ھاوڕێ لەگەڵ وەستان
و وچانی باش، یارمەتی دەدات بە بایەخ و پێگەی یەک فیلم و ئەو فیلمە
پڕبایەختر دەبێت.
ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: خاڵی دواتر ھەستەکانە و نابێ ھەستەکان
لە بەرھەمھێنانی یەک فیلمدا نادیدە بگرین، ھەڵسوکەوتێکی کۆن سەبارەت
بەم بابەتە بوونی ھەیە کە ھەندێک دەیانگوت بەڵگەفیلم دەبێ تەنیا خودی
ناخی فیلمی بەڵگەیی بێت و ھەستەکان لە بواری فیلمەکانی چیرۆکی و
درامیدا بوونی ھەیە، بەڵام بە بۆچوونی من بەم شێوەیە نیە.
سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە
دەبیری و بەرپرسایەتی "سەیدسادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی
سینەمای لاوانی ئێران؛ کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێراندا
وەکوو خاوەنی ھەل و مەرجەکانی پەسند کردنی ئەکادیمیای ئۆسکار ناسراوە؛
بە شێوەی ئامادەبوونی سینەماکاران و پەخشی ئۆنڵاین و بە نمایش کردنی ٦٣
فیلم لە دەرھێنەرەکانی ١٩ وڵاتی جیھان و ھەروەھا ١٢٥ فیلم لە
دەرھێنەرانی ئێرانی لە رۆژانی ١٩ تا ٢٤ی ئوکتۆبەری ٢٠٢١ لە پەردیسی
سینەمایی "ئێران ماڵ" لە شاری تاران بەڕێوەچوو.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی ١٢ مامۆستای نێونەتەوەیی
سینەما لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەچوو.
١٢ سینەماکاری نێونەتەوەیی میوانی کۆبوونەوەکانی مەجازیی ٣٨ـ٢٠ لە سیوھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بوون.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، "رووزبێە رەشیدی"، "رەزا ریاحی"، "کڵاوس
ئیشتاینێک"، "تۆرستێن فلایش" و "بادی مینک" لە ئەڵمانیا، ئانیتا
کیاتکۆفسکا ـ ناگۆی" لە پۆڵەندا، "لۆرایا یۆ. مارکس" لە کەنەدا، "ویرجیل
ویدریش"، "پیتێر چێر کاسکی" و "میشێلا گرێیل" لە نەمسا، "ئارنە برو" لە
دانیمارک، "لیا جۆواناتزی بێلتەرامی" لە ئیتاڵیا ١٢ سینەماکاری
نێونەتەوەیین کە بە ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی مەجازیی ٣٨ـ٢٠ لە سیوھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، ئەزموونەکان و زانیاریی
خۆیان بۆ فێرخوازانی ھونەر و سینەماکاران گوازتەوە.
رووزبێە رەشیدی.
"رووزبێە رەشیدی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٠ی زایینی رێکەوتی ١٣٥٩ی ھەتاوی
لە تاران، سینەماکاری ئێرانی ـ ئیرلەندییە و لە دامەزراوەی فێرکاریی
تەکنەلۆژیای دۆبلین لە بەشی راگەیاندن وانەی خوێندووە. ئەو ھەروەھا
دامەزرێنەری ئەنجومەنی فیلمی ئەزموونی، بەرھەمھێنەر و مامۆستای
وانەبێژی فیلمسازیی ئەزموونی لە وۆرکشۆپەکان و کارگەکانی سەربەستی
پیشەییە. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینیەوە خەریکی فیلم چێکردنە و ھاوکات
ئەنجومەنی فیلمی ئەزموونی لە تاران دامەزراندووە.
رەزا ریاحی.
"رەزا ریاحی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی رێکەوتی ١٣٦٨ی ھەتاوی لە
تاران و لە بەشی ھونەرە جوانەکاندا وانەی خوێندووە. ئەو لە ئامادەکردن
و بەرھەمھێنانی چەندین زنجیرە دراما و گۆڤاری ئەنیمەیشێن ھاوکاری
چالاکانەی ھەبووە و لێھاتووییەکانی خۆی لە (ئانگلۆم) و دواتر لە (بورگ
لێس والنێس) لە وڵاتی فەرەنسا تەواو کردوە. ئەو دەرھێنەر و نووسەری
چەندین کورتە فیلمی جووڵاوە کە خەڵات گەلێکی زۆریان بەدەستھێناوە و
ھەروەھا لە پرۆژە جۆراوجۆرەکانی شێوەکاری و وێنەسازیدا ھاوکاری کردووە.
کڵاوس ئیشتاینێک.
"کڵاوس ئیشتاینێک" لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە وۆپاتاڵ لە وڵاتی
ئەڵمانیا سینەماکاری ئەزموونی، مامۆستای زانستگا و مرۆڤناسی
کۆمەڵاتییە. ئەو لە ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٧٤ لە مۆنستێر، وۆرتزبۆرگ و مۆنیخ
لە بەشی دەروونناسی و ژینگەناسی وانەی خوێندووە و بڕوانامەی دکتۆڕای
خۆی لە دامەزراوەی فیزیۆلۆژی کردەوەیی و رەفتاریی مەکس پلانک بە
خوێندنەوەکانی نێوان بەشەکان و نێوان کلتوورەکان سەبارەت بە ماڵ و
موڵکەکان وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٤ رووی کردۆتەوە ئامادەکردنی فیلمی
بەڵگەیی و تا ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لە زانکۆی فیلم و تەلەڤیزیۆنی مۆنیخ لە
بەشی فیلمسازیی بەڵگەییدا خەریکی وانە خوێندن بووە. پاشان وەکوو
مامۆستای وانەبێژی دەرھێنانی بەڵگەفیلم لە مۆنیخ، لایپزیگ، بوزن، پەکین،
سریلانکا، ئادیس ئابابا، جەنین و تاران چالاکی کردووە.
ئانیتا کیاتکۆفسکا ـ ناگۆی.
"ئانیتا کیاتکۆفسکا ـ ناگۆی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی زایینی لە کراکۆڤ
لە وڵاتی پۆڵەندایە. ئەو دەرچووی بەشی دەروونناسی لە زانستگای وەرشۆ و
ئەنیمەیشێن لە قوتابخانەی نەتەوەیی فیلم، تەلەڤیزیۆن و شانۆی پۆڵەندا
لۆدزە. ئەو لە فیلمەکانی خۆیدا بە کەڵک وەرگرتنی ئەزموونی لە
تەکنیکەکانی ئەنیمەشێنی رەسەن، دونیاگەلی چکۆلانە و لەبەردڵان
دەخولقێنێت و سێ فیلمی بە ناوەکانی Protozoa،
Carnalis ,Ab
ovo بەرھەمھێناوە.
تۆرستێن فلایش.
"تۆرستێن فلایش" لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٢ی زایینی لە کۆبڵنێز لە وڵاتی
ئەڵمانیایە. ئەو فیلمی ئەزموونی لە لای پیتێز کۆلبکا لە فرانکفۆرت فێر
بووە و لەگەڵ گروپی مۆسیقای خۆی ''Malende''
ھەروەھا لە بەرنامەکانی شانۆگەری و مۆسیقایی بەشداری دەکات. فیلمەکانی
فلایش لە فێستیڤاڵەکانی وەکوو فێستیڤاڵی ئەنیمەیشێنی ئەنێسی، فیلمی
ژێرزەوینی شیکاگۆ، ھونەری راگەیاندنی ئەورووپا، فیلمی ئەدینبۆرگ،
درسدێن، فیلمی رۆتێردام، کورتە فیلمی ھامبۆرگ، فیلمی میلانۆ، فیلمی
نیۆیۆرک، ئەنیمەیشێنی ئۆتاوا و چەندین فێستیڤاڵی دیکە نمایش کراوە.
ویرجیل ویدریش.
"ویرجیل ویدریش" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی زایینی لە ساڵزبۆرگ لە وڵاتی
نەمسایە، دەرھێنەر، سیناریۆنوس و سینەماکارە کە لە زانستگای ھونەرەکانی
بەکەڵک لە شاری وییەن، بە خوێندکاران وانە دەڵێتەوە. کورتە فیلمی ئەو
Copy Shop بۆتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار
و بەرھەمەکانی ئەو بە گشتی ٢٠٠ خەڵاتی نێونەتەوەییان بەدەستھێناوە.
ویرجیل ویدریچ لە چەندین پۆستی جۆراوجۆری وەکوو بەڕێوەبەری پڕۆژە،
دارێژەی بیرۆکە، دیزاینەری پێشانگا یا بەڕێوەبەری ھونەری لە خولقاندنی
سیناریۆی فیلمی کورت و بڵیند، موزیک ڤیدیۆ، ھونەری چیدمان، پێشانگاکان
و مۆزەخانەکان و ھەروەھا لە پرۆژەکانی لێکۆڵینەوەیی نێونەتەوەییدا
بەشداری کردووە.
پیتێر چێر کاسکی.
"پیتێر چێر کاسکی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ی زایینی لە شاری وییەن لە
وڵاتی نەمسایە. ئەو لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩ی زایینی لە زانستگای وییەن
بە شێوەی ھاوکات خەریکی وانە خوێندن لە بەشەکانی رۆژنامەوانی و
زانستەکانی سیاسی بووە و لە ١٩٧٩ی زایینی کاری فیلمسازیی دەست
پێکردووە. ئەو لە درێژەی ژیانی پیشەیی خۆیدا لە فێستیڤاڵە
جۆراوجۆرەکاندا بەشداری کردووە و ھەروەھا لە ئەندامانی دامەزرێنەری
یانەی ھاوکاری فیلمسازانی نوێی نەمسا بووە کە لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینی
دەستی بە کار کردووە. بەرھەمی ئەو بە ناوی "ڕێکارنامەکان بۆ رووناکی و
دەنگ" ساڵی (٢٠٠٥)، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان، یەکەمین نمایش
کردنی جیھانیی خۆی پێشکەش کرد.
میشێلا گرێیل.
"میشێلا گرێیل" لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە وڵاتی نەمسا، لە
شارەکانی وییەن، گلاسکۆ و لەندەن (کالێجی گۆڵدسمیت) وانەی خوێندووە.
ئەو لە ساڵی ١٩٩٩ بەرھەم گەلێکی زۆری لە بوارەکانی فیلم، ڤیدیۆ، ھونەری
چیدمان واتە پێکەوە چنین و وێنە زیندووەکان خولقاندووە. بەرھەمەکانی
ئەو لە وڵاتانی ٥ کیشوەری جیھان پێشکەش کراوە، لەوانە لە
MOMA NY، گەلەری نەتەوەیی ھونەری واشنتن، ناوەندی
Pompidou Paris، مۆزەخانەی
Reina Sofia
مەدرید، La Casa Encendida لە بارسێلۆنا،
ICA لەندەن و زۆربەی سینەما تێکەکانی
دیکە نمایش کراوە. میشێلا گرێیل لە ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی ھونەرمەندی
بەرجەستەی لە وەزارەتی ھونەر و فەرھەنگی نەمسا پێ بەخشراوە.
لۆرایا یۆ. مارکس.
"لۆرایا یۆ. مارکس" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣ی زایینی لە وڵاتی کەنەدا و
خاوەنی بڕوانامەی دۆکتۆڕای خوێندنەوەکانی بینراو و فەرھەنگییە لە
زانستگای رۆچیسترۆ و نووسەر و مامۆستای کۆلێژی Grant
State لە زانکۆی سیمۆن فیزەر. لە زومرەی بۆچوونەکانی ئەو،
پێناسە کردنی ناوەرۆکی وێنە، ھەست پێ کردنێکە کە بە پێی ئەو، پەیوەندیی
بینەر لەگەڵ راگەیاندنەکان لە جیاتی بینین، بە دەست لێدان روو دەدات.
ئارنە برو.
"ئارنە برو" لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ی زایینی لە فرێدریکسبێرگ لە وڵاتی
دانیمارکە. ئەو جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەتەوەیی فیلمی دانیمارکە
و سەرۆکی بەشی بەڵگەفیلم و تەلەڤیزیۆنەکەیەتی. ئەو وەکوو دەرھێنەر و
سیناریۆنووس لە قوتابخانەی نەتەوەیی فیلمی دانیمارک دەرچووە. برو لە
ساڵی ١٩٨٨ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلمی "پێنتا فیلم"ی دامەزراند و
وەکوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەکادیمیای فیلمی دانیمارک،
نووسینگەی فیلمی دەوڵەتیی دانیمارک، کۆمیتەی مافەکانی فیلم (ئەکادیمیای
فیلمی دانیمارک)، یەکێتی دەرھێنەرانی فیلم و ھتد خزمەتی کردووە.
لیا جۆواناتزی بێلتەرامی.
"لیا جۆواناتزی بێلتەرامی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی زایینی لە ترنتۆ لە
وڵاتی ئیتاڵیا، دەرھێنەر، نووسەری سیناریۆ و مۆنتاژکاری فیلمە. ئەو
نووسەری شەش کتێبە و لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ فیلمی بەڵگەیی
بە وردبوونەوە لەسەر ئەفریقیا بەرھەمھێناوە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٧
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەما و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دامەزراند. لە
ساڵی ٢٠١٦ بەڵگەفیلمی ”Ukon the samurai”
ئامادە کرد کە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە فێستیڤاڵی فیلمی ”
RushDoc” و باشترین بەڵگەفیلمی ژیاننامەی
مێژوویی لە فێستیڤاڵی فیلمی ”StarDoc” لە
لۆس ئەنجلۆس بەدەستھێنا.
بادی مینک.
"بادی مینک" لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٦ی زایینی لە لۆکزامبۆرگ لە وڵاتی
ئەڵمانیا، ھونەرمەند، سینەماکار و بەرھەمھێنەری فیلمە. ئەو لە بەشی
پەیکەرتاشی (ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانی وییەن) و فیلمسازیی ئەزموونی
(زانستگای ھونەرەکانی بەکەڵک) وانەی خوێندووە. بەرھەمەکانی ئەو لە
سنووری بەشە جۆراوجۆرەکانی ھونەری تێپەڕیوە و لە سینەماکان،
فێستیڤاڵەکان، مۆزەخانەکان، گەلەرییەکان، پارک و باغ و شوێنە گشتییەکان
و رایەڵەی جیھانی وێب نمایش کراون.
لە سی و
ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، ئەرکی
پێشکەشکاری و کارناسیی کۆبوونەوەکانی مەجازیی ٣٨ـ٢٠ لە ئەستۆی "عەتا
موجابی" دابوو، ئەو لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤ی زایینی رێکەوتی ١٣٦٣ی ھەتاوی
لە شاری قەزوین و خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵا واتە ماستەری
"ئەدەبیاتی دراماتیک" لە کۆلێژی ھونەر و بیناسازی زانستگای ئازادی
ئیسلامی و فێرخوازی ھونەریی بەشی فیلمسازیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی
ئێران، ئەندامی ماڵی سینەما ـ ئەنجومەنی کورتە فیلمی ئێران (ئیسفا) و
وانەبێژی سینەما لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و سینەماکارە.
کۆبوونەوەکانی مەجازیی ٣٨ـ٢٠ بە پاڵپشتیی بریکاری فەرھەنگی و فێرکاریی
ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران ھاوکات لەگەڵ رۆژانی بەڕێوەچوونی سی
و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە شێوەی مەجازی و بەبێ بەرامبەر
بەڕێوەچوو.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی
کێبڕکێی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.
ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی رکابەریی سینەمای نێونەتەوەیی
سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناسێندران.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران، ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی
کێبڕکێی سینەمای نێونەتەوەیی سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران ناسێندران.
"لیا جۆواناتزی بێلتەرامی" لە ئیتاڵیا، "سێباستیان سیمۆن" لە فەرەنسا،
"شۆکۆ تاکێگەسا" لە ژاپۆن، "ویرجیل ویدریش" لە نەمسا و "ئەبولفەزل
جەلیلی" لە ئێران بەرھەمەکانی بەشی کێبڕکێی نێونەتەوەیی سیوھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران ناوبژیوانی و داوەری
دەکەن.
"لیا بێلتەرامی" بەرھەمھێنەر، دەرھێنەر و نووسەری ئیتاڵیاییە کە
بەرھەمھێنان و چێکردنی ٥٠ بەڵگەفیلم و نووسینی ٦ کتێب لە کارنامەی
ھونەریی خۆیدا ھەیە. ئەو لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینی فێستیڤاڵی فیلمی مەزھەبی
ئەمڕۆ و ئافرەتانی باوەڕمەند بە ئاشتی لە بەیتولموقەدەس دامەزراند.
بێلتەرامی تا ئێستا بە رێژەی ١٠٣ خەڵاتی بۆ فیلمەکانی خۆی
بەدەستھێناوە.
"سێباستیان سیمۆن" لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لە فەرەنسا، فیلمساز،
مامۆستای زانکۆ، بەرنامەنووسی فێستیڤاڵ و رەخنەگری فیلمە. فیلمەکانی
ئەو بریتین لە؛ "بینەر ھەرگیز پێشکەش ناکات"، "بەخێر بێنەوە بۆ ماڵێ"،
"کۆمەڵگەی شاری"، "شێوازی ھەڵفڕین" و ھتد.
"شۆکۆ تاکێگەسا" لە ژاپۆن، ساڵی ٢٠١٥ بۆتە ئەندامی
SSFF و ASIA و وەکوو
بەرنامەداڕێژ دەستی بە چالاکی کرد؛ ئەو جێگایەی کە لەوێ بەرپرسی
بەرنامەداڕشتن و بەشی پەیوەندییەکانی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵ بووە. ئەو
ھەروەھا لە فێستیڤاڵی "ترابیکا" وەکوو نوێنەری کورتە فیلم ھاوکاری
کردووە و لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
Nordisk panorama وەکوو ئەندامی دەستەی داوەران بەشداری
کردووە.
"ویرجیل ویدریش" لە نەمسا، لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای
چەندبواری راگەیاندنی، مامۆستای زانستگای ھونەر و زانستەکانی زانکۆی
ھونەرەکانی بەکەڵک لە شاری وییەن و ھتد بووە.
ویدریش بۆ کورتە فیلمی "فرۆشگای کۆپی" بە رێژەی ٣٧ خەڵاتی نێونەتەوەیی
بەدەستھێنا و بووە ناوزەدی خەڵاتی ئۆسکار. ھەروەھا بۆ ئەنیمەیشێنی
"فیلمی خێرا" تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە.
"ئەبولفەزل جەلیلی" دەرھێنەر، سیناریۆنووس و مۆنتاژکاری ئێرانیە کە
بەرھەم گەلێکی وەکوو "میلاد"، "گاڵ"، "دۆت واتە کچ"، "چیرۆکێکی
راستەقینە"، "سەمای خاک"، "رێگای پێچەوانە" و چەندین بەرھەمی سینەمایی
دیکەی لە کارنامەی خۆیدا ھەیە کە سیناریۆی زۆربەیانی ھەر بۆ خۆی
نووسیویەتی.
جەلیلی چەندین خەڵاتی وەکوو خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوانی
فێستیڤاڵی فیلمی رۆما، قرقاڵی زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی کرالا، یوزپڵینگی
زێڕینی فێستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆ و چەندانی دیکەی بەدەستھێناوە.
ئەو ھەروەھا داوەری فێستیڤاڵەکانی ناوخۆیی و بیانی وەکوو فێستیڤاڵی
فیلمەکانی ئێرانی لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی فیلمی دێھلی نەو و ھتد بووە.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
پەیامی "محەمەد خەزاعی" جێگری وەزیر و سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی بۆ
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران.
"محەمەد خەزاعی" بریکاری وەزیر و سەرۆکی رێکخراوی کاروباری سینەمایی
ئێران لە پەیامێکدا بۆ سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە
فیلمی تاران، کورتە فیلمی بە دیوەخان و گەورە ماڵی شاد و دڵخۆشکەر،
ھاوھەنگاو لەگەڵ لایەنە فێرکارییەکانی ئەخلاق و میھرپەروەرێن بۆ نمایش
کردنی بەرھەمەکان و ئاڵوگۆڕ لە بواری ئەندێشە، ئەدەبیات و ھونەری
ئێرانی ئیسلامی و دۆزینەوەی دیاردەکان زانی.
بەپێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سیوھەشتەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی
کورتە فیلمی تاران، "محەمەد خەزاعی" بریکاری وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی
ئیسلامیی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی کاروباری سینەمایی ئێران لە
پەیامێکدا بۆ سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی
تاران نووسی: بە پیرۆزی و موبارەکی رۆژانی پڕ خێر و بەرەکەتی مەولوودی
پێغەمبەری خەتمی مەرتەبەت، دەست بە داوێنی حەزرەتی محەمەد (د.خ)،
سیوھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران دەست پێ
دەکەین.
لەبەر تیشک و پڕشنگی رۆشن و داگیرساوی شۆڕشی ئیسلامی، ئەنجومەنی
سینەمای لاوانی ئێران ھەنگاوی بۆ رێگا و شوێنە تازەکان ناوە و بۆ
یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێراندا ھەڵبژاردە بوونی فێستیڤاڵی
نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران وکوو "فێستیڤاڵی خاوەن ھەل و مەرجەکانی
پەسند کردنی ئەکادیمیای ئۆسکار:، مزگێنیدەری کاریگەریی دانانی لاوانی
سینەماکار و جووڵانەوە و رۆیشتن بۆ رێگای گەشەپێدان و پێشوازی کردنی
نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی بەشداریی لە فێستیڤاڵەکە چاوەری ئەم
بابەتەیە.
ئێستا بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوی قورس و پتەو لە داھاتوودا و سبەینێیەکی
باشتر، دەبێ رابردوو دروست بناسین و لە دەستپێکی وەرزێکی نوێدا لە
ژیانی کۆماری ئیسلامی و ھەنگاوی دووھەمی شۆڕش، کۆڕی بەرچاوی لاوانی
بیرمەندی داھێنەرانی فەرھەنگی، بە دڵنیاییەوە سامانێکی گەورەیە بۆ وڵات
کە ھیچ پاشەکەوتێکی مادی لەگەڵ ئەو بەراورد ناکرێت.
کورتە فیلم دیوەخان و گەورە ماڵی شاد و دڵخۆشکەر، ھاوھەنگاو لەگەڵ
لایەنە فێرکارییەکانی ئەخلاق و میھرپەروەرێن بۆ نمایش کردنی بەرھەمەکان
و ئاڵوگۆڕ لە بواری ئەندێشە، ئەدەبیات و ھونەری ئێرانی ئیسلامی و
دۆزینەوەی دیاردەکانە. فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران
خەزێنەیەکی گرانبایی و پڕبایخە کە لاوان چراکەیان داگیرساندووە و
ژوانگەی کەڵک وەرگرتن لە ڕەوتی ژیری و ھزر و بیری گەنجەکانە.
با خردمند ساز داد و ستد …… کە قویتر شود خرد ز خرد / سنائی.
لەگەڵ کەسانی بیرمەند و خاوەن ھزر و ژیری ئاڵوگۆر بکە ... چونکە
بەھێزتر دەبێت، ھزر و ژیری بە بیر و ھزر و ژیری / سەنائی ـ شاعیری
ئێرانی.
سی و ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە دەبیری و بەرپرسایەتی
"سادق مووسەوی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران؛ کە
بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێراندا خاوەنی ھەل و مەرجەکانی
پەسند کردنی ئەکادیمیای ئۆسکار ناسراوە؛ بە شێوەی ئامادەبوونی
سینەماکاران و پەخشی ئۆنڵاین و بە نمایش کردنی ٦٤ فیلم لە
دەرھێنەرەکانی ٣٢ وڵاتی جیھان و ھەروەھا ١٢٥ فیلم لە دەرھێنەرانی
ئێرانی لە رۆژانی ١٩ تا ٢٤ی ئوکتۆبەری ٢٠٢١ لە پەردیسی سینەمایی "ئێران
ماڵ" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|